ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

چاوه‌گریــــــاوه‌كان پێكه‌نین! ~ باران

به‌شی: چیرۆک
16 - 01 - 2015

به ‌به‌‌ر باراندا ده‌ڕۆیشت، هێواش هێواش هه‌نگاوی ده‌نا و به‌وردی سه‌یری ئه‌و دڵۆپانه‌ی ده‌كرد كه ده‌كه‌وتنه سه‌ر قۆڵی. ده‌ستی بۆ هه‌وره‌كان ده‌گرته‌وه تا بڕێك زیاتر باران له‌سه‌ر له‌په‌كانی ده‌ستی بمێنێته‌وه.


چاوه‌كانی ده‌نووقاند و به‌ركه‌وتنی دڵۆپه‌كانی بارانی لێ ده‌بوو به‌ به‌ركه‌وتنی ده‌ستی ئه‌و، چاوه‌كانی ده‌كرده‌وه‌ بارینی دڵۆپه‌ فرمێسكه‌كانی چاوی له ‌باران خێراتر دایان ده‌كرد. له‌گه‌ڵ خلیسكاندنی هه‌ر دڵۆپێكی باران له سه‌ر قۆڵه‌كانی داده‌چڵه‌كی!

له خه‌یاڵدا نه‌بوو، به‌ڵكه خه‌یاڵی هه‌ر لای خه‌ونه‌كانی جارانی و ئه‌و ڕاستییانه‌ بوو كه‌ به‌ئاگایان هێنایه‌وه. ئه‌و خه‌ونانه‌ی كه گه‌یاندبوویانه لووتكه و، ئه‌و ڕاستییانه‌ی كه بێ پرس و، بێ په‌روا تلیان كرده‌وه. ئه‌مڕۆش وه‌ك جاران ده‌چووه ژووانی تاقه‌داره‌كه، ئه‌و داره ‌زڕه‌ی له‌ ژێریا خه‌ونه‌كانی دیبوو، وشه‌ به ‌وشه‌ی نامه‌كانی ئه‌وی بۆ خوێندبووه‌وه‌ و، باسی بۆنی خاك و، سكاڵای ڕه‌قیی به‌ردی لای كردبوو. ده‌بێ بچێته‌ لای و به‌سه‌رهاتی سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ بگێڕێته‌وه‌، ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی كه له‌ساتێكی پڕدڵه‌ڕاوكێ و، به‌ ڕۆژانێكی پڕترس و، شه‌وانێكی پڕ له قیروسیا، بڕیاری بۆ دابوو. خه‌می بوو به‌رگه‌ی ئه‌و تێڕوانینانه‌ نه‌گرێ و، شكاندنه‌وه‌ی تیشكی گومان و به‌زه‌یی له چاویاندا هه‌پروون به‌هه‌پروونی بكات. ئه‌م دڵنیا بوو له‌وه‌ی كه ئه‌و سه‌فه‌ره واته گۆڕان، واته یه‌كلاییبوونه‌وه و، به‌ته‌مبوونی به‌ڵێنه‌ ناڕاسته‌وخۆكان!
ده‌بوو گۆڕان ڕوو بدا، ئاماده بوو به‌ره‌نگاری هه‌ڵوێسته‌كان ببێته‌وه‌ و، ده‌یویست به‌ ئه‌نجامه‌كان بگات. به‌ڵام سه‌خت بوو له به‌ڵێنه‌كانی ئه‌و خۆش بێ و، خۆی له خۆرگیران به‌ ده‌ستی مرۆڤ بێده‌نگ بكات! تاوان بوو لای تاقانه‌ترین كۆرپه‌ی خۆشه‌ویستیی له‌بار ببات!

