ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

خوێندنەوەیەک بۆ چیرۆکى ( دەبێت شتێک بگێڕمەوە) ~ هێما نەبی

به‌شی: ئەوان
16 - 01 - 2015

"پانتایى یادەوەرى و راڕایى لە چیرۆکى 
( دەبێت شتێک بگێڕمەوە)ی (باران)دا"

زۆرن ئەو چیرۆکانەى تاقەتى خوێندنەوەت ناهێڵن و هەر زوو دەبن بە دەقێکى ئەبستراکتى تاقەت پڕووکێن یاخود 

هەر لە دەستپێکەوە مانا خۆى بەیان دەکات و ئیدى تەکنیک و زمان و ناوەرۆک هیچ بەهایەکى نامێنێ بەو مانایەى ناتوانێت پەلکێشى خوێندنەوەت بکات.

چیڕۆکى ( دەبێت شتێک بگێرمەوە) یەکێکە لەو چیڕۆکانەى دوورە لە وەسفەکانى سەرەوە، بەڵکو چیڕۆکێکە بەو زمانە شیعریەى لە نێو خۆیدا هەڵى گرتووە دەتوانێت خوێنەر بەرەو دوا دێڕەکانى دەق رابکێشێت، ئەمەش بەهۆى ئەو فرە دەنگی و فرە چیڕۆکیەى هەڵگریەتى.

لە بنەڕەتدا چیڕۆک گەیاندنى پەیامێکە و خۆ مەڵاسدانى مانایە لە نێو کۆى نووسینەکاندا، بەتایبەت ئەگەر چیڕۆکێک هەوڵى تێپەراندنى خۆى و ئەوانەى پێش خۆى دابێت و بیەوێ لە فەزایەکى جیاوازدا مانفێستى خۆى بکات. 

زۆر جار دەوترێت ناونیشان کلیلى دەقە و دەکرێت لە رێگەى ناونیشانەوە پەى بە کۆدە پەنهانەکانى دەق بەرین، (دەبێت شتێک بگێڕمەوە) هەر لەناونیشانەوە خوێنەر بەرەو کۆمەڵێ رەهەندى مانایى دەبات و هەمیشە ئەو پرسە دێتە پێشەوە ئاخۆ دەیەوێت چى بگێڕێتەوە و ئەوەى دەیگێڕێتەوە چییە، یاخود گێڕانەوەى شتێک چى نوێ دەخوڵقێنێ و رەنگدانەوەى بەسەر ژیانەوە چییە، ئەگەر سەرنج لە ناونیشان بدەین ئەم پرسانە خۆیان دێنە پێشەوەو لە تاک ڕەهەند بوونى ماناى دەق خۆى دەرباز دەکات.

( دەبێت شتێک بگێڕمەوە) واتە سوربوونى گێڕەرەوە لەسەر گێڕانەوەى شتێک، (باران) جوان وەسفى ئەو سوربوونە دەکات و لە کۆى چیڕۆکەکەدا لە چەندین شوێندا تیشک دەخاتە سەر سووربوونى گێرانەوەى شتێک لە دەمى چیڕۆکخوانەوە، ئەمەش سەرەڕای دڵەراوکێ و قەلەقى گێڕەرەوە لە گێڕانەوەى شتێک.

ئەگەر گێڕانەوەى شتێک فریادڕەسێک بێت بۆ خاڵى بوونەوەى چیڕۆکخوان لەو شتەى ئاڵۆزى کردووە، دواجار بەیانکردنى فرە دەنگى ناوەخۆیەتى، بەو پێیەى ئەوەى چیڕۆکخوان گەرەکیەتى لە گێڕانەوەدا بەتەنها لە یەک بابەت و تەوەر خۆى نادۆزێتەوە، بەڵکو چەندین شتە کە دەیەوێت لە نێویدا شتێک بگێڕێتەوە، هەروەک کۆى چیڕۆکەکەش هەڵگرى بنیادى چەندین چیڕۆکە و لە ناو یەک چیڕۆکدا گوزارشت لەو فرە گێرانەوەیە دەکات.

