ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

کاتژمێری هـــانـــا (چیرۆک) ~ کاروان محەمەد فەتاح

به‌شی: ئێوە
16 - 01 - 2015

(هیچ شتێک لە دەرەوەى زەمەنى ڕابردوو بوونى نییە. بەوەدا، کە زمان پێوەندییەکى توندى بە ڕابردووەوە هەیە و باسى هەر زەمەنێک بکات، ئەوە ڕاستەوخۆ لە ڕابردوو دواوە، چونکە ...)


بونیادى زمان لەناو ڕابردوودایە، بۆیە هەڵەیەکى گەورە دەکەین زمان لە هەردوو ئاستەکەدا (قسە، نووسین) بە ئێستا، یان داهاتووەوە ببەستینەوە. لە ئێستادا و بگرە لە داهاتوویشدا تەنیا ئەو کارانە دووبارە دەکەینەوە، کە لە ڕابردوودا ڕامانپەڕاندوون و ئەو قسانە دەڵێینەوە، کە پێش ئێستا گوتوومانن. لەگەڵ کەسەکان و شتەکانیشدا هەمان هەستەکانى ڕابردوو بە کار دەهێنینەوە و وەک ئەو زەمەنە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. لێرەوەیە زمان و ئەوەى دەکەوێتە ناویەوە، دەبێتە ڕابردوو...))

پاراگرافێک لە گوتارى (زمان و زەمەن)، کە نزیکەى سی ساڵ بەر لە ئێستا لە گۆڤارێک بڵاو کراوەتەوە.

(هيمداد حـەسەن) 

***  

زۆر کەس خاوەنى ڕابردوو نین (ڕابردوو وەک ڕووداو، نەک یادەوەرى)، کەچى دەیانەوێ ئێستا و داهاتوویان هەبێت. من بۆ ئەوەى لەوان نەچم و لە ئێستا و داهاتووى خۆم دڵنیا بم، دەمەوێ ڕابردووم هەبێت، یان هەر لە ڕابردوودا بم. دەبێت هەر لەم سەرەتایەوە پێتان بڵێم من ڕابردووپەرست نیم، بەڵام شتێک وام لێ دەکات تیایدا بمێنمەوە. بۆ ئەوەى بزانى ئەو شتە چییە، دەبێت تا کۆتایى لەگەڵ چیرۆکەکەدا بیت. 
باوکى لە سەرانسەرى شار بە (مام حەسەنى سەعاتفرۆش) ناوى ڕۆیشتبوو، ئەو نازناوە (هيمداد)ى دڵگران دەکرد، بۆیە لەسەر بەرهەمەکانى تەنیا دەینووسى (هيمداد حەسەن)، خۆیشى نەیدەزانى بۆچى بەو پاشناوە تێک دەچوو. چەندین جار داواى لە باوکى کردبوو واز لەم پیشەیە بێنێ و دانیشێت، ئەم خۆى ژیانى ماڵەوە بە ڕێوە دەبات، کەچى ئەو بێ گوێدانە قسەى، باشترە بڵێم تکاى کوڕەکەى، پێى دەگوت: ((کــــوڕم، وازم لێ بێنە، تازە ناتوانم دەستبەردارى ئەم پیشەیە بـــم. تۆ چۆن هۆگرى خوێندنەوە بوویت، منیش ئاوا خووم بە سەعاتفرۆشییەوە گرتووە.)) چەند جارێک داواى لێ کرد و ئەو بە گوێى نەکرد، ئیدى وازى لێ هێنا و جارێکى تر لەسەر ئەو بابەتە قسەى لەگەڵ نەکردەوە. 
