ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

من و کامێراکەم (چیرۆک) ~ ئارام کاکەی فەلاح

به‌شی: ئێوە
16 - 01 - 2015

 

( 1
هه‌مووی له‌و رۆژه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد، که‌ من به‌ خۆم و خولیاکانمه‌وه‌، به‌خۆم و خه‌یاڵه‌ شێته‌کانمه‌وه‌ بریارم دا به‌ پاره‌یه‌کی زۆر که‌ ساڵانێک ده‌بوو کۆمکردبوونه‌وه‌ کامێرایه‌ک بکڕم و 

 


به‌ چه‌پ و ڕاستدا بکه‌ومه‌ وێنه‌گرتنی هه‌ر شتێک بێته‌ به‌ر چاوم. بیهێنه‌ به‌رچاوی خۆت هه‌ر شتێک ده‌جوڵیته‌وه‌، به‌چرکه‌یه‌ک ده‌ست ده‌نێی به‌ دوگمه‌یه‌کداو له‌ شوێنی خۆی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌یوه‌ستێنیت. ئه‌و چرکه‌یه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌ژی، تۆ ده‌ڕۆیت و ئه‌و ده‌مێنێته‌وه‌.ئه‌و وێنه‌یه‌ی تۆ له‌چرکه‌یه‌کدا دروستی ده‌که‌ی، له‌ کاتێکی تردا، له‌ زه‌مه‌نێکی دوورتردا بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانی ئه‌و تۆ دروست ده‌کاته‌وه‌.
جا ئه‌و رۆژه‌ی من کامیراکه‌م کڕی ته‌نها شتێک له‌خه‌یاڵمدا بوو ئه‌وه‌ بوو هه‌موو شتێک له‌ شوێنی خۆی بوه‌ستێنم، زه‌مه‌ن ته‌نها له‌ وێنه‌و له‌ عه‌شقێکی قووڵدا ده‌وه‌ستێ، جا چونکه‌ من قه‌ت تووشی عه‌شقێکی قووڵ نه‌بووبووم بۆیه‌ هه‌ستم به‌ وه‌ستانی زه‌مه‌ن نه‌ده‌کرد، جا‌ هه‌وڵم دا له‌ناو وێنه‌کانه‌وه‌ زه‌مه‌ن بووه‌ستێنم. که‌ منداڵ بووم هه‌میشه‌ به‌و وێنانه‌ سه‌رسام بووم که‌ له‌ساڵه‌کانی زۆر زوودا گیراون و که‌سه‌کان و شوێن و شته‌کان زۆر به‌ ڕوونی ده‌بینران و منیش به‌ سه‌عات سه‌یرم ده‌کردن و تێر نه‌ده‌بووم. ئه‌وه‌ی جێگای پرسیار بوو لای من، ئه‌وه‌بوو چۆن هه‌موو شتێ به‌ زه‌مه‌نیشه‌وه‌ له‌ناو کاغزێکدا ده‌یبه‌ستێ؟ هه‌میشه‌ وێنه‌ و ئه‌لبوومه‌کانم به‌ یارییه‌کی فێڵزانانه‌ی ژیان خۆی له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ده‌هاته‌ به‌رچاو، یارییه‌ک که‌ هه‌موومان تێایدا به‌شدارین و به‌ یاسا دڕنده‌ییه‌کانی ڕازین.

( 2) 
نا، هه‌مووی له‌و رۆژه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو زیاتر ئه‌و کاته‌ بوو که‌ من به‌ خۆم و گرفته‌کانمه‌وه، به‌ خۆم و نه‌گبه‌تییه‌کانمه‌وه‌‌ چوومه‌ لای دوکتۆرێکی ده‌روونی و له‌به‌ر ده‌میدا کز و شرۆڵه‌ وه‌ستام و به‌ده‌نگێکی نزم که‌ نه‌مه‌وێ ته‌نانه‌ت خۆشم گوێم لێ بێ وتم: دوکتۆر گیان من نه‌خۆشم‌، دوکتۆریش وه‌ک که‌سێکی به‌ئه‌زموون که‌ له‌سکی دایکییه‌وه‌ دوکتۆر بوو بێت و به‌ سه‌رو سیمای که‌سانی وه‌ک من راهاتبێت، بزه‌یه‌کی کرد و وتی: جا کێ نه‌خۆش نییه‌؟ له‌ تاودا پێکه‌نیم و یه‌کسه‌ر زانیم که‌ دوکتۆر بۆیه‌ وای وت تا من زیاتر بکرێمه‌وه‌و بتوانم باشتر باسی رۆحی زامداری خۆمی بۆ بکه‌م.وتم دوکتۆر گیان! من ماوه‌یه‌کی زۆره‌ نه‌خۆشم و به‌خۆم نه‌زانیووه. وتی: زۆر ئاساییه‌. هه‌موو نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌کان وان و وه‌ک نه‌خۆشی تر نین، له‌سه‌ره‌تادا که‌س نازانێ که‌ نه‌خۆشه‌ تا ماوه‌یه‌کی زۆر تێده‌په‌ڕێ. به‌ڵام فه‌رموو پێم بڵێ چیته‌؟ وتم دوکتۆر، من بوونه‌وه‌رێکی سه‌یرم، سه‌رله‌خۆم ده‌رناکه‌م، وه‌ک هه‌زار ده‌رگای نه‌بینراوم بۆخۆم ده‌روست کردبێ و هه‌ر خۆشم کلیله‌کانیم فڕێ دابێته‌ قورگی ده‌ریاوه‌، ئاوام.‌ وتی چۆن، مه‌به‌ستت چییه‌؟

