ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

کاروان (شیعر) ~ و/ ناسڕی حیسامی

به‌شی: ئێوە
16 - 01 - 2015

دره‌نگه‌ ئیتر، گالیا 
ناوه‌خته‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌فسانه‌ى په‌یوه‌ندى دڵان!
ئیتر گۆرانیى سه‌رخۆشیت له‌ من نه‌وێ
ده‌مێکه‌ ئیتر، گالیا! وه‌ڕێ که‌وتووه‌ کاروان.


عیشقى من و تۆ؟ ... ئه‌رێ
ئه‌وه‌ش حیکایه‌تێکه‌ خۆى. 
به‌ڵام، ئا له‌م زه‌مانه‌ دا، 
که‌ داماوه‌ هه‌موو که‌سێک بۆ نانى شه‌و 
ده‌رفه‌تى عیشق و حیکایه‌ت، به‌سه‌رچوو، ڕۆى.

شاد و سه‌رخۆش و پشکووتوو
تۆ بیست مۆمى پڕشنگداری گه‌ش هه‌ڵده‌که‌ى، 
شه‌وى جه‌ژنى له‌دایکبوون، 
به‌ڵام ئه‌مشه‌و هه‌زار کچى هاوساڵى تۆ
ڕووت و برسى، هه‌ر له‌ سه‌ر نوێنى خاک نوستوون.
جوانه‌ سه‌ما و نازى سه‌رپه‌نجه‌کانى تۆ 
که‌ په‌رده‌ى ساز ده‌بزوێنن،
به‌ڵام هه‌زار کچى ته‌ونکه‌ر ئێستاکه‌
به‌ چڵک و خوێنى زامى سه‌ر په‌نجه‌کانیان 
له‌ قه‌فه‌سى پشووبڕی کارگه‌کاندا
هه‌ناسه‌ته‌نگى ڕه‌نجێکن له‌ سنوورى تاقه‌ت به‌ده‌ر
بۆ حه‌قده‌ستێک که‌متر له‌وه‌ى 
تۆ ده‌یخه‌یته‌ کۆشى سواڵکه‌ر.

ئه‌و مافووره‌ حه‌وت ڕه‌نگه‌ که‌ پێشێلى سه‌ماى تۆیه‌،
به‌ خوێن و ژینى ئینسانان ڕه‌نگ کراوه‌. 
له‌ تان و پۆى هه‌موو خه‌ت و خاڵێکیدا: هه‌زار ڕه‌نج و 
له‌ ئاو و ڕه‌نگى هه‌ر گوڵ و گه‌ڵایه‌کیا: هه‌زار شه‌رم 
ڕاخراوه‌.

لێره‌ خه‌وتووى نێو گڵکۆیه‌ هه‌زاران ئاره‌زووى پاک و
لێره‌ به‌با چووه‌ خۆڵى هه‌زار ئاگرى تازه‌خۆشکراو
ده‌ستى هه‌زار منداڵى جوانى بێگوناھ 
چاوى هه‌زار کچى نه‌خۆشى بێهه‌ناو... 

دره‌نگه‌ ئیتر، گالیا! 
کاتى ماچ و شیعرى عاشقانه‌ نییه‌.
هه‌موو شتێک ڕه‌نگى ئاگر و خوێنى هه‌یه‌، ئه‌م زه‌مانه‌.
جه‌نگه‌ى خۆ ره‌هاکردنى لێوه‌کان و ده‌سته‌کانه‌. 
گه‌رمه‌ى سه‌ربزێویی ژیانه‌.

به‌ ڕومه‌وه‌ پێمه‌که‌نه‌!
لێم حه‌رام بێ جوانیی نیگات!
لێم حه‌رام بێ له‌مه‌ودوا شه‌راب و عیشق!
لێم حه‌رام بێ دڵم به‌ شادى لێبدات!

یارانى من له‌ نێو به‌ند دان:
له‌ نێو چاڵى ڕه‌ش و شێدارى "باغى شا"‌
له‌ ته‌نیایى ب‌تاوێنى تاراوگه‌ى "خارک "،
له‌ هه‌ر گۆشه‌ و که‌نارێکى ئه‌م دۆزه‌خه‌ تاریکه‌ دا.

زووه‌ هێشتاکه‌، گالیا!
ناوه‌خته‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌فسانه‌ى په‌یوه‌ندى دڵان 
جارێ گۆرانیی سه‌ر‌خۆشیت له‌ من نه‌وێ
زووه‌ هێشتاکه‌، گالیا! نه‌گه‌یوه‌ته‌ جێ
کاروان... 

ئه‌و ڕۆژه‌ که‌ باسکى بلوورینى به‌یان 
ده‌ستى دایه‌ خه‌نجه‌رێک و په‌رده‌ى ڕه‌شى شه‌وى دڕاند،
له‌و رۆژه‌ دا که‌ خۆره‌تاو 
له‌ گشت په‌نجه‌ره‌کانه‌وه‌ تیشکى پژاند،
ئه‌و ڕۆژه‌ که‌ گۆنا و لێوى هه‌موو یارانى هاونه‌به‌رد
ڕه‌نگى خۆشى و خه‌نده‌ى ونبووى هاته‌وه‌ سه‌ر،
منیش ئه‌و ڕۆژه‌ دێمه‌وه‌، 
دێمه‌وه‌ لاى شیعره‌کان و گۆرانییه‌کان و ماچه‌کان،
دێمه‌وه‌ لاى به‌هاره‌ دڵبزوێنه‌ گوڵپژێنه‌کان،
دێمه‌ لاى تۆ 
خۆشه‌ویستم!


نووسینی: هوشنگ ابتهاج
وەرگێڕانی: ناسڕی حیسامی

تاران، ڕه‌شه‌مه‌ى 1331ی هه‌تاوی( مارسى 1953ی زایینی)

_ باغى شا: به‌ندینخانه‌ى به‌ ناوبانگى " باغى شا " له‌ تاران که‌ له‌ سه‌رده‌مى حکوومه‌تى شادا، شوێنى به‌ندکردنى تێکۆشه‌رانى سیاسى بوو.
تاراوگه‌: مه‌نفا، ته‌بعیدگا.
خارک: دوورگه‌یه‌که‌ له‌ ئاوه‌کانى خوارووى ئێراندا که‌ تێکۆشه‌رانى سیاسى بۆ ئه‌وێ دوور ده‌خرانه‌وه







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1715 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