ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

هه‌نگه‌سه‌ماكانی سه‌رزه‌مینی شه‌خته‌ (چیرۆک) ~ حیکمەت مەعروف

به‌شی: ئەوان
16 - 01 - 2015

بێ گیان، به‌ڵام پرِ پرِ له‌ نهێنی، بێ گیان، به‌ڵام لێوانلێو له‌ ژیان ... بێ هه‌ست، به‌ڵام، زۆرجار فرمێسك له‌ چاوانی وه‌ك ده‌نكه‌ مرواری به‌ هێوری پرژاونه‌ته‌سه‌ر روومه‌ته‌ په‌رِۆیینه‌كانی. 


هه‌میشه‌ له‌ پانتاییه‌ به‌رفراوانه‌كه‌ی شه‌ودا، له‌و زه‌ریایه‌ له‌ بێده‌نگی، به‌ وردی گوێی له‌ تۆنه‌كانی په‌پووله‌ ده‌گرت، وشه‌كان به‌ هه‌موو جه‌سته‌یدا گوزه‌ریان ده‌كرد. له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌كانی شه‌و و نمه‌ی دڵۆپه‌وشه‌كانی په‌پووله‌ خه‌یاڵ ده‌یبرده‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی له‌سه‌ر جۆلانه‌یه‌كی ئۆقره‌ نه‌گرتوو، یه‌كه‌م دیداریان له‌ سێبه‌ری دیوارێكی ره‌نگ په‌ریودا كرد. ئه‌م وه‌ك خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌و، ئه‌وكات به‌ قه‌رسیلێكی سه‌وز ده‌چوو، خه‌نده‌یه‌كی شیرین له‌ لێوانی ده‌رِژا و ده‌كه‌وتنه‌سه‌ر عه‌زییه‌ ته‌نكه‌كه‌ی. رۆژێك له‌ كاتی قاقایه‌كی فریشته‌یدا، تنۆكێك له‌و خه‌ندانه‌ كه‌وته‌سه‌ر لێوی ئه‌م و رۆحێكی شووشه‌یی، وه‌ك رێژنه‌ی مۆسیقایه‌ك، وه‌ك بۆنی هه‌ناسه‌ی عسیا، جه‌سته‌ په‌رِۆیینه‌كه‌ی برِی و دڵه‌ لۆكه‌ییه‌كه‌ی پرِ له‌ ده‌نكه‌ هه‌ڵاڵه‌ی ژیان كرد. له‌وكاته‌وه‌ وه‌ك سێڵاوی باران و ئاوی كانی تێكه‌ڵ بوون، بوونه‌ دوو هاڵاوی هه‌ناسه‌یه‌ك، دوو چڵه‌نێرگزی مێرگێك، له‌و كاته‌وه‌ وه‌ك دوو روانینی چاوێك به‌ پانتایی گه‌ردوون پاڵیان كرده‌وه‌.
به‌یانییه‌كی ره‌نگ په‌مه‌یی، ئه‌وكاته‌ی سروشت چاوی هه‌ر له‌ ئه‌ستێره‌كانی به‌یانه‌، ئه‌و كاته‌ی رۆژ هێشتا پێیه‌كی له‌ تاریكوڵێڵی به‌ره‌به‌یاندا جێماوه‌، له‌ دوای به‌رچاییه‌كی وه‌نه‌وشه‌یی، به‌ سه‌به‌ته‌یه‌كی پرِ له‌ پرسیاره‌وه‌، به‌ هه‌نگاوی كورتی پرِ له‌ ئومێدی بابه‌وه‌، به‌ پشتیوانی ویقاری دایه‌، له‌ ده‌رگه‌ی حه‌وشه‌كه‌ ئاوا بوو. له‌زه‌تی یه‌كه‌م چوونه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ به‌ جله‌كانیدا ده‌تكایه‌ سه‌ر زه‌وی و گه‌رِه‌كی له‌ بۆنی ژیاندا غه‌رق كرد. له‌ ترزانی ده‌رگه‌ی هه‌ر ماڵێكه‌وه‌ خونچه‌یه‌ك به‌ره‌و رووناكی ده‌كه‌وته‌رێ، له‌ كاروانی تریفه‌ ده‌چوون، شاریان ختووكه‌ ده‌دا، هیوا بوون به‌ره‌و داهاتوو ده‌رِۆشتن. له‌ ده‌رگه‌ی