ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

ئالیگۆریی ئەشکەوت ~ وەرگێڕانی: ڕێبوار قارەمانی

به‌شی: ئێوە
16 - 01 - 2015

کتێبی 7ی کۆماری ئەفڵاتوون، 514a-517a

سوکرات: خەڵکانێک بێنە بەر چاوی خۆت کە لە ناو ژوورێکی ژێرزەمینی ئەشکەوت-ئاسادا نیشتەجێن، کە شوێنی هاتنە ژوورەکەی زۆر لەسەرەوەیە و رووی لە رۆژە و هێندەی بەرینایی ئەشکەوتەکە خۆی بەرینە.


لەم شوێنەدا خەڵکانێک هەر لەسەرەتای مناڵییانەوە کوت و بەند لە پێیەکان و ملیان بەستراوە، بۆ ئەوەی لە هەمان شوێندا بمێننەوە و تەنها سەیری ئەوە بکەن کە لە بەر دەمیانە [وەکوو خۆمان دەڵێین تەنها سەیری ئەوە بکەن لە دەسترەسی ئەواندا ئامادەیە]. ئەوان لەبەر کوت و بەندەکان ناتوانن سەری خۆیان هیچ لایەک دا بسووڕێنن. بەڵام لە ئاگرێکەوە رووناکیان دەگاتێ کە بە مەودایەک لە پشت سەری خۆیان و لە بلینداییەکی بەرزدا هەڵە. [لە پشتەوە]، لە نێوان ئاگرەکە و بەندکراوەکاندا رێگەیەک کێشراوە، بە درێژایی ئەم رێگەیە دیوارێکی نزم دروست کراوە، وەکوو ئەو پەردەیەی لە نمایشی بووکە شووشەدا لە نێوان نمایشکاران و بینەراندا کێشراوە بۆ ئەوەی ئەوانەی یاری بە بووکە شوشەکان دەکەن لەسەر ئەم پەردەیەوە هونەرەکەی خۆیان نمایش دەکەن.
گڵۆکن: دەیانبینم.
سوکرات: ئینجا ئەمەش بێنە بەرچاوی خۆت خەڵکانێک لە پشتەوە و بە درێژایی دیوارەکە هەموو جۆرە شتێکیان پێیە، هەر لە پەیکەری بەردین و دارینی مرۆڤ و ئاژەڵەوە بیگرە هەتا هەر شتێکی تر کە دەست کردی مرۆڤ بێت،ئەم خەڵکە ئەم شتانە بە سەر دیوارەکەدا دەجووڵێنن. سروشتییە کە هەندێک لەم خەڵکە لە نێوان خۆیاندا دەدوێن و هەندێکی تریشیان بێ دەنگن.
گڵۆکن: چەند وێنەیەکی سەیر و سەمەرەیە ئەم وێنەیە و چەند بەندکراوێکی سەیر و سەمەرەن ئەم بەندکراوانە!
سوکرات: ئەوان کۆمەڵە مرۆڤێکن کە زۆر زۆر لە خۆمان دەچن! ئێستاش پێم بڵێ بزانم ئایا بە بڕوای تۆ ئەم خەڵکانە [بەندکراوەکان، ئەشکەوت-نشینەکان]، جا بە هۆی خۆیانەوە یان بە هاوکاری هاوڕێکانیانەوە بێت ، جگە لەو سێبەرانە هیچی تر دەبینین، واتە ئەو سێبەرانەی بە هۆی ئاگرەکەوە دەکەوێتە سەر دیوارەکەی بەرامبەریان لە ناو ئەشکەوتدا؟
گڵۆکن: چۆن دەشێت [جگە لە سێبەر] هیچ شتێکی تر ببینین لە کاتێکدا بە درێژایی ژیانیان رێی ئەوەیان لێ گیراوە سەریان بجووڵێنن؟
سوکرات: باشە، ئەی بۆ ئەو شتانە چی دەڵێیت کە لە پشت سەریانەوە دەگوازرێنەوە، ئایا بەندکراوەکان دیسانیش هەمان شت، واتە سێبەری شتەکان، نابینن؟
گڵۆکن: دەبێ جگە لە سێبەر چی تر ببینن؟!
سوکرات: گەربێتو بەندکراوەکان لەگەڵ یەکتردا بکەونە گفتوگۆوە لە بارەی ئەو شتانەی بینیویانە، ئایا پێتوانییە ئەوان ئەوەی بینیویانە بە بوو [موجود]ی راستەقینەی لەقەڵەل دەدەن؟
گڵۆکن: با!
سوکرات: باشە گریمان ئەو دیوارەی بەندیخانەکە، کە دەکەوێتە بەرامبەریان، دەنگ بداتەوە، ئایا پێتوانییە لەم حاڵەتەدا هەر کات یەکێک لەو کەسانەی کە لە پشت سەریانەوە تێدەپەڕێت و قسە دەکات، بەندکراوەکان ئەم دەنگە بە دەنگی ئەو سێبەرە دەزانن کە بە بەر دەمیاندا تێ دەپەڕێت؟
گڵۆکن: سوێند بێت بە زیۆس کە رێک وایە!
سوکرات: کەواتە ئەم خەڵکە [ئەشکەوت-نشینەکان] جگە لە سێبەری شتە دەستکردەکان هیچ شتێکی تر بە نا-پەنهان [راستەقینە] نازانن.
گڵۆکن: ئەمە هیچ قسەی تێدا نییە!
