ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

سەرجەم كاره شانۆییەكانی سارا كەین دەكرێته كوردی

به‌شی: ئەوان
04 - 04 - 2016

چیرۆكنووس و وەرگێڕ خاتوو "باران" سەرجەم كاره شانۆییەكانی شانۆنووسی بەریتانی "سارا كەین" دەكاته كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمیش سەرجەم شانۆنامەكان كه پێنج دانەن له پێنج پەرتووكی جیاواز و بەشێوەی بۆكس بڵاو دەكاتەوه. 

وەرگێڕ له پێشەكی ئەم تێكسته شانۆییانەدا لەبارەی ژیانی نووسەرەوه ئەوەی خستۆتەڕوو كه "سارا کەین ٣/٢/١٩٧١ لەدایکبووە. دایک و باوکی ڕۆژنامەنووس بوون و باوەڕی دینداریان زۆر بەهێز بووە، بەڵام خۆی بە پێچەوانەوە، هەر لە تەمەنی حەڤدە ساڵییەوە پڕ بووە لە پرسیار و گومان و بیرکردنەوەکانی بەرەو ڕادیکاڵییەت و ئاقاری جیاوازیان بردووە. سارا شانۆکارێکی ئەکادیمی بووە و هونەر و درامای لە زانکۆ خوێندووە. هەم بە نواندن و هەم بە کاری ڕیژی لە کۆمەڵێک کاری درامیدا بەشدار بووە و وەک نووسەر و چالاکوان ژیانی بە تەواوی ئازارەکانییەوە ئەزموون کردووە. کەین پاش تووشبوونی بە خەمۆکییەکی درێژخایەن و دوای ئەوەی لە هەوڵێکی خۆکوژیدا بە خواردنی بڕێکی زۆر لە حەبی خەو، ڕزگار دەکرێت، لە ٢٠/٢/١٩٩٩، لە ناو توالێتی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەندەندا، بە قەیتانی قۆنەرەکانی خۆی دەخنکێنێت.

وەرگێڕ دواتر لەبارەی ئەم كاره شانۆییانەوه دەنووسێت: سارا لەو تەمەنە کوورتەیدا، جگە لە نووسینی سیناریۆی کوورتە فیلمێک بە ناونیشانی (پێست)، پێنج شانۆگەری هەژێنەری نووسیووە، بە ناوەکانی؛ (تەقینەوەکان)، (عەشقی فایدرا)، (ڕزگاربوو)، (تینوویەتی) و (شێتەکەی کاتژمێر ٤:٤٨). هەڵبەت سەرجەم کارە پڕ وتن و زیندووەکانی سارا بەدیهێنەری ئەو وتەیەن، کە لە دواشانۆنامەیدا دەڵێت؛ “من هەوڵ دەدەم، جێ پەنجەیەک جێبهێڵم، خۆگرتر لە خۆم.”

ئەگەر بەدوای ئەو پرسیارەشەوه بین ئەدەبی كەین سەر به چ ئەدەبێكه ئەوا وەكوو وەرگێڕ ئاماژەی بۆ دەكات؛ شانۆگەرییەکانی کەین سەر بە ئەدەبی پۆستمۆدێرنن، بەڵام بە گشتی هاوشێوەی مەرگەساتەکانی ئەنتیک پڕ زەبر و تووندوتیژین، بەو جیاوازییەوە، کە لەم کارانەدا تەواوی وردەکاری دڕندایەتی و پۆخڵەواتییەکان پیشان دەدرێت، لەکاتێکدا لە درامای ئەنتیکدا وەک نواندن ڕێ بەوە نەدراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، کە هەمیشە ڕەخنەی زۆر لە دیمەنە پڕ تووندوتیژییەکانی نمایشی ئەم شانۆگەرییانە گیراون، (کەین) لە وەڵامدانەوەدا سووربووە لەسەر ئەوەی بڵێت: “هەرچی دەنووسرێت دەکرێت لەسەر تەختەی شانۆ نمایش بکرێت، جیهان پێویستی بەوەیە کە دەنووسرێت.” 

ئەو دیوەی كۆمەڵگه كه ئەم نووسەره ویستوویەتی پیشانی بدات، ئەو دیوه راستەقینەیەیه كه زۆربەمان سڵ له بینینی دەكەینەوه، هەر بۆیه وەک وەرگێڕ دەڵێت؛ لە شانۆگەرییەکانی سارا کەیندا، خراپە لە قێزەونترین بەرگیایەتی، برین تەڕە، دەروون بیمارە و ئازار هەتا ئەوپەڕییەتی، بەڵام لە ناو هەموو ئەو ناشرینی و دڕندەییەدا دیمەنی ئەفسوونئامێز هەیە و دیالۆگەکان زۆر جار دەبنە پارچەیەک لە شیعر.

وەرگێڕانی ئەم پێنج تێكستەی كەین، پێدەچێت ڕووبەڕووی ئەوەمان بكاتەوه كه چاوێكمان پێ بدات بۆ بینێكی وردتری كۆمەڵگەكەمان و جوانتر بینینی تاكەكان. مرۆڤ بۆ ئەوەی باشتر له دەوروبەر تێبگات زۆرجار دەقە ئەدەبییەكان رێنماییكەرێكی شیاوترن تا دەقه زانستییەكان. دەكرێت ئەم شانۆیانەش چاوساغێك بن بۆ ئەوەی باشتر له خۆمان و كۆمەڵگەكەمان تێبگەین. هەر بۆیه ئەم هەوڵەی خاتوو "باران" جێگەی دەستخۆشییه. 

 

/ئارام کۆشکی

ڕۆژنامەی هەولێر








ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 1237 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
پێویستمان بە دیالۆگی زیاترە، نەوەک مۆنۆلۆگی زیاتر.

/ستێفان گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

خەڵکی کوێی کوردستانیت؟




ڕیکلام
Banner