ماڵێكه‌وه‌ گه‌زنه‌یه‌كی خنجیلانه‌، به‌ بۆنی ریحانه‌ كێویله‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ده‌ركه‌وت و به‌ره‌و رووی په‌پووله‌ هات، هه‌رزوو له‌ چاوانیدا خوێندییه‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت پێكه‌وه‌ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ كورته‌ بكه‌ن. به‌ بێ یه‌كترناسین هه‌نگاوه‌كانیان پێكه‌وه‌ گرێ دا و به‌ره‌و لوتكه‌ هه‌ڵكشان. به‌ جووته‌ چوونه‌سه‌ر یه‌كێك له‌ ره‌حله‌كانی پۆلی یه‌كه‌م و دوو داره‌كه‌ی (دارا دوو داری دی) یان كرده‌ جۆلانه‌ و گه‌مه‌یان به‌ ئاوه‌زی خۆیان ده‌كرد. له‌گه‌ڵ زه‌نگی كۆتایی یه‌كه‌م دیداری قوتابخانه‌، تریفه‌كان په‌رته‌وازه‌ی نێو كۆڵانه‌كان بوونه‌وه‌ و به‌ ده‌م قریوه‌ و بانگكردنی یه‌كه‌وه‌ له‌ ده‌رگه‌ی ماڵه‌كانیان نزیكبوونه‌وه‌. په‌پووله‌ به‌ گه‌شتنی جانتاكه‌ی دانا و چوو بۆ لای بووكه‌كه‌ی و هه‌رچی دیبوو، هه‌رچی كردبوو بۆی گێرِایه‌وه‌، باسی شه‌می بۆ كرد، باسی ئه‌و مامۆستایه‌ی بۆ كرد كه‌ له‌ نێو هه‌موو قوتابییه‌كاندا به‌ په‌پووله‌ی وت: كاریله‌كه‌م ناوت چییه‌؟ په‌پووله‌ به‌ ده‌م قسه‌كانییه‌وه‌ بیری له‌ ناوێك بۆ بووكه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌، برِیارِیدا بووكه‌كه‌ی ناوبنێ (تادی). ئیدی له‌و رۆژه‌وه‌ په‌پووله‌ و تادی بوونه‌ دوو ده‌سته‌ خوشك. كه‌ په‌پووله‌ به‌ نه‌رمی (دۆی داده‌ رژاوه‌)ی ده‌خوێنده‌وه‌، تادی به‌ ده‌سته‌ په‌رِۆیینه‌كانی چه‌پڵه‌ی بۆ لێ ده‌دا و ئافه‌رینی ده‌كرد، هێنده‌ پێكه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه‌یان خوێندبووه‌وه‌، تادی وه‌ك په‌پووله‌ ده‌یتوانی وانه‌كان بخوێنێته‌وه‌ و ژماره‌كانیشی ئه‌زبه‌ر كردبوو.
ته‌مه‌نی په‌پووله‌ به‌ هێواشی له‌گه‌ڵ برِینی پۆله‌كان سه‌رده‌كه‌وتوو خه‌ریك بوو ده‌بووه‌ كیژۆڵه‌یه‌ك، زۆرجار تادی و په‌پووله‌ پێكه‌وه‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆیان ده‌گێرِایه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌د ساڵ ته‌مه‌نیان بێت، خۆزگه‌یان بۆ ئه‌و رۆژانه‌ ده‌خواست. باسی ئه‌و رۆژه‌یان ده‌كرد، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌فر كلو كلو ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ و په‌پووله‌ش هه‌ردوو ده‌سته‌كانی ده‌كرده‌وه‌ تا چه‌ند كلوه‌ به‌فرێك له‌ناو له‌پی ده‌ستیدا ئارام بگرن، به‌ڵام هه‌رزوو كلوه‌ به‌فر ده‌بووه‌ تنۆكێك ئاو و په‌پووله‌ پێرِانه‌ده‌گه‌شت له‌ زاریان بنێت. ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌ خۆشترین ساته‌كانی ته‌مه‌نی په‌پووله‌ بوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی بزانن رۆژێك دێت روو ده‌كه‌نه‌ وڵاتی به‌فر، هه‌میشه‌ باسی به‌فربارین و شه‌رِه‌تۆپه‌ڵیان ده‌كرد، ده‌تووت هه‌موو ته‌مه‌نیان چه‌ند وه‌زرێك بووه‌ له‌ به‌فربارین.
ئێواره‌یه‌كی به‌هار، ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌رچی ئایتمه‌كانی سروشت هه‌یه‌ نمایشی جوانی ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌مه‌ی خۆر وه‌ك شاجوانێك شه‌رمنانه‌ تارای هه‌ور له‌سه‌ر رووی لاده‌بات، ئه‌و ده‌مه‌ی به‌رائه‌ت باڵ به‌سه‌ر سروشتدا ده‌گێرِێ، په‌پووله‌ له‌ناو باخچه‌ سه‌رمه‌دییه‌كه‌ی نێو ماڵه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ تادی له‌ په‌لكه‌ ره‌نگینه‌ی دوای نمه‌یه‌ك بارانیان ده‌رِوانی، هێزێكی ئه‌هریمه‌ن، ره‌ش ره‌ش وه‌ك دڵی جوانكوژێك، له‌ناو ئه‌وپانتاییه‌ گه‌شه‌ی به‌هاره‌وه‌ هات و جه‌سته‌ پرِ له‌ قاقاكه‌ی برِی و ده‌نكه‌ مرۆری ره‌نگرِه‌شی به‌ نێو خانه‌كانیدا وه‌شاند. ئیدی له‌و ساته‌وه‌، به‌ هێواشی، هه‌نگاوه‌كانی په‌پووله‌ ده‌پووكانه‌وه‌، قاقاكانی له‌ گه‌روویدا ده‌خنكان و به‌ نیوه‌گیانی ده‌هاتنه‌ سه‌ر هه‌ردوو لێوی. له‌و ئێواره‌یه‌وه‌، په‌پووله‌ و تادی وه‌ك دوو هه‌نگ به‌ سه‌ما قسه‌یان ده‌كرد. لێره‌ به‌دواوه‌ په‌پووله‌، نه‌یتوانی بچێته‌ ژووانی خوێندن و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ تادی باسی به‌فریان ده‌كرد. 
وا بیست ساڵ تێپه‌رِیوه‌، په‌پووله‌ په‌رِاگه‌نده‌ی سه‌رزه‌مینی به‌فره‌ و تادیش وه‌ك خۆی به‌ لاشه‌یه‌كی په‌رِۆینه‌ و دڵێكی لۆكه‌ییه‌وه‌، به‌ عه‌زییه‌كی ئاودامانی ته‌نكه‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌سه‌ر سنگی په‌پووله‌یه‌ و گوێ له‌ لێدانی دڵی ده‌گرێت، ئاوازێكی نه‌مره‌ بۆی، به‌رده‌وام ژیانی پێده‌به‌خشێت. تادی تیانووسی نهێنیه‌كانی په‌پووله‌یه‌، تادی، به‌ دوو چاوی ده‌نكه‌ یاقووتی شینه‌وه‌، ئارامبه‌خشی په‌پووله‌یه‌. هه‌میشه‌ به‌ سه‌ما قسه‌ ده‌كه‌ن، هه‌رگیز قسه‌یان كۆتایی نه‌هات و نایه‌ت، پێكه‌وه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، خۆیان ده‌گۆرِن، كه‌ په‌پووله‌ نان ده‌خوات، تادی به‌ لاقرتێوه‌ لاسایی