ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

ماتس کێمپێ (ئەدەبی سویدی) ~ و/ باران

به‌شی: چەپک
16 - 01 - 2015

“دەق پێویستی بە لێوەشاوەییە، دەبێت لە شتێک بکۆڵێتەوە و خۆی لە پشت زانینەکانەوە بنووسێتەوە.” 

ووسەر و چیرۆکنووسی سویدی (ماتس کێمپێ) ساڵی ١٩٦٦ لەدایکبووە. یەکەم کۆچیرۆکی بە ناوی (من هەرگیز خەونەکانم بیر نامێنێت) وەک کتێب، لە ساڵی ١٩٩٦ دا بڵاوبووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە چەند ڕۆمانێکی شایستەی هەیە، بەردەوام گەڕاوەتەوە سەر نووسینی چیرۆک و شێوازی نووسینی دەکرێت وەک لیریکی (غنائی) بناسرێتەوە، هەڵبەت ئەمە بە ڕوانگەی تایبەتی خۆیەوە کە تیایدا نەگوتراوەکان زۆرترین مانایان هەیە! 

ماتس کێمپێ جگە لە نووسەرێتی، وەرگێڕانیش دەکات و ئێستاش یەکێكە لە دادوەرانی (خەڵاتی ئەدەبیی ئەسترید لیندگرێن)، ئەو مامۆستای پەیمانگا بووە و لە کتێبخانەی گشتیش کار دەکات. (ماتس) هاوسەری (کریستینا ساندباری) نووسەرە و پێکەوە لەگەڵ دوو کچەکەیان و پشیلەکەیان لە ستۆکهۆڵم دەژین. 

(ماتس) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بنکەی خەڵاتی ئەسترید لیندگرێن (ALMA) 

ــ بە کوورتی پێمان بڵێ (ماتس کێمپێ) کێیە؟ 

ماتس کێمپێ: من خۆم وەک گەیەنەر دەناسم. لە قوتابخانەوە دەستم پێکرد، سەرەتا وەک خوێندکار و دواتر وەک مامۆستا. هەمیشە ئارەزوومکردووە شت بدۆزمەوە و بە ناو خەڵکدا بڵاوی بکەمەوە. حەزیشم لەو ڕۆڵەی خۆم کردووە، چ وەک مامۆستا و چ وەک نووسەر و لێکۆڵەر، هەروەها وەک کارمەندی کتێبخانەی گشتیش. دۆزینەوە و دانانی کتێبی تازە، کونجکۆڵییەتی و حەزی زانینە و نووسەرێتیی بۆ ئەمە ڕامدەپەڕێنێت. 

ــ تۆ کە لە دونیای کتێبخانەدا کار دەکەیت و چەندین ساڵە ئەزموونت لەوەدا هەیە کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هاندەری خوێندنەوەیت، پێتوایە چۆن کتێب لە وڵات و کولتووری جیاوازەوە، خوێنەرەکانیان دەوڵەمەند دەکەن؟ 

ماتس کێمپێ: پێش هەموو شتێک، بە باوەڕی من، دۆزینەوە و گەیشتن بە ئەدەبی باش و تازە، لە فراوانکردنی تێڕوانینەکانەوە دەستەبەر دەبێت. من خۆم لەم چەند ساڵەی دواییمدا، ئەدەبی ئاسیایی و ئەفریقی، زۆرترین بەخششیان بە ئەزموونی خوێندنەوە پێشکەش کردووم. زۆر کتێبی سەرنجڕاکێش هەن، لە سوید دەستناکەون، هەندێکیان وەرگێڕدراویشن بۆ سەر زمانی سویدی بەڵام ناگەنە دەست خوێنەرە شیاوەکانیان. ئەمڕۆ بازاڕی کتێب زیاتر سەرنجی لەسەر ئەدەبی خۆماڵی و ئینگلیزییە، ئەمەش بە هۆی فرۆشیارییەوەیە بەڵام من وەک کارمەندی کتێبخانە، دەزانم کە داخوازی و کونجکۆڵی بۆ خوێندنەوەی ئەدەبی هەموو جیهان زۆر زۆرە. من هەست دەکەم ئەدەبی وڵاتانی تری ئەورووپاش بە ئاسانی پەنا دەکەون، ئەو ئەدەبەی وەریشدەگێڕدرێت ناخرێتە سیاقی تەواوی نووسەرێتییەوە و لەگەڵ ئاڕاستە و جەرەیانی فیکری نێونەتەوەییدا دانانرێت. ئەمانە هەندێک جار وەک ناونیشانی تاک و تەرا بۆ ماوەیەکی کوورت لە کتێبفرۆشییەکاندا دەمێننەوە. لە کتێبخانە گشتییەکانیش یان دەکەونە ناو گۆڤارەکانەوە یان بەر بێژنگ دەکەون. دیارە زۆر جار کتێبی زۆر باشیان تێدایە کەچی کەمجار بۆیان هیواشکاو دەبین. بەڵێ بەداخەوە هەستم بەمە کردووە بەڵام ئەرێییانە هەستیش دەکەم خەریکە ئەم دیاردەیە گۆڕانی بەسەردا دێت ...
شتێکی تر لە خوێندنەوەی ئەدەبی جیاوازدا، دۆزینەوەی شێوازی گێڕانەوەی ترە لە ئاڕاستە و نەریتی ئەدەبی گەلانی تردا. من چونکە خۆشم نووسەرم، ئەم پەیبردنە زۆر بە جۆش و خرۆشە بۆم و هەمیشە بیرۆکە و ئیلهام لە ئەدەبی جیهانەوە وەردەگرم. 

