ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

توێژینەوەی شیکاری شانۆگەری پیاوێک لە شووشە ~ باران

به‌شی: چەپک
18 - 06 - 2017

"توانای ناوەکی تاک و کاریگەریی دەوروبەر، لە شانۆگەری پیاوێک لە شووشەدا."  

دەستپێک

شانۆگەری (پیاوێک لە شووشە) لە ڕۆمانی (شارێک لە شووشە)وە وەرگیراوە کە لە نووسینی نووسەری ئەمریکی (پاول ئاستەر)ە. ڕۆمانەکە لە ساڵی ١٩٨٥دا بڵاوکراوەتەوە و یەکێکە لە تریلۆگییەک بە ناوی (نیۆرک)ەوە. شانۆگەرییەکە زۆر پرسیار دەربارەی ناسنامە و ڕەسەنایەتی بوون دەوروژێنێت. پاڵەوانی کارەکە ناوی (پێتەر ستیلمان)ە و لە منداڵیدا چەند ساڵێک لە ژوورێکی تاریکدا بەند کراوە. بەم هۆکارەوە (ستیلمان) هەستیار و شووشەیی دەرچووە کە هەم برینداربوونی ئاسانە و هەم دەتوانرێت بە ڕوونیی تەواوی هزر و ناخی ببینرێت. بینەر دەتوانێت بە زۆر شێوە خۆی لە چیرۆکی (پێتەر ستیلمان)دا ببینێتەوە و پێی کاریگەر ببیت. (پێتەر) وەک پیاوێکی تامەزرۆ بە قسەکردن، پەلکێشمان دەکات بۆ گوێگرتن و هەستکردن و بیرکردنەوە لە هەموو ئەو شتانەی کە لەگەڵ و لە دەوروبەری ڕوودەدەن. بەسەرهاتی (ستیلمان) فرە ڕەهەندە و گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت. من زۆر پێی سەرسام بووم و پێموایە (ستیلمان) زۆر کەسمان لە کۆمەڵگەدا بیردەخاتەوە، بۆیە دەمەوێت لە نزیکەوە خوێندنەوەیەک بۆ کارەکتەرەکە بکەم و لەم توێژینەوە شیکارییەدا سەرنج بخەمە سەر توانای ناوەکی پاڵەوانەکە و کاریگەری دەوروبەر لەسەری.

ئامانج و پرسیار

ئامانجم لەم توێژینەوەیە خوێندنەوەی کارەکتەری شانۆگەری (پیاوێک لە شووشە)یە، هەوڵ دەدەم لە ڕێی لێدوان و لێکدانەوەی نمایشەکەوە، لەم پرسیارانە بکۆڵمەوە:

+ پەیوەندی نێوان توانای ناوەکی تاک و کاریگەری دەوروبەر لەسەر تاک، چۆن دەخرێتە ڕوو؟

+ ئایا توانای ناوەکی یان کاریگەری دەوروبەر زاڵە بەسەر کارەکتەرەکەدا؟

+ ناسنامەی پاڵەوانەکە چۆن پیشان دەدرێت؟

بابەت و میتۆد

بابەتی توێژینەوەکەم نمایشی شانۆگەری (پیاوێک لە شووشە)یە کە لە هۆڵی (کیلێن)ی (شانۆگەری شار) لە ماڵی کلتووریی لە ستۆکهۆڵم پێشکەش کرا و بینەری بووم. سەرنجی سەرەکی لێکدانەوەکانم زیاتر لەسەر وشە و تۆن دەبێت کە دوو ڕەهەندی گرنگن لە نواندنەکەدا. هاوکات ئاماژە بە مانادارێتی دیکۆر و جلوبەرگ دەدەم و نیشانەگەلێکی تر یاریدەدەری شیکارییەکەم دەبن کە تیایدا میتۆدی وێنەشیکاری و زانستی هێماناسی بەکاردەهێنم. 