( 3 ) 
نا، هه‌مووی له‌و ساته‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد که‌ من به‌خۆم و کامێراکه‌مه‌وه‌، به‌خۆم و وێنه‌کانمه‌وه‌، له‌به‌رده‌می به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسدا وتم، من ده‌زانم کێ کچه‌که‌ی هه‌فته‌ی پێشووی کرد به‌ ژێره‌وه‌ و بۆی ده‌رچوو.

( 4 ) 
له‌ راستیدا خه‌ونی من کڕینی کامیرایه‌ک بوو بتوانم به‌ هۆیه‌وه‌ رۆحی دیمه‌نێک به‌ هه‌موو قورسایی خۆیه‌وه‌ بگوازمه‌وه‌. هه‌میشه‌ خه‌یاڵێک مه‌ستی کردبووم، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ دیمه‌ن له‌و وێنه‌یه‌ گرنگتره‌ که‌ ده‌یگرین چونکه‌ هه‌میشه‌ تابیر له‌ساتی ئێستا ده‌کات و ڕه‌سه‌ن و ئوریگیناڵه‌، به‌ڵام وێنه‌کان هه‌میشه‌ تابیر له‌ کاتێکی رابردوو ده‌که‌ن، کاتێک که‌ تێپه‌ڕیووه‌و مردووه‌ و هه‌رچه‌ند بکه‌ین بۆمان نابنه‌وه‌ به‌ ژیان، به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕبوونی کاتێکی زۆر وێنه‌که‌ دێت و جێگای دیمه‌نه‌که‌ ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌وکاته‌ دیمه‌نه‌که‌ ده‌مرێت و وێنه‌که‌ وه‌ک تاقه‌ شایه‌تێکی خۆی بۆ ژیان به‌کاردێنێت.

( 5 ) 
وتم : دوکتۆر من به‌ هه‌زاره‌ها چاڵم بۆ خۆم هه‌ڵکه‌ندووه‌، رۆحم به‌ سه‌ده‌ها به‌ندیخانه‌ی بۆ خۆم دروست کردووه‌. رۆژ نییه‌ خۆم نه‌خه‌مه‌ به‌ر گرانترین تاقی کردنه‌وه‌، تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک که‌ هه‌ر پێویستیشم پێ نییه‌. دوکتۆر وتی: ئه‌مانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت زۆر گشتین، ده‌زانی به‌ سه‌ده‌ها کتێب له‌سه‌ر به‌ندیخانه‌کانی ناو مرۆڤ نووسراوون، سه‌ده‌ها کتێب له‌سه‌ر ئه‌و چاڵانه‌ی که‌ مرۆڤ بۆ خۆی دروست ده‌کات و نایبینێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانه‌ ‌هیچ یه‌ک له‌و چاڵانه‌، هیچ یه‌ک له‌و زیندانانه‌ له‌یه‌ک ناچن،بۆیه‌ ده‌مه‌وێ به‌ روونتر باسی ئه‌و چاڵانه‌م بۆ بکه‌یت که‌ ده‌که‌ویته‌ ناوی.