ــ چ شتێک کتێب دەکات بە کتێبێکی باش؟ 

ماتس کێمپێ: دەق پێویستی بە لێوەشاوەییە، دەبێت لە شتێک بکۆڵێتەوە و خۆی لە پشت زانینەکانەوە بنووسێتەوە. بۆ من نەوای دەنگی گێڕەرەوەکەش گرنگە، تا ئەو ئاستەی بە درێژایی خوێندنەوەی کتێبەکە، بخوازم لەگەڵ کەسی گێڕەرەوەدا بم. ئەگەر حەزم لە گێڕانەوەیەک کرد، دەگەڕێم هەموو کتێبەکانی ئەو نووسەرە دەخوێنمەوە، ئەگەرچی سەرجەم کارەکانیشی درەوشاوە نەبن. لێرەدا جۆرێک لە وتووێژ دروست دەبێت کە تیایدا شوێنکەوتنی پرۆسەی نووسینی نووسەرەکە گرنگترە لە بەدوادا چوونی تاکوتەرای کتێبەکان. 
بەڵێ کتێبی باش لە لای من، ئەو دەقە لێوەشاوەیەیە کە پڕێتی لە جوڵە و ژیان و پشکنینە لە بەدواداچوونی گۆڕەپانی ئەدەبیی نوێدا. هەروەها گێڕانەوەکەشی دەبێت وەها بێت، تا کۆتایی خوێنەر لەگەڵ خۆی ببات. 

سەبارەت بە کتێبی ئەدەبی منداڵان و هەرزەکاران، پەیوەندی نێوان دەق و وێنەکان گرنگن. لەبەر ئەوەی وێنەکان جوڵە و ژیانێکی تەواو تازە دەدەن بە نووسینەکە. من خۆم ئەو کتێبی منداڵانانە زۆر نزیکە لە دڵم کە وێنەی کێشراویان زۆر تێدایە، لە وێنەکاندا زیاتر لەوە کەشف دەکەیت کە بە دەق نووسراون. بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش لە خەیاڵی مندا ئەوەیە ئەگەر کتێبی گەورەکانیش وەک کتێبی منداڵان و هەرزەکاران، پێبەپێی دەقەکان وێنەیان بۆ بکێشرایە! 

ــ وەک یەکێک لە تازە دادوەرانی (خەڵاتی ئەسترید لیندگرێن) کە گەورەترین خەڵاتە لە جیهاندا، بۆ باشترین کاری ئەدەبی منداڵان و هەرزەکاران، چۆن لە ئەرکی خۆت دەڕوانیت؟ 

ماتس کێمپێ: کارەکەم زۆر خۆش دەبێت. باشترین هەستی ئەوەیە لە پانتاییەکی بەرفراواندا، لە ئەدەبی جیهانیی ئاگادار دەبم. کەشفکردنی کاری تازە و گەیاندنی بەوانی دی، ئێجگار دڵخۆشکەرە. پێشبینی ئەوە دەکەم کە هاوکاردەبم لە دۆزینەوەی ئەو خەڵاتوەرگرە نوێیانەدا کە کارەکانیان زۆرترین سەرنجڕاکێشی جیهانیی بەدەست دەهێنن. هیواداریشم بتوانم کۆمەککەر بم لە ڕاکێشانی سەرنجی زیاتر بۆ هەریەک لە خەڵاتوەرگر و خەڵاتەکەش. 