وێنەشیکاریی

لە دیدی نووسەرانی پسپۆڕ (بورگێرسێن تێرج) و (ئێلینسێن هەین)ەوە کە وەک ئەزموونی بینین لە وێنە دەدوێن، وێنە گوزارشتی بیناییە و پێیانوایە کاتێک دیمەن کاریگەری و تێگەین لە بیناییدا جێدەهێڵێت، بینەر هەڵدەستێت بە لێکدانەوە و خوێندنەوەیان.(١) لە شیکارییکردنی وێنەدا، تەماشاوان پێیوایە پەیامی زمانی وێنە دەخوێنیتەوە کە تیایدا هەر تایبەتمەندییەکی وەک هێـمای واتا کار دەکات و لە پەیوەندیکردنیاندا بەیەکترەوە هونەرێكی یەکەیی دروست دەبێت. ئەوەی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت بەشەکانە و خودی لێکدانەوەکەش لە ڕێی تەواوی پارچەکانەوە دەبێت کە پێکەوە بەسەرهاتێک دەگێڕنەوە.(٢) شیکاریی شانۆگەری زیاترە لە ئەزموونی بینین، بەو پێیەی لە ڕێی هەستەکانی تریشەوە بینەر لەگەڵ مۆسیقا و جوڵە و مەنەلۆگ و دیالۆگیشدا دەژی. لەبەر ئەم هۆکارانە لێکدانەوەکانم بە هەردوو میتۆدی وێنەشیکاریی و هێماناسی ئەنجام دەدەم. شێوازی وێنەشیکاری لە شیکردنەوەی تەنە بینراوەکاندا بەسوود دەبێت، وەک بینینەوەی مانا لە جلوبەرگ و دیکۆردا. وەکتر شیکاریی هەر یەک لە ڕەهەندەکان و هەموویان پێکەوە لەسەر بناغەی گشتی زانستی هێماناسی دەبێت، کە تیایدا لێکدانەوەی ئاماژەی هەر یەک لە پارچەکان، بۆ تێگەیشتن و سەرنجدانی تەواوی نمایشەکە دەبێت. 

هێماناسیی

هێماناسیی شانۆگەری، تیۆرییەکە خوێندنەوە بۆ سیستەمی هەمەجۆری واتا و دانوستان دەکات. (ئەمبێرتۆ ئێکۆ)ی پڕۆفیسۆر ئەم زانستە وەک شیکاریی هەمەچەشن دەناسێنێت بە سیستەمی جۆراوجۆرەوە لە جیاوازی و واتا و ستروکتووردا. زمانی وتن و نەوتن و وێنە و مۆسیقاش دەتوانرێت وەک هێمای پڕ مانا ئەژمار بکرێت. هەروەها دەق و ڕەنگ و وشە و فۆڕم و گوتوبێژ و گێڕانەوە و گوزارشتی دیمەنیش ئەم بوارە دەگرێتەوە.(٣) لێرەدا هێماناسی تایبەت بە خودی نمایشی شانۆگەرییە نەک بۆ دەقی ئەدەبیی شانۆنامە. هونەری وەک شانۆگەری نموونە و نوێنەرایەتی هەمەجۆر لە واقیع و جیهانەوە پێشکەش دەکات.(٤) من لە توێژینەوەکەمدا بۆ سەرنج خستنە سەر بەشە جیاوازەکانی نمایشەکە بە شێوازی هێماناسیانە، سوود لە مۆدێلی (تادەوز کاوزانس)ی پسپۆڕی دراما، وەردەگرم کە سیانزە جۆر سیستەمی ئاماژەیی و پەیوەندیدارن بە نمایشەکەوە، پێکهاتوون لە: وشە، ئاستی تۆن، لاسایی، بزووتنی هەستیار، جوڵەی لەش، ماکیاژ، قژ، جلوبەرگ، خەسڵەت، دیکۆر، ڕووناکیی، موسیک و ژاوەژاو. هەڵبەت بە پێی لێکۆڵینەوەکەم هەندێک لەم بەشانە هەڵدەبژێرم و کاریان لەسەر دەکەم. وەک سەرنجدەر لێکدانەوەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێی هەست و تێگەشتن و بەهابۆدانانی خودی خۆمەوە ئەنجام دەدەم. ئاشکراشە دەکرێت هەمان کار لە لایەن کەسانی ترەوە لێکدانەوەی جیاوازتری بۆ بکرێت، بۆیە ئەم توێژینەوە شیکارییە و لێکدانەوەکانی من یەکێک دەبێت لە چەندان.