( 6 ) 
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس به‌ گومانی پیاوێکه‌وه‌ که‌ ئیشی زۆری له‌و بواره‌دا وای لێ کردبێ به‌ ئاسانی بروا به‌که‌س نه‌کات، سه‌یرێکی هه‌ردووکمانی کرد و وتی، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانی که‌ تاوانبارکردنی که‌سێکی دیاریکراو به‌ بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک تووشی کێشه‌ت ده‌کات، منیش لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌که‌ی هه‌فته‌ی پێشووم له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی کردوه‌ و وێنه‌ی کچه‌که‌شم له‌ باوکی وه‌رگرت که‌ له‌ته‌نیشتمه‌وه‌ دانیشتبوو، وتم ئه‌مه‌ ئه‌و کچه‌ نییه‌ که‌ هه‌فته‌ی پێشوو کرا به‌ ژێره‌وه‌؟ وتی با، وتم ئه‌مه‌ش ده‌ناسی باوکی کچه‌یه‌و چه‌ند رۆژ پێش ئێستا وه‌ک خۆی پێی وتم، باسی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی بۆ کردن که‌ به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ کاتێ کچه‌که‌ی له‌ نانکڕین دێته‌وه‌ له‌ نزیک ماڵی خۆیانه‌وه‌ ده‌یکات به‌ ژێره‌وه‌و بۆی ده‌رده‌چێت. وتی وایه‌، وتم باوکی له‌و ساته‌دا له‌حه‌وشه‌ ده‌بێ گوێی له‌ ئۆتۆمبیلێک ده‌بێ که‌ یه‌کێک ده‌کات به‌ژێره‌وه‌و بۆی ده‌رده‌چێ، ته‌نها فریای ئه‌وه‌ ده‌که‌وێ بێته‌ ده‌ره‌وه‌و بزانێ چی رووی داوه‌، سه‌یاره‌یه‌ک ده‌بینێ وه‌ک تیر ده‌رده‌چێ و به‌و شڵه‌ژاوییه‌ که‌ کچه‌که‌ی ده‌بینێ ته‌نها ره‌نگی سه‌یاره‌که‌ی له‌ خه‌یاڵدا ده‌مێنێته‌وه‌، تۆش پێیت وتووه‌ : ئاخر خاڵه‌ گیان من ناتوانم خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و سه‌یارانه‌ بگرم به‌و ره‌نگه‌وه‌ که‌ تۆ باسی ده‌که‌یت.، به‌ڵام ئێستا ده‌توانی بیگریت، به‌ڕێوه‌به‌ر وتی چۆن؟

( 7 ) 
بۆ نموونه‌ که‌ وێنه‌ی گوڵێکم ده‌گرت و ده‌مشته‌وه‌،ته‌نها شتێک له‌ خه‌یاڵمدا گواستنه‌وه‌ی رۆحی گوڵه‌که‌ بوو بۆ ناو پارچه‌ کاغزێک. ده‌هاتم و په‌ڕی گوڵه‌که‌م به‌ وشکی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر وێنه‌که‌ داده‌نا، ئینجا له‌ چه‌ند دڵۆپێک ئاوی تایبه‌تیدا په‌ڕه‌کانم ده‌کوڵاند و به‌ چه‌ند دڵۆپێک که‌ لێم دروست ده‌کردن وێنه‌که‌م گوڵاوپڕژێن ده‌کرد، بۆیه‌‌ هه‌ر کاتێک سه‌یری وێنه‌که‌ت ده‌کرد بۆنی گوڵه‌که‌ش بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک وه‌ک ئه‌فسوونێکی له‌ناکاو به‌سه‌رتا ده‌هات، هه‌ر له‌خۆته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانی وێنه‌که‌ت له‌ لووتت نزیک ده‌کرده‌وه‌، که‌س نه‌یده‌زانی ئه‌و عه‌تره‌ له‌کوێوه‌ دێت. به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌میشه‌ ئه‌و گوڵه‌ی ناو وێنه‌که‌ زیندوو ده‌مایه‌وه‌ و زه‌مه‌ن زه‌فه‌ری پێ نه‌ده‌برد چونکه‌ نه‌ وێنه‌ی گوڵه‌که‌ی پێ له‌ناو ده‌برا و نه‌ بۆنه‌که‌ی. یان به‌هه‌مان شێوه‌ کاتێک وێنه‌ی ته‌نه‌که‌یه‌کی خۆڵم ده‌گرت، وێنه‌که‌م بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌خسته‌ ناو ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه‌ تا بۆنێکی بۆگه‌نی ده‌گرت و هه‌ر که‌سێک سه‌یری بکردبایه‌ له‌خۆیه‌وه‌ بزه‌یه‌کی ده‌کرد و نه‌یده‌توانی پرسیار نه‌کات، ئه‌وه‌ به‌راست بۆنی ناخۆشی لێ دێ، ئه‌وه‌ چۆن؟ ئه‌م بۆگه‌نییه‌ له‌کوێوه‌ دێت؟