سوکرات: ئێستاش بیهێنە پێش چاوی خۆت ئاخۆ دەبێت حاڵی ئەو کەسە چۆن بێت کە لەم کوت و بەندە رزگار دەکرێت و ئەو کەموکورتییەی لە جیاکردنەوەی شتەکان لە یەکتر هەیەتی بۆی چارەسەر بکرێت، بیر لەوە بکەرەوە ئاخۆ ئەنجامی زەرووری و بنەڕەتی ئەمە چی دەبێت ئەگەر بێتو ئەوەی باسی دەکەم روو بدات. یەکێک لەم خەڵکانە [بەندکراوەکان، ئەشکەوت-نشینەکان] کوت و بەندەکانی لێ دەکرێتەوە و ناچار دەکرێت دەمودەست هەڵسێت و ملی بسووڕێنێت و بچێت چاو لە رووناکییەکە ببڕێت. ئەو دەشێت ئەمانە بکات، بەڵام بە ئازارەوە دەیانکات، ئینجا بە هۆی بڵێسەی ئاگرەکەوە ناتوانێت سەیری ئەو شتانەش بکات کە پێشتر سێبەرەکانیانی بینیبوو. ئینجا وای دانێ هەموو ئەمانە بەسەر یەکێک لە بەندکراوەکان هاتبێت، بە بڕوای تۆ قسەی ئەم کەسە چی دەبێت ئەگەر بێتو یەکێک پێی بڵێت ئەوەی پێشتر بەندکراوەکە بینیوبووی [تەنها] هیچێکی بەتاڵ بووە، بەڵام ئێستا لە بووەکان نزیکترە و رووی لەوە کردووە کە بووترە و هەر بۆیەش دروستتر [بووەکان] دەبینێت؟ ئینجا گریمان کەسێک بێت و هەر کام لەو شتانە پیشانی بەندکراوە رزگارکراوەکە بدات کە دەگوازرانەوە [کە ئێستا بە شیوەی راستەوخۆ دەیانبینێت] و ناچاری بکات بڵێت ئایا هەر کام لەم شتانە چین، ئایا بە بڕوای تۆ کەسی رزگارکراو تێدا نامێنێت لەوەی ئاخۆ چۆن دەست پێبکات؟ ئایا پێتوانییە ئەم کەسە لەسەر ئەو باوەڕە بێت کە ئەوەی پێشتر بینیبووی زۆر نا-پەنهانترە [راستەقینەترە] لەوەی ئێستا پیشانی دەدرێت؟
گڵۆکن: بێگومان!
سوکرات: جیا لەمە گریمان یەکێک بێت و داوای لێ بکات کە نەک هەر چاو لە شتەکان بکات بەڵکو سەیری ئاگرەکە خۆیشی بکات، ئایا لەم حاڵەتەدا ژان چاوەکانی داناگرێت؟ ئایا رووی خۆی وەرناگێرێت و راناکاتەوە بۆ لای ئەو شتەی کە دەتوانێت بیبینێت؟ ئایا بە بڕوای تۆ ئەم کەسە لەسەر ئەو بڕوای نابێت کە ئەم شتانە [واتە سێبەرەکان] زۆر روونتر و بینراوترن لەو شتانەی کەسەکەی تر دەیەوێت ئێستا پیشانی بدات؟
گڵۆکن: با، بێگومان!
سوکرات: بەڵام گریمان یەکێک بێت و بە زەخت کەسەکە [ واتە کەسی لە بەدند رزگار بوو] راکێشێت و بە رێگای بەردەڵان و هەورازی ئەشکەوتەکەدا سەریبخات و وازی لێ نەهێنێت بڕوات هەتا رایدەکێشێتە ناو رووناکی خۆرەوە، ئایا ئەو کەسەی راکێشراوە هەست بە ئازار ناکات و [لە بەرامبەر راکێشانەکەدا] ململانێ ناکات؟ جیا لەمە، کاتێکیش دەگاتە ناو رووناکاییەوە چاوی تەژی دەبێت لە رووناکی، ئایا پێتوانییە لەم کاتەدا کەسەکە تەنانەت توانای بینینی ئەو شتانەشی نامێنێت کە وەکوو نا-پەنهان بۆیان باسکردبوو [واتە شتەکان خۆیان] ؟
گڵۆکن: وایە توانا ئەمەی نامێنێت، هیچ نەبێت دەمودەست ناتوانێت بیانبینێت.
سوکرات: بە بۆچوونی من، ئەم کەسە پێویستی بە سازبوونەوەیەکە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوەی لە [جیهانی] سەرەوەیە بیبینێت. بێگومان یەکەم جار بە بێ کێشە دەتوانێت سێبەرەکان ببینێت، پاشان دەتوانێت وێنەدانەوەی مرۆڤەکان و شتەکانی تر لە ناو ئاودا ببینێت، ئەوجار تەنها دوای ئەمانەیە کە دەتوانێت شتەکان خۆیان ببینێت، بەڵام لە ناو ئەمانەشدا [واتە لە ناو شتەکان خۆیاندا نەک سێبەر و وێنەدانەوەکانیان] زۆر بە ساناتر تەماشای ئەو شتانە دەکات کە لە ئاسماندا بەدی دەکرێن و سەیری ئاسمان خۆی دەکات، واتە تەماشای ئەستێرەکان و مانگ دەکات. ئەو زۆر بە ئاسانتر سەیری ئەمانە دەکات لەوەی بە رۆژی رووناک سەیری خۆر و رووناکییەکەی بکات.
گڵۆکن: بێگومان!
سوکرات: بە بۆچوونی من، بەم شێوەیە کەسەکە دواجار دەتوانێت نەک هەر چاو لە شۆق دانەوەی خۆر لە ناو ئاو یان لە هەر شوێنێکی تر ببڕێت، بەڵکو دەتوانێت چاو لە خودی خۆر وەکوو ئەوەی هەیە و شوێنەکەی ببڕێت و ببینێت خۆر چۆنە.