ڕەنگە ئەم چیرۆکەى بۆتان دەگێڕمەوە، جێى باوەڕ نەبێت، بە سەربادان و لێوکرۆشتنێک بڵێن چۆن دەبێت مرۆڤ بە چاوەکانى شتێکى جووڵەکەر ببینێ و جووڵەکەى هەست پێ نەکات؟! وەک چۆن دەکرێ سەیرى ڕاکردنى منداڵێک بکەیت، کەچى بە دەوروبەرەکەت بڵێى تەماشا بکەن ئەو منداڵە چەند جوان دانیشتووە؟! بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە من وام، شتێک بەردەوام دەجووڵێت و من هەست دەکەم وەستاوە. گەر ناتوانى بڕوا بەم قسەیە بهێنى، هەر ئێستا دەست لە خوێندنەوەى چیرۆکەکە هەڵبگرە. لەسەر چرپاى ژوورەکەى خۆى، وەک بوونەوەرێکى دڵشکاو و ماندوو، دانیشتووە. بە دەستەکانى دەموچاوى شاردووەتەوە و سەرى لەنێوان ڕانەکانیدا ون کردووە. چاکێت و پیجامەیەکى خۆڵەمێشیى خەتخەتى لە بەردایە، زیاتر لە جلوبەرگى ئەو پیرەمێردانە دەچێت، کە خانەنشین دەکرێن و کەمترین کات دەچنە دەرەوە، یان هەر ناچنە دەرەوە و مانەوە لە ماڵ چێژى تایبەتییان پێ دەبەخشێت. ڕەنگە هۆیەکەى ئەوە بێت، لە ماڵەوە زیاتر دەتوانن بیر لەوە بکەنەوە ئەوەى لە ڕابردوو گوزەرا، چی بوو؟
ژوورەکەى ئەو لە قاتى سێیەمى باڵەخانە بەرزەکەیە. لەسەر کورسییەکى دارینى جووڵەکەر، نزیک پەنجەرە هەمیشە کراوەکە دانیشتووە. وەک زۆربەى کات ئەوە نیگەرانى دەکات، کە ڕابردوو لێى جیا نابێتەوە. لاى (هيمداد) ئەم نیگەرانییە درێژەى هەیە و ئامادە نییە لێى دەربچێت، یان ناتوانێت تێیبپەڕێنێت، چونکە پێى وایە مرۆڤ تەنیا شتێک ململانێى ژیانى پێ بکات و وا بکات تیایدا بەردەوام بێت، بیرهاتنەوەى ڕابردوویەتى. بەو مانایە بێت ئێستا و داهاتوو لاى ئەم پیرەمێردە پێش ئەوەى ڕوو بدەن، ڕابردوون. پێڵووە پیرەکەى هەڵدەبڕێت و بە چاوە ماندووەکانییەوە تەماشاى بەندۆڵى کاتژمێرە هەڵواسراوەکە دەکات، چرکەژمێرەکە لە جووڵەى بەردەوامدایە و دەنگى (چک چک) دەردەکات، بەڵام (هيمداد) وەک ئەوەى قوڕقۆشم لە گوێیەکانى ئاخنرابێت، ناتوانێت گوێى لەو دەنگە بێت. خۆ ئەگەر گومانى ئەوە بکەن گوێیەکانى کەڕ بن و هیچ نەبیستن، ئەوە گومانەکە ناتانگەیەنێتە یەقین. 
بە هەرحاڵ تەمەنى لە هەشتا نزیک بووەتەوە. هەشتا ڕۆژ نا، هەشتا مانگیش نا، بەڵکو هەشتا ساڵ. بەشى زۆرى یادەوەرییەکانى منداڵیى لە بیر چووەتەوە، هاوپۆلەکانى قوتابخانە و تەنانەت ئەو کەسانەشى بیر نەماوە، کە لە گەنجییدا هاوڕێى بوون، ڕوونتر بڵێم خۆشى دەویستن و بێ ئەوان نەیدەتوانى ڕۆژ و شەو بە یەک بگەیەنێت. هەندێ شەو (هانا)ى کچى نووسینە کۆنەکانى بۆ دەخوێنێتەوە، کە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانى تەمەنى گەنجییدا بڵاوى کردبوونەوە، بەو هیوایەى بیرى بێتەوە ئەوانە هیى ئەون و لە ڕابردوودا نووسەر بووە. کچە تاقانەکەى لە خوێندنەوە ماندوو دەبێت، کەچى ئەم هەر ناتوانێت بڕوا بەوە بهێنێ، نووسەرى ئەو نووسینانە، خۆیەتى. 
ئەوانەى بۆتان دەگێڕمەوە، هەموو ڕابردوون، داهاتوو لاى من سەرابێکە، مرۆڤ خۆى پێ فریو دەدات. لە چیرۆکدا هەمیشە باسى ڕابردوو دەکرێت، نەک شتێک بە ناوى ئێستا، یان داهاتووەوە. من خۆم لە هەموو ئەو چیرۆکانەى نووسیومن (ئەوانەى لە بیرم ماون و یادەوەریم ناپاکیى بەرانبەر نەکردوون!) کارم لەسەر ڕابردوو کردووە، پێم وا بووە ئێستا و داهاتوویشمان بە بیرکردنەوە لە ڕابردوو بە سەر دەبەین. ئەو چیرۆکانەشى، کە خوێندوومنەتەوە، هەر باسى ڕابردوویان کردووە. نامەوێ ئەوە بشارمەوە، کە چەندى هەوڵ بدەم ناتوانم هەموو وردەکارییەکانى ئەو زەمەنە بیرى خۆم بهێنمەوە، تەنیا چەند ڕووداوێک نەبێت. بە شێوەیەکى تر بڵێم زەمەنى ڕابردوو لاى من لە ڕووداوێکەوە دەستى پێ کرد، وا ئێستا بۆتان