ــ بۆ گەشتی ئەم هاوینەت، چ کتێبێک لەگەڵ خۆت دەبەیت؟ 

ماتس کێمپێ: کتێبی (ژیان بەرەو دوا)ی پێر نیڵسسۆن، بەڵام هەڵبەتە چاوەڕێی لیستی کاندیدە هەڵبژێردراوەکانی ئەمساڵیش دەکەم! 

گفتوگۆی (کێمپێ) و کتێبخانەی ئادلیبریس 

ــ هەمیشە لە کتێبەکانتدا، خوێنەر خۆی لە کەسایەتی پاڵەوانەکاندا دەبینێتەوە، وەک ئەم حەوتەمین کتێبەت بە ناوی (ئەوەی ئێستا لە بیرمە)، کە پێکهاتووە لە شانزە کوورتە چیرۆک و زۆربەی کارەکتەرە سەرەکییەکان گەنجن و ڕووداوی زۆر لە چیرۆکەکانیش لە دەوری قوتابخانەیەک دەسوڕێنەوە. پرسیاری ئێمە ئەوەیە، چی وا دەکات ئەو ژینگەیە ئەوەندە بەسەرهات بگرێتەوە؟ 

ماتس کێمپێ: ئاشکرایە ساڵەکانی قوتابخانە، لە ژیانی ئێمەدا، زۆر کوورتە و زۆر قووڵیش مۆرکی خۆیمان تێدا دادەکوتێت. بە نیگەرانییشەوە، دەمەکانی خوێندنگا، زۆر جار بڕیاردەر دەبن لەسەر ئەوەی لە ژیانی داهاتوودا، چ ڕۆڵێکمان بەربکەوێت. قوتابخانە وێنەیەکی خۆمان پێدەبەخشێت کە زۆر ئاستەمە دووا ساڵ و پاش جێهێشتنی قوتابخانەش، بتوانین لێی ڕزگارمان ببێت. ئەمە تا ئەو ڕادەیەی کە دەکرێت، لە تەمەنی گەورەییدا، تەنها بینینەوەی هاوڕێیەکی مەکتەب، بەس بێت بۆ ئەوەی فڕێبدرێینەوە ناو ڕۆڵە کۆنەکەمان، لە کاتێکدا ئەمە نەدەبوو ئاوها بێت. 

ــ لە هەموو چیرۆکەکانی ئەم پەرتووکەتدا، لە ناوەڕاستی واقیع و نووسینەوەی ئازارەکاندا، هێدی هێدی بە چوونە ناو کەرتێکی تایبەت، بە ئەفراندن، ڕووانگەی بەسەرهاتەکان وەردەگێڕی و هاوکاتیش وەرچەرخانەکە زۆر سروشتی و باوەڕپێکراو هەست پێدەکرێت. ئەم هەڵبژاردنەت چۆن کردووە؟ 

ماتس کێمپێ: ئەگەر لە نووسینەکەمدا، کەسایەتییەکی شاعیرانەم هەبێت، دەبێت هەوڵ بدەم ئەوە بکەم کە پێشتر ڕێم بە خۆم نەداوە بیکەم، جا ئەگەر ئەو نەکردنە لەبەر ئەوە بووبێت کە پێشتر بابەتەکەم بۆ ئەدەب بە شیاو نەزانیبێت یاخود پێموابووبێت کە توانام بەسەریدا ناشکێت، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی باس لە نووسینی بەیتێک یاخود میتافۆڕێک بکەم. هەمیشە کتێبەکانم بە ریالیستی ژیان و واقیعی کۆمەڵایەتییەوە ناسراونەتەوە، لەم کۆچیرۆکەدا بە بەجێهێشتنی ریالیست خاڵێک چوومەتە پێشەوە. ئەمەش ڕەنگە سوودی ئەدەبی دەرەوەی ئەورووپا و ئەدەبی جیهانیی منداڵان بێت کە لەم ساڵانەدا بایەخی خۆمم بۆیان تەرخانکردبوو. 

