ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

نامه‌یه‌ک بۆ به‌هه‌شت ~ باران

به‌شی: چیرۆک
16 - 01 - 2015

خه‌یاڵی به‌ڕێكه‌وتنم به‌ره‌و به‌هه‌شت، وه‌خته‌ شامه‌رگم‌ بكات، هه‌ر وه‌ك كیژێكی بچكۆله‌ی عه‌یار ئه‌تریقێمه‌وه‌ و له‌ پڕیی چاوه‌كانم به‌ نوور، تیشك له كه‌نار و ناوه‌ندی دییه‌م ئه‌ڕژێ و گیربوونی هه‌ر نیگایه‌كی، ڕۆح به‌ به‌ری به‌ردیشا ئه‌كات.


 به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی بۆن و به‌ركه‌وتنه‌كانی، نووقمی ده‌ریایه‌ك له‌ نهێنی عه‌جوول و گه‌ردوونێك عه‌شقم ئه‌كات. ئیدی به‌ هه‌ر چوار ئاراسته‌كه‌دا ئه‌كه‌ومه‌ چرپه‌ و هاوار و به‌ نیازی ئه‌وه‌ی بمبیستێ چه‌ندین جار بۆی دووپات ئه‌كه‌مه‌وه؛ له‌ پێناو ئه‌وه‌دا كه‌ به‌ تۆ بگه‌م، هه‌موو شتێك ئه‌كه‌م، هه‌موو شتێك!


من به‌ بیرم نایه‌‌ سێوێكم به‌ دزییه‌وه‌ خواردبێ و لادانێك لامدابێ بێ هۆ، كه‌چی ئه‌وه‌نده‌م له‌بیره‌ دوور دوور په‌ڕیمه‌ ده‌رێی تۆ! شه‌وانێكی زۆر بۆت گریام، چه‌نه‌ها ڕۆژ و ساڵ به‌دواتا گه‌ڕام، وه‌لێ نه‌ سۆراغتم زانی و نه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ش كه‌س هاته‌ گۆ، من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌بیره‌ سوێم بۆوه‌ ‌‌بــــــێ تــــۆ! 

بیرت ئه‌كه‌م، به‌‌قه‌د هه‌موو ئه‌و جوانییانه‌ی له‌سه‌ر به‌هه‌شت بیستوومانن! خۆشم ئه‌وێی، به‌ ئه‌ندازه‌‌ی پڕمانایی بوونت، هێنده‌ی نزیكی برژانگه‌كانم كاتێ بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ تۆ لێكیان ئه‌نێم!

من ده‌هرێكه‌ له‌ تۆ جیام و له‌ نادیاریتا به‌دوای خۆشمدا وێڵم، به‌ ڕۆح و به‌ جه‌سته‌شمه‌وه‌ ده‌م نا ده‌مێ قۆڵ له‌ قۆڵی یاده‌كانتا پیاسه‌ی ئێواره‌یه‌كی لێڵم. 

ئا‌زیزم ئه‌شێ ته‌مه‌ن له‌وه‌ كورتتر بێ كه‌ به‌ شادبوونه‌وه‌ت ڕابگه‌م. ژیانیش له‌وه‌ بێنرختر نابێ كه‌ من دوور له‌ تۆ تیایا هه‌ڵ بكه‌م. خه‌سڵه‌تێكی مرۆڤ، له‌بیرچوونه‌وه‌یه‌، ڕاسته‌، من تا گومڕابوون بڕوای پێ ئه‌كه‌م، به‌ڵام ساتێك له‌یادكردنی تۆ درۆیه،‌ ئه‌توانم بێگومانت بكه‌م!


هه‌نووکه‌، ڕه‌نگه‌ گرنگ نه‌بێت باسی ڕابردووت بۆ بکه‌م، هه‌موو جووڵه‌ و سووتانه‌ په‌پووله‌ئاساكانت له‌ خۆما هه‌ڵئه‌گرم، دڵه‌ڕاوكێ و به‌سه‌ربردنی زه‌مه‌نێك له‌ مێرده‌زمه‌دا هه‌ر به‌ خۆم ئه‌بڕم. نا باس له‌وه‌ ناكه‌م كه‌ ڕۆیی و ئه‌شمویست داستانی خاڵیبوونه‌وه‌ی دارستان و پیربوونی دارمێوه‌كانت بۆ بنووسمه‌وه‌، گه‌ره‌كم بوو گشت ئه‌گه‌رێكی داهاتووت له‌م دێڕانه‌دا بۆ چڕ كه‌مه‌وه‌، هێشوو هێشووی ڕه‌زی بیره‌وه‌ریمت پێ ئه‌زبه‌ر كه‌م و خوڕ خوڕ ئێستامت بۆ بهۆنمه‌وه‌ ...