گڵۆکن: دەبێ وا بێت.
سوکرات: ئینجا پاشان لەبارەی هەتاوەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوە هەتاوە وەرزەکانمان پێ دەبەخشێت و حوکمی ساڵەکان دەکات و حوکمی هەموو شتەکانی ناو جیهانی بینراو دەکات، هەروەها ئەوە هەتاوە کە بەرپرسیارە لە[بناغەیە بۆ] هەموو ئەو شتانەی [لە ناو ئەشکەوتدا] بە شێوازێک لە شێوازەکان بینیویانە [بە هەمان شێوە بەرپرسیارە لە شیانی سێبەرەکانی ناو ئەشکەوت].
گڵۆکن: بێ شک ئەمە ئەو ئەنجامەیە کە کەسەکە پاش ئەمانە [واتە پاش ئەو قۆناغانە] پێی دەگات. [ئەم سازبوونەوەیە لە هەمان کاتدا هەرێمە جیا جیاکانیش لێک جیا دەکاتەوە.]
سوکرات: ئەی پاشان چی بەسەر دێت، ئەگەر هاتوو شوێنی یەکەمجاری خۆی و دانایی ئەو شوێنە و ئەو بەندکراوانەی بیربکەوێتەوە کە لەگەڵ خۆیدا بەندکرابوون؟ ئایا پێتوانییە بە هۆی ئەم وەرچەرخانەی کە بەسەری هاتووە خۆی بە بەختەوەر بزانێت و بەداخ بێت بۆ ئەوانی تر؟
گڵۆکن: بێگومان!
سوکرات: گەر بگەڕێینەوە دواوە [واتە بۆ ناو ئەشکەوت]، ئەوان لە ناو خۆیان لەسەر شانازی، ستایش و پاداشتەکانی ئەو کەسە رێک کەوتبوون کە وردتر لە هەموویان ئەو شتانە[ واتە سێبەرەکان] ی دەبینی کە تێدەپەڕین، هەروەها باشتر لە هەموویان ئەوەی بیر دەما کە کامەیان [واتە کام سێبەر] پێشتر، کامیان دواتر و کامانەیان هاوکات تێدەپەڕن، واتە ئەو کەسەی باشتر لە هەموویان دەیتوانی پێشبینی ئەوە بکات کە لە هەرێمی سێبەرەکاندا چی روودەدات. ئایا پێت وایە ئەم کەسە شەوقی ئەمانەی [واتە شەوقی شانازییەکانی] لەسەردا بێت و ئێرەیی بەو کەسانە بەرێت کە لە ناو خەڵکانی ژێرەوە [واتە ئەشکەوت-نشینەکاندا] ناوبانگ و دەسەڵاتیان هەیە؟ ئایا پێتوانییە ئەم کەسە پێی باشتر بێت ئەوە هەڵگرێت کە هۆمیرۆس باسی دەکات، واتە: "کرێکاری کابرایەکی تری دەست کورتی بێ موڵک بێت"، [بە گوزارشتێکی تر] ئایا پێی باشتر نییە هەموو شتێک قەبووڵ بکات، نەک ئەوەی سێبەرەکان بە نا-پەنهان بزانێت و وەکوو ئەوان [واتە وەکوو ئەشکەوت-نشینەکان] بژیت؟ 
گڵۆکن: بە بۆچوونی منیش ئەو، جگە لەم شێوازە ژیانە، هەموو شتێکی تر تەحەمول دەکات.
سوکرات: ئێستاش بیر لەمە بکەرەوە: ئەگەربێتو بڕیار بێت ئەو کەسەی بەم شێوازە ئازاد بووە جارێکی تر داگەڕێتەوە ژێرەوە [واتە بۆ ناو ئەشکەوت]، وە لەوێ لە هەمان شوێن [واتە شوێنی پێشووی خۆی] دانیشێتەوە، ئایا کەسەکە، کە لە رووناکایی خۆر دەرچووە، لە پڕ هەست ناکات چاوی تەژی بووە لە تاریکی؟
گڵۆکن: بێشک.
سوکرات: ئێستاش گریمان ئەم کەسە جارێکی تر دێت لەگەڵ ئەو کەسانەی بە بەردەوامی لە بەند دا بوون لەبارەی سێبەرەکانەوە شەڕە بیروبۆچوون دەکات، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێشتا چاوی کەسەکە تەواو نییە و لەگەڵ تاریکیدا سازنەبووەتەوە [وە ئەمەش کاتێکی باشی دەوێت]، ئایا لەم حاڵەتەدا کەسەکە نابێتە مایەی گاڵتەجاڕ؟ ئایا کاتێک ئەوانی تر باسی دەکەن ناڵێن کە ئەو تەنها بۆ ئەوە بەرەو سەرەوە هەڵکشا کە چاوەکانی خۆی تێکبدات و ئەم سەرکەوتنە تەنها بە فیڕۆدانی کات بووە و هیچی تر؟ ئینجا گریمان کەسێک بیەوێت هەوڵی ئازادکردنیان بدات لەم کوت بەندە وبەرەو سەرەوە رێنوێنییان بکات، ئایا ئەوان [بەندکراوەکان] ئەگەر توانیبایان بیگرن و بیکوژن، بە راستی نەیاندەگرت و نەیاندەکوشت؟
گڵۆکن: با بێگومان دەیانگرت و دەشیانکوشت.