ــ چمکێکی گرنگ لە کتێبی (ئەوەی ئێستا لەبیرمە)دا، باس لە نووسین و بەهەمهێنان دەکات، دەربارەی ئەوەی کێ خاوەن قەڵەمە و دەکرێت گێڕانەوە چ دەسەڵاتێکی هەبێت، هەروەها ئەوەی کە زۆر لە کەسەکان خۆیان بە بێدەسەڵات دەبینن و هەستدەکەن لە لایەن کەسانی ترەوە بەڕێوەدەبرێن. ئایا ئەمە شتێکە کە تۆ دەتەوێت سەبارەت بە ئەمڕۆی پڕ بەسەرهات بیڵێیت؟ 

ماتس کێمپێ: لەگەڵ کاتدا، من زیاتر ناڕەحەت بووم بەرامبەر بەوەی چ دەسەڵاتێکم بەسەر کارەکتەر و چیرۆکەکانمدا هەیە. هەر بۆیە لەم دە ساڵەی دواییدا، مەبەستم بووە بە ئاگاییەوە ئەو ئەدەبە خەیاڵییە بتەقێنمەوە، ئەمەش بەوەی لێپەیدابوون و سەرهەڵدانی خودی دەق، لە دەق خۆیدا بنووسمەوە. پێموایە بەم شێوەیە نووسین زیاتر ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو و ئارەزووکێشتر دەبێت. لێرەدا من تێکستەکانم زیاتر وەک پێشنیاری بەسەرهاتەکان دەبینم، نەک وەک بەرهەمهێنانی خەیاڵێکی ڕاستەقینە. هەڵبەتە ئەمە خستنەڕووی کێشەیەکە کە دەمخواست ئەمڕۆ لە کۆمەڵگاکەماندا، زیاتر گفتوگۆی لەسەر بکرایە ... 

لە کوورتە وتووێژێکی تەلەفزیۆنییدا 

سەبارەت بەوەی (ئەلیس مۆنڕۆ)ی چیرۆکنووس خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بۆ ساڵی ٢٠١٣ وەرگرتووە، (کێمپێ) دەڵێت: 

هەڵبژاردنی چیرۆکنووسێک بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، دەکرێت وەک بەرزنرخاندنی چیرۆک، پلەیەکی باڵا بداتە ئەم ژانرە و هیوادارم لە بواری ئەدەبدا، پانتایی چیرۆک فراوانتر بێت. 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە چۆنە دوای نووسینی ڕۆمان، دەگەڕێتەوە سەر نووسینی چیرۆک، (ماتس کێمپێ) دەڵێت: 

وەک چۆن (ئەلیس مۆنڕۆ) و زۆر نووسەری بەتوانای تر، بارودۆخی ژیانیان وا نەڕەخساوە کە جێگای زۆرترین نووسینی تێدا ببێتەوە، منیش لە ژیانمدا جگە لە نووسین، ئەرکی بەخێوکردن و خێزان و پەروەردەی منداڵم لەسەرە. هەڵبەت پێمگرنگە بنووسم بەڵام بەبێ ئەوەی ژیانی نووسینم و ئەو ژیانەی ترم بەیەکدا بدەن. بۆیە زیاتر نووسین لە فۆڕماتە کوورتەکەیدا هەڵدەبژێرم و شێوازی کوورتنووسیش لە لام پەسەند و سەرنجڕاکێشە. 

(ماتس) لەبارەی ئەزموونی (ئەلیس مۆنڕۆ) و نووسینەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: 

(ئەلیس مۆنڕۆ) نووسەری فۆڕماتی کوورتی نووسینە و گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە. ئەمە ئیلهامبەخش دەبێت بۆ زۆر کەس کە بێ سڵکردنەوە بخوازن لە جیاتی نووسینی درێژی وەک ڕۆمان، برەوی زیاتر بە نووسینی کوورتی وەک چیرۆک بدەن. بە بۆچوونی تایبەتی خۆمیش ئەوەی حەزی پێدەکرێت و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت، چۆنییەتی خودی نووسینە ئیدی زۆر فەرق ناکات ئایا دەقەکه چیرۆکە، شیعرە یاخود ڕۆمان. 

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (چرای شەو داگیرسا و دەرگاکە ئاوەڵایە) 

لە گێڕانەوەکانی (ماتس کێمپێ)دا، ڕۆژە ئاساییەکان، ئەو ڕۆژانەی دەوام هەیە و پشوو نین، کات و دەمی شیرین نین. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە نووسینەکانی کێمپێ پڕ بن لە کارەسات و سامناکی، بەڵکوو دەقەکانی باسن لەو ساتگەلە لەناکاو و هەستبزوێنانەی تژین لە هەرەس و دڵەکووتەی پێوابوون و حساباتی هەڵە، هەروەها باسن لە ئاماژە ناڕوونەکانی ڕۆژگار و زەردەخەنە باو و پەنهانەکانی.

لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٦ەوە، منداڵیی و هەرزەکاریی و ژیانی خێزان، لە سەرەکیی ترین بابەتەکانی نووسینی (کێمپێ)ن. بە هەمان شێوەش لە کۆ چیرۆکی (چرای شەو داگیرسا و دەرگاکە ئاوەڵایە)دا گرنگی زۆر بە هەمان ئەو تێمایانە دەدات. لەم کتێبەدا گەڕانەوە بۆ سەر ژینگەی ژیانی مرۆڤەکان بەرچاوە و دەکرێت سەرجەم دوانزە چیرۆکەکە، وەک دوانزە بەشی ڕۆمانێک بخوێندرێتەوە. 

چیرۆکەکانی ئەم کتێبە زیاتر باس لە دایکان و باوکان و نیگەرانییەکانیان دەکات. نیگەرانیی دایکان و باوکان بەرامبەر منداڵەکانیان و هاوسەری منداڵەکانیان و هەروەها لە چۆنییەتی تێگەشتنی ڕۆڵی خۆشیان لە مەیدانەکەدا. نیگەرانییەک کە هەندێک جار دەگاتە ترس لە جۆرە بێزارییەکی ناسراوە بە ترسان لە ڕاستگۆیەتی و لەوەی جارێک بۆ هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو لێڵییە ببنەوە کە لە شەودا خەو دەزڕێنێت. هەروەها نیگەرانیی بەهۆی ترسانەوە لەو ترسەی کە شتێک بەسەر منداڵەکاندا بێت. (کێمپێ) ڕیالیستێکی کارامەیە و تێڕووانینی تایبەتی بۆ ئەو ڕەنگجوداییانە هەیه کە لە واتادا جیاوازی گەورەیان هەیە. ئەو لە وەسفکردنی نیوە نائاگایی مرۆڤەکاندا، توانایەکی زۆر باشی هەیە. هەروەها لە وەسفی ئەو وردە مامەڵە ناچارییانەشدا کە ئارەزوو دەکرێن بەڵام (کێمپێ)ش وەک زۆر نووسەری تر هەندێک هۆنینەوە و وشەی ناپێویست بەکاردەهێنێت. 
دەبێت لە بیریشمان بێت (ماتس) نووسەرێکە باوەڕی بە نووسینی خۆی زۆرە، چ لە بواری زماندا و چ لە شێوازی گێڕانەوە و بە بەسەرهات کردنیشدا. 

ئەم کۆمەڵە چیرۆکەی، دوو سێ چیرۆکی تێدایە شتێکیان کەمە، کە دەشێت کەموکوڕییەکە لە گرێ و هۆکارەکاندا بێت یاخود لە خەیاڵەکەیدا. بەڵێ، لەو چەند چیرۆکەدا خوێنەر هەندێک جار حەز دەکات (کێمپێ) ئەندێشەی ئازادتر و وێنەکانی زۆرتر بوونایە ... 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کتێبە زۆر چیرۆک و مەبەستی گەیەنراوی سەرکەوتووی تێدایە، بۆ نموونە کوورتە چیرۆکی (سیستەمی SAB) کە دەربارەی شڵەژاوی مەنەلۆگی باوکێکە لەگەڵ کچەکەی، سەبارەت بە پێداویستییەکانی ژیان، لە ڕێی باسکردنی سیستەمی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازی سابەوە. یاخود کوورتە چیرۆکی (مەشقی نووسین) کە تیایدا (کێمپێ) تۆنێکی بێوێنە و ئێجگار جوان دەدۆزێتەوە کاتێک چەندین شێوازی جیاواز تاقیدەکاتەوە بۆ لێدوان و باسکردنی کیژێکی سادە و ساکار. هەروەها لە کوورتە چیرۆکی (لاپەڕە دڕاوەکان)دا لێزانانە باس لە مانەوە لە خانوویەکی هاوینە و تەواوبوونی پەیوەندییەک دەکات، وەکتریش چیرۆکی (کەس حاڵی لە منداڵەکەی باشتر نابێت) کە بەسەرهاتی کچێکە، پوختترین و هاوسەنگ ترین دەقە لەم کتێبەدا. 


وەرگێڕان و ئامادەکردنی بابەت: باران
چاوپێکەوتن: Adlibris & ALMA & SVT
ڕانانی کتێب: ئێریک بێریکڤیست


* ئەم بابەتە لە ژمارە حەوتی گۆڤاری ئەدەبی سەردەمدا بڵاوبووەتەوە.







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2663 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