ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

کاتژمێرەکە دەڵێت چک چک ~ باران

به‌شی: چیرۆک
16 - 01 - 2015

ئاوەز ماندووەکە، بە سیمای پڕ لە میهر و بە دڵە ناسکەکەیەوە، لە منداڵ دەچێت. وەک پیرێکی دونیا دیدەش لەوسەری هەموو گەشتەکانییەوە هاتووەتەوە. 


ئەو سی زستان و پایز و بەهار و هاوینی بینیوە و تەنها سەرما لە جەستەیدا ماوەتەوە. ئەوەتا بەدیار دۆڵابی کەلوپەلەکانییەوە دانیشتووە، هەڵدەلەرزێ و داڵغەی بۆ دوور ڕۆیشتووە. 

من بە بیانووی تەماشاکردنی وردەواڵەکانییەوە کە زیاتر ملوانکە و ئەنگوستیلەی زیوینن، دەچمە لای. ئەو بە دەستی ڕاستی، مەچەکی چەپی تووند دەگرێ و لەبەردەم خۆیەوە دەڵێت:
ــ کاتژمێرەکە ئێستا لەوێ دەڵێت چک چک ...
+ کام کاتژمێر؟ لە کوێ؟
ــ کاتژمێرە دەستییە گرانبەهاکەم، ئەوەی کە تازە کڕیبووم. لەوێ لە جێژووانەکەمان، پێچام لە دەستەسڕەکەی ئەوەوە و لە ژێر خاکی بن درەختەکەدا، چاندم. 
+ ئەوە چەنێک بەر لە ئێستا؟
ــ بۆ شەش ساڵ دەچێت.
من لە دڵی خۆمدا وتم:
+ دەبێت دەمێک بێت لە کار کەوتبێت و شێ و تەڕایی ژێر زەوییەکە ژەنگیشیان پێهەڵهێنابێت. 
ئەو وەک ئەوەی گوێی لێم بووبێت، چاوەکانی فرمێسکیان تێزا و وتی:
ــ ئەو جێیە دەبێت هەر زیندوو بێت، کاتژمێرەکەم ئێستاش لە ژێر خۆڵی بن درەختەکەدا لێدەدا، لێدەدا وەک لێدانی ئەڤین لەناو دڵمدا.
شەرمم لە بێمروەتی دونیا کرد، تەزوویەک بە سەرتاپای لەشمدا هات و دەستیم گرت، شوێنی کاتژمێرەکەی و دەماری دڵیم لە ژێر مەچەکی چەپیدا ماچ کرد ... 

May 2014 
ستۆکهۆڵم
 








ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2214 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