لێرەدا ناونیشان مانفێستى خۆى دەکات و وەک فرە چیڕۆک لە ناو یەک چیڕۆکدا سکێچى خۆى دەکێشێت، بەدیوێکى تر ئەوەى لە ناونیشان بەرجەستە دەبێت ئاراستەکردنى خوێنەرە بەرەو خۆ بینینەوە لەبەردەم چیڕۆکێک کە ناتوانرێ یەک مانا و یەک چیڕۆک لە خۆى مەڵاس بدات، ئەم ناونیشانە زیاتر ناونیشانێکى دەروونییە و چیڕۆکنووس بەشێوەیەک لە شێوەکان سوورە لەسەر ئەوەى شتێک بگێڕێتەوە بۆ ئەوەى ئاڵۆزى و چەپاندنە دەروونییەکانى ناو خۆى کپ بکات و ئیدى نەبێت بە بەربەستێک لەبەردەم بیرکردنەوە و ئەو بارە قورسەى چیڕۆکنووس تیایدا دەژیت، بەو مانایەى خۆ بەتاڵکردنەوەى چیڕۆکنووسە لەو یادەوەریانە.

هەر ئەو ئاڵۆزییەو زۆرى گێرانەوەکان لە دەستپَکى چیڕۆکەکە دەردەکەوێ و چیڕۆکخوان دەیەوێ گێڕانەوە لە پێناو سوککردنى قورسایى بارى سەرى بێت و یادەوەرى نەبێت بەو بوونەى دەماخى کرۆژێت، زۆر جار نووسین لە پێناو دووبارەنەبوونەوەى یادەوەرییە لە زەهندا و دەبێت شتێک بنووسرێت تا ژیان هەمان شکڵى دوێنێى نەبێت، یاخود ئەو یادەوەری ونۆستاڵۆژیایە لە ئاوەزدا کاڵببێتەوە.

( دەبێت شتێک بگێرمەوە) ئەو چیڕۆکەیە لە نێو پانتایى خۆیدا چەندین چیڕۆک لە خۆ دەگرێت، هەروەک چۆن چیڕۆکێکە دەشێت بڵێین چەند چیڕۆکێکیشە، واتە لە نێو چیڕۆکەکەدا چەند چیڕۆکێک هەیە دواجار هەموویان دەبن بە پێکهاتەى چیڕۆکێک و هەر یەکەو لە نێو فەزاى خۆیدا چیڕۆکێکى سەربەخۆیە، لە ئەنجامى دوودڵى و راڕایى گێڕەرەوە کە دەخوازێت شتێک بگێرێتەوە بۆیە هەر جارەو لە پەڕەگرافێکى نوێدا لە رووداوێکى نوێ دەدوێ و کارەکتەرێکى نوێ و زەمەنێکى نوێ باس دەکات.

