ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

شاشتین لیلەمور ئێکمان (ئەدەبی سویدی) ~ و/ باران

به‌شی: چەپک
16 - 01 - 2015

شاشتین ئێکمان، ساڵی ١٩٣٣ لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٩ دەستی بە ڕۆماننووسین کردووە.

ساڵی ١٩٧٨ وەک ئەندامی (ئەکادیمیای سویدی) هەڵبژێردراوە بەڵام لە ساڵی ١٩٨٩ دا، ئەکادیمیای سویدی بەجێیهێشتووە.


یەکێک لە شاکارەکانی، زنجیرە ڕۆمانی (ژنان و شار)ە، کە ڕەنگدانەوەی سەروەختی دروستکارییە لە سوید. ئەو لە چوار ڕۆماندا وەسفی کاری ژن دەکات بە خۆشحاڵی و خۆبینینەوەیانەوە.
شاشتین زۆر جار لە ڕووداوی ڕۆژانەوە پێهەڵدەنێت. ڕەنگە ئەمە هۆکارێک بێت بۆ بوونی بە یەکێک لەو نووسەرە سویدییانەی کە زۆرترین خوێنەریان هەبێت.
ئێکمان زۆر خەڵاتی گەورەی ئەدەبیی وەرگرتووە. لەوانە: خەڵاتی ئاگوست لە ساڵانی ١٩٩٣ و ٢٠٠٣دا و هەروەها خەڵاتی پیلۆت لە ساڵی ١٩٩٥دا.

گفتوگۆ

+ گرنگترین هۆکاری نووسینی تۆ چییە؟
شاشتین ئێکمان: لە ڕاستییدا هەرگیز بیرم لە هۆ نەکردووەتەوە، نووسین بۆ من بە سروشتیی دەبارێت، وەک چۆن مەلەکردنی بۆق سروشتییە.

+ لە چی نووسەرێتیت زۆر ڕازیت.
شاشتین ئێکمان: لەوە زۆر ڕازیم کە خەریکی نووسینم. بۆ ئەمەش سوپاسی خوێنەرەکانم دەکەم، مرۆڤ دەبێت شتێکی هەبێت پێی بژی. کارەکانم تەنها هی خۆمن، کەس نابێت پێمبڵێت دەبێت چی بکەم. من لە وڵاتێکدا دەژیم کە کەس سنوور و هێڵی قەدەغەکردن بۆ نووسینەکانم دانانێت. تەنانەت پێویستم بە پەیوەستبوون بە حەقیقەتیشەوە نەبووە، بەڵکوو لە جیهانی وا دا خۆم نووسیوەتەوە کە هەر نەشمزانیووە هەن.

+ کام کتێبەت زۆرترین مانا و بایەخی هەیە لات؟
شاشتین ئێکمان: ئەو کتێبەیان کە خەریکی نووسینی دەبم. هەمیشە ئەو کتێبە زۆرترین نیگەرانی و دڵخۆشییم پێدەبەخشێت. ئەوەی کە پێشتر نووسیومە، زۆر گرنگ نییە لام لە کاتێکدا کە من کتێبێکی ترم هەیە بیری لێبکەمەوە و دەریبکەم.

+ چ نووسەرێکی تر، بۆ تۆ، زۆری گەیاندووە؟
شاشتین ئێکمان: دەتوانم ئەوە بەوە هەڵبسەنگێنم کە بە بەردەوامی دەچمەوە سەر کتێبی کێ لە کتێبخانەکەمدا. پێموابێت: تۆماس مان، یوهان وۆڵفگانگ، یالمار سوێدەرباری، یالمار باریمان ... بەڵێ ئەمانە و زۆری تر لە نووسەرانی خاوەن کتێبی باش و ئەستوور، کە وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، بە نووسین، لە بەخشینی بێسنووردان.

+ ئەگەر بتوانیت تەنها سێ کتێب لە جیهانی ئەدەب ڕزگار بکەیت، چ کتێبێک ڕزگار دەکەیت؟
شاشتین ئێکمان: پێویست ناکات هیچ کتێبێکی جیهانی ئەدەب ڕزگار بکەم. ئەوان لەسەر (پڕۆژەی گۆتنبێرگ) هەن، (کتێبخانەیەکی ئەلەکترۆنی سەر تۆڕی ئینتەرنێتە*). 
سیانی ئامادە کە تازە دامبەزاندوون: (کتێبی جەنگەڵ / ڕودیار کلیپلینگس)، (دڕک / هەرمان بانگس)، (حیکایەتی زستان / ئێلین). هەفتەی داهاتوو ڕەنگە سێ کتێبی تر بێت.