تیۆری

سەبارەت بە چییەتی ناسنامە، زەمینەی تیۆرییەکەم لەسەر بناغەی بۆچوونەکانی پڕۆفیسۆر (جۆستاین گریپسورد) دادەڕێژم. (گریپسورد) لە کتێبی (فەرهەنگی میدیا و کۆمەڵگەی میدیایی)دا باسی ئەوە دەکات کە چەمکی ناسنامە پێکهاتەی چەندین چەمکە، ئەمە بە واتای ئەوەی چییەتی ناسنامە چەندین هۆکاری لە پشتە. ناسنامە باس لە لەیەکچوون و جیاوازیی دەکات لە پەیوەندی و لە بەراورددا بە کەسانی تر. (گریپسورد) ناسنامەی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کەسێتی جیا دەکاتەوە. ئەو دەڵێت ناسنامەی کۆمەڵایەتی لەلایەن دەوروبەرەوە دیاری دەکرێت. بەڵام ناسنامەی کەسێتی بەری گەڕانی خودی تاکە.(٥) لێرەدا نووسەر ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەو شێوازی ژیانە جیاوازانەی ئەمڕۆ هەن، کاردەکەنە سەر خەڵک و وا دەکەن کەسەکان خەیاڵ بەو شێوە ژیانانەوە بکەن بۆ خۆیان. لە ئەنجامی ئەمەدا مرۆڤ لەژێر کاریگەری شێوازی ژیانی کەسانی تردا، چۆنێتی ژیانی خۆی هەڵدەبژێرێت. مەبەستی (جۆستاین گریپسورد) لەمه ئەوەیە کە ناسنامەی تاک هەمیشە خۆکرد و هەڵبژێردراوی خود نییە. ئێمەی مرۆڤ لە دەوروبەرەوە فێر دەبین و زۆرتر شێوەی ستانداردی کۆمەڵگە وەردەگرین. هەندێک جار لە ژیانماندا هەڵبژاردنی جیاواز دەکەین، بەڵام ئەو هەڵبژاردنانە هەرگیز سەربەخۆ و خاڵیی نابن لەو لایەنانەی کە کۆنترۆڵمان بەسەر هەڵبژاردنیاندا کەمە، وەک پاشخانی کەسێتی و کاریگەری پێوەرەکانی کۆمەڵگە.(٦) دیارە مرۆڤ لە زۆر لایەنی کەسێتی خۆی تەواو بێ دەسەڵاتە و ناتوانێت بۆ نموونە پێشینەی کۆمەڵایەتی خۆی و زمانی دایک و ڕەگەز و زۆر شتی دی هەڵبژێرێت. تیۆری ناسنامە زەمینەیەکی لەباری هەیە بۆ شیکاریی و لێکدانەوەی کەسایەتی شانۆگەرییەکەمان، هەروەها بۆ تێگەیشتن و وتووێژکردنی ئەوەی کارەکتەرەکە چەنێک خودئاگایە لە هەبوونی یان نەبوونی ناسنامە کەسیی و کۆمەڵایەتییەکەی.