+ هه‌ست به ‌بوونی گیانێك ده‌كه‌م، گیانێك له بیابانێكا تینوو، ته‌نیا، تاساو. به ‌جه‌سته‌ له مرۆڤ ده‌كا و دوو باڵیشی هه‌یه بێهێز، سڕكراو! قوڕگی پڕ بووه له خۆڵی بیابان، چاوه‌كانی لێوانلێون له گریان، سیمای تێكه‌ڵی گه‌رده‌لوولی تۆزه‌، ڕۆحێكی نامۆیه به ژیان. تۆ ئه‌ی تاقه‌ داره‌كه، چیتر ڕێ مه‌ده‌ وه‌ك جاران خه‌ون له ‌ژێرتا ببینم، چیتر مه‌‌هێڵه‌ ته‌گبیری ژووانی ئه‌وت بۆ بكه‌م. له‌بیرته‌ كاتێك یه‌كه‌م په‌یامیم پێ گه‌یشت چه‌ند به‌سانایی باسیم لێوه‌ كرد؟! ئه‌ی ئه‌و كاتانه‌ی ده‌مگوت مه‌حاڵه‌ من له دڵی خۆشمدا بڵێم خۆشم ده‌وێت! ئه‌ی ئه‌وه چ كاتێك بوو گوتم خۆشم ده‌وێت؟! خۆشم ده‌وێت و، ده‌مه‌وێت زه‌وی و ئاسمانی لێ ئاگادار بكه‌م! پڕ به‌دڵ حه‌ز ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ گه‌یشتنم به ‌هه‌ر كه‌سێك، گوڵێك، مه‌لێك ... باسی ئه‌وی له‌لا بكه‌م.‌ بیرته؟ باسی ئه‌وێم بۆ ده‌كردیت، ئه‌وێ و سه‌رده‌می منداڵی، ئه‌و منداڵییه‌ی خه‌ونی گه‌وره‌بوونم تێدا ده‌بینی، گه‌وره‌بوونێك (جۆناسان٭)ئاسا، "ئامانجێكی به‌رزتری له ژیانی ئاساییی تێدا بدۆزمه‌وه، له گه‌له ‌و، دابو نه‌ریت و، یاسا سواوه‌كان یاخی بم و، له‌ڕێی كامڵبوونی ئیراده‌ی ڕۆحی به‌رزه‌فڕه‌وه‌ شه‌وه‌زه‌نگه‌كان ببڕم و، له هه‌ڵدێره‌ سه‌خته‌كان بپه‌ڕمه‌وه‌’’ باسی ئه‌وێم بۆ ده‌كردیت، ئه‌وێ كه شه‌رمی شكاندم، له مانای زۆر وشه‌ی گه‌یاندم، ئه‌وێ كه له قوڵپی گریانا خه‌نده‌ و، له نێڵه‌ی ئاگرا به‌سته‌ و مه‌ستبوون به‌ بۆنی گوڵ‌ و خۆڵی و له بۆشاییی بێداریدا هیوای پێ ناساندم.
ئه‌م سه‌فه‌ره كه‌ چوومه‌وه ئه‌وێ یه‌كجار نامۆ بوو پێم! یاسا سواوه‌كان له‌وێش وه‌كوو داڵێكی برسی بێڕه‌حمانه به‌ر ده‌بوونه جه‌سته‌ی ڕووتم، ونجڕ ونجڕیان ده‌كردم. چاوه بزه‌كانی دابونه‌رێتیش به ‌ڕۆژی ڕووناك ده‌یانتۆقاندم، هه‌ر به ‌گه‌‌یشتنم نهێنیی خه‌یاڵێكی‌خاویان لا دركاندم!