+ ئێستا کە کتێبێکی تازە چاپکراوت، لەبەردەمتدایە، هەستت چۆنە بە لەدایکبوونی ئەم منداڵەت؟
شاشتین ئێکمان: نووسین کارێکی ئاڵۆزە، کۆکردنەوەیە. ماندوویەتی و گەڕانی زۆر، لە کۆتاییەکانیشیدا، تەنها هەڵەکانی دەقەکە دەبینیت، ئەوجا بە دوای پارچە پارچە و وردەکارییەکانییەوە عەوداڵ دەبیت تا ڕۆژێک کتێبەکە بە ئامادەکراوی لە بەرگێکدا، وەک بوونێکی زیندوو، لەبەر دەستتدا دەبێت. ئەو کاتە بۆ یەکەم جار، هەموو شتەکان پێکەوە، بەرجەستە دەبن. لە دوای ئەمە هەست بە خۆشی دەکەیت، بەڵێ، حاڵەتێکی جوانە. ئەمڕۆش بە درێژایی چل ساڵەوە، بە بوونی ئەم زیندەوەرە لە دەستمدا، هەمان هەستی خۆشییم هەیە.

+ تۆ، نزیکەی هەموو خەڵاتە ئەدەبییەکانت وەرگرتووە، جگە لە خەڵاتی نۆبڵ.
شاشتین ئێکمان: خەڵات زۆر جار مانای پارەیە و وا دەکات ماوەیەک لە ڕووی بژێوی و توانای داراییەوە، هێمن و بێخەم بیت. دوای ئەوەش، نرخەکەی لەوەدایە کە لیژنەی دادوەران کێ بوون. ئەو کات بە خۆت دەڵێیت “ئۆهـ من ئەو خەڵاتەم وەرگرتووە، واتە ئەو کەسانە کتێبەکەمیان خوێندووەتەوە!”.

+ تۆ لە کۆمیتەی نۆبڵدا دانیشتوویت بەڵام حەزت لە خەڵاتی نۆبڵ نییە؟
شاشتین ئێکمان: ئێستا کە ئەوە تێپەڕیوە و من لەو شوێنەدا کار ناکەم. دەتوانم بڵێم دیاردەیەکی تەواو گوماناوییە. ژیانی زۆر کەس لەو پێکدادانی خەڵاتی ئەدەییبە جیهانییەدا وێران دەبێت. هونەر وەها بەراورد ناکرێت. چی خراپە و چی باشە؟ سەربارەت بە خۆم، دڵخۆشم کە نووسینەکانم کردوومی بەوەی کە هەم، نەک ڕێکەوتێکی بەختدارانە.

+ لە دوای شەڕەکەی سەلمان ڕوشدی، ساڵی ١٩٨٩، بەڕێزت، ئەکادیمیای سویدت بەجێهێشت. ئایا تا ئێستاش کورسییەکەت بە بەتاڵیی ماوەتەوە؟
شاشتین ئێکمان: بەڵێ. نازانم تا کەی وا دەمێنێتەوە بەڵام نامەوێت ئێستا لەو بارەیەوە قسە بکەین.

+ ئایا بۆ ژنێکی ٦٦ ساڵ، قورسە بەرهەمی ئیرۆتیکی هەبێت؟
شاشتین ئێکمان: بۆچی دەبێت قورس بێت؟ خوا، چەند تامەزرۆم، لە ژێر درەختی کتێبە تازەکەمدا، دەربارەی ئەو شێواز و خۆشویستنە بنووسم. ئەو باسانە ئێستا خۆشترە. 


ڕۆمانی “کۆتایی مەزن لە کەرتی گاڵتەجاڕیدا”

((لەم ڕۆمانەی شاشتین ئێکماندا، کارئەکتەری خەیاڵیی (لیلەمور ترۆی)، وەک نووسەرێکی بە توانا و ژیر ناسراوە و سەرنجی خوێنەرانی ڕاکێشاوە بەڵام لە پڕێکدا ئەم وێنە جوانەی تووشی هەڕەشەی شێواندن دەبێت، ئەوەش بەوەی کە کەسێکی ناسیاوی، کتێبێک لەسەر چۆنێتی ژیانی ڕاستەقینەی (ترۆی) دەنووسێت.  
بەسەرهاتەکانی چیرۆکەکە گێڕانەوەی شەست ساڵ و ئاوێنەی ژیانی دوو ژنی زۆر لە یەکتری جیاوازە لەگەڵ باسکردنی ویستگەکانی ڕاستی و درۆ و تەنهایی گشتی و بارودۆخی نووسەرێتی.))

شاشتین ئێکمان لەم ڕۆمانەیدا دەمبات بۆ گەشتێکی نایاب، بە ناو دونیای چاپەمەنی و نووسەران و جیهانی ڕەخنەگراندا. ئەو خاوەنی مەملەکەتێک وشەیە کە من لە ئەدەبی ئاساییدا بەدیناکەم، ئەمەش خوێندنەوەی بابەتەکانی ئێجگار خۆش و پڕ چێژ کردووە.

هەموو شت لەوێوە دەستپێدەکات کە خاوەنی چاپخانەکە، نووسەری بەناوبانگ و ئەندامی ئەکادیمیای سویدی (لیلەمور ترۆی) بانگهێشت دەکات و لۆمەی ئەوەی دەکات کە دەستنووسەکەی لەژێر ناوێکی خوازراودا ناردووە بۆ چاپخانەیەکی دی.

