ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

چاوە سەوزەکانی پشیله (چیرۆک) ~ تێکۆشەر خالید

به‌شی: ئێوە
16 - 01 - 2015

سڵاو! 
من مرۆڤێكی سادەم، ئەم نامەیەم گەیشتووەتە دەستتان، پشیلە چاوسەوزەكەم بەجێی‌هێشتم. تكا دەكەم، كە دێنە سەر تەرمی من، لێكۆڵینەوە مەكەن. تەنیا بەدوای ئەو پشیلەیەدا بگەڕێن، كە قردێلەیەكی پەمەییم لە كلكی بەستووە


تەنیا ئەو بكوژی منە. بفەرموون! سەرهاتی خۆم لەگەڵ پشیلەكاندا، پێش چەند خولەكی مردنم بەیان دەكەم. 
گوێم لە گۆرانییەكی بیانی ڕاگرتووە. منداڵێك، كە نازانم ناوی چییە، لە تەنیشتمدا كزۆڵ دانیشتووە، هەوری ڕەش، ئاسمانی منی داگیركردووە، دڵم ئەوەندە توند بووە، كە ئیدی نازانم هەنگاوی چەند خولەكی دواترم بەرەو كوێ دەبێت. ئەم ماوەیە بڕیارەكانم بە ویستی من نین، هاوڕێكانیشم دركیان بەمە كردووە. 
پشیلەیەك، كە نازانم چۆن هاتووەتە ئەم گەڕەكەوە، تەنانەت خەویشی لێ حەرام كردووم، شەوانە تا درەنگ لە كۆڵان، لەسەربان، لە حەوشەی ماڵەكەمدا دەمیاوێنێت. دەنگی ئەو زۆر كات لە گریانی منداڵ دەچێت، زۆر جاریش وا دەزانی دەیەوێت لەگەڵ گەردووندا بجەنگێت. 
ئەو پشیلەیە ژیانی منی تاڵ كردووە. زۆری بیر لێ دەكەمەوە، هەموو هەوڵەکانی من بۆ كوشتنی ئەو تا ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە، زۆرجاریش دەرفەتم بۆ هەڵكەوتووە، لە ناوی بەرم، بەڵام دەستم نەچووەتە خوێنییەوە. ڕۆژێك منداڵانی گەڕەك، بە نیازی كوشتنی، وەدووی كەوتبوون، بەڵام من لێ ‌نەگەڕام، هێنامەوە بۆ ماڵەوە، هەموو گیانی خەڵتانی خوێن بووبوو، چاوێكیانی خوێنی ڕەشی لێ ‌دەچۆڕا، دەم‌ولوتیشی خوێنێكی كاڵ و لینج و چەند مێشولەیەكی گیزەگیزكەری پێوە ئاڵابوون. زۆر بە سەیری هەناسەی دەدا، دەمگوت هەر ئێستا نا ئێستا گیانی دەردەچێت، زۆر لە خەمیدا بووم، دەمم لە دەمی ‌نا، بە مەبەستی هەناسەپێدانی، بەڵام بێ ئەنجام بوو. پشیلە چاوسەوزەكەم گیانی دەرچوو. ئەمە وای لێ ‌كردم، ئیدی ئەستەم بێت بتوانم دنیا بە ڕووناكی ببینم، لام‌ وابوو ژیان بۆ من بریتییە لە تاریكی. ئاخر كام لە ئێمە، كە چاوەكانی دادەخات، دنیا بە ڕووناكی دەبینێت! کەواتە دنیا لە ناخی ئێمەدا تاریکە و بۆ ئەمەیش پاساوێکمان نییە. هەر چۆنێك بوو، بۆ ئەوەی مردنی پشیلەچاوسەوزەكە لەبیر خۆم ببەمەوە، دەستم دایە بەخێوكردنی پشیلە. 
زۆر سەیر كەوتمە نێو دنیای پشیلەكانەوە، وام لێ ‌هاتبوو ئێواران لەگەڵیاندا گۆشتی كاڵم دەخوارد، زۆر بێ‌ مەبەست دەممیاواند، لە هەموو ئاوازێكی میاواندندا شارەزا بووم، ماوەیەكی زۆر ئەوانی لە دەوروبەری من بوون، بە شێتیان لە قەڵەم دەدام. عەشقی من بۆ پشیلەكان تا دەهات پتر دەبوو. 