ئەوەتا لە چیڕۆکى یەکەمدا چیڕۆکى پڕ کەسەرى ژنێک دەگێرێتەوە، بەڵام لە ئەنجامى دوودڵى لە گێرانەوەىدا، بە هێلە گشتییەکەى چیڕۆکەکەیەوە دەیبەستێتەوە، ئەمیش بە دەربڕینى ( دەڵێم)، لێرەدا گێڕەرەوە بە دیدى خۆى کۆى چیڕۆکى ئەو ژنەى نەگێراوەتەوە، بەڵکوو تەنیا ئاماژەدانێکی داوە بۆ ئەوەى ئەم چیڕۆکە بگێڕێتەوە، لە هەمانکاتدا تەواوى بابەتی چیڕۆکەکەشى گێراوەتەوە، ئەم یاریکردنە واتاییە لە ئەنجامى باکگراوەندێکى پڕ یادەوەرى هاتۆتە ئاراوە و دوودڵى لە گێرانەوەى ئێستێکى پێ ئەکات و خێرا بەرەو چیڕۆکێکى تر پەلکێشى دەکات، گێڕەرەوە سوورە لەسەر ئەوەى شتێک بگێرێتەوە بۆیە بەو دڵە راوکێییەى لە گێڕانەوەى شتێک هەیەتى دیسان بەرەو چیڕۆکێکى ترى دەبات، ئەمیش قسەکردنە لەسەر رووداوێکى ترى نێو یادەوەرى، ئەو یادەوەرییەى قورسایى لە زاکیرەیدا هەڵى گرتووە، چیڕۆکى پیاوێک کە بەهۆى هەڵەى تاقیگەى پزیشکییەوە، دوانزە ساڵ بە ئاگاییەوە لە کۆمادا دەمێنێتەوە، مانەوەى مرۆڤێک لە کۆمادا بەهۆى هەڵەى پزیشکییەوە جۆرێکە لەو رووداوە راستیانەى نێو ژیان و زۆرجار بەهۆى کەمتەرخەمى دامەزراوەکانەوە رووداوى نەخوازراو دێتە بوون. 

ئەگەر ئەمە نەقد گرتن بێت لەو شتانەى کاریگەرى بەسەر ژیانى کەسەکان هەیە، ئەوا بەیانکردنى بەفیرۆچوونى تەمەنى مرۆڤە بەهۆى بێباکى و کەمتەرخەمى کەسانى بەرپرسیار. گێڕانەوەى بابەتى ئەم چیڕۆکە بەتەنیا لەپێناو سووککردنى ئەو بارە قورسە نییە، بەڵکو هاوکات دەرخستەى بەکەم سەیرکردنى ژیانى مرۆڤە، وەلێ گێڕانەوەى ئەو رووداوەش سوکنایى بە دەروونى گێڕەرەوە نادات و هەر زوو دوودڵییەکەى سەرهەڵدەداتەوە وناچار بە گێڕانەوەى چیڕۆکێکى ترى دەکات، ئەمیش گێڕانەوەى چیڕۆکى کچە وردیلەیە. 

لە دەسپێکى گێرانەوەى چیڕۆکى کچە وردیلەدا، گێڕەرەوە بە ئامرازى (نا) ئەو چیڕۆکانەى پێشتر نەهى دەکات بەو مانایەى دەیەوێت لە چیڕۆکى کچە وردیلەکە بدوێت و بە دیدى خۆى چیڕۆکەکانى بە تەواو نەکراوى جێهێشتووە، بەڵام ئەمجارە دەیەوێت تەواوى چیڕۆکەکە بگێڕێتەوە، رەنگە ئەم گێڕانەوەیە بتوانێت شتێک لە بارى سەرى سووک بکات، ئامادەگى رەهەندە دەروونییەکان لە کۆى چیڕۆکەکەدا پانتاییەکى بەرفراوانى داگیرکردووە، هەمیشە گێڕەرەوە لە گێڕانەوەى چیڕۆکێک ژێوان دەکاتەوە و رێگە نادات تەواوى وردەکارى چیڕۆکێک بگێرێتەوە، هاوکات تەواوى بابەتى چیڕۆکەکەش دەگێرێتەوە.

ئەگەر لە روانگەیەکى ترەوە سەیرى کۆى چیڕۆکەکە بکەین ئەم دوو دڵى و فرە چیڕۆکییە دەشێ ئاماژە بێت بۆ ئەو رووداوە زۆرانەى لە ژیانى هەر کەسێک ئامادەیى هەیە، یاخود ئەوەی کە هەر تاکێک زۆر شت لە بیریدایە بیکات، بەڵام دواجار ناتوانێت هەموو شتێک وەک ئەوە بکات کە دەیەوێت. لێرەدا نەکردن یان پێڕانەگەشتن بە شتەکان خاڵی نێگەتیڤی بابەتەکەیە، بەڵام لە چیڕۆکەدا سووربوون لەسەر کردنی شتێک بە پڕی و بە کامی دڵ، ئەو پەیامە پۆسێتیڤەیە کە چیڕۆکخوان دەیەوێت.

