ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

شاعیر و بوون ... (لێکۆڵینەوە) ~ بەختیار عەلی

به‌شی: ئێوە
18 - 11 - 2015

"شاعیر و بوون «ئەزموونی ئازادی» لە شیعری ئەحمەدی مەلادا"

ئه‌زموونی ئه‌حمه‌دی مه‌لا له‌ شیعری کوردیدا شوێنێکی زۆر دیاریکراوی هه‌یه‌، له‌ مێژه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌م یه‌کێک شتێک له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌ بڵێت، به‌ڵام

تا ئێستا شتێکی ئه‌وتۆم نه‌بینیوه‌ شایه‌نی باسبێت. شیعری ئه‌حمه‌دیش وه‌ک زۆربه‌ی تێکسته‌ جوانه‌کانی دیکه‌ی ناو ئه‌ده‌بی کوردی نه‌خوێنراوه‌ته‌وه‌ و فه‌رامۆشی دایپۆشیوه‌.

له‌م نوسینه‌ بچوکه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م شتێک لە قووڵایی ناو قەسیدەکانی ئه‌حمه‌د بخوێنمەوە، ئەوەی لێرەدا من بەرابەر ئەو ئەزموونە چڕە دەتوانم بیڵێم، دەستدانێکە لە ڕوخساری نهێنی ئەو ئەزموونە شیعرییە بە گشتی، واتە ڕاوەستانێک نییە لای قەسیدەیەک و وێنەیەک، بەڵکو ڕاوەستانێکی گشتییە لەلای مانای کۆی ئەزموونەکە و شتێک لە نهێنی دروستبوونی. ئه‌حمه‌د له‌ ڕێبوارێک ده‌چیت که‌ له‌ نێوان بۆن و نیگا و هه‌ناسه‌ی شوێنەکاندا ونبووه‌. پێش ئه‌حمه‌د تێکستێکمان نییه‌ به‌وجۆره‌ هه‌ناسه‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای تیکه‌ڵکردبێت. له‌ زه‌ردکه‌وه‌ تا قورتوبه‌، شاعیرێکی دیمان نییه‌، به‌و جۆره‌ بۆنی سه‌فه‌ری بۆ گواستبێتینه‌وه‌. به‌ر له‌ ئه‌حمه‌د شاعیرانی ئێمه‌ ته‌نیا بۆنی غوربه‌تیان بۆ ده‌گواستینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌بی کوردیدا شاعیری موسافیرمان نه‌بینیوه‌، شاعیرێک که‌ یاده‌وه‌ری و خه‌ون و هه‌سته‌کانی ئێستا تێکه‌ڵده‌کات بۆئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌کی نوێی جیهانمان بداتێ. جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان شاعیری غه‌ریب و شاعیری گه‌ڕاڵدا، شاعیری نیشته‌جێ و شاعیری نۆماد <کۆچه‌ر>دا. ئه‌حمه‌دی مه‌لا به‌بۆچوونی من شاعیرێکی کۆچه‌ره‌، کۆچه‌ر به‌و مانایه‌ی که‌ شاعیر هیچ وه‌خت ماڵیکی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌بێت یان لە ڕاستیدا هەرگیز بۆ ماڵ «بە مانا شیعرییەکەی» نەگەڕێت. هه‌ندێک له‌ شاعیران به‌ جیهاندا سه‌فه‌رده‌که‌ن و سه‌فه‌ری خۆیان ده‌که‌ن به‌ شیعر ، هه‌ندێکی دیکه‌شیان به‌ شیعردا سه‌فه‌رده‌که‌ن و سه‌فه‌ری خۆیان ده‌که‌ن به‌ جیهانێکی تایبه‌تی و ناوازه‌ و نه‌بینراو. ئه‌حمه‌دی مه‌لا له‌ جنسی دووه‌مه‌، گه‌شتی خۆی به‌ دونیادا ته‌نیا له‌ ژیر سێبه‌ری گه‌شتی خۆی به‌ شیعردا نیشانده‌داته‌وه‌. شیعر ڕه‌چه‌ڵه‌کی ڕاسته‌قینه‌ بیر مرۆڤ ده‌باته‌وه‌ ( چه‌ندین ساڵ نه‌مده‌زانی باوباپیرانم له‌ چ قوڕێک دروست کرابوون ). ئه‌حمه‌د خۆی له‌ یه‌کێک له‌ قه‌سیده‌کانیدا واده‌ڵیت. مرۆڤ ده‌بێت ونببێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ شاعیر، ده‌بێت له‌ ناو زمان و له‌ ناو خه‌ون و له‌ ناو جیهاندا به‌دوای مانایه‌کی وێڵ و شوێنێکی نه‌گیراو و ڕوناکییه‌کی نهێنیدا ونببێت، به‌بی ئه‌م ونبوونه‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌سته‌مه‌ مرۆڤ کانگا ڕاسته‌قینه‌کانی شیعر بدۆزێته‌وه‌… که‌ مرۆڤ به‌وردیش دیوانه‌که‌ی ئه‌حمه‌د ده‌خوێنێته‌وه‌، ڕوخساره‌کانی ئه‌و ونبوونه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ چاوی خۆی ده‌بینێت و تێده‌گات، شیعر تۆمارێکی هه‌میشه‌یی ونبوونێکی بیکۆتاییه‌.