شیکاریی

باس

ئەکتەری لێهاتوو (ئینگڤار ئۆرنەر) و ژەنیاری جاز (میکێ لۆید) لە هاوئاهەنگی نوواندندا بە درێژایی کارەکە، لەسەر تەختەی شانۆ دەبینرێن. شانۆگەرییەکە بەوە دەستپێدەکات پیاوێکی ماندوو لە گۆشەیەکدا لەسەر کورسییەکی هەزاز دانیشتووە و خۆی وەک (پێتەر ستیلمان) دەناسێنێت. ئەو دوو دڵە لە ناوەکەی و لە هەموو شتێک دەربارەی خۆی، زۆری لەسەر ڕابردووی ژیانی لەبیر نییە، بەڵکوو زیاتر بۆیانگێڕاوەتەوە کە ئەم کێ بووە و چۆن ژیاوە. لەگەڵ ئەمەشدا (پێتەر) دەیەوێت لە زمانی خۆیەوە بەسەرهاتەکەی بگێڕێتەوە. هەڵدەستێتە سەر پێ، بە دوو بووکەڵەی ڕەش و سپی بچکۆلەوە کە وەک باوک و دایکی ئاماژەیان بۆ دەکات، دەسووڕێتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەم منداڵ بووە کاتێک دایکی کۆچی دوایی کردووە و باوکی ئەمی لە ژوورێکی تاریکدا چەند ساڵێک بەند کردووە. باوکی ویستوویەتی ئەم زمانێکی خودایی تایبەت بە خۆی فێر ببێت و زمانی خەڵکی گشتیی بیربچێتەوە. هەر بۆیە ئێستاش کە قسە دەکات بە شێوەیەکی سەیر وشەکان دەڵێت و زمانی تەتەڵە دەکات. (ستیلمان) لە باوکی تووڕەیە چوونکە بۆتە هۆی ئەوەی لە منداڵیدا ئازار بکێشێت. هیچ کەس، تەنانەت ستیلمان خۆیشی نازانێت بە منداڵیی لە ژوورە تاریکەکەدا چی کردووە، بەڵام وردە وردە هەندێک شتی بیردەکەوێتەوە. دوای گۆشەگیرییەکەی، ماوەیەکی زۆری لە نەخۆشخانە بردووەتە سەر، تاکوو بارودۆخی باشتر ببێت و بتوانێت ژیانێکی ئاسایی بژی. (پێتەر ستیلمان) هاوسەرگیری دەکات بەڵام ژیانی لەوە قورستر دەبێت کە پێشبینی دەکات. ئەو لە ڕووی دەروونییەوە هیلاکە و هەندێک جار لەوەش دوودڵ دەبێت کە مرۆڤ بێت. بۆیە بەردەوام دەگەڕێت بە دوای خودی ڕاستەقینەی خۆیدا. (پێتەر) وەک ئەوەی باش فێری ڕۆشتنیش نەبووبێت، بەدەم ڕێوە لەتر دەدات و هەست بە بێهێزی دەکات. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ساتەوەختی وای هەیە حاڵی باش دەبێت، ئەو کاتانە خەون دەبینێت کە ڕۆژێک ببێتە پیاوی ئاگرکوژێنەرەوە یاخود ببێتە سەماکار و لەسەر گوریس نمایش بکات. هەمیشە بیرکردنەوە لەوەی کە ببێتە کەسێکی تر و دەست بە ژیان بکاتەوە، بارودۆخی باشتر دەکات.

جلوبەرگ

(پێتەر ستیلمان) لە تەواوی نمایشەکەدا، کراس و پانتۆڵێکی سپی لەبەردایە. ئەم بەرگە سپییە هەندێک جار وەک جلی نەخۆشخانە دێتە بەرچاو بەڵام ڕەنگە سپییەکە دەشکرێت ئاماژە بێت بۆ بێتاوانی و پاکی و هەستیاری. وەها بەرگێک بۆ بەرجەستەکردنەوەی پیاوێکی شووشەیی بێگەرد زۆر گونجاوە. هەڵبژاردنەکە هاریکاری سەرنجدانی بینەر لە کارەکتەر و مۆنۆلۆگەکانی زیاتر دەکات و کرۆکی بەسەرهاتەکە باشتر دەگەیەنێت.