دەگێڕمەوە. کاتژمێر پێنجى یەکێک لە ئێوارە زۆر ساردەکانى وەرزى زستانى چەندین ساڵ لەمەوبەر (نازانم ساڵى چەند بوو.) بەناو یەکێک لە شەقامە قەرەباڵغەکانى شاردا دەڕۆیشتم. کاتژمێرە زەردەکەم وەک مار، کە لە دەورى شتێک خۆى لوول کردبێت، ئاوا لە مەچەکم ئاڵا بوو. دواى ڕۆژێکى پڕ کارى دەستگاى یەکییەتیى نووسەران، ماندوو دەمنواند و جەستەم بە هێزێکى کەمەوە ڕێگاکەى دەبڕى. بە دەستەکانم دوو عەلاگەى ڕەشى پڕم هەڵگرتبوو (نازانم ئەوانیش چییان تێدا بوو!). ئاڕاستەم بەرەو ماڵەوە بوو، هەر ئەو ماڵەى ئێستاش تێیدا دەژین، کە بە سەر باخى گشتیى شاردا دەڕوانێت. هێندە ماندوو بووم، چاوەکانم ڕێشکەوپێشکەیان دەکرد، تا وام لێ هات بەرچاوم تەواو تاریک بوو. بە زەویدا کەوتم و یەکەمین شتێک، کە بینیم، کاتژمێرەکەى دەستم بوو، وەک زیندانییەک چۆن زنجیرى زیندانى بڕیبێت و خۆى ئازاد کردبێت، ئاوا خۆى لە مەچەکم ڕزگار کردبوو و کەوتبووە سەر زەوی. کاتێک تەماشام کرد، لە قوڕدا هەڵکێشرا بوو، بە پەنجەگەورەم قوڕەکەم لا برد و زمانێکى تەڕم پێیدا هێنا. بینیم لە کار کەوتووە، هەستێکى وام بۆ دروست بوو، کە ئیدى هەموو شتێکى منیش وەک ئەم ئامێرە دەوەستێت، بەڵام دواتر لە ڕێى هەوڵە بەردەوامەکانم بۆ تێگەیشتن لە ماناى کات، زانیم ئەو هەستەم فریودەر بووە. ئەوکات و ئێستاش نازانم بۆ یەکەم شت دواى کەوتنم، کە بینیم، کاتژمێرەکەم بوو، خۆ دوو عەلاگەکەى دەستیشم کەوتن و شتەکانى ناویان بەو ناوەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، کەچى بچووکترین سەرنجم لێیان نەدا. ڕاستە خۆم زۆر ماندوو بووم، بەڵام تەنیا بە هۆى تەماشاکردنى کاتژمێرەکەمەوە بۆ زانینى کات، پێم هەڵکەوت و بە زەویدا کەوتم. ئیدى لەو ڕۆژەوە ڕقێک و لە هەمان کاتدا ترسێکم لە هەموو جۆرە کاتژمێرێک بۆ دروست بووە و تا ئێستاش لە ناخمدا ئەو دوو هەستە هاوشان بە یەک درێژەیان بە خۆیان داوە. من پێم وایە مرۆڤ پێش ئەوەى ڕقى بەرانبەر کەسێک، یان شتێک هەبێت، لەو کەس و شتە دەترسێت، چونکە تەنیا ترسە ڕق دروست دەکات و هیچى تر. لەو ساتەوە لاى من کاتژمێر ئاماژەیەکى ترسناکى هەیە و وا هەست دەکەم گەر لە دەستى بکەم، ئەوا زیندانییەکى کەلەپچەکراوم و ئازادییان لێ سەندوومەتەوە، یان هەر بڵێم لەم ڕووداوە ناخۆشترم تووش دەبێت. خۆ ڕەنگە هیچ شتێک لەوانەیش نەبێت و بەرانبەر ئەو ئامێرە تووشى گرێیەکى دەروونیى بووبێتم و هیچى تر. 
ژنان هەمیشە دەیانەوێ هەستى خۆیان و خەمخۆرییان بۆ هاوسەرەکانیان دەرببڕن، بۆ ئەوەى گومان لە باشییان نەکەن. (هەتاو) لە ژوورەکەى (هيمداد)ـدایە، دەستەکانى گرتووە و وەک منداڵ یارییان پێ دەکات. لە دەرەوە زەنگى کاتژمێر لێ دەدرێت. (هەتاو) بە دەنگێکى هێمنەوە پێى دەڵێت:
- هيمداد گیان، ئەوە لە باخى گشتییەوە زەنگى کاتژمێر پێنج لێ درا. بۆ ماوەیەک ناچیتە دەرەوە و هەوایەکى پاک هەڵمژیت؟ منیش تا تۆ دێیتەوە، ژوورەکەت بۆ رێک دەخەمەوە، تەماشاى بکە چەند شێواوە!
(هيمداد) یەکسەر ڕەنگى دەموچاوى سوور هەڵدەگەڕێت. لە ناخەوە دەهەژێت. بە چاوە کز و دەرپۆقیوەکانى تەماشاى هاوسەرەکەى دەکات و بە قورسیى بە ڕوویدا هەڵدەشاخێ:
- ئاى! هەتاو، قسەیەکى خراپت کرد. بۆ هەموو ڕۆژێک لەم کاتەدا دێیت و ئەمەم پێ دەڵێیت؟ تۆ نازانى ژمارە پێنجیش وەک کاتژمێرى دەست خڕە؟ من هەموو ئەو شتانەى، کە خڕن، بێزارم دەکەن، ژمارە پێنجیش هەروەک کەلەپچەى دەستم دەبینم. هەزار جار ئەمەم پێ گوتووى. تۆ بۆ تێناگەى! ها؟! بۆ تێناگەى؟! دواى ئەوەش لێدانى ئەو زەنگە چ گرنگییەکى بۆ من هەیە، کە نە بتوانم گوێم لە دەنگى بێت و نە هەستیشى پێ بکەم.