بڵێ چی؟ دوێنێشه‌و له‌ خه‌ومدا تۆ دوو كه‌س بووی، مناڵیت هه‌ر له‌گه‌ڵ مندا سه‌رگه‌رمی ڕه‌هاكردنی ڕاز و یاریکردن بوو! گه‌وره‌ییشت چه‌ند هه‌نگاوێ له‌ولاتره‌وه، به‌هۆی سه‌رقاڵی و جه‌نجاڵی ژیانه‌وه‌، ته‌نیا منی له‌ خه‌یاڵدا نه‌بوو! كه‌ به‌خه‌به‌رهاتم دڵم زۆر ته‌نگ بوو، ده‌پرسم بۆ ئه‌بێت هه‌موو ده‌م شتگه‌لێ بكه‌ینه‌ قوربانی كۆمه‌ڵێ شتی دی، بۆ نابێ سه‌رجه‌می مافه‌كان بڵند ڕابگرین، ئه‌بێ حیكمه‌تی خاترگرتن و پاراستنی لایه‌نێك له ‌چیدا بێت، كاتێك ئازایه‌تی سه‌ره‌تا و كۆتاییی ئه‌و مانه‌وه‌یه،‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی پشتگوێخستن یان كه‌وتن و وردبوونی لایه‌نێكی تر بێ!؟ (تـۆ)م، ورد بڕوانه‌ چوارده‌وره‌كه‌ت، گوێبیستی دوورتر به‌ و دواجار ته‌نیا به‌ ناخی خۆتا ڕۆ بچۆ، گرنگه‌ بتوانین خۆمان بین، پێویسته‌ بێ سڵكردنه‌وه‌ به‌ته‌واوی باوه‌ڕه‌وه‌ كام هه‌ڵدێره‌ سه‌خته‌ بیگرین، ترسمان له‌ خزان و تێكشكان نه‌بێ، له‌ هه‌وڵدان ئۆقره‌مان نه‌بڕێ و ئاماده‌ی چه‌ند جار ده‌ستپێكردنه‌وه‌ بین!


چاوه‌كانم، له‌ ئێستامدا ئه‌وه‌نده‌ نزیك هه‌ستت پێ ئه‌كه‌م هه‌ر ئه‌ڵێی له‌سه‌ر جۆلانه‌ سپییه‌كه‌ی حه‌وشه‌كه‌ی خۆتانین و له‌گه‌ڵ گوژمدان و به‌ سروشتدانی ئه‌و خه‌مانه‌ی كه‌ له‌ ناخماندا ده‌ هێنده‌ی ته‌مه‌ن و باڵامان بوو، بۆت ئه‌دوێم، له‌ناكاو نیگام له‌سه‌ر ڕه‌نگی له‌پڕپه‌ڕیوت جێگیر ئه‌بێ‌، گلێنه‌م توێ توێ ئاو ئه‌یبا و به‌ پڕتاو خۆم ئه‌خه‌مه باوه‌شته‌وه‌. بیر له‌وه‌ ئه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ نازانم بۆچی هه‌میشه‌ خه‌می ئه‌وه‌م بوو له‌ وانه‌ی كیمیادا تۆش ببیته‌ گه‌ردیله‌ی په‌رشبووی ناو هه‌وا و چیدی بۆم كۆ نه‌بیته‌وه‌! زۆر ئه‌ترسام ئه‌گه‌ر له‌ ده‌می چوونماندا بۆ نانه‌واخانه‌ی (ئه‌مین) توند كه‌مه‌رت نه‌گرم، ببیته‌ مشتێ ئارد به ‌ده‌ستمه‌وه‌! له‌و ڕۆژه‌وه‌شی مامۆستای ئایین شایه‌تمانی فێر كردین و پێی وتین كه‌ ئه‌بێ هه‌موو شه‌وێ به‌ر له‌ نووستن بیخوێنین، من خه‌وم نه‌مابوو، چونكه‌ به‌ درێژاییی شه‌و شایه‌تمانم ئه‌خوێند له ‌جیاتیی تۆ، دایكم و باوكم، خوشك و براكانم، هه‌موو هاوڕێ، هه‌موو خزم، هه‌موو كورد و هه‌موو جیهانیش، نه‌كا نووستبن و له‌بیرتان كردبێ!! هاوڕێ گیان، هه‌نووكه‌ش زۆرێك له‌و دڵه‌ڕاوكێیانه‌ له‌ خۆمدا به‌دی ئه‌كه‌م، به‌ته‌نیا بووكه‌ په‌ڕۆیینه‌كه‌ی مناڵیشم ئه‌زانێ كه‌ به‌ ژماره‌ی ئه‌و هه‌ناسانه‌ی له‌ دووریی تۆ داومه،‌ بیـرت ئه‌كه‌م، ته‌نیا ئه‌و ئه‌زانێ چونكه‌ تا ئێستاش ماومه‌، شه‌وێك ئه‌یكه‌مه‌ تۆ، شه‌وێك ئه‌یكه‌مه‌ كێ و كێ و كێی تر و تا به‌ره‌به‌یان باسی بۆ ئه‌كه‌م!

من نازانم تۆ له‌ كوێیت و نامه‌ت بۆ ئه‌نووسم، نازانم له‌گه‌ڵ كێیت و ته‌نیا دێیته‌ هه‌ستم‌، خواستمه‌ باش بیت و گه‌ر ئێستا بووبیته‌ دایكی كۆرپه‌،‌ پـڕ خۆشه‌ویستیم پیرۆزباییت لێ ئه‌كه‌م! 


(به‌هه‌شت محه‌مه‌د ساڵه‌ح)
به‌دواتا ئه‌گه‌ڕێم


١/٢٠٠٦

ستۆكهۆڵم







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2044 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
پێویستمان بە دیالۆگی زیاترە، نەوەک مۆنۆلۆگی زیاتر.

/ستێفان گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

خەڵکی کوێی کوردستانیت؟




ڕیکلام
Banner