دەشتوانین بڵێین وەک چۆن لە تەمەنی هەرکەسێکدا رووداوی جۆراوجۆر و چیڕۆکی فرە رەنگ چیڕۆکی ژیانێک پێکدێنێت، بەهەمان شێوە ئەم چیڕۆکەش پێکهاتەی کۆمەڵێک کوورتیلە چیڕۆکە. بە دیوێکى تر ئەم فرە چیرۆکییە وەکو یارى "پەزڵ" وایە، چۆن یارى پەزڵ فرە وێنەیە و لە ناو یەک چوارچێوەدا وێنەیەکى گشتى نیشاندەدات و هێڵێکى گشتى هەیە هەموو وێنەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و باگراوەندێک هەم بۆ وێنەکان و هەمیش بۆ خودى وێنە گشتییەکە دروست دەکات، چیڕۆکى "دەبێت شتێک بگێڕمەوە" هەمان فۆڕمى یارى پەزڵى هەیە، واتە خودى چیرۆکەکان ئەو وێنانەن لە نێو یارییەکەدا بوونیان هەیە و چیڕۆکە گشتییەکەش ئەو وێنە تەواوە نیشان دەدات. دەتوانین بڵێین ئەو یادەوەری و رەهەندە دەروونییەى بووە بە باگڕاوەندى چیرۆکەکە هەمان ئەو باگڕاوەندانەن لە یارى پەزڵدا دەردەکەون، ئەمیش بە سیفاتى پێکەوە بەستنەوەى تەواوى چیڕۆکەکان بەیەکترى. زۆرجار لە یارى پەزڵدا وێنەکان لە گۆشەنیگایەکەوە سەربەخۆن و ئەو وێنە بچووکانەى لە نێوى دانە دیمەنێکى تایبەت بە خۆى هەیە، لە ناوەخنى چیڕۆکەکەشدا، چیڕۆکەکان سەربەخۆن و دنیابینییەکى تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەوەى تەواوى چیڕۆکەکانى بەیەکەوە بەستۆتەوە ئەم رەهەندە دەروونییەیە کە گێڕەرەوە ناچار بە گێرانەوەى شتێک دەکات و لەولاشەوە راڕایى دەیباتەوە سەر گێڕانەوەیەکى تر، لێرەدا هەروەک چۆن ناونیشان رەنگدانەوەى تەواوى دەلالەتەکانى ناو چیڕۆکەکەیە، بە هەمان شێوە چیڕۆکەکان پێکهاتەى ناونیشانن.

لە دواى گێرانەوەى چیڕۆکى کچە وردیلە، گێڕەرەوە راڕاییەکەى سەرهەڵدەداتەوە و دەچێتە سەرگێرانەوەیەکى تر، ئەمیش گێرانەوەى چیڕۆکى (کورەکەى بیمارستانە) ئەگەر سەرەنج لەم چیڕۆکەى ناو چیڕۆکەکە بدەین، دەبینین یادەوەرى تەواوى بۆشاییەکانى زاکیرەى داگیرکردووە و هەمیشە لە رێگەى فلاش باگەوە لە شێوەى جیا سکێچى خۆى دەکێشێت و لە زەمەنى جیادا گێرەرەوە ناچار بە گێرانەوەى ئەو یادەوەرییە دەکات، گێڕانەوەى ئەم چیڕۆکە ئاماژەدانە بە ئاستەنگی ئازارە بەردەوامەکان و هاوارە بێ سەوادەکانی دونیا.