(هەتاو) دەیەوێ بۆ ئەو قسە ڕەق و زبرانە کاردانەوەیەکى توندتر پێشان بدات:
- بۆ وا خۆت تووڕە کردووە؟! تۆ خۆت پێت گوتم کەى زەنگەکە لێى دا، پێم بڵێ. دواى ئەوە ئەگەر هەست بە تێپەڕینى کات ناکەیت، ئەى چۆن ژیان بە سەر دەبەى؟! مرۆڤ بە هۆى کاتەوە دەتوانێت کارەکانى ژیانى خۆى رێک بخات پیاوەکە! من لە شوێنێک خوێندوومەتەوە، کە ئەو کەسانەى بۆ ماوەیەکى درێژ لە شوێنێکدا دەمێننەوە و ناجووڵێن، بیر لە ڕابردوویان دەکەنەوە و ئەوانەشى، کە زۆرترین جووڵەیان هەیە و شوێنگۆڕکێ دەکەن، بیرى داهاتوو مێشکیان داگیریان دەکات. 
جارێکى تر سینگى پڕ لە هەوا دەکاتەوە، بۆ ئەوەى هەندێ ڕستەى پرسیاریى تر، کە زیاتر لە لێپرسینەوە دەچن، وەک لە پرسیار، ڕووبەڕووى (هيمداد) بکاتەوە:
- ئەى باشە ئەگەر گوێت لە دەنگى چرکەژمێرەکان نابێت، بۆچى لە هەموو قوژبنێکى ماڵەکەدا کاتژمێرێکت داناوە؟! من و (هانا) خەریکە بە هۆى چرکەچرکى میلى کاتژمێرەکانەوە پەردەى گوێمان کون دەبێت. من بە هەرحاڵ، بەڵام ئەو کچە داماوە لەبەر چرکەچرک و زەنگى کاتژمێرى ژوورەکەى خۆى کتێبەکانى قوتابخانەى بە جوانى بۆ ناخوێنرێتەوە. هۆکارى سەرنەکەوتنیشى لە تاقیکردنەوەکان هەر بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە.
(هيمداد) ماوەیەک بێدەنگ دەبێت و بیر لە قسەکانى (هەتاو) دەکاتەوە. بیرى دەکەوێتەوە، کە خۆى پێى گوتووە گەر لە باخى گشتى زەنگى کاتژمێر پێنجى ئێوارە لێ درا، ئاگادارى بکاتەوە. پەشیمان دەبێتەوە و دەیەوێ تووڕەییەکەى لە بیر خۆى و ئەویش بباتەوە، بۆ ئەوە بە ڕوویدا پێکەنینێکى پڕ لە پەشیمانى دەکات و ددانەکانى دەردەکەون، کە جگەرە زەردى کردوون. جارێکى تر بە پرسیارێکى نەرمەوە پێى دەڵێت:
- هەتاو گیان، کاتژمێرى ئەم ژوورەى من زەنگى هەیە؟!
- ئۆف لە دەست تۆ! هەموو کاتێک دەبێت وەڵامى ئەم پرسیارە قۆڕەت بدەمەوە. نەک تەنیا لەم ژوورەدا، بەڵکو سەرجەم کاتژمێرەکانى ماڵەکە هەموو سەرەتاى سەعاتێک زەنگ لێ دەدەن. باشە (هيمداد) پێم بڵێ تۆ بۆ ناتوانى دەنگیان ببیستى؟ - ناتوانم، گیانەکەم، ناتوانم هیچ دەنگێک ببیستم، کە لە کاتژمێرەوە دێ.
ژنەکەى کەمێک لەو قسە ناخۆش و دووبارانە نیگەران دەبێت و دەیەوێ ژوورەکە جێ بهێڵێت، بەڵام (هيمداد) ڕێگرى چوونە دەرەوەى لێ دەکات. هەردوو دەستى بە هەستێکى پڕ لە خۆشەویستیی دەگوشێت و بە ئاوازێکى خۆشەوە پێى دەڵێت:
- ئاى! ژنە خۆشەویستەکەم، خۆزگە لە من دەگەیشتى، هیچ شتێک بە ئارەزووى خۆم ناکەم. بۆ وا دەزانى من ئاسوودەم بەوەى ئەو هەموو کاتژمێرەم لە ماڵەکە داناوە؟ نەخێر، هەرگیز ئاسوودە نیم، تەنیا بۆ ئەوە دامناون، کە ......، ... هیچ، وازى لێ بهێنە. - ئێ تۆ بەو هەموو تەمەنەوە نەتتوانیبێت هەست بە ماناى کات و تێپەڕینى بکەیت، بەم پیرى و لاوازییەتەوە چۆن دەتوانیت ئەو کارە بکەى؟ تازە بۆ پیرەمێردێکى وەک تۆ زەمەن یارییەکى کۆتاییهاتووە. کات بۆ گەنج باشە بیرى لێ بکاتەوە، نەک بۆ پیر. 