- به‌خێر بێیته‌وه، شاره‌كه‌ت ڕووناك كرده‌وه، چیتر شه‌و نابینین لێره، یاخوا به‌خێر بێیته‌وه. (له‌گه‌ڵ ئه‌م قسانه‌دا به ‌دوودڵی ده‌ستی هێنا ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ كردم!)
+ بژیت سوپاست ده‌كه‌م، تۆ به‌خێر بێیت، شار به‌خۆتانه‌وه‌ ڕووناكه.
ئه‌مه‌م گوت و، دوور له‌و دانیشتم; ده‌زانی چۆن؟ چاوه‌ڕێی نامه‌كانتم ده‌كرد، به‌بێ ئۆقره داده‌نیشتم چاوم له سندووقی پۆسته‌كه‌ نه‌ده‌ترووكاند. كاغه‌زه‌‌كانم ده‌رده‌هێنا و ده‌ستم ده‌كرد به یاری ناپلیۆن، جارێك، دووان، ده ... به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانم نامه‌تم پێ ده‌گات یان نا! ئه‌و كاتانه‌ی ناپلیۆنه‌كه‌م بۆ ده‌ر نه‌ده‌چوو ده‌مگوت من بڕوام به‌م ئه‌فسانانه نییه، ئه‌مه ته‌نیا یارییه و هیچی تر. ئه‌و كاتانه‌شی كه یارییه‌كه‌م بۆ ده‌ر ده‌چوو، دڵی ‌خۆمم پێ خۆش ده‌كرد، ده‌گات، په‌یامیم پێ ده‌گات. هه‌ركه گوێبیستی‌ ده‌نگی پۆست ده‌بووم، لێدانی دڵم خێراتر ده‌بوو، به‌‌په‌له ده‌چووم سه‌یری نامه‌كانم ده‌كرد. هه‌ر به‌ بینینی ناوی تۆ به‌رز ده‌فڕیم، له‌و بڕوایه‌شدا بووم كه‌س به‌و جێگایه‌ نه‌گه‌شتبێت كه ‌منی لێم. تا له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانتدا ده‌بووم له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌كی دی بووم، ئه‌ستێره‌یه‌كی په‌مه‌یی دوور له ڕه‌شی، دوور له ڕه‌قی، دوور له مرۆڤ‌سالاری! ئه‌وكاتانه‌ی كه نه‌شده‌هاتیت ژان پاڵه‌وانی تراژیدیاترین شانۆ بوو بۆ ژیان، جه‌سته‌شم بۆ ڕۆحم گۆڕستان.
- ده‌ی من كاتم دره‌نگ كرد ده‌بێت بڕۆم، جارێكی تر به‌خێر بێنه‌وه، خۆشحاڵ ‌بووم به‌ بینینت، ئاگاشمان له‌یه‌ك ده‌بێته‌وه.
+ ئا، بێگومان ئاگامان له‌یه‌ك ده‌بێته‌وه! منیش شاد بووم به‌ بینینتان!

ئه‌و ڕۆیی ... كه‌ڕۆیی ئینجا هه‌ستم كرد ئه‌و له‌گه‌ڵ من له‌وێ بووبوو!! گله‌ییی ئه‌وه‌م له‌خۆم كرد كه به‌درێژاییی كاتی دانیشتنمان گوێی له ‌ده‌نگم نه‌بوو! ئه‌مگوت بۆچی قسه‌م نه‌كرد. خۆ ناشزانێت من به‌ بێده‌نگ باسی چاوه‌ڕوانی و، پێكه‌نین و گریانمم له‌گه‌ڵ نامه‌كانیا بۆ ده‌كرد! ئه‌و كه ڕۆیی، به‌ ڕۆشتنی ته‌نیا له‌و ژووره‌یا جێی نه‌هێشتم، ویستی پێم بڵێ بمبووره چیتر ناتوانم له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی خه‌ونه‌كانمان ڕۆڵ ببینم! ڕۆشت، له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه بێنازه‌كان و، ئه‌و ده‌قانه‌ی كه‌ له ‌قووڵاییی بیرما تۆوی كردبوون به‌جێی هێشتم. ئه‌و ڕۆیی، چونكه ئه‌و پابه‌ندی دابونه‌ریت و، یاساكانی گه‌له‌ بوو له‌وێ. پێی وابوو ئه‌گه‌ر یاخی ‌ببێت لێیان ژیانی یه‌كسان بێت به‌ نائارامی، سه‌ره‌ڕای زیزبوونی ئازیزان!!! ده‌یگوت خۆشه‌ویستی به‌ته‌نیا به‌س نییه، باشتر وایه‌ ڕازی بین به‌و فه‌رمانه نه‌ویستانه‌ی كه گه‌له‌ چه‌سپاندوێتی به‌سه‌رمانا! ئه‌و كه‌سێكی گوێڕایه‌ڵ یان به‌ ڕووكه‌ش گوێڕایه‌ڵ بوو به‌رامبه‌ر به یاسا سواوه‌كان. منیش سه‌رشێتێكی یاخی، بریندارترین گیان بووم به‌ ده‌نووكیان! نه‌متوانی له‌گه‌ڵیان ڕێ ‌بكه‌م. ئاخۆ له‌به‌ر بێهێزیی باڵه‌كانی گیانی من بوو؟! یان بێهێزیی ویژدانیان؟!!!