ئەگەر نووسین بۆ خۆ دەربازکردن بێت لە یادەوەرى، ئەوا دووبارە مانفێست کردنەوەى یادەوەرییە لە پێناو مانەوەدا، مانەوەیەک کە نۆستاڵۆژیاکان پێناسى وجود دەکەن، واتە یادەوەرییەکى راگوزەر نین و هەمیشە لە شەڕى خۆ سەپاندندان لەگەڵ بوون، هەر ئەم یادەوەریانەشن جۆرێک لە دوو دڵى و راڕایى سازکردووە و پێکڤە بوون بە پێکهاتەى دەق.

بەهەمان ریتمى راڕای، یادەوەرى گێڕەرەوە پەشیمان دەکاتەوە لە گێڕانەوەى چیڕۆکى (کورەکەى بیمارستان) ئەم جارە بۆ گێرانەوەى چیڕۆکێکى پڕ، تراژیدیا رایدەکێشێت و یادەوەرى جارێکى تر ئامادە دەبێت، ئەمیش یادەوەرى کوشتنى (بۆبى)یە، کوشتنى (ئەو سەگەى کە بە وەفاترین هاورێى گێڕەرەوە بووە).

چیڕۆکى کوشتنى بۆبى رەنگە بەهێزترین یادەوەرى بێت، تا ئەو ئاستەى بۆ هەمیشە لە خەیاڵدانى گێڕەرەوەدا بمێنێتەوە، چوون کوشتن بینینى دیمەنێکى تراژیدییە، بە هەمانشێوەش دیمەنێکى تاقەت پرووکێنى ناو یادەوەرییە، گێڕانەوەى ئەم چیڕۆکە تەنیا لە پێناو ئارام بوونەوەى گێڕەرەوە نییە، بەڵکوو نەقدێکیشە لەم ترادیسیۆنە باوانەى لە کۆمەڵگادا بوونى هەیە. ئەگەر رەهەندەکانى نووسینى چیڕۆکى بۆبى نەقد گرتن بێت لە کۆمەڵگا، ئەوا بە دیوێکى تردا، نووسینە لە پێناو داگیرنەکردنى ئەم یادەوەرییانە، لەلایەکى تر گومانکردنە لە مەعریفەى کۆمەڵگا و باس کردنى پیاوسالاری و دڕندەیى کەسانێکە بەبێ ئەوەى لە سروشتى ئەوى تر تێبگات بڕیارى نەمانى بۆدەردەکات. لەگەڵ ئەوەشدا گێڕەرەوە چیڕۆکى بۆبى دەگێرێتەوە و سوورە لەسەر گێڕانەوەى.

هەر ئەم سووربوونەشە خوێنەر ناچار دەکات تا کۆتایى چیڕۆک، باشترە بڵێن تا کۆتایى چیڕۆکەکان ببات و هەمیشە چاوەرێى گێڕانەوەى شتێک بێت، لەلایەکى تر ئەگەر گێڕەرەوە سوور بێت لە سەر گێڕانەوەى شتێک ئەوا خوێنەریش دەکەوێتە ژێر هەمان خەسڵەت و سوورە لەسەر ئەوەى تا کۆتایى چیڕۆکەکان بڕوات. گێڕەرەوە لە گێڕانەوەى چیڕۆکى بۆبى دەست هەڵناگرێت و سوورە لەسەر ئەوەى شتێکى تریش بگێڕێتەوە، دواى کۆتایى هاتنى دیمەنى پڕ تراژیدى (بۆبى)، گێڕەرەوە بۆ ساتێک لە یادەوەرى دادەبڕێت و دێتەوە ناو زەمەنى ئێستا و لە ئێستاوە بەرەو یادەوەریەکى تر دەگەرێتەوە هەمان زەمەنى دوێنێ.