ده‌كاته‌وه‌، بۆ كوێ بچێت، پێش په‌پووله‌ ده‌چێته‌سه‌ر ویڵچێره‌كه‌ و به‌ سه‌ما هاوار ده‌كات، دره‌نگه‌ په‌پووله‌، دڵم ته‌نگه‌ با بچینه‌ كه‌نار ئاوه‌كه‌ و قسه‌مان بۆ بكات، با بچینه‌ دارستانه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ لقی دار و گه‌ڵاكانیدا سه‌ما بكه‌ین. ئاسان بوو بۆ په‌پووله‌ و تادی له‌ سه‌مای لقه‌كان بگه‌ن، ده‌یانزانی كامه‌ گه‌ڵا به‌ ده‌م باوه‌ ده‌تریقێته‌وه‌، هه‌رزوو داره‌ عاشقه‌كانیان ده‌دۆزییه‌وه‌ و ده‌چوون تا ده‌رده‌ دڵیان له‌لا بكات. ده‌یانزانی كامه‌ لق ده‌یه‌وێت، گه‌ڵاكانی به‌ سنگ و مه‌مكی رووتی چناره‌كه‌ی عاشقیدا بهێنێ. تا توانه‌وه‌ له‌ناو ده‌نگی با سه‌مایان ده‌كرد، تا فه‌نابوون له‌ دڵی دارستاندا پێده‌كه‌نین. ده‌چوونه‌ كه‌ناری ده‌ریا و رۆحیان به‌سه‌ر ئاوه‌وه‌ مه‌له‌ی ده‌كرد، ده‌ریاش، له‌ قوڵاییه‌وه‌ شه‌پۆڵی ده‌دا و له‌ كه‌ناردا بۆ یادگاری چه‌ند ده‌نكه‌ مروارییه‌كی به‌ دیاری ده‌دانێ.
په‌پووله‌، جار جار خه‌یاڵ په‌لی ده‌گرت و ده‌یبرد، شه‌می له‌و دووره‌وه‌ پیشان ده‌دا، ده‌یبینی وا شه‌م له‌ نێو بازاری شاردا رووناكی ده‌كرِێت، ده‌ستی له‌ له‌پی ده‌ستی ده‌ناو، وه‌ك یه‌كه‌م چوونیان بۆ قوتابخانه‌ به‌ بێ هیچ قسه‌یه‌ك تا ماندوو ده‌بوون به‌ كۆڵانه‌كانی شاردا ده‌گه‌رِان، ده‌چوونه‌وه‌ بۆ گه‌رِه‌كه‌كانی مناڵی، له‌به‌رده‌م ماڵی نه‌نه‌دا نوچێكیان ده‌دا و بۆنیان به‌ چركه‌كانی مناڵییه‌وه‌ ده‌كرد، به‌ جێپێكانی كیژۆڵه‌ییاندا ده‌رِۆشتن و به‌ده‌م رازه‌كانی هه‌ره‌زه‌كارییه‌وه‌ به‌ كۆڵانه‌ كۆنه‌كاندا سه‌فه‌ریان ده‌كرد. ده‌مه‌و ئێواره‌ په‌پووله‌ له‌به‌رده‌می ماڵه‌وه‌دا، شه‌می جێده‌هێڵا و له‌سه‌ر پشتی خه‌یاڵێكی به‌ور ئاسا، بۆ سه‌رزه‌مینی شه‌خته‌ و به‌سته‌ڵه‌ك ده‌گه‌رِایه‌وه‌، تووند تادی له‌ ئامێز ده‌گرت و به‌ ده‌م باسی كورِه‌ دار به‌رِووه‌كه‌ی خه‌یاڵییه‌وه‌، ئارام ئارام، په‌نچه‌كانی له‌ قژی ده‌ئاڵاند، و وه‌نه‌وزێكی ماندوو له‌ ژوورێكی ئارامی نێو ده‌ریای زوقمدا، هه‌ردووكیانی ده‌دایه‌ ده‌ست خه‌وێكی قووڵ.


٨/١٠/٢٠٠٨
سلێمانی 









ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1834 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
ژیان پێیوتم؛ تۆ بەختەوەر دەبیت، بەڵام سەرەتا دەبێت بەهێزتکەم.

/ تۆماس گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

خەڵکی کوێی کوردستانیت؟




ڕیکلام
Banner