دیکۆر

هۆڵی شانۆی (کیلێن) لە تەلاری (شانۆی شار)ی ماڵی کولتووری لە ستۆکهۆڵم هۆڵێکی بچکۆلەی بێ بەرزەجێی تەماشاوانانە و زیاتر لە ژوورێک دەچێت، بەڵام ئەم هۆڵە ساکارە بە دیکۆری سادە و نایاب و بە کاریگەرێتی ڕووناکیی و پەردەی سینەمای مۆدێرنەوە، پڕ بە پێستی شانۆگەری (پیاوێک لە شووشە)یە. یادەوەری و بیرکردنەوەی (پێتەر ستیلمان) لە ڕێی دوو پەردەی سینەماییەوە پیشان دەدرێن کە بەسەر دوو لادیواردا هەڵواسراون. بۆ نموونە کاتێک (ستیلمان) ماندوو دەبێت و ژانە سەر دەیگرێت، لەسەر لادیوارێک تەشویش پیشان دەدرێت و کاتێک بیر لە ژوورە تاریکەکە دەکاتەوە، لەسەر دیوارەکەی تر پیسی و مێروو دەردەکەوێت. ئەم دیمەنانە دیدێکمان لەسەر جیهانی ناوەوەی (ستیلمان) دەدەنێ و پێمان دەڵێن ئەم پیاوە چەند هیلاکە، چۆن لە دڵەڕاوکێدایە و چەنێک هەست بە ناساغی دەکات. کاتێکیش باری دەروونی باشتر دەبێت، لەسەر پەردە سینەماکانی سەر دیواری ژوورەکە، ئاسمانی جوان و دیمەنی دڵگیر پیشان دەدرێت، ئەوکات (ستیلمان) ژیان بەرز دەنرخێنێت و چالاک دەبێت. ئاوی گوڵ دەدات و مۆم پێدەکات، ئامێرێکی وەرزشکردن دەهێنێت و دەست دەکات بە ڕاهێنانکردنی زۆر. هەندێک جار لە کاتی تووڕەبوون و سترێسیشدا ئەم وەرزشە دەکات و بەدەم ڕاهێنانەوە باس لە زۆر شت دەکات، وەک ئەوەی ژنەکەی چۆن ناپاکی بەرامبەر کردووە و کێشەکانیان لەسەر چی بووە. دەکرێت ئەم ئامێری ڕاهێنانە تەنها وەک کەرەستەی وەرزشکردن ببینرێت بەڵام لە ڕووی هێماناسییەوە دەکرێت لێکدانەوەی ئامێری کاتیشی بۆ بکرێت. دەنگی ئامێرەکە، دەنگی کاتژمێری فیلمە کلاسیکییەکانمان بیر دەهێنێتەوە، بیرۆکەی پەیوەندی نێوان کات و ئامێرەکە وەختێک زیاتر هەستی پێدەکرێت کە (ستیلمان) جوڵەکانی بەرەو پێش و بەرەو دوا هێمن و خێراتر دەبێت کاتێک لە ئێستاوە باس لە جارانی دەکات و لە جارانەوە دێتەوە سەر باسی ئێستا.

دوو چوارچێوەی وێنە هەڵواسراون، یەکێکیان زۆر گەورەیە و یەکێکیان بچووکە. (ستیلمان) ئەم پەروازانە بۆ کۆکردنەوەی هەستەکانی بەکاردەهێنێت و لە ناویانەوە قسە دەکات. لە پشت چوارچێوە بچووکەکەوە دەڵێت من دواهەمین (پێتەر ستیلمان)ی خێزانەکەمم، لێرەدا باس لەوە دەکات کە باوکیشی ناوی پێتەر ستیلمان بووە. بوونی ئەم وەک دوواهەمین ستیلمان شتێکی باشە بە ڕای ئەو، لەو ڕووەوە کە دوای ئەم ئازارچەشتنیان کۆتایی دێت. لێرەدا چوارچێوە بچکۆلەکە دەخاتە سەر ئەو بووکەڵە سپییەی لە سەرەتادا وەکوو دایکی ناساندی. لەگەڵ خەیاڵکردن بە دایکی و مەرگەوە، لەبەردەم خۆیەوە دەڵێت: “مردن خراپترین شت نییە لە ژیاندا هەبێت.” پاشان لە پشت چوارچێوە گەورەکەوە دەوەستێت و دەڵێت: “من هێشتا (پێتەر ستیلمان)م.” لە چوارچێوە گەورەکە دێتە دەرەوە، لەبەردەمیدا دەوستێت و دەڵێت: “بەڵام دەکرێت بەیانی پیاوێکی تازە بم.” لەسەر قەراغی چوارچێوە گەورەکە دادەنیشێت و دەستدەکات بە جۆلانێ، وەک ئەوەی لێرە و لەوێ لە نێوان دوو کارەکتەردا بێت، ئەو کەسایەتییەی کە ئێستا هەیە و ئەوەش کە دەیەوێت هەبێت. بە پێی لێکدانەوەی هێما دەتوانین بڵێین (پێتەر) لە ڕێی چوارچێوە بچووکەکەوە گوزارشت لە بیرکردنەوە و هەستە کەسێتییەکانی دەکات لە دەرەوەی ئەو ناسنامەیەی کە لە دەوروبەرەوە وەریگرتووە و هەوڵ دەدات گەشبینی لە گشتییدا ببینێت. لەکاتێکدا بە یارمەتی چوارچێوە گەورەکە بە شێوەیەکی فراوانتر دەچێتە جیهانەکەیەوە، بە جۆلانێکردن توانای ناخی دەخاتە گەڕ و بە گوژمدانی و بەرەو پێش هەوڵ دەدات بگات بە خەونەکەی و ناسنامەی خۆیی بەدەستبهێنێت. 