*

ئه‌وه‌ی له‌ شیعری نوێدا زۆر سه‌خته‌ کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌بستراکت و به‌رجه‌سته‌بوونه‌، کۆکردنه‌وه‌ی ئاماژه‌ی ناڕاسته‌وخۆ و شه‌فافییه‌ته‌، کۆکردنه‌وه‌ی هه‌ست و تێزی عەقڵییە لەناو یەک یەکەدا. شیعر گەمەیەکی سەختی نێوان دیوە رەمزییەکەی دونیایە بەرابەر دیوە واقعییەکەی. ئیشی شاعیر تێکدانی ئەو بونیادە تۆکمە و یەک فۆرمەی جیهانە، جیهان بەبێ شیعر جێگایەکی نەگۆڕ و یەک ڕوخسارە. گەر شیعر نەبێت پەیوەندی نهێنی نێوان شتەکان دەرناکەوێت. ئەوەی من پێیدەڵێم «ڕوناکی نهێنی»، ئەو تیشکەیە کە لە شکاندنی فۆرمی دونیاوە سەرچاوە دەگرێت. شیعر زیندووکردنەوەی ڕەهەندە ڕەمزییەکەی ناو وجودە. ئێمە کە دێینە دونیاوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان گوڵ و ئەستێرەدا نابینین، شتەکان بە کۆ، ماهییەتی جیاواز و شوێنی سەقامگیری خۆیان هەیە. درەخت لە جێگای خۆیەتی و هەور هەمیشە بەڕێگای خۆیدا دەڕوات. بەڵام لە ناو ئەم فۆرمە سەقامگیرەی دونیادا ، لە ناو ئەم شێوە نەگۆڕەی وجوددا ڕەهەندێکی خەوتوو هەیە کە ڕەهەندە ڕەمزییەکەی دونیایە. ئەو ڕەهەندەیە کە تێیدا گوڵ و ئەستێرە لە یەک دوورنین، درەخت تەنیا بەزەوییەوە نەبەستراوە و هەور تەنیا بە ئاسماندا سەفەرناکات. ئەوەی شیعر دروستدەکات، بینینی جیهان نییە وەکو خۆی، تێگەیشتن نییە لە واقیع، بەڵکو توانای هەڵدانەوە و جێهێشتنی واقیعە بەرەو ناو ئەو رەهەندە ڕەمزییەی دونیا کە تێیدا شتەکان چیدی جەوهەری نەگۆڕیان نییە… بەڵکو لە فەزایەکی رەمزیدا مەلەدەکەن، هەر شاعیرە و فەزایەکی ڕەمزی هەیە… هەر شاعیرە و درەخت لە جێگایەک و ئەستێرە لە شوێنێکدا دەبینێت. شاعیر لەو ساتەدا دەبێتە شاعیر کە جیهان جێدەهێڵێت و دەکەوێتە سەفەرکردن لە زەوییەکی تایبەتی خۆیدا، زەوییەک کە تەنیا ماڵی خۆیەتی. بەڵام چۆن ماڵێکە؟… ماڵێکە کە سیفەتی ماڵی نییە، بەڵکو لە گەردونێکی کراوە دەچێت. کەس ناتوانێت مەملەکەتی شاعیر جارێکی دی بە هەمان چاوی شاعیر ببینێتەوە … ئەوەی شاعیر دەیبینێت و بۆمان دەگوازێتەوە، کەسی دی وەکو ئەو نایبینێت، شیعر زەوییەکە کەس ناتوانێت دووجار سەفەری پێدابکات… ساتی لەدایکبوونی شیعر، وەک ساتی گەشتکردن وایە بە مالێکدا کە شاعیر بە تەنیا دەچێتە ناوی، تەنیای تەنیا… هیچ کەس لەگەڵ شاعیردا ناتوانێت بچێتە ئەو ماڵەوە، لە ساتی لەدایکبوونی شیعردا مرۆڤ دەگاتە قووڵترین ئاستەکانی ناوازەیی و تەنهایی خۆی. ئێمەی خوێنەر دواتر تەنیا بە یادەوری شاعیردا سەفەردەکەین نەوەک بەو گەردونە بەرینەی شیعردا. نوسین لەسەر شیعر بۆیە سەختە، چونکە خوێندنەوەی شیعر، نامانباتەوە ناو ئەو جێگا عاسی و داخراوە، ئێمەی خوێنەر لەگەڵ شیعردا بەردەوام بەوە مەحکومین بە عەقڵ بیر لە ساتەوەختێک بکەینەوە کە عەقڵ تێیدا سەروەر نەبووە.

