ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

ژنی ژێر باران ٢ (چیرۆک) ~ ئارام کاکەی فەلاح

به‌شی: ئێوە
16 - 01 - 2015

پێشکه‌ش بێ به‌ خانم ( س) 

هاوڕێیانی فه‌یس بووک! من تووشی گرفتێکی گه‌وره‌ هاتووم و پێویستم به‌ یارمه‌تی ئێوه‌یه، ده‌مه‌وێ ئێوه‌ یه‌کێکم بۆ بدۆزنه‌وه‌ که‌ له‌ دوێنێوه‌ لێم ون بووه‌ و نازانم چی بکه‌م و ئینته‌رنێتی کوێ بکه‌م به‌سه‌ر خۆمدا.


من (ژنی ژێر باران)، وه‌ک زۆربه‌تان ئاگاتان لێیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسه‌ره‌ رۆح گه‌نجه‌ حه‌فتاودوو ساڵه‌دا ئه‌و ئێواره‌یه‌ له‌ پارکی دایک یه‌کمان بینی و به‌ره‌و خوار بووینه‌وه‌ و له‌ شوێنێ قاوه‌یه‌کمان خوارده‌وه‌، نا تکایه‌ داوام لێ مه‌که‌ن چیمان وت و باسی چیمان کرد، پرسیار مه‌که‌ن من چه‌ند شڵه‌ژا بووم و ئه‌ویش چه‌ند جار چووبۆوه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ تا دووش بکات، با ئه‌مانه‌ ته‌نها هی خۆمان بێت و له‌گه‌ڵ که‌سی تردا به‌شی نه‌که‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ به‌شی بکه‌م له‌گه‌ڵتاندا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ تا ئێستا چوار جار یه‌کتریمان بینیووه‌ و هه‌ر جارێکیش هه‌ستم کردووه‌ ده‌ ساڵ گه‌نجتر بوومه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌ قه‌ت ئه‌ستێره‌کانی ئاسمان نامه‌مان بۆ یه‌ک نووسیووه‌،به‌ قه‌ت هه‌موو هاوڕێی ده‌گمه‌نه‌کانی دونیا ئاگامان له‌یه‌ک بووه، به‌ ژماره‌ی دڵۆپه‌ بارانه‌کانی سه‌ده‌یه‌ک دڵمان لای یه‌ک بووه‌.، به‌ڵام ئیتر ئێستا پێویستم به‌ یارمه‌تی ئێوه‌یه‌ و له‌ دوێنێ ئێواره‌وه‌ ئه‌وم لێ ون بووه‌ و نایه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت، ده‌مه‌وێ گه‌ر یه‌کێ ده‌یناسێ با بۆم بدۆزێته‌وه‌ و پێی بڵێ که‌ ژنی ژێر باران چاوه‌ڕێته‌ و دوودڵیی خه‌ریکه‌ وه‌ک تیمساحێک بیخوات. ئه‌مه‌ سه‌ده‌مین نامه‌یه‌ بۆی ده‌نووسم و وه‌ڵامی نییه‌، ئه‌م پۆسته‌چییانه‌ی من بۆ گاڵته‌م پێ ده‌که‌ن، نامه‌کانم بۆ ده‌شارنه‌وه‌ و بۆ کوێی ده‌به‌ن خوایه‌ ؟ گرنگ نییه‌ با هه‌زاریش بنووسم و له‌و هه‌زاره‌ش ته‌نها یه‌کێکیان بگات،‌ من به‌سمه‌، ته‌نها یه‌ک وه‌ڵامی کورتیشم له‌و ده‌وێ، وه‌ڵامێک پێم بڵێ که‌ ئه‌و ماوه‌ و هه‌ناسه‌ ده‌دات و ده‌ژی، به‌ بێ منیش بێ قه‌ینا به‌س وه‌ڵام باته‌وه‌. دوێنێ هه‌ر له‌ پارکی دایک ده‌بوایه‌ بۆ جاری پێنجه‌م یه‌کتری ببینین و من وه‌ک هه‌میشه‌ له‌ چوونه‌کانمدا دواکه‌وتم و تا چه‌ند جارێک خۆم شت و جلی جوانم دۆزییه‌وه‌ و ماکیاژێکی ته‌نکم کرد، له‌گه‌ڵ بڵقه‌زۆره‌کانی قاچمدا که‌ هه‌موو گۆره‌وییه‌کانمی کردبوو به‌ خوێن، له‌ دۆڵابه‌ قاوه‌ییه‌که‌مدا که‌ هی ساڵه‌کانی په‌نجایه‌ و پڕه‌ له‌ نه‌خشی جوان جوان، پێڵاوێکم دۆزێوه‌ که‌ له‌گه‌ڵ جانتا و جله‌کانمدا بگونجێ، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌رم و سوور بوونه‌وه‌ و شڵه‌ژانمدا وه‌ک ژنێکی ژێر باران وایان کرد کات وه‌ک شمشێرێک من بکات به‌ دوو له‌ته‌وه‌ و چل ده‌قیقه‌ دوا بکه‌وم. نا وا مه‌زانن که‌ چه‌ند ساڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ ژیام ئیتر وا ده‌کا من شه‌رم نه‌که‌م و نه‌شڵه‌ژێم. ئێمه‌ی ژنان و کچان له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێکدا هه‌ر بچین بۆ ژوان و ده‌یت، شه‌رم و سووربوونه‌وه‌ی خۆمان هه‌یه‌......، کاتێ چووم، ئه‌وی لێ نه‌مابوو، نا بڕوا ناکه‌م لێم عاجز بوو بێ، بروا ناکه‌م له‌ دواکه‌وتنم بێزار بوو بێ، من بیناسم ئه‌و وا نییه‌، به‌ڵام ده‌بێ شتێکی گرنگ هاتبێته‌ پێشه‌وه‌، ره‌نگه‌ نه‌خۆش که‌وتبێ و نه‌یتوانی بێ بمێنێته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ی که‌ ئه‌م چه‌ند جاره‌ یه‌کتریمان لێ بینیووه‌، نامه‌یه‌کم دۆزییه‌وه‌ و له‌سه‌ر زه‌رفه‌که‌ی نووسرابوو بۆ تۆ: ئه‌ی ژنی ژێر باران، ئه‌ی ئه‌سمه‌ری باڵا به‌رز، ئه‌ی هاوڕێ که‌ به‌ ووشه‌ دونیایه‌کی سیحریمان دروست کرد که‌ وه‌ک گه‌ردوون هه‌موو ڕۆژێک له‌ گه‌وره‌ بوون و فراوانبووندایه‌.، هه‌موو کلیله‌کانم بۆ تۆ خانم. نا تکایه‌ که‌س پرسیاری ئه‌وه‌ نه‌کا که‌ مه‌به‌ستی له‌و کلیلانه‌ چییه‌؟ ئه‌و کلیلانه‌ش نامه‌وێ له‌گه‌ڵ که‌سدا به‌ش که‌م، به‌ڵام که‌ نامه‌که‌م هه‌ڵگرته‌وه‌و کردمه‌وه‌ وه‌ک پشکۆیه‌ک به‌ ده‌ستمه‌وه‌ بێ هه‌ستم به‌ سووتانێکی سه‌یر ده‌کرد، وه‌ک بوولبوولێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ خۆی بۆ نه‌گیرێته‌وه‌ و خۆی با به‌ په‌نجه‌ره‌یه‌کدا، ئاوا خۆم دا به‌سه‌ر ئه‌و کورسییه‌دا که‌ هه‌میشه‌ که‌مێک له‌سه‌ری داده‌نیشین و قسه‌ ده‌گۆڕینه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و که‌فێ یه‌ک بکه‌وینه‌ رێ. 