- دەتوانم، جوانکیلەکەم! دەتوانم، بەڵام تۆ دەتەوێ هەروەک گەنجێتیم ڕەفتار بکەم. مرۆڤ لە پیریدا بە ڕێگاى جیاوازتر بیر لە شتەکان دەکاتەوە. ئەها، بیرم کەوتەوە لە گەنجییدا بەردەوام دەمنووسى و زۆربەى ئێواران لە یەکییەتیى نووسەران بووم، بەڵام ئێستا نانووسم و حەز ناکەم نەک لەگەڵ نووسەران، بەڵکو لەگەڵ هیچ کەسێکدا پێوەندیم هەبێت.
- ئۆف لە دەست تۆ! قەت واز لەم قسە بێتامانە ناهێنى. باشترە بڕۆم بە لاى کارى خۆمەوە و گوێ لە وڕێنە دووبارەکانت نەگرم. ناهێڵن ئەو تەمەنە کەمەى ماومە، بە ئارەزووى خۆم تێیپەڕێنم. کێ ناهێڵێت؟ خۆ من وا نزیکەى حەوت ساڵە جگە لە (هەتاو) و (هانا) مامەڵە لەگەڵ کەسدا ناکەم و تەنیا ئەوان دەبینم. کەواتە ئەوان ڕێگرى بەردەم ئەم ساتانەى کۆتایى ژیانمن؟! ناتوانم بە بەڵێ، یان نەخێر وەڵامى خۆم بدەمەوە، دەشێت لەو نێوانەدا بە شتێکى جیاوازتر لە بەڵێ و نەخێر، خۆم قایل بکەم.
کاتژمێر پێنجى ئێوارەیەکى فێنکى کۆتایى وەرزى بەهارە و ژنەکەم ڕووتوقووتی کردوومەتەوە، هەتا جلى ژێرەوەشی لە بەردا نەهێشتووم. لەولاشەوە (هـــانا) لەسەر کورسییە دارینە جووڵەکەرەکەم دانیشتووە. ئێستا ئەندامى نێرینەم وەک جاران بەهێز نییە. ئەو کاتەى تازە هەڵدەچووم و پانزدە شانزدە ساڵان بووم، هەستیارترین ئەندامى جەستەم بوو، بە جۆرێکى وا، کە بە بچووکترین دەستلێدان دەورووژا، کەچى ئەوەتا ژنەکەم جلەکانم بۆ دەگۆڕێت، دەستى لێ دەدا و بە خۆى نازانێت، وەک تاوانبارێک، کە تاوانێکى کردبێت و لە بەردەم دادگادا سەرى خۆى شۆڕ کردبێتەوە، ئاوا شۆڕ بووەتەوە، یان بڵێم زەمەن سەرى پێ شۆڕ کردووە. ئاگادارى (هانا)شم، زۆر ورد تەماشاى دەکات. ئارەزوویەک خەریکە لە ناخیەوە دەیجووڵێنێت، بەوەدا دەزانم و هەستى پێ دەکەم، کە تەماشاى دەکات، ژێرەوەى لێوى دەخاتە نێوان ددانەکانى و دەیگەزێت. کچى تازەپێگەیشتوو زۆر هەستیارە، بە بینینى ئەندامى هەموو نێرینەیەک، ئارەزووى دەبزوێت، هەتا هیى ئاژەڵیش. بە هەرحاڵ ژنەکەم بڕیارى چوونەدەرەوەى ئەو ئێوارەیەى بۆ یەکێک لە پارکە گەورە و ڕازاوەکانى شار دا، کە خەڵکى هەموو ڕۆژێک دواى دەوام و ئیشوکار ڕووى لێ دەکەن و بە ڕووکەش وا خۆیان پێشان دەدەن، کاتێکى خۆشى تێدا بە سەر دەبەن. 
شەوێکى ساردى وەرزى زستانە و تۆ هەر لە ژوورە تاریک و گەرمەکەى خۆتدایت. لە ناوەوە هەموو شتێک هێمنیى خۆى پاراستووە و کپییەکى سەخت سەروەرە، هەتا دەنگى میلى کاتژمێرى سەر دیوارەکە لە هەر کاتێکى تر، نەرمترە، بەڵام ڕەهیڵەیەک دنیاى دەرەوەى شێواندووە. دەنکى گەورەى تەرزە دەنگێکى ترسێنەر لە پەنجەرەکە هەڵدەستێنێت، ئەوە زوو زوو ڕاتدەچڵەکێنێت و دێیتەوە ئێستات (ئەوە ئەگەر هەست بە ئێستات بکەى!) لەنێوان کپیى ژوورەکەت و ڕەهێڵەى دەرەوەدا ماوەیەک بیرکردنەوەت بۆ دەڕەخسێت. بیرکردنەوە لە کێ، یان چى؟ تەواو نازانى، بەڵام هەر کەسێک و هەر چییەک بێت، پێوەندیى بە ڕابردووتەوە هەیە. 