( 8 ) 
دوکتۆر! من گه‌وره‌ترین دوژمنی خۆمم له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌،رۆژێک نه‌مبینی به‌قسه‌ی خۆم بکه‌م،ئێواره‌یه‌ک نه‌بوو قۆڵ بکه‌م به‌ قۆڵی خۆمدا پیاسه‌یه‌کی ته‌نیا و خۆش له‌گه‌ڵ خۆم بکه‌م.قه‌ت به‌دڵی خۆمم نه‌کردووه‌،ده‌چم بۆ بازاڕ و خراپترین و ناشرینترین کراس له‌ دونیادا بۆ خۆم ده‌کڕم. سه‌یری پانتۆڵه‌که‌م بکه‌، تووخوا زه‌لام هه‌یه‌ له‌ دونیادا پانتۆڵی وا بکڕێ؟ من ده‌بێ هه‌میشه‌ بۆ ماوه‌ی ده‌ چرکه‌ له‌ دوای داخستنی ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ چاو بنووقێنم، ده‌نا ناتوانم ماڵ به‌جێ بێڵم و بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، گه‌ر وا نه‌که‌م هه‌موو رۆژه‌که‌ دڵم لای ماڵ ده‌بێت و هه‌ست ده‌که‌م شتێکی ناخۆش روو ده‌دا. تێل بۆ هه‌ر که‌سێ بکه‌م و وه‌ڵام نه‌داته‌وه‌ یه‌کسه‌ر هه‌ست ده‌که‌م شتێکی لێ هاتووه‌، بۆیه‌ هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌کانم هه‌میشه‌ گله‌ییم لێ ده‌که‌م که‌ تێلیان بۆ ناکه‌م، ئه‌وه‌ هی ئه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌ک وه‌ڵام نه‌ده‌نه‌وه‌. قه‌ت ناتوانم دوو جار له‌ رۆژێکدا به‌ هه‌مان رێگادا بڕۆم، چه‌ند جارێک به‌ هه‌مان رێگادا رۆشتووم و که‌وتووم و قاچم شکاوه‌ یا ن له‌ جێ چووه‌. گه‌ر به‌ پاس بڕۆم، ئه‌وا ده‌بێ چاوه‌ڕێی سێیه‌م پاس بکه‌م و ئینجا سوار ببم، بۆیه‌ هه‌میشه‌ دوا ده‌که‌وم، گه‌ر پاسی یه‌که‌م و دووم بگرم ئه‌وا بێ شک شتێک رووده‌دا، سه‌یرت لێ نه‌یه‌ت گه‌ر بڵێم چه‌ند جارێک خراپ به‌ر پاس و ئۆتۆمبیلی تر که‌وتووین و خه‌ڵکێکی زۆر به‌ هۆی منه‌وه‌ تووشی کێشه‌ بووه‌ و هه‌ستێکی زۆر به‌ گوناح به‌ هه‌فته‌ ژیانی منیان کردووه‌ به‌ دۆزه‌خ و نه‌موێراوه‌ به‌ پاسه‌کان بڕۆم و به‌ سه‌عات به‌ پێ رۆشتووم تا پێویستم به‌ پاس نه‌بێ و تا که‌س تووشی گرفت نه‌بێ. گه‌ر شتێکم له‌ماڵه‌وه‌ بیر چوو، گه‌ر گه‌ڕامه‌وه‌و ده‌رگام کرده‌وه‌ تا بیهێنم. ئه‌وا ده‌بێ له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یرێکی خۆم بکه‌م و مۆره‌یه‌ک له‌خۆم بکه‌م، گه‌ر وا نه‌که‌م ئه‌وا ره‌نگه‌ دز بێته‌ ماڵم. یان کلیله‌کانم له‌بازاڕ لێ بکه‌وێت. بڕوا بکه‌ چه‌ند جار بیرم چووه‌ سه‌یری ئاوێنه‌ بکه‌م و مۆڕه‌ بکه‌م بۆیه‌ کلیله‌کانم ون کردوون و نه‌مدۆزیونه‌ته‌وه‌. که‌ نان ده‌خۆم ده‌بێ شه‌ش جار نانه‌که‌ی ده‌مم بجووم ، گه‌ر پێنج بێت یان حه‌وت، هه‌ست ده‌که‌م له‌ قوڕگم ده‌گیرێت و ده‌مکووژێت،ئه‌و رۆژه نانه‌که‌ی وا خۆش بوو،حیسابم لێ تێک چوو‌ به‌جۆرێک له‌ بینم گیرا وا زه‌رد و بێ ڕه‌نگ بووم ده‌تووت ده‌ که‌س ده‌ستیان خستۆته‌ بینم و ده‌مخنکێنن، خۆشم نازانم ئه‌م حیساب و کیتابه‌ بۆ ده‌که‌م و بۆ پارووه‌کانم ده‌ژمێرم و خواردنه‌که‌م لێ ده‌بێته‌ ده‌رد، ئه‌مه‌ چ نه‌خۆشییه‌که‌؟