ئه‌و ئه‌مرۆ له‌ فه‌یس بووکدا به‌ منی وت که‌ هه‌ندێ دێڕی بۆ نووسیووم له‌ گه‌ڵ خۆیدا ده‌یانهێنێ، که‌ ته‌نها بۆ منه‌و نایه‌وێ جارێ بیخاته‌ ناو په‌یجه‌که‌یه‌وه‌،ئه‌و ده‌یه‌وێ یه‌که‌م جار من بیایبینم. ئه‌و باش ده‌زانێ که‌ من به‌ دێڕه‌کانی ئه‌و گه‌نج ده‌بمه‌وه و پێویستم پێیانه‌.، بۆیه‌ من لێره‌دا نامه‌که‌ی ئه‌وتان بۆ داده‌به‌زێنم به‌و شه‌رته‌ی په‌یمانم پێ بده‌ن گه‌ر یه‌کێ هه‌واڵی ئه‌و ده‌زانێ یه‌کسه‌ر پێم بڵێ و بۆم بنووسێ، چونکه‌ من دوێنێ هیچ نه‌خه‌وتم و چاوه‌ڕێی ئه‌و بووم، به‌ درێژایی ئه‌مرۆش من له‌ فه‌یس بووک نه‌چوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌ر چاوه‌ڕێی وه‌ڵامێکم له‌وه‌وه‌ بێت.ته‌نها به‌ راکردن سه‌رێکم دایه‌وه‌ له‌ پارکی دایک، ئه‌مجاره‌ هه‌ر خۆشم نه‌گۆڕی بوو، به‌ڵام له‌کاتی خۆیدا بێ دواکه‌وتن، ماکیاژیشم نه‌کردبوو، بڕوا بکه‌ن هه‌ر به‌ تراکسووده‌که‌مه‌وه‌، که‌ ره‌نگێکی زه‌ردی لیمۆیی هه‌یه و زۆرم خۆش ده‌وێ، هه‌میشه‌ که‌ نامه‌ی بۆ ده‌نووسم له‌به‌ری ده‌که‌م، رامکرد وتم به‌شکوم ئه‌مه‌ خوایه‌ له‌وێ بێ ، له‌وێ نه‌بوو، نه‌مویست خه‌ڵک به‌و جلانه‌وه‌ زۆر بمبینێت، زوو هاتمه‌وه‌ به‌رده‌می لاپتۆپه‌که‌م به‌ بێ ئه‌وه‌ی لێی چووبێتمه‌ ده‌ره‌وه‌.‌ 