دوایه‌مین جار كه‌ بینیم، هات ماڵاواییم لێ بكات، (ئه‌مجاره‌یان پێش ئه‌وه‌ی هیچ بڵێت ده‌ستی هێنا ته‌وقه‌ بكات!)
- هه‌ر ده‌ڕۆیت ده‌ڕۆیت، حه‌زمان ده‌كرد زیاتر له‌لامان بوویتایه، من ده‌زانم په‌شیمان ده‌بیته‌وه، بیرمان ئه‌كه‌یت. یه‌كه‌م‌جار بوو له ‌نزیكه‌وه سه‌یری زه‌ریای چاوی بكه‌م، ده‌ستیشم هه‌ر له ‌ده‌ستیا بوو..
+ له‌لاشتان بم بیرتان ئه‌كه‌م.
باران به‌رده‌وام ده‌باری، كاتیش دره‌نگ بوو، ڕووناكی له‌ئاسماندا نه‌مابوو. دوو پاسه‌وان به ‌لایته‌وه به گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕان به‌ڕێكه‌وت كچێكیان بینی قۆڵی له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی و، سه‌ریشی له‌سه‌ر قۆڵی، له‌ژێر دارێكا دانیشتووه. لێی نزیك بوونه‌وه، ڕووناكیی لایته‌كه‌یان خسته‌ سه‌ر و، بانگیان كرد، وه‌ڵامی نه‌بوو.
_ پێ ده‌چێت بارانی ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌سه‌ر ئه‌م كچه‌دا باریبێت! هه‌موو گیانی ئاوه.
_ ئاگاشی له‌ خۆی نه‌ماوه، خێرا ئۆتۆمبێله‌‌كه ئاماده‌ بكه ده‌یبه‌‌ین بۆ نه‌خۆشخانه. به‌ڵام كات ته‌نیا به تاریكبوونی ئاسمان دره‌نگ نه‌بوو، كات بۆ گه‌یاندنییه‌ نه‌خۆشخانه‌ دره‌نگتر بوو!
_ له‌ئه‌نجامی به‌توندی ڕووخانی ده‌روونیی، تووشی خوێن به‌ربوونی ژێرپێست بووه. كاتیش دره‌نگه بۆ چاره‌سه‌ر، دڵگرانم بۆی.
كاتێك گوێی له ‌قسه‌كانی پزیشكه‌كه‌‌ بوو، له ‌خۆشیدا لێدانی دڵی خێراتر بوو! یه‌كه‌م جار بوو دوای سه‌فه‌ره‌كه‌ی هه‌ست به بوونی‌ خۆی له‌سه‌ر ئه‌ستێره په‌مه‌یییه‌كه بكات، ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی كه له‌گه‌ڵ په‌یامه‌كانی ئه‌ودا ده‌یگه‌‌یشتێ! ده‌یویست پێیان بڵێت دڵگران ‌مه‌بن چونكه‌ گه‌ر ئاوا نه‌بوایه، ده‌بوایه ‌من باڵاترین خۆشه‌ویستی، نازدارترین ساوای عه‌شقم به ‌ده‌ستی خۆم بكوشتایه به‌پێی یاسا چه‌سپاوه‌كان، من دڵخۆشم به‌وه‌ی ئیتر تـــــــاهه‌تایه كۆرپه‌ی خوڵقاو، دروستبوو له ته‌م، ئاگر و ئاو، له‌گه‌ڵ ڕۆحمدایه دوور دوور له چاوه بزه‌كان، ئاوێته‌ی گیانمه له‌وێ، دوور لێره، دوور له كارلێك له‌گه‌ڵ گومــــان. بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت له‌مه بكات چاوه‌كانی هه‌ڵبڕی، سه‌یری پزیشك و، په‌رستیاره‌كانی كرد و، هه‌ر به ‌چاو، به‌نه‌رمی پێكه‌نی!

٭ جۆناسان؛ پاڵه‌وانی ڕۆمانی (نه‌وڕه‌س/ ڕیچارد باخ)

٧/٢٠٠٣
ستۆكهۆڵم 







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2511 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