تێبینی: بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە پشت بە وەرگێڕانەکەی مارتین هایدگەر بۆ ئەم ئالیگۆرییە بەستراوە. هایدگەر لە نێوان ساڵی 1931-32 لە چوارچێوەی کۆرسێکدا زنجیرەیەک وانەی پێشکەش کردووە کە لە دوو بەش پێکهاتوون، بەشی یەکەم لەسەر ئالیگۆری ئەشکەوت و ئاستەکانی روودانی حەقیقەت لەم ئالیگۆرییە دایە، بەشی دووەم لەسەر دیالۆگی تیایتیتۆس و پرسی چیبوونی نا-حەقیقەتە. لە بەشی یەکەمیاندا کە لەسەر ئالیگۆری ئەشکەوتە، مارتین هایدگەر وەرگێڕانی خۆی بۆ ئەم ئالیگۆرییە دەخاتەڕوو کە لێرەدا پشت بە وەرگێڕانی ئینگلیزیی وەرگێڕانەکەی ئەو بەستراوە. بۆ خوێندنەوەی ئەم زنجیرە وانەیە بڕواننە ئەم دوو سەرچاوەیەی خوارەوە:

Heidegger, Martin, ‘The Essence of Truth’, Trans. Ted Sadler; Continuum Publication, New York; 2009.
Heidegger, Martin; ‘Being and Truth’. Trans. Gregory Fried & Richard Polt; Indiana University Press, Bloomington Indiana; 2010.

 








ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1654 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
ژیان پێیوتم؛ تۆ بەختەوەر دەبیت، بەڵام سەرەتا دەبێت بەهێزتکەم.

/ تۆماس گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

پێت خۆشە هەیت؟




ڕیکلام
Banner