ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

تۆ له‌ کوێیت؟ ~ باران

به‌شی: چیرۆک
16 - 01 - 2015

هات بۆ تۆ بنووسێت ... وازی له‌ هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌ هێنا كه‌ ده‌ستیپێنه‌كردن و ته‌واو بوون! حیكایه‌تی (ئاو)ی به‌ چاوی سپارد و نهێنی پشت دێڕه‌كانی كرده‌ قوربانیی پارچه‌یه‌ك مۆسیقای غه‌مگین. به‌دیار گڕی مۆمێكه‌‌وه‌ ڕاهێنانێكی هێوركردنه‌وه‌ی ده‌روونیی ئه‌نجامدا و هێشتا هه‌ر تژیی بوو له‌ هه‌ردین(1)!


ده‌زانێت نیوه‌شه‌وی سبه‌ینێ له‌خه‌وێکی ناخۆش دا‌ده‌چڵه‌کێت و خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه‌، دوو په‌نجه‌ی له‌ هه‌ردوو لاچاوی توند ده‌كات و به‌ تاریکی ژووره‌که‌دا ده‌ڕوانێت، دڵی به‌ په‌له‌ لێده‌دات و زوو زوو له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت خوایه‌ باش بێت، ئارام نووستبێت، کێشه‌ی نه‌بێت و ناهه‌مواری نه‌یه‌ته‌ ڕێ، خوایه‌ باش بێت!

ئای خوایه،‌ قه‌ده‌ری ئه‌م كچه‌ ماندووه‌ چه‌ند له‌ قه‌ده‌ری ئه‌و کیژه‌ بچكۆلانه‌یه‌ی چه‌ند سه‌ده‌ پێش ئێستا ده‌چێت! كاتێک شه‌وانه‌ له‌رز و تا ده‌یگرت و له‌گه‌ڵ هه‌ستی ڕوودانی كاره‌ساتدا، چین چین ئاره‌قه‌ی ده‌رده‌دا ... یه‌زدانم ئه‌مه‌كێ، به‌گۆ بێ! ئاخۆ چاره‌نووسی كامیانه‌ له‌گه‌ڵ ژان موتووربه‌ بووه‌! دڵنیاش نیم ئه‌م هه‌ر ئه‌وه‌؟ یاخود ده‌شێت ئه‌و ئه‌م بووبێت؟! نا هه‌تا خۆیشی نازانێت! ئاخر ئه‌و زۆر جار ده‌پرسێت ئاخۆ جاران گه‌وره‌یه‌کی منداڵ بووه‌؟ یان ئێستا منداڵێکی گه‌وره‌یه‌؟ ئاخۆ ژیان له‌مێژه‌ له‌گه‌ڕ که‌وتووه‌ یان ئه‌م ده‌مێکه‌ ئه‌و درمه‌ی هه‌یه‌؟

ده‌یه‌وێت بۆ تۆ بنووسێت و خه‌یاڵی ده‌یباته‌وه‌ ئه‌وێ ... دێته‌ گوێی كاتێك‌ (مام ڕه‌سوڵ)(2) له‌سه‌ر سه‌ربانه‌ گڵه‌كه له‌سه‌رمانا‌ هه‌ڵكوڕماوه‌ و له‌ پیاده‌كانی ئه‌و كۆڵانه‌ ته‌نگه‌ ده‌پرسێت: شقارته‌ت پێییه‌، جگه‌ره‌یه‌كم بده‌یتێ؟!

له‌ویادا به‌ خێراییه‌كی سه‌یر چریكه‌ی (گریانمدێ هه‌ر به‌ هه‌وه‌س)ی (ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ)(3)ی لێ تێكه‌ڵ به‌ هه‌ناسه‌ی (پیر)ی سه‌ر سه‌ربانه‌كه‌ ده‌بێت. له‌ به‌راوردكردنێكی په‌له‌دا هه‌ست به لێكچوونێكی زۆری چاره‌نووسی دوو زات ده‌كات و له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت پێده‌چێت قسه‌ی ئه‌و پیاوه‌ ڕاست بووبێت كاتێك وتوێتی: شتێك نییه‌ به‌ ناوی ئێستا و داهاتوو، ئه‌وه‌ هه‌ر ڕابردووه‌ دووپات ده‌بێته‌وه‌ و كه‌مێك كاڵتر، كه‌مێك تێرتر خۆی ده‌نوێنێت!! 

په‌رش و بڵاو هه‌ست به‌ خۆی ده‌كات و ده‌خوازێت له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ تۆ، خۆی كۆبكاته‌وه‌. شتێك هانی ده‌دات وه‌ك دانپیانانێك پێت بڵێت: به‌ ناسكیی په‌پووله‌یه‌كه‌وه‌ دێمه‌ لات، به‌ئاگابه‌ له‌ خولیای به‌رزه‌فڕی باڵه‌كانم، من پڕم له‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگیی خه‌ون و تۆ بوویته‌ته‌ لووتكه‌ی ویست و هیواكانم!