( 1)  
جه‌ژنی تۆش پیرۆز بێ خانم! سوپاس بۆ ئه‌و وێنانه‌ی ناردبووت، من که‌ زه‌رده‌خه‌نه‌که‌تم بینی ئینجا کردم به‌ جه‌ژن. وه‌ک ده‌ڵێن ده‌بێ خه‌ڵکی مانگ ببینن بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌نه‌ جه‌ژن، من وێنه‌که‌ی تۆم بینی. ده‌زانی خانم! من هه‌موو رۆژێ که‌ وێنه‌ی تۆ ده‌بینم جه‌ژنه‌ لای من.

( 2)  
من ماوه‌یه‌کی زۆره‌ ده‌مه‌وێ به‌ بێ تۆ بچم بۆ شوێنان و ناتوانم، چونکه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵمای، ئه‌مه‌ چ نهێنییه‌که‌ خانمی ژێر باران ! چ نهێنییه‌ک؟

( 3 )  
ئه‌و رۆژه‌ وتم ده‌چم بۆ نیو سه‌عاتێک سه‌یری پرۆگرامی ئه‌ستێره‌کان ده‌که‌م، پرسیارم لێ کردی ئایا ده‌توانم نیو سه‌عات به‌جێت بێڵم، زۆر نییه‌؟ تۆش زانیت من حه‌زم له‌و پرۆگرامه‌یه‌، وتت برۆ سه‌یری که‌، هه‌ر چه‌نده‌ نیو ده‌قیقه‌ش زۆره‌ ، به‌ڵام که‌ ته‌واو بوو، زوو وه‌ره‌وه‌ و چاوه‌ڕێتم، ده‌زانی من قه‌ت نه‌رۆشتم و له‌به‌ر ده‌می شاشه‌ی لاپتۆپه‌که‌مدا سه‌یری ناوه‌که‌تم ده‌کرد، لای من تۆ تاقه‌ ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمان بوویت و زوو زوو بۆم ده‌نووسیت.

( 4 )  
ئیدی من له‌و رۆژه‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌وه‌ی سه‌یری ئه‌ستێره‌ بکه‌م و قسه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا بکه‌م، ئه‌وا من دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرم، چونکه‌ له‌گه‌ڵ تۆ قسه‌کردن مانای من له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ قسه‌ ده‌که‌م.

( 5 )  
من ئه‌مرۆ هه‌وڵێکی زۆرم دا دڵم لات نه‌بێ، به‌ڵام فه‌شه‌لم هێنا، وه‌ک شوێنێ به‌ر بوومه‌له‌رزه‌ که‌وتبێ، به‌سه‌ر خۆمدا وێران بووم، ئای که‌ من ئازام بۆ وێرانکردنی خۆم خانمی ژێر باران، که‌س له‌وه‌دا له‌من ئازاتر نییه‌ بڕوا بکه‌.