*

شیعری سەخت دوو چەشنە، چەشنێکیان بەرەنجامی بێتوانایی شاعیرە لە تێگەیشتن لەو فەزایەی پێی تێخستووە و لەو ماڵەی چۆتە ناوی، جەشنەکەی دیشیان وابەستەی ماهییەتی شیعرە وەک ژانرێک کە لەگەڵ واقیعدا مامەڵە ناکات. چەشنێکیان دەرەنجامی بێتوانایی شاعیرە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕەهەندە ڕەمزییەی ناو وجود و چەشنەکەی دییان دەرەنجامی ژیانە لەگەڵ ئەو ڕەهەندە ڕەمزییەدا تا ئاستە هەرە وردو هەرە قووڵەکانی. شیعری ئەحمەد لە جۆری دووەمە… سەختی لەم ئەزموونەدا دەگەرێتەوە بۆ دەستکاریکردنی فۆرمی دونیا. ئەوەی لە فەرهەنگی سادەدا بە وێنەی شیعری ناویدەبەین، تێکدانی سەقامگیری شتەکانە. هەموو شتەکان لە بەرگ و شوناسی واقعییاندا هەژارن، وێنەی شیعری ڕزگارکردنی شتەکانە لەدەست واقیع … لە شیعری ئەحمەددا واقیع نابینینەوە، هەر شتێک کە دەردەکەوێت لە واقیع ئازادکراوە. ئەحمەد لەو شاعیرانەیە کە دیوانەکەی دەگرین بەدەستەوە، دەزانین لەبەردەم ئەزموونێکداین «بینین» و «دونیابینین» تێیدا بوونەتە دوو جەمسەری تەواو جودا. ئازادکردنی بینین لە جەبری شتە واقعییەکان، ئەوە پەیامی نهێنی و ڕاستەقینەی شیعرە . دونیابینین ئەو چەشنە بینینەیە کە دونیا ناوەرۆکی بینینیمان دیاریدەکات… لە شیعری ئەحمەدا دونیابینی بوونی نییە، لای ئەو بینین «روئیا» هێزێکی گەورەیە کە ئەو ناوەڕۆکی دونیا دیاریدەکات. شاعیری ڕاستەقینە ئەو شتانە نابینێت کە دونیا دەیخاتە بەردەستی، بەلکو ئەو شتانە دەبینێت کە ئەو دەیخاتە بەردەستی دونیا.

*

بەڵام واقیع کە وندەبێت دەچێت بۆ کوێ؟. واقیع لەم دیوانەدا پەرشدەبێتەوە. ئەوەی کە بە ناوی ئاستی ڕەمزی وجود ناویدەبەین، لەبیربردنەوەی جیهان نییە، بەڵکو تێڕامانە لە قووڵاییەکەی. بۆئەوەی جیهان ببینین دەبێت، هەموو ئەو شتانە فەرامۆشبکەین کە خۆی دەربارەی خۆی دەیدرکێنێت. ئەم دیوانەش فەرامۆشکردنێکی گەورەی هەموو ئەو قسانەیە کە شاعیر تا ئەو کات لە زاری دونیا بیستوێتی. شیعر گوێگرتن نییە لە بانگەوازەکانی دونیا، بەڵکو گەڕانە بۆ ئەو شفرە نهێنییەی کە لە پشت هەموو دەنگێکی وجودەوەیە. زۆربەی شیعرەکانی ئەم کتێبە، گەڕانە بۆ ئەو شفرەیە. ئەوەی لە شیعری ئەحمەدا دەیبینین ئەوە نییە کە دونیا دەربارەی خۆی ئاشکرایدەکات، ئەوەیە کە دونیا دەربارەی خۆی نایدرکێنێت و دەیشارێتەوە.