دوودڵییه‌ك له‌ ئاماده‌گی تۆیه‌ یان له‌ وجوودت، له‌مه‌ په‌شیمانی ده‌كاته‌وه‌ و دێت بنووسێت: پێناچێت ئێمه یه‌كتری بناسین، ڕه‌نگه‌ هه‌ر قه‌تیش به‌ دیده‌نت ڕانه‌گه‌م !كه‌چی من واده‌زانم تۆ منت له‌وێ ون كرد، له‌ ڕێگای دوورگه‌یه‌كی دوور، به‌ سه‌فه‌رێكی كوورت! 

گه‌ر وابێت، تۆ ئێستا، ده‌شێت بۆم بگه‌ڕێیت؟ ئه‌گه‌ر ناش! له‌سه‌ر من پێویسته‌ به‌ئاگا بێمه‌وه‌.. 

به‌ئاگا دێمه‌وه! لێ بێقه‌رارانه‌ ده‌بزڕكێنم كه‌ناره‌كانی كامه‌رانیی چه‌نێك لێیان نزیك بیته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ لێت دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ ... هه‌ر ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی لێت هه‌ڵبێن، تا تۆ هه‌نگاوێك لێی ده‌چیته‌ پێش، ئه‌و هه‌نگاوێك ئه‌ولاتر ده‌که‌وێت! سه‌رده‌مێك پێموابوو به‌خته‌وه‌ریی له‌ ناخی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت و چوارده‌ور به‌ جوانیی ده‌ته‌نێت ... به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات جیاوازه‌، ئه‌وه‌تا هه‌ر دژه‌ته‌نی ده‌وروبه‌ره‌ و هه‌ره‌س به‌ كڕۆكت دێنێت. ئه‌وه‌تا گلێنه‌ی دییه‌ته‌ و بیناییت له‌ چاو ده‌ردێنێت. ئه‌وه‌تا زۆرت له‌سه‌ره‌ به‌ كام ئازار قورسه‌ ڕابێیت. ده‌نا چی ده‌که‌یت؟ ها؟ چی ده‌که‌یت؟

تكایه‌ گه‌ر هاتیت قسه‌ی قه‌ڵه‌وم بۆ مه‌كه‌، هه‌مووییم له‌به‌ره‌. ده‌زانم، منیش ده‌توانم به‌ قسه‌ بتگه‌یه‌نمه‌ ئه‌وپه‌ڕی. به‌ڵام باوه‌ڕ بكه‌ دواجار ئه‌و قسانه‌ هه‌ر بۆ كتێب جوانه‌ و بۆ دیمه‌نی فیلمێكی سینه‌مایی! لێ ئێمه‌ لێره‌دا نه‌ ئه‌كته‌ری هۆلیودین و نه‌ ‌كتێبنووس، ئێمه‌ ڕاشكاوانه ده‌ژین! 

ئا، ده‌زانیت له‌ كتێبدا چه‌ند جوانه ‌گه‌ر بۆ نموونه بنووسیت: خۆشه‌ویستی په‌رجوو(4) ده‌خوڵقێنێت! ئه‌م دێڕه‌ چه‌نێك به‌چه‌شنی خوێ ده‌ڕژێته‌ چاوم، ئه‌وه‌نده‌ش ده‌مخاته‌ سه‌ر گازه‌رای پشت و قاقا به‌ پێكه‌نینم ده‌هێنێت. ئازیزم ئه‌م ڕۆژانه‌، به‌خته‌وه‌ریی، هه‌ر له‌ سێبه‌ری خۆت ده‌چێت، چه‌نێك پێتوایه‌ نزیكه، چه‌نێك ده‌ڕۆیت و نایگه‌یتێ ... به‌ڵام .......... تۆ له‌ كوێی؟


هه‌ردین(1)؛ به‌ مانای (په‌ستبوون) دێت.
مام ڕه‌سوڵ(2)؛ پیاوێكی پیری ته‌نیا بوو له‌سه‌ر سه‌ربانی (گه‌رماوی موفتی) ده‌ژیا و هه‌ر له‌وێش گیانی سپارد.
ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ(3)؛ هونه‌رمه‌ندی به‌ڕێز و گۆرانیبێژ، كه‌ زۆربه‌ی ژیانی له‌ توونی گه‌رماوێك به‌سه‌ربرد.
په‌رجوو(4)؛ واتای (موعجیزه)‌ ده‌دات.


١٧-٢-٢٠٠٩
ستۆكهۆڵم







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1364 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
ژیان پێیوتم؛ تۆ بەختەوەر دەبیت، بەڵام سەرەتا دەبێت بەهێزتکەم.

/ تۆماس گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

خەڵکی کوێی کوردستانیت؟




ڕیکلام
Banner