بیرکردنەوە لە مەرگ و ژیان بووەتە ڕۆتینی (ستیلمان) و هەمیشە لە خەیاڵیدان. هەندێک جار هیوا دەخوازێت بمرێت و هەندێک جار حەز دەکات سەرلە نوێ ژیانی دەست پێبکاتەوە، ئەو وەک ئەوەیە هەموو شەوێک بمرێت و هەموو بەیانییەک لەدایک ببێتەوە، هەمیشە لە تاریکییدا تووشی خەمۆکی دێت و لەگەڵ هەڵهاتنی ڕۆژدا هیوای تێ دەزێتەوە. سەبارەت بە مردن لای ستیلمان دوو جۆر هەست هەیە، کاتێک بە چوارچێوە بچکۆلەکەوە لەسەر بووکەڵە سپییەکە، بیر لە دایکی و میهری ئەو دەکاتەوە، گەشبینانە لە مردن دەڕوانێت و پێیوایە مەرگ حەوانەوە و کۆتاییهاتنی ئازارە. لە پێچەوانەی ئەم دیمەنەدا، کە بیر لە باوکی دەکاتەوە، بووکەڵە بچکۆلە ڕەشەکە دەخاتە کوپەڵەیەکی بچووکی لە قوڕ دروستکراوەوە و دەڵێت: “دوواجار خستیانە تاریکییەوە”. لێرەدا گاڵتەجاڕانە پێدەکەنێت و دەڵێت: “ببوورن هەندێک جار من قەشمەرم.” ئەم دیمەنەش دەکرێت وا لێکبدرێتەوە کە (پێتەر) بە شێوەیەکی تۆڵەسێن بە مەرگی باوکی خۆشحاڵە.

مۆسیقا

موسیک ڕۆڵێکی گەورەی لە شانۆگەرییەکەدا هەیە. دەتوانرێت بوترێت هێندەی وشە بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە گرنگە. هەندێک جار (ستیلمان) بۆ ماوەی درێژ بێدەنگ دەبێت. لەسەر زەوییەکە خۆی گرمۆڵە دەکات و هەست بە پۆخڵەوات و بۆگەناو و ئەو تەنیاییە ترسناکە دەکات کە لە ژوورە تاریکەکە تیایدا ژیاوە. بە درێژایی ئەو کاتانە تەنیا مۆسیقا دەبیسترێت. ئاواز و ڕیتمی خەمناکی مۆسیقاکە گوزارشت لە دڵتەنگی (پێتەر) و ئازار و ناسنامەی برینداری دەکەن. لە ڕێی مۆسیقاوە تەماشەوانانی گوێگر دەتوانن لە پەشێوی جیهانی ناوەوەی (ستیلمان) و دەوروبەرەکەیدا بژین. بە هەمان شێوە ئەو کاتانەی حاڵی (پێتەر) باشتر دەبێت و بیر لە هەبوونی ناسنامەی خۆیی دەکاتەوە، ئیدی مۆسیقا پڕ دەبێت لە ئومێد و کاریگەریی گەیشتن بە خەونەکەی.