*

کەواتە بەسەرێک شیعر ونبوونە و ونبوونێکی ناکۆتا و بێسنووریشە، بەڵام بەسەرێکی دی شیعر ماڵە و ماڵێکی تا ئەندازەیەک داخراویش. ئەزموونی ئەحمەد، ئەو خولیایەمان دەخاتە سەر پتر لە چەمکی ماڵی شاعیر وردببینەوە. قسەیەکی کۆن و دووبارەیە گەر لەسەر ماڵی ناو زمان بدوێین. ماڵی ناو زمان دەنگدانەوەی ماڵێکی گەردونی و بەرینترە. لە هەموو ئەزموونێکی قووڵی شیعردا، سەنتەر بوونی نامێنێت… گەر لەم دیوانەدا بگەڕێین نازانین چ شتێک زۆر ئەحمەدی مەلا دەجوڵێنێت… ئەو نامۆیە، لەسەرەتاوە تا کۆتایی نیشتیمانێک لە یادەوەری ئەحمەدا هەیە. بەڵام نیشتیمانێکە لە ناو هەزار شتتدا تواوەتەوە، نیشتیمانێکی سیاسی نییە. هێندەی میتافۆرێکی دیکەی گەردونە. زمان بۆیە گرنگە چونکە تاکە کەرەستەیەکە ئەو ئازادییە مەجازییەمان دەداتێ کە ڕەهەندی گەردونی ناو هەموو شتێک ببینین. لەلای ئەحمەد شتەکان ناتوێنەوە، بەڵکو ڕۆحی لۆکاڵی خۆیان وندەکەن… ماڵی شاعیر ئەو جێگایەیە کە هەموو شتەکان دیوە ناکۆتا و بەرین و کراوەکەیان ئاشکرادەکەن. نەمانی سەنتەر واتە کۆتایی لۆژیک بە مانا عەقلانی و لۆگۆسگەراکەی، واتە کرانەوەی هەموو ڕستەیەک لەبەردەم ئەگەری نەبڕاوەدا… کە سەنتەر نامێنێت، شتەکان وننابن، بەڵکو لە یاسا کۆنەکان دەچنەدەرێ. شاعیر سەرەتا زمان ڕزگارناکات، بەڵکو سەرەتا شت لە جەوهەرە فیزیکیەکەی رزگاردەکات. شت لە ماڵ ڕزگاردەکات. ماڵی شاعیر لەم ئەزموونەی ئەحمەددا، ماڵێکی گەردونییە کە شتەکان پێکڕا لە ڕووبەرێکی بچوکدا کۆدەکاتەوە… کە لە خوێندنەوەی ئەم دیوانە دەبینەوە، دەزانین ماڵی شاعیر جێگایەکە تێیدا شتەکانی گەردون زۆر لێکەوە نزیکن.

*

کەواتە وێنە لە شیعری ئەحمەدا چڕکردنەوەیەکی گەورەی جیهانە.،. تێکدان و تێکەڵکردنەوەی ئەو ڕستانەیە کە وجود پێمانی دەبەخشێت. ئەوەی من پێی دەڵێم ڕەهەندی ڕەمزی بوون لەم ئەزموونەدا، بریتی نییە لە وێناکردنی شتە ڕاستەوخۆکان بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ، ملکەچی ئەو سیستمە میتافۆرییە سادە نییە کە بۆ وەک یەکی لە خەسڵەتی سروشتیدا دەگەڕێت، رەمزییەت لای ئەحمەد دوورخستنەوە و ئاڵۆزکردنی ئەو ڕێگایە نییە کە دەکەوێتە نێوان «شتەکان» و «تەعبیرەکان»، بەڵکو تاکە ڕێگایەکی کراوەیە کە دەکەوێتە نێوان شیعر و جیهانەوە. بە مانایەکی دی بۆئەوەی لە شیعری ئەحمەدا لە مانای ڕاستەقینەی ڕەمزییەت تێبگەین، دەبێت ئەو تێگەیشتنە دێرین و سواوانەمان دەربارەی جەوهەری ڕەمزییەت بگۆڕین. ڕەمزییەتی تەقلیدی بریتییە لە تەعبیرکردن لە سیاسەت بە وێنە و گوزارەی ناسیاسی، تەعبیرکردن لە جنس بە زمانی مەجاز و ناڕاستەوخۆ، لە ناوەڕۆک و بابەتی چەپێنراو بە مانای ڕێپێدراو. بەڵام لە جۆرە شیعرێکدا کە قووڵتر لەم ئاستانە ڕۆدەچێت، ڕەمزییەت بریتییە لە زمانە راستەقینەکەی وجود، ئەو زمانەی کە ژیان و بوون بەبێ ئەو ناتوانن بێنە قسە، واتە ڕەمزییەت لێرەدا دوورکەوتنەوە نییە لە قسە ڕەسەن و یەکەمییەکان، دوورکەوتنەوە نییە لە ئەسڵ بۆ دەستی دوو، دوورکەوتنەوە نییە لە ڕاستەوخۆ بۆ ناراستەوخۆ، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە ڕەمزییەت تاکە زمانێکە کە هەیە و دەشێت هەبێت بۆئەوەی «جەوهەری بوون» تەعبیر لە خۆی بکات.