لە ئەنجامى بینینى پەپولەیەک لەسەر پەنجەرەکەى دووبارە کاریگەرییەکانى نەست و رووداوە کپکراوەکانى بیردێتەوە، لێرەوەیە تەواوى بونیادەمەکان مەحکوم بوونى خۆیان بە رابردوو گرێ دەدەنەوە، ئەگەر بینیى شتێک گەڕانەوەى زاکیرە بێت بەرەو رابردوو، ئەوا دووبارە نووسینەوەى لە پێناو فەرامۆشکردنى ئەو رابردووەیە کە پەیوەستى کردووین بە بینینەوەى، لەهەمانکاتدا ئەگەر نووسین بۆ فەرامۆشکردنى دوێنێ بێت ئەوا دووبارە بوونەى یادەوەرییە لە ناکاتدا. زۆر جار ساتى بینینى دیمەنێک گەڕانەوەیە بۆ هەمان ریتمى دوێنێ بە جۆرێک لە جۆرەکان رابردوو دەبێت بە هێما ئامێز، هەموو شتەکانى ئێستا و ئاییندە گرێ دراوەى دوێنێن و ئاییندە بەم هەموو نادیارەى خۆیەوە ناتوانێت لەبەردەم یادەوەرییەکى تێپەر و راگوزەر ئیستێک نەکات و شکڵەکانى ئێستا بە یادەوەرییەوە نەبەستێتەوە، دەشێ ئەمەش پەیوەندى بەوە هەبێت کە هەموو چرکەیەک دەروات بۆخۆى یادەوەرییەکى کپکراوى ئێستایە. 

لە ئەنجامى بینینى پەپولەیەک لەسەر پەنجەرەى ژوورەکەى، چیڕۆکى ( کچێکى شیک پۆش) بیری گێڕەرەوە دێتەوە. واتە لە یادەوەرییەوە بەرەو ئێستا و دووبارە گەڕاندنەوەى گێڕەرەوەیە بۆ زەمەنى رابردوو و راگرتنییەتى لەسەر یادەوەرییەک، بەڵام دیسان ئەم راڕایى و دوودڵییە لە خودى گێڕەرەوەدا سەرهەڵدەداتەوە و ئەم چیڕۆکە ناگێڕێتەوە و تەنیا وەسفێکى دەکات و لەگەڵ باسکردنى چەند رووداوێک و یادەوەرییەکى تەواونەکراو. ئەوەتا ئەو سووربوونە لەسەر گێڕانەوەى شتێک گێڕەرەوە بەرەو گێڕانەوەیەکى تر دەبات و لەسەر چیڕۆکى (گریانى منداڵێک لەسەر شۆستە) ئەگەرچى ئەمەش بەشێکە لەو یادەوەریانەى بەریان دەکەوین، بەڵام لێرەدا چیڕۆکەکە خۆى لە فۆرمى ئایندەدا نمایش دەکات و گێڕەرەوە سوورە لەسەر ئەوەى ئەم رووداوە لە ئایندەدا روودەدات، ئەگەر چى ئەم بابەتە مۆرکێکى نائومێدى لەگەڵ خۆى هەڵگرتووە، ئەمەش بەهۆى باکگڕاوەندى ئەو یادەوەریانەى پێشتر، زۆرى یادەوەرى تاڵ و پڕ تراژیدیا ئاییندەى وەک رووداوێکى کارەسات ئامێز نیشان دەدات، دەکرێ ئەمە بە خۆ دەربازکردنى گێڕەرەوە بزانین لە رابردوو و لەو یادەوەرى و نۆستاڵۆژیایانەى تەواوى بوونى داگیرکردوون، ئەویش بە پشت بەستن بە چیڕۆکێکى ترى ناو چیڕۆکەکە، دەبینین گێڕەرەوە لە پەڕەگرافى کۆتاییدا بەهۆى زۆربوونى یادەوەرى و ژیان لەگەڵ رووداوەکانى ناو زەهنیدا، بیرى خۆى دەکات.