(هانا) دواى کەمێک خوێندن و خۆئامادەکردن بۆ وانەکانى سبەینێى، وەک هەموو شەوێکى تر دەچێتە ژوورەکەى باوکیەوە. ئەم کارەى هێندە دووبارە کردووەتەوە، ئیتر هەست بە چێژ و ئازارەکەى ناکات. ئەمجارە بۆ خوێندنەوەى گوتار و چیرۆکەکانى نا، بەڵکو بۆ داواى یارمەتییەک دەچێت. ناتوانێت لەوە زیاتر بەرگەى ئەو ئازارە بگرێت، کە لە ناخیدا شاردوویەتەوە و دەرینەبڕیوە. تەنیا بە باسکردنى لاى کەس نا، لاى باوکى لا دەچێت و ئارام دەبێتەوە.
بەناو ڕابردوومدا دەڕۆم، بەو هیوایەى ڕووداوێکم بیر بێتەوە، کە خۆم دەمەوێ، کەچى ڕووداوێکى تر خۆى لە خەیاڵمدا قووت دەکاتەوە. ئەى تۆ ئەوەت بە سەر نەهاتووە، زۆر جار بە دواى شتێکدا گەڕاوى و شتێکى ترت دۆزیوەتەوە، دواتر ئەم شتە دۆزراوە ئەو هەوڵەشى بیر بردبێتیتەوە بە دواى چییدا گەڕاوى؟!
هەرسێکیان لە پارکەکەدا لەژێر ڕەنگى ئەرخەوانیى تیشکى خۆردا پیاسەیان دەکرد. بە لاى کچ و کوڕێکدا تێپەڕین، کە لەسەر کورسییەکى زەرد دانیشتبوون. لە کاتێکدا، کە (هيمداد) دەستى (هانا)ى گرتبوو، داواى لە ژنەکەى کرد لەوێدا و لەسەر کورسییەکەى بەرانبەر ئەو دوو کەپڵە دانیشن، ئەویش دڵى نەشکاند و داواکەى بۆ بەجێ هێنا. لەو ئێوارە ڕوو لە تاریکبوونەدا چاوەکانى کچەکە وەک ئەڵماس دەدرەوشانەوە و کوڕەکەش نیگاى خۆى تێیاندا تواندبووەوە. کچ لە شەرمدا نەیدەزانى چیى بکا، ناچار سەرى دادەخست و سەیرى کاتژمێرەکەى دەستى دەکرد. بەوە دەچوو ئەمە یەکەمجاری بێت ژوان لەگەڵ کوڕدا ببەستێت. ماوەیەکى زۆر بەسەر نیگاى کوڕ و بێدەنگیى کچدا تێپەڕى و تەنیا گوێیان بۆ دەنگى چرکەژمێرى دەستى کچەکە هەڵخستبوو، کە دەنگێکى نزم و نەرمى هەبوو (چک چک چک). کچەکە ئاوابوونى خۆرى کردە بیانووى شەرمەکەى، بۆیە بە نازێکى تێکەڵ بە تەریقییەوە پەنجەى دۆشاومژەى لەسەر کاتژمێرەکەى دانا و کوڕەکەى تێگەیاند، کە درەنگە و دەبێت بڕواتەوە. ناچار ماڵئاواییان لە یەکتر کرد و کۆتاییان بە ژوان هێنا. ئەو ڕووداوە داخێکى گەورەى کردە دڵی (هيمداد)ـەوە، لەبەر کاتژمێرى دەستى کچەکە بوو، یان گەنجێتیى خۆى بیر کەوتەوە؟ منیش نازانم، بەڵام هەرچییەک بێت سەرچاوەى ئەو ئازارە لە ڕابردوودایە.
هێندە ماندووە، هەستەکانى بە تەواوى کار ناکەن. ئازارى گەنجیى، یان وا ڕاستترە بڵێم ڕابردووى ڕژاوەتە گیانییەوە. هەموو شتێکى نێو کات وەک ئەوەى، کە هەیە، ئاسایى تێدەپەڕێ. چرکەژمێرەکانی ماڵەکەش بەردەوام یەک دەنگ دەردەکەن (چک چک چک)، تەنیا (هيمداد)ـە، کە هەست بە نائاساییبوونى هەموو شتەکانى دەوروبەرى دەکات. ئەو پێى وایە ئەو کەسانە نەخۆش و دەروونشێواون، کە هەمیشە ئاسایى خۆیان پێشان دەدەن. کاتێک لەگەڵ ژنەکەیدا دادەنیشت، قسەیەکى بۆ دووبارە دەکردەوە و پێى دەگوت:"هەتاو، زۆر سەیرە! خەڵکى لێرە زۆر نائاساین، کاتژمێرى ماڵەکانیان لە سەرووى خۆیانەوە هەڵدەواسن و زۆر کەم تەماشاى دەکەن. ئەمە لە نەستیاندایە، چونکە کاتێک دەیانەوێ سەیرى بکەن، دەبێت سەریان هەڵبڕن. ئەمەیش بێ ئەوەى خۆیان پێى بزانن نیشانەى گەورەکردنى کات و بچووککردنى خۆیان دەگەیەنێت."