*

زاراوەی «جەوهەری بوون» لێرەدا واتایەکی میتافیزیکی نییە. وەک ئەوەی شاعیر وەزیفەی بێت بۆ جەوهەرێکی دیاریکراوی جیهان و مانایەکی بنەڕەتی بوون بگەڕێت. جەوهەر یان بنەچەی بوون واتە گەڕان بۆ کورتترین ڕێگا بۆ دەرخستنی هەمەڕەنگی بوون. کە قووڵ بە هەناوی ئەم ئەزموونەدا دەڕوانین، پتر لەو جیابوونەوە هەمیشەییەی نێوان شیعر و میتافیزیک تێدەگەین. میتافیزیک دەرخستن و دیاریکردنی مانایەکی بنەڕەتی و جەوهەرییە بۆ بوون، بەڵام شیعر نیشاندانەوەی هەموو گەردێکی بچوکی ناو بوونە وەک جەوهەر. میتافیزیک فەرامۆشکردنی بوونی هەمەڕەنگە لە پێناوی گەڕان بۆ جەوهەردا، شیعر گەڕانە بۆ جەوهەر لە ناو بوونی هەمە ڕەنگدا. لێرەوە شیعر قەدەرێتی کراوە بێت، ماناشکێن بێت، دەرچوون بێت لە دیاریکردن، خۆ ڕزگارکردن بێت لە ناونان. مانای بوون لای شاعیر واتە ڕێزگرتنی هەموو بوون، لێرەوە وەک لەم دیوانەشدا دەبینین، شیعر بریتییە لە ئامادەکردنەوەی هەموو شتێک لە ناوکۆیی«سیاق»ێکی نوێدا… کە ئەم دیوانە دەخوێننینەوە شەهوەتی ئامادەکردنەوەی جیهان، هەموو جیهان بە جۆرێکی دی لە نێوان دێرەکاندا دەبینین. شاعیر دونیا خەلق ناکاتەوە، شوبهاندنی شاعیر بە خودا دروست نییە، شاعیر جیهان دروست ناکات، بەڵکو لە بێدەنگی و وەستان و سکون دەریدەهێنێت. ڕێزگرتنی هەموو بوون، واتە خستنەوە جووڵەی هەموو بوون، واتە بە جەوهەریی ناساندنی هەموو شتێک. میتافیزیک کورتکردنەوەی ژیان و بوونە بۆ یەک مانا، شیعر دژایەتیکردنی هەر کورتکردنەوەیەکە… شیعر درێژکردنەوەییەکی ناکۆتایە بۆ ژیان و وێنەکان، بۆ بوون و ئەگەرەکانی.

*
شیعری ئەحمەد جوڵاندنەوەی ئەو ناکۆتابوونەی بوونە، ئەو فەزا کراوەیەیە کە سنووری تەعبیر بە ئەندازەی جیهان و ئەگەرەکانی ناوی گەورەدەکات .
ئەو دەستکاریکردنە بەردەوامەی بابەت، ئەو جێنەگیرییە لە وێنەدا، ئەو شکاندنەی لۆژیک… ئەوانەن شیعر بە ناکۆتاوە گرێدەدەن. لە شیعری ئەحمەدی مەلادا ئەو کرانەوە گەورەیە دەبینین کە هەر پرۆسەیەکی شکاندنی سەنتریزم پێویستی پێیەتی. شیعر ئینکارکردنی هەبوونی هەر جۆرە چەقێکی نەگۆڕ و ناکۆتایە بۆ بوون. بەڵام شیعر تەنیا ڕەتکردنەوەی ئەو سەنتەریزمە نییە، بەڵکو پراکتیککردنی ئەو ناسەنتەریزمەیە. ئیشی شاعیر نییە بە هاتوهاوارێکی زۆرەوە مەرگی ئەو سەنتەریزمە ڕابگەێنێت، بەڵکو ئیشی ئەوەیە بە جۆرێک بنوسێت و بژی، وەک ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ژیان چەقێکی نەبووبێت.

*

نەمانی سەنتەر، بیرۆکەی «ماڵی شاعیر» «هەڵبەت بە مانا هایدگەرییەکەی» بە ئازادی ڕەهاوە گرێدەدات. بەوەدا سەنتەرێک نییە بگەڕێینەوە لای، بەوەدا شوێنێکی موقەدەس نییە بچینەوە باوەشی، پەرستگایەک نییە شاعیر نوێژی تیابکات. کەواتە هیچ جێگایەک نییە سەنتەر یان ئەگەری سەنتەر نەبێت، هەموو گوڵێک دەشێت چەقی گەردون بێت، هەموو پەپولەیەکیش دەشێت خاڵی دەست پێکردنی ناکۆتابێت.

