ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵی باران (شیعر) ~ لازۆ

به‌شی: ئەوان
16 - 01 - 2015

بۆ باران

دەستی یه‌کترمان گرت
خۆمان بۆ کۆچ سازدا
ته‌م به‌سه‌ر ئێوارەدا رژا 


هه‌ندێ جار له‌ عاشقبوونماندا 
ده‌فڕین به‌سه‌ر هه‌ور و
ئاسمان و
ڕووباره‌کاند

هه‌ر که‌ دووربا لێم
وەک چۆله‌که‌یه‌کی ترساو
له‌ ژیر باران و بروسکه‌دا ده‌له‌‌رزیم
وەک سمۆرەیه‌کی نه‌خۆش خۆم ده‌خزاندە ژێر باڵی ئاسمان
وه‌ک منداڵێکی بێتاوان خۆم به‌ قاچه‌کانی زه‌وییه‌وه‌ ده‌لکاند،
ئه‌و به‌ چاوی که‌سێکه‌وه‌ که‌ ‌ ته‌نیایی له‌ ناوییه‌وه‌ کڵپه‌ی سه‌ندبێت
ده‌یگووت
هه‌یش چه‌ند نزیکه‌، هه‌یش چه‌ند نزیکه‌
من ده‌مگووت: چی نزیکه‌ وه‌ی ی ی؟
به‌ لێوی که‌سێک ده‌دوا ‌ گریان له‌ ناویدا که‌وتبێته‌وه،
ڕۆژه‌ ژه‌هراوییه‌کان چه‌ند نزیکن وه‌ی‌ی‌ی
ده‌گریا و ده‌یگووت:‌
رۆژێک دێ کۆمه‌ڵێک باڵندەی زامدار به‌ نێوانماندا ڕەت دەب
دەسته‌کانمان یه‌کتر نادۆزنه‌وە
من و تۆ ده‌بین به‌ دووکه‌رته‌و

گه‌وره‌بووین،
دڵمان به‌به‌رچاوی مانگی چوارده‌وه‌ بۆ عه‌شق ده‌رهێنا 
وه‌ک دوو هاوڕێ که‌ هه‌رگیز جه‌فا دڵی نه‌شکاندبێتن
زامه‌کانمان نیشانی که‌س نه‌ده‌دا،
ده‌ستمان بۆ یه‌کتری ده‌گرته‌وه‌ و
وه‌ک دوو ماسی له‌خۆبایی داهاتوومان بۆ یه‌کتر ده‌خوێنده‌وه‌
که‌زییه‌ی یه‌کدیمان دادێنا،
جوانی خۆمان وه‌ک خه‌زێنه‌ی پادشا به‌خشنده‌کان 
ته‌خشان و په‌خشان ده‌کرد 

‌لێومان ته‌ڕ و چاوانمان سورمه‌دار 
ژیانمان دابووه ‌به‌ر نزاکانمان،
خه‌ونمان ده‌بینی،
ده‌بووینه (‌که‌یغان) و یارمان به‌خه‌نجه‌ره‌کانمان
زامدار ده‌کرد،
کازیوه ‌به‌دیار جوانیمانه‌وه‌ ‌تای لێده‌هات
سپێده‌ ختوره‌کانی دڵی ئێمه‌ی بۆ نه‌ده‌خوێنرایه‌وه‌،
شه‌ماڵ هه‌میشه ‌به‌ئاڕاسته‌ی ته‌نیاییماندا ڕاده‌بوورد،

ده‌ستمان له‌ برینی یه‌ک وه‌رده‌دا
‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌خوێنی یه‌کترمان لێده‌چۆڕا
هه‌ردوکمان بۆ مردنی خاڵخاڵۆکه‌یه‌ک 
وه‌ک یه‌ک
ده‌گریاین
پێکه‌وه‌ عاشق ده‌‌بووین
وه‌ک یه‌ک
دڵمان ده‌شکا،
به‌ڵام سپێده‌یه‌کی ڕه‌ش ئێمه‌ی کرد به‌ دوو که‌رته‌وه
وه‌ک دوو به‌چکه‌ ئاسک له‌ باو‌ه‌شی یه‌ک ڕایانکێشاین
وه‌ک که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی دوو ئه‌ستێره‌
‌‌هاوارمان له‌ هه‌موو گه‌ردووندا ده‌بیسترا

ڕۆژێک‌ له‌ ده‌سته‌کانمی ڕوانی ‌
هیچ شتێکی وه‌ک خۆی بۆ من نه‌گێڕایه‌وه
به‌ڵام ئه‌و بینی
ئه‌و ‌باڵنده‌یه‌کی خۆڵه‌مێشی بینی
ئاگر له‌ ئێواره‌دا ده‌کاته‌وه‌
شه‌پۆل به‌ ده‌ریادا ده‌کێشی
هه‌یڤ له‌ ئاسماندا ده‌شکێنێ،
ئه‌و بینی
من ده‌بات بۆ شوێنێکی زۆر دوور
له‌ ناو تۆفاندا
بۆ ئه‌به‌د ونمده‌کات

ئه‌م چیرۆکه‌ رۆژێکی هاوین
بۆ کچه‌‌که‌م دەگێڕیته‌وه‌،
ئه‌و
که‌ هێشتا عاشق نه‌بووە و
زۆر پێیخۆشه‌ به‌ شازادە ئۆفێلیای یه‌که‌م
بانگ بکرێت

کچه‌که‌م ‌هه‌ر وەک شازادەیه‌کی خه‌واڵوو
به‌دەم سه‌یرکردنی گوڵه‌وە باوێشک دەدات
دەست بۆ ئه‌ڤین ڕادەکێشێ،
به‌دەنگی به‌رز بیر دەکاته‌وە
ئه‌ستێرە دەژمێرێ،
دونیا له‌ حه‌وزی ماسییه‌که‌یه‌وه‌ سه‌یر ده‌کات،

تۆ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌گێڕیته‌وه‌ که‌ من نه‌مگێڕایه‌وه‌
ئه‌وه‌ی نیشان ده‌ده‌یت که‌ من ده‌مویست بیبینێت
ئه‌وه‌ی پێده‌به‌خشیت که‌ من نه‌مبوو بیده‌مێ
که من نه‌متوانی بۆی به‌جێبهێڵم،


نۆڤەمبەری ٢٠٠٩ 
بەریتانیا  







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2539 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