( 9 ) 
به‌ڕێوه‌به‌ر له‌ناکاو هه‌ستاو له‌ سه‌لاجه‌یه‌کی بچووکی ژووره‌که‌ی، دوو ئاوی ساردی هێناو له‌به‌ر ده‌م من و باوکی کچه‌دا داینان و دانیشته‌وه‌، منیش کامێرا دیجیتاڵییه‌که‌م له‌ناو جانتاکه‌دا ده‌رهێنا و وێنه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌م به‌ ژماره‌که‌شییه‌وه‌ پێشان دا، ته‌نانه‌ت خاوه‌نه‌که‌شی که‌ لێی ده‌خوڕی زۆر به‌ روونی دیار بوو. ده‌ وێنه‌یه‌ک ده‌بوون پێنجیان وێنه‌ی کچه‌که‌ بوون له‌ کۆڵانی خۆیانه‌وه‌ به‌ نانی گه‌رمه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵ دێته‌وه‌و خه‌ریکه‌ ده‌گاته‌ ماڵه‌وه‌، پێنج وێنه‌که‌ی تریش که‌ خوله‌کێک و چل و چوار چرکه‌ دوای ئه‌وه‌ گیراوه‌، وێنه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ بوو که‌ زۆر به‌ خێرایی له‌ کۆڵانه‌که‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌و ئه‌وسا من له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌ بووم و ئه‌و به‌به‌رده‌ممدا زۆر شێتانه‌ تێ په‌ڕی.هه‌ر فریا که‌وتم له‌و ساته‌دا ئه‌و پێنج وێنه‌یه‌ی بگرم.

( 10 ) 
من ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ که‌ ئه‌م کامێرایه‌م کریووه‌، به‌ هه‌زاره‌ها وێنه‌م گرتووه‌ و وێنه‌یه‌کی تیا نییه‌ رۆحی دیمه‌نه‌که‌م نه‌گواستبێته‌وه‌، ده‌مه‌وێ ببمه‌ فۆتۆگرافه‌رێک هیچ نه‌بێ دوای خۆم ئه‌لبوومێک جێ بێڵم یادم بکاته‌وه‌، ئێستا له‌م شاره‌دا ژماره‌ی فۆتۆگرافه‌ره‌ خراپه‌کان له‌ شاعیره‌ خراپه‌کان زیاترن، به‌ زه‌وقێکی خراپه‌وه‌، به‌ کامێرایه‌کی خراپ، فڵق ده‌ست ده‌نێن به‌ دوگمه‌یه‌کی خراپدا و وێنه‌یه‌کی خراپ ده‌گرن و دوای چه‌ند چرکه‌یه‌ک له‌ فه‌یس بووکدا دایده‌نێن و به‌ سه‌ده‌ها لایکی خراپیان بۆ دێت.به‌ڵام من وا ناکه‌م، من وێنه‌یه‌کم نه‌گرتووه‌ پارچه‌یه‌ک له‌ رۆحی خۆمی تیا نه‌بێت، وێنه‌م نه‌گرتووه‌ به‌شێک له‌ گلێنه‌ی چاومی تیا به‌جێ نه‌مابێت. من نازانم چ ئه‌لبوومێک جێ دێڵم، به‌ڵام ئه‌وه‌ چه‌ند مانگێکه‌ وازم له‌ هه‌موو شتێک هێناوه‌و دونیام کردووه‌ به‌ وێنه‌، هه‌موو شتێکم له‌م شاره‌دا کردووه‌ به‌ فۆتۆیه‌ک و ماوه‌یه‌کی تر به‌ته‌مام پێشانگایه‌ک بکه‌مه‌وه‌، من چوومه‌ته‌ هه‌موو شوێنێک تا وێنه‌یه‌ک بگرم، به‌ په‌نجه‌ره‌و ده‌رگاکاندا سه‌رکه‌وتووم، چوومه‌ته‌ به‌رزترین شوێن و سه‌ر به‌رزترین دره‌خت وله‌دووره‌وه‌ وێنه‌ی ئه‌و ژووری ئوتێلانه‌م گرتووه‌ که‌ به‌ نێهنی گرێبه‌ستی تیا ده‌کرێ و که‌س ئاگای لێ نییه‌، وه‌رن بۆ پێشانگاکه‌و ده‌م وچاوه‌کان ببینن.به‌ دزییه‌وه‌ سه‌رمێزی خواردنه‌وه‌ی شه‌وانم گرتووه‌ که‌ مرۆڤ و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری تیا هه‌راج ده‌کرێ. ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ به‌بازاره‌کاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و به‌زۆر ئیشیان پێ ده‌که‌ن. وه‌رن و وێنه‌ی هه‌موو رووداوه‌کانی ئۆتۆمبیلم گرتووه‌و تا هه‌مووتان کلیلی سه‌یاره‌کانتان فڕێ بده‌ن، ببینن لێخوڕینی سه‌یاره‌ چه‌ند ناشرینه‌ له‌م شاره‌ی ئێمه‌دا. له‌ په‌نجه‌ره‌کانه‌وه‌ ژووری پۆله‌کانم گرتووه‌، تا هه‌موو ئه‌و قوتابییانه‌ ببینن که‌ رۆژانه‌ ده‌گرین، تا بزانن چه‌نده‌ ناشرینن زۆربه‌ی زۆری مامۆستاکانی ئێمه‌. وه‌رن بۆ زانکۆ وئه‌و مامۆستایانه‌ ببینن که‌ حیزبه‌کان کردوونی به‌ مامۆستا، سه‌ر به‌ژووره‌کاندا بکه‌ن و بزانن هه‌موو شتێکی تیایه‌ زانست نه‌بێت. ئه‌وانه‌ ببینن که‌ به‌ده‌ستی پۆلیس کوژران، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی که‌ پاره‌ی دایره‌که‌یان ده‌خۆن، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی دوای رۆشتنی به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌یان تێی ده‌ته‌قێنن و ده‌چنه‌ ماڵه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی موچه‌ وه‌رده‌گرن و ئیشیش ناکه‌ن .ئه‌و دووکاندارانه‌ی نرخ له‌سه‌ر کاڵاکانیان دانانێن تا به‌گرانتر بیانفرۆشن. ئه‌وانه‌ ببینن که‌ له‌سه‌ر رای جیاواز به‌ر چه‌قۆ ده‌درێن، ئه‌و برا بێ مێشکانه‌ی له‌سه‌ر نامه‌یه‌ک یان تێلێک خووشکه‌کانیان ده‌کوژن. گه‌ر ده‌تانه‌وێ ئه‌لبوومه‌که‌م ببینن، وه‌رن، وه‌رن بۆ پێشانگاکه‌م. 