*

لەم سەرەتایەوە کە قووڵ لە ناو ئەزموونی شیعری ئەحمەدا چەقیوە، بەجۆرێک قووڵ تێگەیشتن لە ڕیشەی ڕاستەقینەی ئەزموونی شیعری لای ئەحمەد بەبێ تێگەیشتن لەو کرانەوە ڕەهایەی ماڵ ئەستەمە. هەندەی دەست بۆ قەسیدەیەکی ئەم دیوانە دەبەین دەکەوینە ناشوێنەوە. کە مانا لەم قەسیدانەدا لێمان ڕادەکەن لەبەر ئەوە نییە کە بێمانان، بەڵکو لەبەرئەوەیە ئەم قەسیدانە سێبەری جیهانێکن کە لێمان ڕادەکات و سێبەری بوونێکن کە بەردەوام لە دروستبوونەوەدایە. تەنیا ئەو شیعرانە مانای کۆنکرێتمان دەدەنێ کە لەگەڵ جیهانێکی کۆنکرێت و ئامادە و سنوورداردا مامەڵەدەکەن. قەسیدەکانی ئەحمەد لەدەرەوەی هەر سەنتەرێکی مانا دەژین، لەبەرئەوەی هەر سەنتەرێک بۆ مانا، کۆتاییدانانێکە بۆ مانا. شیعر لە مانادا دوایی نایەت، بەڵکو شیعر ئەو ڕێگایەیە کە بەلای مانادا دەڕوات و لای نیشتەجێ نابێت. شیعر ناچێتە ناو ماناوە، بەو مانایەی مانا ماڵی یاخود ئومێد و نیازی بێت، بەڵکو تەنیای لێینزیکدەبێتەوەو لە گۆڕان و تاریکییەکانی دەڕوانێت. شیعر بە گشتی دژی مانا نییە، شیعری ئەحمەدیش بەتایبەتی لەسەر دژایەتی مانا دروست نەبووە، بەڵام لەسەر ئەو ڕاستییە بونیادنراوە کە هیچ مانایەک ناتوانێت هەموو جیهان بگرێتەوە، هیچ لۆژیکێک تاکە سەروەری بوون نییە. بە واتایەکی دی شیعر گەورەترە لە مانا، وە قووڵتر لە سنووری مانا بە ناو جیهاندا دەڕوات.

*

شاعیر گەمەی زمان ناکات، زمان ماڵی شاعیر نییە. چونکە لە جەوهەردا «مانا» گەمەی هەرە گەورەی زمانە، هەموو زمانێک بە مەبەستی درکاندنی «مانا» دروستدەبێت. لەدەرەوەی خواستی «مانا»دا زمان نامێنێت، لێرەوە شیعر بە لۆژیکی زمان ئیش ناکات، چونکە هیچ وەخت قووڵایی شیعر بە ماناوە نەبەستراوە. هەروەها شیعر تەنیا تێکشکاندنی زمان نییە، ئیشی شاعیر هێندەی تێکشکاندنی ئەو سیستمە وێنەییە کە دونیای پێدەبینین، تێکشکاندنی ئەو زمانە نییە کە قسەی پێدەکەین، کە لە خوێندنەوەی شیعر دەبینەوە زمانمان بیرناچێتەوە، بەڵکو ستراکتوری ئەو دونیایەمان بیردەچێتەوە کە تیا دەژین. شیعری ئەحمەدیش بەرجەستەکردنی ئەو پەیامە گەردونییەیە. ئیشی شیعر ئەوەیە وێنەیەکی تر بۆ دونیا دروستبکات، ئیشی ئەوەیە ئەم جیهانەی ئەمڕۆ وەک سێبەر و کورتکراوەی دونیایەکی ناکۆتا نیشانبداتەوە، هەر بۆیە زمانیش بۆئەوەی لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا بژی، وەک سێبەری زمانێکی ناکۆتا دەردەکەوێت. شیعری ئەحمەد لەو ئەزموونە کەمانەی شیعری نوێی کوردییە کە نەتەسلیمی مانا بووە بە شێوە سادە و ڕاستەوخۆکەی، نە تەسلیمی «هەرتەقە» و «بێمانایی» بووە، واتە تەواوی جڵەوی شیعری نەداوەتە دەست یاری زمان، زمان کە یان گەمەی مانا دەکات یان گەمەی بێمانایی. بەپێچەوانەوە لەم ئەزموونەدا شیعر، بەرلە هاتنە قسەی «زمان» لە فەزایەکی وێنەکار و تایبەتدا دەخولقێت. لە ئەزموونی ئەحمەددا ساتی لەدایکبوونی وێنە دەکەوێتە پێش ساتی لەدایکبوونی زمان. لێرەدا زمان نوتقکەرە نەوەک خولقێنەر بێت. لەم جۆرە شیعرەدا «ئازادی بوون» لەگەڵ «هەمە ڕەنگی وجود» پێکەوە یاسای خۆیان بەسەر ئیشکردنی زماندا دەسەپێنن. نا … ئەوە «ئازادی زمان» نییە کە وێنەی سەیری بۆ دونیا لێکەوتۆتەوە، ئەوە «ئازادی بوون»ـە کە زمانی بە ئاقارێکی دیدا بردوە. «وێنە» بەرەنجامی ڕیزبەندییەکی نوێی زمانەوانی نییە، بەڵکو ڕێزبەندی نوێی زمان، دەرەنجامی ستراکتورێکی هەمیشە گۆڕدراوی بوونە. شاعیر ئازادی دەبەخشێتە بوون، بۆئەوەی بوون بتوانێت هەمیشە خۆی پێناسەبکاتەوە. شیعریش بریتییە لە پێناسەکردنێکی هەمیشەیی و نەبڕاوەی وجود بۆ خۆی.
بەبۆچوونی من شیعر ئەوکاتە نابێتە شیعر کە زمان بەر ئەگەرە ناوەکییەکانی خۆی دەکەوێت، بەڵکو ئەو کاتە دەبێتە شیعر کە «بوون» بەر ئەگەرە ناوەکییەکانی خۆی دەکەوێت.