سەرەنجام ئەوەی وێنام نەكردبوو ڕوویدا، ڕۆژێكی ساردی زستان، بەفر تا ئەژنۆ باریبوو، گێلاس‌خان، كە لەگەڵ گورگێكدا ژیانی بەسەر دەبرد، بە خۆی و بەچکەگورگەكەی و سێ پیاوی‌بەشانوشەوكەتەوە، كە زیاتر لە سێ دێو دەچوون، خۆیان بە ماڵەكەمدا كرد. لەو ساتەدا من خەریكی بەچكەپشیلەیەك بووم، شیرم پێی دەدا. گێلاس‌خان بە دەنگێكی گڕ، بەرز، كە لە لوورەی بەچکەگورگەکەی دەچوو، گوتی: (هێێێیی كەشە، هەر ئێستا پشیلەكانت ڕەوانەی جەهەندەم دەكەم(. 
ئەمەی گوت و قاقایەكی پیرانەی لە گوێمدا دەنگی دایەوە. بەچكەپشیلەكەم توند لە ئامێز گرت و نوزەیەكم كرد. تەنانەت زمانی ئەوەیشم نەبوو، كە بپرسم چی ڕوویداوە، هەرچەندە دەنگێک لە گوێمدا دەزرنگایەوە و دەیگوت: بەڵێ، هەڵەیەک ڕووی داوە. گێلاس‌خان بە بێ گوێدانە فرمێسكەكانی من، پەتی ملی بەچکەگوركەكەی لێ‌ كردەوە، پەنجەی ئاڕاستەیی بۆ من ڕاكێشا و لەگەڵ نەڕەیەكی دڕندانەدا، هەتا هێزی هەبوو، لە پشتەملی بەچکەگوركەكەی سرەواند. 
بەچکەگوركەكە شاڵاوی بۆ هێنام، پشیلەكەم لە ئامێزدا بوو، كە شەقێكم لە لمۆزی ئەو بەچکەقەحبەیە سرەواند و ڕامكرد. دە هەنگاوم نەنا، كە ئەو کوڕی قەحبەیە، قەپێكی لە قاچی چەپم گرت و بە زەویدا كەوتم، ئا لەو كاتەدا پشیلەكەم لە دەست كەوتەخوارەوە، فیچقەی خوێنی قاچی چەپم بەری چاوەكانمی تاریك داهێنا. ئەوەندەم ئاگا لێ‌ بوو، كە گوركەكە پەلاماری سەری پشیلەكەی دا، تا گیانی دەرنەچوو وازی لێی‌ نەهێنا. سێ پیاوەكە، كە زیاتر لە سێ دێو دەچوون، منیان دەستدایە و نازانم دوای چەند كاتژمێر بوو، بە ئاگا هاتمەوە و لەنێو ماڵەكەی گێلاس‌خاندا خۆم بینییەوە. ئەو گێلاسە سۆزانییەی تا دوێنێ من وەك جوانترین ئافرەتی سەرزەمین تێم دەڕوانی، ئیدی ئەو، ئەو ژنە نەبوو، كە لە ئەندێشەكانی مندا دەسووڕایەوە. سێ ڕۆژان بێ ئەوەی گێلاسە سۆزانیی دایک سۆزانی ببینم لە ماڵەكەیدا مامەوە. دوای ئەوەی ئازادی كردم، چوومەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام ئیدی من چۆن ژیانێكم دەبێت، قاچی چەپم، كە هەرگیز بێ ئازار نابێت. لە ماڵێكدا، كە خاڵییە لە دەنگی پشیلەكان، ژین دەگوزەرێنم. من، كە لەگەڵ هەراوزەنای پشیلەكان كەیفم خۆش بوو، ئەوان خواردنی نێو تەنەكەزبڵەكانیان دەهێنایەوە و پێكەوە دەمانخوارد، من ئەوانم هەرگیز نەبینییەوە، ژیانیش ئەو واتایەی نەمابوو، كە لەگەڵ پشیلەكاندا ژیان دەست پێ بكەمەوە. ئەو پشیلانەی هەندێكیانم خۆشدەویستن و بەزەییشم بە هەندێكی دیکەیاندا دەهاتەوە. 