مۆسیقاژەنەکە بە قاتێکی ڕەشەوە، لە لایەکی تەختەی شانۆکە وەستاوە و بە ئامێری (کەڕەنا) جاز لێدەدات. ئەو بە درێژایی نمایشەکە لەگەڵ (ستیلمان)دا ئامادەیە و هەندێک جار بەشداری هەندێک ڕۆڵ دەکات، بۆ نموونە، لەگەڵیدا پێدەکەنێت و دەگری و هەندێک کەرەستەی دەداتە دەست یاخود لێی وەردەگرێت. بەم جۆرە مۆسیقارەکە چ بە موسیک و چ بە هاریکاری، لەوێ بۆ (پێتەر ستیلمان) ئامادەیە.

بینەر

لەبەر ئەوەی (پێتەر ستیلمان) لە منداڵیدا چەندین ساڵ بەتەنیا لە ژوورێک خزێنراوە، ئێستاکە پێویستی بە پەیوەندی کۆمەڵایەتییە لەگەڵ خەڵکی تردا. ئەو کە بە خاتری زمان گۆشەگیر کراوە، ئیدی تینووی قسەکردن و خۆپیشاندانە. (پێتەر) هەوڵ دەدات خۆی بێت و ئەوانی دی لە بوونی خۆی ئاگادار بکات. بۆیە ئەو پێویستی زۆری بە بینەرە، تا گفتوکۆیان لەگەڵدا بکات و پێیان بڵێت: من کە ماوەیەکی زۆر ون و نادیار بووم، هەم. ئەرکی بینەران لەم شانۆگەرییەدا تەنها تەماشاکردن نییە، بەڵکوو گرنگتر ئەوەیە گوێگربن. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین هیچ ڕووداوێک لەسەر تەختەی شانۆ ڕوو نادات، بەڵکوو ئەوێ پیاوێکی لێیه بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و پێویستی بە کەسانێکە گوێ لە چیرۆکەکەی بگرن. لە سەرەتاوە تا کۆتایی، کارەکتەرەکە وابەستەیە بە بینەرەوە، ئەم تایبەتمەندییە پەیوەندییەکی گەرموگوڕ لە نێوان ئەو و بینەردا دروست دەکات. (پێتەر ستیلمان) لە وتووێژێکی کاریگەردا بە شێوازێکی سروشتیی کاردانەوە لەگەڵ ئەو بینەرانەدا دەکات کە لەگەڵیدا هەست بە هارمۆنی دەکەن. ئەمه لە ڕێی ئەوەوە دەکات کە لە بینەر نزیک ببێتەوە، لە چاویان بڕوانێت و بە چرپە بۆیان بدوێت و جار جاریش دەنگی بەرز بکاتەوە. لێرەدا هەستی من وەک بینەر وەهابوو کە هەست بە سوپاسگوزاریی (پێتەر) بکەم و لە ڕێی بزووتنی هەستیار و تەماشاکردنەکانییەوە بیبیستم کە دەڵێت: سوپاس کە لێرەن و گوێم لێ دەگرن. بەم جۆرە حەزی وتن و گوێگرتن لە نێوان ئەکتەر و بینەردا تا دێت بەهێزتر دەبێت و ئەمەش هانی (ستیلمان) دەدات لەسەر گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بەردەوام بێت.