*
نەبەخشینی هەموو شتێک بە مانا، لەوەدا دوایی دێت هەموو شتێک نەبەخشین بە زمان. کە لە مانادا ناخەوین واتە دەبێت لە مانا بێینەدەرێ و بۆ شتێکی جوانتر و گرنگتر لە مانا بگەڕێین. چوونەدەرەوە لە مانا لە یەککاتدا مانای هەیە، ئەوەی بەرەو ناو ئەو جوڵە گەورەیەی وجود بکەوینە ڕێ، کە مانا ناتوانێت فراوانی و هەمە ڕەنگی کۆبکاتەوە. سنووری نیگای شیعر لە سنووری توانای مانا و زمان تێدەپەڕێت. ئەوە تەنیا شاعیری بێبەهرەیە کە زمان تێکدەشکێنێت بۆئەوەی شتێک بڵێت. بەڵام شاعیری ڕاستەقینە زمان لەبەردەم نیگایدا دەشکێت، لەو شیعرانەدا کە شاعیر بە مەبەست زمان دەشکێنێت، شیعرێکی مردوو لەدایکدەبێت، بەڵام لەو ساتەدا کە نیگای شیعری و ڕوئیا زمان دەشکێنن، وەک ئەوە وایە زمان دووبارە لەدایکببێتەوە. پاککردنەوەی زمان لە مانا کۆنەکانی، بۆئەوەی نەکەوێتە ناو بێماناییەوە، دەبێت هاوڕێ بێت بە پاکردنەوەی جیهان لە مانا کۆنەکانی.

*

«ئازادی زمان» لێرەدا هەڵقوڵاوی ئازادی شاعیرە بەرابەر کۆی سیاقە سادە و بینراوەکانی ژیان. زمان ناتوانێت ئازاد بێت گەر بینین ئازاد نەبێت، بینینیش ناتوانێت ئازاد بێت گەر بوون وەک گۆڕەپانێکی کراوە دەرنەکەوێت. لە قووڵایی شیعری ئەحمەدی مەلادا شۆڕشی بینین پێش گۆرینی زمان دەکەوێت. ئەوەی سەرەتا دەگۆرێت ئەو ناوکۆییانەیە کە شتەکانی تێدایە، ئەو ناوکۆییانەیە کە بینینمانی تێدایە، زمان دواتر لە پشت بینینەوە دەجوڵێتەوە.

*

ئەم ئیشکالییەتەی لە شیعری ئەحمەدی مەلادا بەرەو ئیشکالییەتێکی زۆر دێرینمان دەباتەوە، سەبارەت بە پەیوەندی شیعر و موقەدەس. ئەم گرفتە بە ئەندازەی دێرینی شیعر دێرینە. بەڵام لێرەدا دەکرێت لە ڕوانگەیەکی نوێوە لێی بڕوانین، کە پەیوەندی بە ڕیشە دینی و میتۆلۆگییەکانی شیعرەوە نەبێت. پرسیارەکە ئەوەیە : ئایا جیهانێکی بێسەنتەر، جیهانێکی خاڵییە لە موقەدەس؟ ئایا شیعر دەروازەی سڕینەوەی قودسییەتە لە جیهاندا ؟. هەڵبەت نەبوونی سەنتەر مانای نەبوونی قودسییەت، موقەدەس هەمیشە پرۆسەی دروستکردنی سەنتەربووە و هەرواش دەمێنێتەوە. بەڵام گەر شتەکان وا وێنابکەین وەک ئەوەی شیعر بە شکاندنی بۆ سەنتەر وجود لە قودسییەت بەتاڵدەکاتەوە، ئەوەیان ڕەنگە تێزێکی هەڵە بێت. شیعر نەخشەی قودسییەت تێکدەدات، نەوەک قودسییەت بکاتە دەرەوە. ئەوەی شیعر دەیشکێنێت پرۆسەی بەسەنترالیزەکردنی موقەدەس و کۆکردنەوە و جیاکردنەوەیەتی لە ناموقەدەس. شکاندنی سەنتەر، دەرکردنی موقەدەس نییە، بەڵکو شکاندنی پاوانکردنی موقەدەسە، بە موقەدسکردنی هەموو شتێکە وە گێڕانەوەی قودسییەتە بۆ ئەو شتانەی قودسییەتیان لێ سەندراوەتەوە. لە قووڵایی ئەزموونی ئەحمەددا ئەو مەیلە قووڵە هەیە بۆ گێڕانەوەی نرخ بۆ هەموو شتە فەرامۆشکراوەکان. یادەوەری شاعیر، هێزێکە تەنیا شتە لە یادکراوەکان و نەبینراوەکان دەبینێت… قودسییەت لای شاعیر مانایەکی دینی نییە، بەڵکو مانایەکی سیحری هەیە. بەو مانایەی شیعر ئامادەکردنەوەی نائامادەکانە… شاعیر شتەکان ناپەرستێت، بەڵام وادەکات ببینرێن. هەموو شتێکی وجود، هەموو گوڵێکی، هەموو تیشکێکی، هەموو گەردە غوبارێکی چیرۆکێکی لەگەڵ مرۆڤدا هەیە. قودسییەت لێرەوە لە پەرستن و عیبادەتدا نییە، بەڵکو لەو پەیوەندییە بەربڵاو و نەپساو و کراوەیەدایە کە شاعیر بە بوونەوە گرێدەدات.