ئەو ڕۆژەى (هيمداد) منى گواستەوە، نزیکەى بیست ساڵ بەر لە ئێستا بوو. پەیمانى لێ وەرگرتم، کە خاوەنى تەنیا یەک منداڵ بین، سەرەتا ویستم بەوە ڕازى نەبم، بەڵام دواتر لەبەر دڵى (هيمداد) قایل بووم. بەردەوام دەیگوت من چاوەڕێم کەسێک بە هانامەوە بێت و لەم ئازارە دەرم بهێنێت، ئەو کەسەیش دەبێت منداڵى خۆم بێت. گوتیشى گەر کچ بوو، خۆم ناوى دەنێم و گەر کوڕیش بوو، هەتاو گیان، تۆ بە ئارەزووى خۆت ناوێکى بۆ هەڵبژێرە. نامەوێ ئەوە بشارمەوە ئەو کاتەى بوومە هاوسەرى، تەمەنى نزیکەى شەست ساڵ دەبوو. زۆر لە من گەورەتر بوو، بەڵام خۆشم دەویست و جیاوازیى تەمەنم لە بیرى خۆمدا نەکردە کێشە. خەڵکى گەڕەک سەریان لەوە سووڕ مابوو، کە چۆن دەبێت ئەو هەموو ساڵە پێکەوەبوونى ژن و مێردێک تەنیا منداڵێک لەنێوانیاندا بێت. دەبێت پێتان بڵێم خۆیشم سەرسووڕمانەکەم لەوان کەمتر نەبوو، بەڵام چونکە داخوازى (هيمداد) بوو، بەرانبەر ئەوە ناڕەزاییم دەرنەبڕى. سیانزدە ساڵ منداڵمان نەبوو، ئەوە داخى کردە دڵى هەردووکمانەوە، بە تایبەتى ئەو، چونکە هەستى دەکرد سەرچاوەى ئەمە لە لاوازیى سێکسیى ئەوەوەیە و خۆیەتى ناتوانێت منداڵ دروست بکات، نەک من. چووم بۆ لاى دۆکتۆر و چارەسەرى بۆ نووسیم، پێى گوتم گەر تا کۆتایى ساڵ منداڵت نەبێت، ئەوا بۆ هەمیشە سک ناکەیت. خۆشبەختانە لە کۆتایى مانگى یانزدەى ئەو ساڵەدا (هانا)مان بوو. کە گەنج بووم، بیرکردنەوە هێزى پێ دەبەخشیم، بەڵام ئێستا بیرکردنەوەى زۆر، باشترە بڵێم بیرهاتنەوەى ڕابردوو، لاوازى کردووم. بۆ ئەوەى ئەم ئازارە لە سەرشانم سووک بکەم، دەبێت بیر لەوە بکەمەوە ئەم نیگەرانییە بەسەر خۆم و ئەوانى تردا دابەش بکەم (لە کاتێکدا ئێستا ئەوانى تر تەنیا ژن و کچە تاقانەکەمن.) هیچ ڕێگایەکى باشتر لەمە بۆ دەرچوون لەو ئازارە، یان گونجاوترە بڵێم لەو مۆتەکەیە نابینم. ئەو ڕۆژە لاى دۆکتۆر بووم و پێى گوتم تووشى نەخۆشیى لەبیرچوونەوە هاتوویت. پێشتر خۆیشم بە تەواوى هەستم بەوە کردبوو، چونکە لەم دواییانە هەموو شەوێک (هانا) دواى خوێندنى خۆى، بە باوەشێک کتێب و گۆڤارەوە دەهاتە ژوورەکەم و بە زەردەخەنەى کچۆڵەیەکى پاک و تێنەگەیشتوو لە شتەکان، سەڵاوێکى جوان و گەرمى لێ دەکردم. گوایە ئەو نووسینانەى، بۆى دەخوێندمەوە، هیى خۆم بوون، بەڵام لە کاتى گوێگرتندا ئەو هەستەم بۆ دروست دەبوو، کە ئەمە یەکەمجارە ئەو چیرۆک و گوتارانە دەبیستم و وا دەزانم نووسینى نووسەرێکى ترم بۆ دەخوێنێتەوە.