( 6 )  
له‌وه‌ته‌ی تۆ ئه‌و وێنانه‌ی خۆتت بۆ ناردووم تاقه‌تم نه‌ماوه‌ سه‌یری وێنه‌ی هیچ که‌سێکی تر بکه‌م.

( 7 )  
گه‌ر ئێمه‌ هاوڕێی ئه‌به‌دی یه‌کتر نه‌بین و من هه‌وڵ بده‌م و بتوانم تۆ له‌بیر بکه‌م، ئه‌وا به‌خته‌وه‌رترین که‌سی ئه‌م دونیایه‌م. گه‌ر هاوڕێی ئه‌به‌دی یه‌ک بین و بتوانم بۆ چرکه‌یه‌ک فه‌رامۆشت بکه‌م، ئه‌وا به‌دبه‌ختترین که‌س منم.

( 8 )  
من به‌شێکی زۆر زۆری ژیانم به‌ گاڵته‌و فشه‌ گرتووه‌، به‌شێکی زۆر زۆر که‌میم به‌ جددی، تۆ له‌و به‌شه‌ هه‌ره‌ ده‌گمه‌ن و جددیانه‌ی ژیانی منی ئه‌ی جه‌سته‌ ته‌ری به‌ر باران.

( 9 )  
دوێنێ تا به‌یانی نه‌خه‌وتم و بیرم له‌ تۆ ده‌کرده‌وه‌، تۆش نه‌خه‌وتیت و بیرت له‌ من ده‌کرده‌وه‌، ده‌زانی خانم! ژیان هه‌ندێ جار ئه‌وه‌ دێنێ بۆی نه‌خه‌وین.

( 10 ) 
ئه‌و رۆژه‌ بۆت نووسیبووم که‌ چاوتم بۆ ده‌نێری، من له‌ دڵی خۆمدا بێ ئه‌وه‌ی بۆت بنێرم بۆم نووسیت خانم ! پێویست ناکات چاوت بنێری، که‌ خۆت هه‌میشه‌ له‌ دڵی مندا بی، چاوی چی ده‌نێری؟

(11 )  
ده‌زانم تۆ زۆر حه‌زت له‌ شۆرباکه‌ی منه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی تامت کردبێ و بۆم لێنابیت، ده‌بێ رۆژێ بفه‌رموویت و ده‌عوه‌تت بکه‌م،. ئه‌و رۆژه‌ به‌ گاڵته‌وه‌ بۆت نووسیم: ئه‌وه‌ دیسان شۆربات لێناوه‌ته‌وه‌ و بێ من ده‌یخویت؟ بیخۆ عافێتت بێ، بیخۆ بێ من. ده‌زانی هاوڕێم! کاتێ من نانم خوارد قاپێکم له‌به‌رامبه‌ر خۆمدا بۆ تۆ دانابوو.

( 12 )  
دوێنێ تام هه‌بوو، وه‌ک زۆپایه‌ک ده‌سووتام. خانم! هه‌چ کاتێ سه‌رمات بوو پێم بڵێ، دێم و بۆت داده‌گیرسێم.

( 13 )  
به‌ڵێ راست ده‌که‌ی خانمی ژێر باران! هه‌ندێ جار ژیان وا لوولمان ده‌کات و ده‌مانشارێته‌وه‌، خۆمان بۆ نادۆزرێته‌وه‌. هه‌ر وه‌ک ئه‌کرۆپاتێک چۆن ده‌یه‌ها تۆپ به‌ ئاسماندا هه‌ڵده‌داو ده‌بێ هه‌مووشیان بگرێته‌وه‌، ئێمه‌ش وامان لێ دێ و له‌ ماندوێتیدا تۆپ دوای تۆپ لێمان ده‌که‌وێ، به‌س ده‌زانی چی خانم! چه‌ند تۆپ له‌ تۆپه‌کانت بۆ من ده‌نێری، بێ دوودڵی بینیره‌. به‌ بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانین چه‌ند تۆپێکمان له‌گه‌ڵ یه‌کدا گۆریوه‌ته‌وه‌.