*

بەڵام لەو پرۆسە شیعرییە گەورەیەدا من «الانا»ـی شاعیر لە کوێدایە. شاعیر خۆی لە کویادا وەستاوە؟.
لێرەشدا ئێمە هەمان دۆخ دەبینین کە باسمانکرد. کە بوون سەنتەرێکی نەبێت، کە زمان دواماڵ نەبێت، ئیدی شاعیریش نابێتە مەخلوقێک بە پێناسەیەکی دیاریکراو و ڕۆشنەوە، بەڵکو کۆچەرییەکی گەردونییە کە بێمەبەست بە جیهانی وێنە و هەست و شتەکاندا دەسوڕێتەوە. منی شاعیر بەتاڵ نابێتەوە، بەڵکو بەجۆرێک گەورەدەبێت لە نێوان خود و بابەتدا دیوارێک نامێنێتەوە. ئەوە وادەکات قەسیدەکانی ئەحمەد بەریەککەوتنێکی گەورەی نێوان خود و بوون بن خودێک کە پڕە لە ژانی ڕابوردوو، سەرسامی ئێستا و شەهییەت بۆ داهاتوو، بەسەر دونیایەکی کراوەدا دەڕوانێت و ئازادە چی تیادەبینێت. واتە منی شاعیر بە پێچەوانەی کەسانێکەوە کە شیعری سیاسی یان کۆمەڵایەتی دەنوسن، لە شتێکدا بەتاڵ نابێتەوە، لە ئاڕاستەیەکدا ناوەستێت، بەڵکو وەک «با» بە ناو شتەکاندا هەڵدەکات. کە ئەم دیوانە دەخوێنینەوە ناتوانین خودی شاعیر ببینین، ئەومان بۆ ناگیرێت، لەبەرئەوەی شیعر پرۆسەیەکە وادەکات شاعیر بەردەوام لە جوڵەدا بێت. لە شیعری ئازاددا، شاعیر نابینرێت، بەڵکو تەنیا دەتوانین هەستی پێبکەین، بەجۆرێک شیعر خوێندنەوە وەک گەڕان و ڕاکردنێکی بەردەوامی لێدێت بەدوای تارمایی و سەرابدا، شاعیر دەبێتە کەسێک کە لە هەموو جێگایەکدا هەست بەبوونی دەکەین، بەڵام نایبینین. دەبێتە کەسێک کە جێ پەنجەی لەسەر هەموو شتێک و جێ پێی لەسەر هەموو ڕێگایەک دەردەکەوێت، بەڵام بێئەوەی هەرگیز بتوانین ڕێکەوتی خۆی بکەین. منی شاعیر دەبێتە لێشاوێک لە وێنە و ئاماژە، دەبێتە کۆمەلێک سیستمی سەمبولی بەیەکدا چوو، کە لە ئەزموونی ئازادییەکەی تێدەگەین، بەڵام لە خۆی تێناگەین. شیعری ئەم دیوانە ڕێگایەکی کراوە نییە بۆ ناو منی شاعیر، بەڵکو چیرۆکی بەریەککەوتنی ئەو منەیە لەگەڵ بووندا، ئەوەی بە ئێمە دەگات لە شاعیر چیرۆکی پێکدادانێتی لەگەڵ دیوی ناکۆتا و فرەوێنەی شتەکاندا… ئەوەی ئێمە تیادەژین ئازادییەتی، چونکە لە جەوهەردا هەموو شیعرێکی ئەم کتێبە جۆرێکە لە پراکتیککردنی ئازادی.








ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1697 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