( 11 ) 
له‌وانه‌ش خراپتر،دوژمنایه‌تیم له‌گه‌ڵ خۆمدا گه‌یشتۆته‌ ئاستێک که‌ هه‌ندێ حه‌ب و ده‌رمان ده‌خۆم پێویستم پێی نییه‌، حه‌بی زه‌خت وحه‌بی گه‌ده‌وشرووبی قوورگ.ماوه‌ی مانگێک زیاتر ده‌ستم به‌ په‌تێک به‌ستبوو و له‌ ملم ئاڵاندبوو وه‌ک شکا بێت یان له‌ جێ چووبێت، به‌ڵام هیچم نه‌بوو، ته‌نها تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک بوو بزانم به‌رگه‌ی ده‌گرم یان نا. بیرته‌ ماوه‌یه‌ک پیش ئێستا چه‌ند جارێک به‌فر باری، ده‌ من هه‌موو جارێ بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عات به‌ ته‌نها شۆڕتێکه‌وه‌ له‌ حه‌وشه‌ ده‌وه‌ستم و خۆم ره‌ق ده‌که‌مه‌وه‌.‌ ئه‌و رۆژه‌ چووم بۆ ریستووڕانتێک، پاره‌م دا و نانیشم نه‌خوارد. ده‌چمه‌ حه‌مام و ده‌بێ شه‌ش ده‌قیقه‌م پێ بچێ، یه‌ک چرکه‌ی زیاتر بێت به‌ رووتیش بێت دێمه‌ ده‌ره‌وه‌. ماوه‌یه‌ک هه‌وڵم زۆر دا به‌ چاوی کراوه‌وه‌ بنووم و بۆم نه‌کرا. دوکتۆر گیان ! هه‌ست ده‌که‌م دوژمنێکی زۆر له‌ناو مندا خه‌وتووه‌و هه‌ر رۆژه‌وه‌ و چه‌ند دانه‌یه‌کیان خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه‌ و دێنه‌ گیانم. پێم بڵێ چی بکه‌م؟