خاوەنی چاپخانەکە دەستنووسەکەی بە پارەیەکی زۆر لە چاپخانەکەی تر کڕیوەتەوە و بە پەستی و نیگەرانی بە نووسەرەکە دەڵێت: تۆ نابێت ئەمە چاپ بکەیت. 

خاتوونە نووسەرەکە، داوا دەکات، دەستنووسەکەی بداتێ بیخوێنێتەوە. پاش ناردنی بۆ ژوورێکی خوێندنەوە، بە تووندی ئاگاداری دەکەن کە بۆی نییە نووسراوەکە بباتە دەرەوەی بیناکە. ئەو تێدەگات چی ڕوویداوە، بۆیە بە دزییەوە دەڕواتە دەرەوە. دەیەوێت بە هێمنی دەقەکە بخوێنێتەوە و بیربکاتەوە چۆن ڕێ لەو کارەساتە بگرێت.

لیلەمور ترۆی تەلەفۆن بۆ چاپخانەکە دەکات و دەڵێت کە سەفەری کردووە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو لە شوقەکەیدا، بە دەستنووسەکەوە خۆی حەشارداوە. ترۆی دەزانێت ئەوەی ئەو دەقەی نووسیووە (باڕبڕو ئاندەرسسۆن)ە. ئەو نووسەرەی زیاتر لە پەنجا ساڵ بە نووسینی کتێب، کاریان پێکەوە کرد. پێکەوە کارکردنێک بۆ سوودی هەردوو لا. دیارە بەبێ (لیلەمور) کە لە ڕۆشناییدا دەردەکەوت و هەڵدەستا بە پاکنووسکردن و چاککردنی نووسینەکان و بەبێ (باڕبڕو)ش کە دەقەکانی دەدۆزییەوە و چیرۆکەکانی کۆدەکردەوە، هیچ کتێبێک بەرهەمنەدەهات. ئەوان قەت هاوڕێ نەبوون و هەندێکجار بۆ ماوەی زۆریش لە یەک دوور دەکەوتنەوە بەڵام هەمیشە داهاتەکانیان بە یەکسانیی دابەش دەکرد.
لەو کاتەدا کە لیلەمور دەستنووسەکە دەخوێنێتەوە، سەرزەنشتی خۆی دەکات کە چۆن هەموو شتێکی تایبەتی خۆی باسکردووە و تێدەگات کە باڕبڕو چەند بە باشی گوێیگرتووە. باڕبڕو هەرگیز باسی هیچ شتێکی خۆی نەکردووە. لیلەمور بەردەوامە لە خوێندنەوە و دەروونی ژان دەکات.

سەروەختی چیرۆکەکە، لە ساڵانی پەنجاکانەوە تا هەنووکەیە و لەو ناوەندەشدا ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەکانی ژیان دەبینینەوە. ئەم ڕۆمانە، بەرهەمێکی خەیاڵیی و پڕ ئەندێشە و تەنزئامێزە و گەنجینەی وشەکانی شاشتین ئێکمان وایکردووە لەم کارەدا چێژی تەواو لە زمانی نووسینەکەی ببینرێت.

لە سەردەمی ئەمڕۆدا نووسینی هاوبەش مۆدەیەکە. ئێستا زۆر نووسەر هەن حەز دەکەن دوودوو بنووسن، بۆ نموونە (کامیلا گرێبی و ئۆسا ترێف)، (ئەلیکساندرا کۆیلۆ و ئەلیکساندەر ئەندۆریل)، (ئاندێش ڕوسلوند و بیۆرێ هێلسترۆم). ڕەنگە زۆری تریش هەبن کە ئێمە دەربارەیان نازانین.

شاشتین ئێکمان، سوپاس بۆ ئەو ڕۆمانە پڕ چێژ و فرە جوانە.


خەڵات و فیلم 

شاشتین ئێکمان بۆ ڕۆمانی (کۆتایی مەزن لە کەرتی گاڵتەجاڕیدا)، ساڵی ٢٠١٢ (خەڵاتی کەسێتی ئیڤار لۆ یوهانسسۆن)ی پێبەخشرا. ئەم خەڵاتە ئەدەبییە سویدییە، لە ئاستێکی باڵادا، لە دوای خەڵاتی نۆبڵەوە دێت و نرخەکەی ٣٣٠٠٠٠ کرۆنە. 

هەروەها بڕیاردراوە ئەم ڕۆمانە بکرێتە فیلم و (شاشتین ئێکمان) لەگەڵ (ئانیکا تور)ی نووسەردا، سیناریۆی فیلمەکە بنووسن، بەو نیازەی فیلمەکە لە ساڵی ٢٠١٤دا نمایش بکرێت. 


ئامادەکردن و وەرگێڕانی: باران
سازدەری گفتوگۆ: هاننا گلانشۆلم و پێتەر وێنمان
دەربارەی ڕۆمان: ڤیۆلا کۆندراکی
سەرچاوە: Litteraturmagazinet & Aftonbladet


ئەم بابەتە لە ژمارە (٥)ی گۆڤاری ئەدەبی سەردەمدا بڵاوبووەتەوە.*







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2484 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