(هيمداد) وەک هەمیشە لە ژوورەکەى خۆیدا و لەسەر کورسییە دارینەکەى دانیشتووە. لە پەنجەرەوە تەماشاى خوارەوەى باڵەخانەکە دەکات و چەند کرێکارێکى ماندوو دەبینێت، کە لەبەر ئەو تیشکە سووتێنەرەى خۆرى هاوین کار دەکەن. شەش کەسن، سێ وەستا و سێ کرێکار. یەک لە کرێکارەکان بەردەوام تەماشاى کاتژمێرەکەى دەستى دەکات و بە نیگەرانییەوە سەر با دەدا. ڕەنگە ئەو سەربادانە بۆ ئەوە بێت، کە کات زۆر هێواش تێدەپەڕێت. (هيمداد) باش لەوە دەگات ئەم کەسە کات بە ئیشەکەوە دەبەستێتەوە، نەک بە پێچەوانەوە.
ئێمە سەرمان لەوە سووڕمابوو کابرایەکى پیر، کە چاکێت و پیجامەیەکى خەتخەتى لە بەردابوو، لەو باڵەخانە بەرزەوە تەماشاى ئێمەى دەکرد و سەرى با دەدا، چاویلکەکەى دادەگرت، بە کلێنکسێک دەیسڕى و دەیکردەوە چاوى. سەرەتا نەمانزانى چۆن تەماشاى ئێمە دەکات، دواتر بۆمان ڕوون بووەوە، ئەم پیرەمێردە نووسەرە. ئێمە وەستا و کرێکارى داماو و هەژارین، هەر نازانین نووسەر چییە، بەڵام تەماشاکردنە سەیرەکەى ئەو، ناچارى کردین لەبارەیەوە پرسیار لە دراوسێیەکی بکەین. ئەو کەسە پێى گوتین ئەو پیرەمێردە نووسەرە و ماوەیەکى زۆرە لە ماڵ نەهاتووەتە دەرێ، بەردەوام خۆى دەترنجێنێتە ژوورەوە و وەک کیسەڵ لە قاوغى خۆیدا دەمێنێتەوە. کە سەیرت دەکات، هەست دەکەى خراپەیەکت بەرانبەرى کردووە و دەیەوێ تۆڵەت لێ بکاتەوە. ئەوە جگە لەوەى بە ڕووى کەسدا کراوە نییە و پێناکەنێت، هەتا بە ڕووى ژن و کچە تاقانەکەیشیدا. 
نامەوێ ناوى کچەم لە بیر بکەم، من بۆیە ناوى (هانا)م بۆ هەڵبژارد، تا ڕۆژێک بە هانام بێت و لە دەست ئەم نیگەرانییە، یان وردتر بڵێم گومانە ڕزگارم بکات، وەک چۆن هاوسەرگیریشیم هەر بۆ ئەو مەبەستە کرد، بەڵام بێسوود بوو. پرسیارەکانى (هانا) بەردەوام دەموەستێنێت. شەوێک دواى خوێندنەوەى هەندێ نووسین، هاتە باوەشمەوە و دەستى لە ڕیشى زبرم دا. بە نیگایەکى منداڵانەوە تەماشاى کردم و پێى گوتم: 
- بابە گیان، تۆ بۆ بەردەوام خەمبار و بێتاقەت دیارى؟! ئەى ئەوە نییە هەموو شەوێک نووسینەکانى خۆتت بۆ دەخوێنمەوە؟ ئیتر بۆ خۆت بێتاقەت دەکەى؟ خۆ دایە قسەى ناخۆشت پێ ناڵێت و لەگەڵت خراپ نییە؟
- نا، کچە جوانەکەم، نا. دایە لەگەڵم گەلێک باشە و زۆریش یارمەتیم دەدات. من شتێک خەمبارى کردووم، کە ئێستا چەندى بۆت باس بکەم، لێى تێناگەى. دەبێت لە گەورەییتدا خۆت ڕووبەڕووى ببیتەوە و لێى حاڵى بیت، نەک من، یان کەسێکى تر تێتبگەیەنێت. کچە جوانەکەم! تۆ وەک من مەکە، کە دەمویست لە ڕێى کەسانى ترەوە لە شتێک بگەم، بۆ ئەوەى بە شتێک بگەم، بـــــــەڵام! 


+ دەبوو لەبرى ئەم چیرۆکە، چیرۆکێکى تر بنووسرایە. نووسەر لە مێشکی خۆیدا پلانى بۆ نووسینى چیرۆکێک داڕِشتبوو، بەڵام چوومە خەیاڵییەوە و نەمهێشت ئەوە بنووسێتەوە، کە خۆى دەیەوێ، بەڵکو بە ناچارى ئەوەى نووسییەوە، کە من ویستم. بەوەیش وام کرد، نووسەرى ئەم چیرۆکە ماوەیەک لەگەڵ مندا بیر لە کات بکاتەوە.  

(هيمداد حەسەن)

نــــــۆڤێمبەر/ 2013
Karwanmohammed0@gmail.com
+ ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٩٧)ى گۆڤارى (هەنار) بڵاو بووەتەوە.







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2352 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