ئەم بیرکردنە بیکردنێکى رووکەشانە نییە و زۆربەى جار بە داگیرکردنى ئاوەز لەلایەن یادەوەرییەکانەوە ماسکێک دەکەوێتە سەر رووخسار و خۆبوونمان ون دەکەین. لە تەواوى چیڕۆکەکەدا زەمەنەکان تێکەڵن، لە ئێستاوە بەرەو زەمەنى رابردوو، دووبارە هێنانەوەى بەرەو ئێستا و بردنەوەى بەرەو رابردوو، لەوێشەوە بەرەو ئاییندە و دواجار هێنانەوەى بەرەو ئێستا.

لە کۆی چیڕۆکەکەدا یادەوەرى پانتاییەکى بەرفراوانى داگیرکردووە و بە نائاگاى بە زەمەنى ئێستاو رابردوو، ئاییندەى بەستۆتەوە، واتە نووسینەوەى یادەوەرى لە ئێستادا لە پێناو تۆڵەکردنەوە لە دوێنێى پڕ لە یادەوەرى و ئێستاى هەوێنى یادەوەرییەکى ترى بەیانى، دەتوانین بڵێن یادەوەرى زیانى بە بنیاتى چیڕۆک نەگەیاندووە، بەڵکوو بووە بە هەوێنى فەرامۆشکردنى یادەوەرى لە ئێستادا دوور لە مانا تەقلیدییەکەى. 

چیڕۆکى (دەبێت شتێک بگێڕمەوە) لە بنەڕەتدا چیڕۆکێکى چیڕۆک ئامێزە و دەکرێ وەک چیڕۆکێک سەیر بکرێت و لە هەمان کاتدا وەک نۆ چیڕۆکى سەربەخۆش بخوێنرێتەوە، ئەوەى لێرەدا چیڕۆکەکانى بەیەک بەستۆتەوە بوونى ئەو هێڵەیە کە سووربوونى گێڕانەوەى شتێک و یادەوەرى و دوودڵى گێڕەرەوەیە، دواى گێڕانەوەى هەر چیڕۆکێک پەشیمان دەبێتەوە و دووبارە دەست بە گێڕانەوەى چیڕۆکێکی نوێ دەکات و بەهەمان ریتمى یادەوەرى، بە هەمان ریتمى ئەو راڕاییەى کە گومانى لە گێڕانەوەى هەیە، دواجار دەیگێڕێتەوە و لە کۆتایدا بیری دێتەوە کە بیرى خۆى دەکات و ساتى ئەوە هاتووە لە یادەوەرییەکانى بێتە دەرەوە.

لە کۆى خوێندنەوەى چیڕۆکەکانى باران، لە دەمى خوێندنەوەدا هەمیشە هەستم بە شتێکى نوێ کردووە، دەکرێ ئەم هەستکردنە ساتى تێپەڕاندنى خۆى و پێش خۆى بێت، ئەمەش بەهۆى ئەو سەلیقە و ورد نووسینەى لە کاتى نووسیندا بەرجەستەى دەکات و بە ئاگاییەوە دەست بۆ نووسین دەبات، بێگومان ئەمەش لە ئەنجامى خوێندنەوەى کۆى چیڕۆکەکانى (باران)ى چیڕۆکنووسەوە بۆم دەرکەوتووە. ئەو سەبکە نووسینەى باران جۆرێکە لە خود نووسینەوە بە فۆرمى یادەوەرى لەوانى تردا و هەروەها نووسینەوەی ئەوانی تریش لە فۆڕمی خوددا، هەر بۆیە دەکرێت بڵێین چیڕۆکەکانی پەنجە خستنە سەر ئەو گرێیانەیە کە لە زهنماندا خۆیان مەڵاس داوە و لە کات و ناکاتدا بەیانى خۆیان دەکەن.


* لە ژمارە 97ی هەفتەنامەی (نسێ)ی ئەدەب و هونەردا بڵاوکراوەتەوە.







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2178 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
پێویستمان بە دیالۆگی زیاترە، نەوەک مۆنۆلۆگی زیاتر.

/ستێفان گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

خەڵکی کوێی کوردستانیت؟




ڕیکلام
Banner