( 12 ) 
به‌ڕێوبه‌ری پۆلیس زۆر به‌ وردی سه‌یری وێنه‌کانی کرد، پاش و پیشی کردن و دووباره‌ و ده‌باره‌ سه‌یری کردنه‌وه‌و هه‌موو جارێکیش ده‌تووت یه‌که‌مجاره‌ سه‌یریان ده‌کات، من لای خۆمه‌وه‌ هه‌ر ده‌ وێنه‌که‌م کۆپی کردبوون و ئه‌ویش به‌راوردی ده‌کردن و وتی، پێش ئه‌وه‌ی هیچ بریارێک بده‌م ، من چه‌ند پرسیارێکم هه‌یه‌، وتم فه‌رموو: وتی باشه‌ بۆ به‌م وێنانه‌دا ده‌بێ ئه‌م ئۆتۆمبیله‌ بێت؟ ئه‌ی تۆ چۆن ئه‌م وێنانه‌ت گرت؟ به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ چیت ده‌کرد له‌و کۆڵانه‌دا، وه‌ک بزانی ئه‌م پیاوه‌ یه‌کێک ده‌کات به‌ ژێره‌وه‌ چۆن هه‌ر له‌خۆته‌وه‌ وێنه‌یه‌کی وا جوانت گرتووه‌ هه‌ر ده‌ڵێی سه‌یاره‌که‌ له‌ ژووره‌که‌دایه‌و که‌ له‌ پێشه‌وه‌ سه‌یری ده‌که‌م هه‌ستێکم هه‌یه‌ که‌ خه‌ریکه‌ منیش ده‌شێلێ. ئه‌م وێنه‌ ده‌گمه‌نانه‌ به‌ بێ هیچ ئاماده‌کارییه‌کی پێش وه‌خت چۆن ده‌گیرێن؟ هی ئه‌م کامێرا باشه‌یه‌ یان سیحرێکی تریش هه‌یه‌ بۆ گرتنی ئه‌م جۆره‌ وێنانه‌؟ وتم راست ده‌که‌ی به‌ڕێزم، وه‌ک ده‌بینی ئه‌مه‌ کامێرایه‌کی باشه‌ و هه‌موو ماڵ و موڵکم بۆ به‌ده‌ست هێنان و کڕینی دانا، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌کی تایبه‌تی من له‌پشت گرتنی ئه‌م وێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونی که‌ خه‌ریک بوو به‌ره‌و نه‌مانم به‌رێ،که‌مێکم مابوو بخنکێم تا خۆم گه‌یانده‌ دوکتۆرێکی ده‌روونی و دوای چه‌ند جارێک سه‌ردان وقسه‌ گۆرینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، پاش ئه‌وه‌ی چیرۆکی خۆم و وێنه‌و خوولیاکانم بۆ گێڕایه‌وه‌، پێشنیاری کرد که‌ باشترین چاره‌سه‌رێک بۆ من که‌ له‌و نه‌خۆشییه‌ سه‌خته‌ ڕزگارم بێت، باشترین رێگا که‌ خۆم له‌ ئاژه‌ڵه‌ درنده‌کانی ناو رۆحم بپارێزم و هه‌وڵ بده‌م له‌گه‌ڵ زۆربه‌یاندا ئاشت ببمه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌‌ کامێرایه‌ک بکڕم و به‌ چه‌پ و ڕاستدا ته‌نها و ته‌نها بیر له‌ وێنه‌ گرتن بکه‌مه‌وه‌و هه‌موو شتێکی تری ئه‌م دونیایه‌ فه‌رامۆش بکه‌م، گه‌ر توانیم رۆحی دیمه‌نه‌کان بگوازمه‌وه‌، ئه‌وا بێ شک ده‌توانم رۆحی خۆشم چاره‌سه‌ر بکه‌م.منیش هه‌ر وام کرد، ئه‌و به‌یانییه‌ش یه‌کێک بوو له‌ رۆژه‌ ئاساییه‌کانم، وه‌ک حه‌ب خواردنێک وا بوو بۆ تیماری ده‌ردم. چونکه‌ من ماوه‌یه‌کی زۆره‌ هه‌موو به‌یانییه‌ک سه‌عات پێنج زوو دێمه‌ ده‌ره‌وه‌و وێنه‌ ده‌گرم، ئه‌م شاره‌ وه‌ک تۆپێک وایه‌، هه‌ر یه‌کێک دێت و شه‌قێکی تێ هه‌ڵده‌دا.ئای خوایه‌! ئه‌م شاره‌ نه‌گبه‌ته‌ی من ته‌نها به‌ به‌یانییان جوانه‌، ئه‌و کاته‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵک خه‌به‌ریان نه‌بۆته‌وه‌. بۆیه‌ هه‌میشه‌ حه‌ز ده‌که‌م به‌به‌یانییان زوو وێنه‌ی بگرم، وێنه‌ی شه‌قامه‌ ناڕێک و ماڵه‌ ناشرینه‌کان، ده‌ره‌خته‌ وشکه‌کان و باڵنده‌ برسییه‌کان.وێنه‌ی بینا بێزه‌وق و کۆڵانه‌ پیس و پۆخڵه‌کان. ئه‌و به‌یانییه‌ دوای سه‌عات شه‌ش گه‌یشتمه‌ کۆڵانێک، به‌ ته‌نیایی و هێمنی کۆڵانه‌که‌وه‌ هاتمه‌ خوارێ، له‌به‌رده‌م به‌رد و ده‌رگاکاندا ده‌وه‌ستام و وێنه‌م ده‌گرت، له‌دووره‌وه‌ کیژۆڵه‌یه‌کم بینی هێنده‌ جوان هه‌ڵمی نانه‌ گه‌رمه‌که‌ی ده‌ستی تێکه‌ڵاوی چاوه‌ خه‌واڵووکه‌ی ده‌بوو، له‌ دووره‌وه‌ ئه‌و ده‌م و چاوه‌ وه‌ک تازه‌ له‌ ته‌نووره‌وه‌ هاتبێته‌ ده‌ره‌وه‌ وای له‌من کرد پێنج وێنه‌یه‌ک بگرم که‌ دیاره‌ سه‌عات شه‌ش و هه‌شت خوله‌کی له‌سه‌ره‌. به‌ره‌و خوار بوومه‌‌وه‌. له‌سه‌ری کۆڵانه‌که‌ که‌مه‌کێک لام دابوو که‌ له‌دواوه‌ ده‌نگی ئۆتۆمبیلێکم بیست که‌ زۆر خێرا له‌ کۆڵانه‌که‌وه‌ ده‌رپه‌ڕی وبه‌لای چه‌پی شه‌قامه‌که‌دا دایشکانه‌وه‌، هێنده‌ خێرا بوو که‌ حه‌زم کرد له‌و خێراییه‌دا توانایی خۆم بۆ وێنه‌ گرتن تاقی بکه‌مه‌وه‌ . هه‌ر توانیم پێنج وێنه‌یه‌کی بگرم، که‌ به‌ روونی دیاره‌ سه‌عات شه‌ش و نۆ خوله‌ک و چل و چوار چرکه‌ گیراوه‌، دووانیان ته‌واو کۆڵانه‌که‌ش دیاره‌ که‌ پێچی لێ ده‌کاته‌وه‌. به‌ مانای کاتی نێوان وێنه‌ی کچه‌که‌ که‌ به‌دڵخۆشی و هه‌ڵمی نانه‌ گه‌رمه‌که‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌ی سه‌یاره‌که‌دا که‌ جوان دیاره‌ له‌ کۆڵانه‌که‌وه‌ هاته‌ سه‌ر شه‌قامه‌که‌ ته‌نها یه‌ک خوله‌ک و چل و چوار چرکه‌یه‌، ئه‌وه‌ش باوکی کچه‌ که‌له‌ته‌نیشتمه‌وه‌ دانیشتووه‌ و له‌وه‌ دڵنیای کردیته‌وه‌ که‌ ره‌نگی ئه‌م سه‌یاره‌یه‌ هه‌مان ره‌نگی سه‌یاره‌که‌یه‌ که‌ ئه‌و له‌دووره‌وه‌ بینیبووی. به‌ڵگه‌ له‌مه‌ زیاتر ده‌بێ چی بێت به‌ڕێزم.