ماوەی ساڵێكم بە ئازاری قاچی چەپم و بەبێ بوونی پشیلەكان بەڕێ كرد. ئێستا ساڵێك ‌و حەوت مانگم بەڕێ كردووە، كە پشیلەیەكی چاوسەوز بۆ هەمیشە بێداری كردووم. دەمەوێت بڵێم خۆشەویستی ئەم پشیلەیە، مردنی هەموو ئەوانی‌ دیکەی لەبیر بردمەوە، دەبێت بڵێم لەگەڵ دەركەوتنی ئەو پشیلە چاوسەوزەدا، بەچکەگوركەكەی گێلاس، بە نەخۆشی تۆپی، گێلاسیش دوای مردنی گوركەكەی، لە گەرماوەكەی خۆیدا خۆی سووتاند. 
من ئەم پشیلەیەم ئەوەندە خۆشدەوێت، هیچ چركەیەكی ژیانم نییە بیری لێ ‌نەكەمەوە. دەبێت بڵێم خۆشویستنی من بۆ ئەو، هیچ پەیوەندیی بە ژیانی ڕابردوومەوە نییە. گوتیشم، كە هەرگیز ئارەزووی ئەوەم نەبووە بڕۆمەوە ناو دنیای پشیلەكان، بەڵام ئەم پشیلە چاوسەوزە، جیاواز لەوانی‌ دیکە منی گەڕاندەوە بۆ ژیان، ژیانێك، هەرچەندە لەبەر چاوی من تاریكە، خودی ناوی ژیان دڵم سست دەکات. ئەمە جگە لەوەی بیری خۆكوشتنم لە هەناسەدانم زیاترە، بەڵام یەك هەوڵیشم نەداوە، بۆ خۆكوشتن، چونكە لام‌ وایە هەر مرۆڤێك دەبێت لە خاڵی سفری پووچیی ژیانیدا بیركردنەوەیەكی لەو چەشنەی هەبێت و دوای نەخات. من لەگەڵ ئەم پشیلەیەدا ژین دەگوزەرێنم، یانی تا ئەم ساتە، ئەو دینگەی لەسەرپێ‌وەستانی ئەم ئادەمییەیە، کە خەریکە نامەتان بۆ دەنووسێت، بەڵام هەمیشە بیر لەو سێ پیاوە دەكەمەوە، كە زیاتر لە سێ دێو دەچوون، نەكا ئەم پشیلەیەیشم لە بن دەست دەربێنن، كە تەنیا ‌ئومێدی ژیانی منە. 
بۆیە دەبێت تا لەم ژیانەدا بم، لە ژووری پێنجەمی خانووە تاریكەكەمدا لەگەڵ ئەم پشیلەیەدا ڕۆژەكان تێپەڕ بكەم. ئەو پشیلەیەی بە چاوەكانیدا دیارن ئارەزووی گەڕانی هەموو جیهان دەكات. چەند سەختە ژیان لەگەڵ زیندەوەرێكدا، كە تانە لە بێ جووڵەییی قاچی چەپ و خۆزیندانی كردنی مرۆڤێك دەدات و هەمیشە بیر لە دەرەوەی ماڵەكەت دەكاتەوە، سەرڕای ئەوەی بە كێشی گەردوون تەنانەت ئازارەكانیشیت خۆش بوێت. چەند سەیرە عاشقبوون. چەند سەیرە پشیلەیەكت خۆشبوێت. 
دەمەوێت بۆ دوایین‌ جار بیركردنەوەكانم بۆ عەشق تەرخان بكەم. دەمەوێت بڵێم چاوەسەوزەكانی تا ڕادەی نەخۆشخستن عاشقیان كردووم، كە چاو لە یادەوەرییەكانی دەكەم، لەرز دامدەگرێت. لە چركەساتی بیركردنەوەكانم، هەرگیز نەمزانیوە وەك مرۆڤێك لەسەر زەویم! من جگە لەوەی دەتوانم بگریێم، لە دواساتەكانی تەمەنمدا، لە پاتكردنەوەی خۆشەویستیم بۆی هیچی دیکەم پێ ناگوترێت.







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1547 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
ژیان پێیوتم؛ تۆ بەختەوەر دەبیت، بەڵام سەرەتا دەبێت بەهێزتکەم.

/ تۆماس گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

پێت خۆشە هەیت؟




ڕیکلام
Banner