( 14 )  
چه‌ند مانگێکه‌ یه‌کتری ده‌ناسین، که‌چی ده‌ڵێی سه‌ده‌یه‌که‌ ئه‌ی جوانترین و ته‌ڕترین ژنی ژێر باران.

( 15 )  
ئه‌م شه‌و تا نیوه‌ شه‌و بۆیه‌کمان نووسی و ماندوو نه‌بووین، تا به‌زۆر به‌ لاچۆ لاچۆ و با دووکانه‌که‌ دابخه‌ین ، یه‌کترمان ده‌رکرد، که‌ شه‌و شادمان له‌یه‌ک کرد و دوا ڕسته‌م نووسی ده‌تووت یه‌که‌م رسته‌مه‌ بۆت ده‌نووسم .

ئازیزانی فه‌یس بووک! هاوڕێیان! ئه‌مه‌ ئه‌و نامه‌یه‌ بوو که‌ دوێنێ له‌سه‌ر کورسی پارکی دایک بۆی به‌جێ هێشتبووم، من له‌ دوێنێوه‌ درۆم نه‌کردبێ سه‌د جار زیاترم خوێندۆته‌وه‌، ده‌مه‌وێ بۆنی وشه‌ به‌ وشه‌ی بکه‌م بزانم بۆنی خواحافیزی لێ دێ، بۆنی فیراق، بۆنی مردن، بۆنی لێکترازان؟ دوای سه‌د جار خوێندنه‌وه‌ ته‌نها ده‌توانم بڵێم که‌ له‌ بۆنی جوانیی، بۆنی ژیان ، بۆنی خۆشه‌ویستی، بۆنی باران، بۆنی هاوڕییه‌تی، بۆنی پاکی زیاتر هیچ بۆنێکی تری لێ نایه‌ت، گه‌ر ئێوه‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ستان کرد که‌ نهێنییه‌ک له‌و‌ رستانه‌دا هه‌یه‌ به‌ مانای خواحافیزی، نیشانه‌یه‌کی تیایه‌ بۆ جێ هێشتن، تکا ده‌که‌م پێم بڵێن، ئاخر من دوێنێ شه‌و هیچ نه‌نووستووم، بروا ناکه‌م ئه‌م شه‌ویش بنووم، بروا ناکه‌م تا ئه‌و نه‌دۆزمه‌وه‌ بتوانم بنووم.
من وا په‌یمانه‌که‌ی خۆم برده‌ سه‌رو نامه‌که‌م بۆ دابه‌زاندن، کێ لای خۆی سه‌یڤی ده‌کات با بیکات، به‌ڵام ده‌بێ ئێوه‌ش هاوڕێکه‌م بۆ بدۆزنه‌وه‌، برۆن و به‌سه‌ر خه‌سته‌خانه‌کاندا، به‌سه‌ر پارکه‌کاندا، به‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا دابه‌ش بن، به‌سه‌ر ماڵه‌کاندا بگه‌ڕێن و بیدۆزنه‌وه‌، من هێزم نییه‌ و لێره‌ داده‌نیشم و به‌ تراکسووده‌ زه‌رده‌ لیمۆییه‌که‌وه‌ چاوه‌ڕێتان ده‌که‌م، گه‌ر هه‌واڵێکی ناخۆشتان پێ بوو، تکا ده‌که‌م پێم مه‌ڵێن، به‌ڵام گه‌رئه‌و که‌سه‌ی هه‌واڵێکی خۆشم پێ بدات ئه‌وا منیش له‌ نووکه‌وه‌ باسی هه‌موو شتێکی بۆ ده‌که‌م، به‌ چیرۆکی کلیله‌کانیشه‌وه‌ که‌ هه‌میشه‌ ده‌ڵێ خانم ! هه‌موو کلیله‌کانم بۆ تۆ ! گه‌ر بۆتان بگێرمه‌وه،‌ ده‌زانم، سوور ده‌زانم، تا به‌یانی گوێم لێ ده‌گرن. 


ستۆکهۆڵم، نۆڤێمبه‌ری 2011







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1896 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
پێویستمان بە دیالۆگی زیاترە، نەوەک مۆنۆلۆگی زیاتر.

/ستێفان گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

خەڵکی کوێی کوردستانیت؟




ڕیکلام
Banner