( 13 ) 
نا، دۆکتۆر گیان، هه‌ست ده‌که‌م چاکبوونه‌وه‌ی من هه‌مووی له‌ هه‌فته‌ی پێشوووه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد که‌ دوو شتی گرنگی تیا رووی دا. یه‌که‌میان که‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس به‌ ده‌نگه‌ ناخۆش و گره‌که‌یه‌وه‌، به‌ له‌ره‌یه‌کی پڕ سووپاسه‌وه‌ پێی راگه‌یاندم که‌ پیاوه‌که‌یان گرتووه‌و دانی به‌ تاوانه‌که‌یدا ناوه‌و پێی سه‌یر بوو یه‌کێک له‌و کاته‌دا چه‌ند وێنه‌یه‌کی جوانی گرتووه‌و به‌خۆی نه‌زانیووه‌. وتی: باش بوو شوکور کچه‌که‌ نه‌مردووه‌ ده‌نا نه‌مده‌هێشت جارێکی تر رووناکی ببینێت چونکه‌ بۆی ده‌رچووه‌و نه‌وه‌ستاوه‌ له‌سه‌ری. دوکتۆر گیان! دووه‌میشیان هه‌مان رۆژ کردنه‌وه‌ی پێشانگاکه‌م بوو که‌ ماوه‌ی چوار رۆژی خایاند و خه‌ڵکێکی زۆر هاتبوون و که‌ ده‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ست خۆشییان لێ ده‌کردم و زۆربه‌ی زۆریان ده‌یانووت: ماڵت ئاوا بێ، ده‌ڵێی باسی ئێمه‌ ده‌که‌ی، هه‌موو خۆمانی تیا ده‌بینینیه‌وه‌. سوپاس دوکتۆر گیان ! که‌ چاکت کردمه‌وه‌، سوپاس که‌ منت خسته‌ سه‌ر خولیا وێنه‌گرتنێکی جوانی ئه‌م دونیا ناشرینه‌.

ستۆکهۆڵم، ئۆکتۆبه‌ری 2012







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1663 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
پێویستمان بە دیالۆگی زیاترە، نەوەک مۆنۆلۆگی زیاتر.

/ستێفان گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

خەڵکی کوێی کوردستانیت؟




ڕیکلام
Banner