وشە و تۆن

وشە و تۆن گرنگترین ڕەهەندن لە نمایشی (پیاوێک لە شووشە)دا کە پشتی بە گێڕانەوە بەستووە. دەنگی بەرز و نزم، چرپە و هاوار، گریان و پێکەنین. هەموو ئەمانە گرنگی دەدەنە بابەتی ناسنامە و زمانی خودایی لە مانا تایبەتەکەیدا. کاتێک (ستیلمان) بە منداڵیی خراوەتە ژوورێکی تاریکەوە، هەندێک وشەی لە زمانی گشتی زانیووە بەڵام بۆی نەبووە بەکاریانبهێنێت و هەر کات وشەیەکی ئاسایی وتووە، سزا دراوە، تا دوواجار وشەکانی لەبیرچووەتەوە. مەبەست لە گۆشەگیرکردنی (پێتەر ستیلمان) ئەوە بووە زمانی خودایی فێر ببێت، کە بە باوەڕی باوکی، ئەو زمانەی لە تەنیاییدا فێری ببیت، جیاوازە لەو زمانه گشتییەی بە کاریگەری دەوروبەرەوە مرۆڤ فێری دەبێت. دەتوانین ئەمە وا لێکبدەینەوە کە باوکەکە ویستویەتی لە ڕێگای منداڵەکەیەوە زمانێکی دەگمەن و تایبەت بئافرێنێت کە بتوانێت هەموو ئەو وتانەی پێ بڵێت کە بە زمانی ئاسایی ناوترێت. (ستیلمان) بۆ گوزارشتکردن لە چییەتی ئەو زمانە دەڵێت: “باوکم سەرێکی گەورەی هەبووە.” مەبەستی ئەوەیە باوکی بە جۆرێک لە جۆرەکان زیرەک بووە کە ویستویەتی لە ڕێگای پەروەردەی جیاوازەوە، زمانێکی جیاواز فێری کوڕەکەی بکات. باوکی (پێتەر ستیلمان) وەک هیوایەک بۆ داهاتووی مرۆڤ، باوەڕی بە زمانی تایبەت و وشە بووە.

گۆشەگیرکردنی (پێتەر) بە باوەڕی ئەوەوە کە دوور لە کاریگەری دەوروبەر جیاواز دەربچێت، کارەکتەری ڕۆمانێکی (ژان ژاک ڕۆسۆ)م بیر دەخاتەوە بە ناوی (ئێمیل). ئەو ڕۆمانە کە هەر بە ناوی (ئێمیل)ەوەیە ساڵی ١٧٦٢ نووسراوە. (ئێمیل)یش وەک (پێتەر ستیلمان) بە دوورخستنەوەی لە کۆمەڵگە گۆشەگیر دەکرێت بۆ ئەوەی لە کەسانی تر نەچێت. گەورەترین جیاوازی لە نێوان کارەکتەرەکاندا ئەوەیە، (پێتەر) لە دوورخستنەوەکەیدا بە تاقی تەنیا لە ژوورێکدایە بەڵام (ئێمیل) لە ناو سروشدا دەژی و هەمیشە مامۆستایەکی تایبەتی لەگەڵدایە. (ڕۆسۆ) لە ڕێگای کارەکتەری (ئێمیل)ەوە دەیەوێت ڕووانگەی نەریتیی پەروەردەی منداڵ بشکێنێت و ئەوە بسەلمێنێت کە مرۆڤ باشتر دەژی ئەگەر خۆی بێت و نەهێڵێت کاریگەری دەوروبەری لەسەر بێت. بە پێی تیۆرییەکانی (ڕۆسۆ)، مرۆڤ باشتر گەشە دەکات ئەگەر کۆپی کەسانی دەوروبەری نەبێت.(٧) شێوازی پەروەردەکردنی (ئێمیل) دوور لە کۆمەڵگە، هاوشێوەی حاڵەتی (پێتەر)، پشتی بە وشە و شێوازی بیرکردنەوە بەستووە. ئەوەی (ئێمیل) دەیبیستێت، ئەوەی نابێت بیبیستێت و چۆنێتی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و گەشەکردنی، بە پێی پرنسیپی (ڕۆسۆ) لە گرنگترین خاڵەکانی پڕۆسێسەکەن. وەلێ سەرەڕای سروشت و ئەو مامۆستا لێهاتووەش کە (ئێمیل) هەیەتی،  (ئێمیل)یش دووچاری زۆر خەم و تەنگوچەڵەمه دەبێت بەهۆی تەنیایی و نەبوونی خەڵکەوە لە دەوروبەری بەڵام دەتوانین بڵێین (ئێمیل) باش گەشە دەکات و بە ئەندازەی (پێتەر) تووشی ناڵاندن نابێت.

(پێتەر ستیلمان) پێیوایە لە هەمووان زیاتر لە وشە تێدەگات و زمانێک دەزانێت کە کەس نایزانێت، زمانێکی تایبەت کە ناتوانرێت وەربگێڕدرێت. ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە زمانی خودایی فێربووە؟ ئایا ئەمە تەنیا هەلوەسەیە یان جۆرێکە لە باوەڕداریی بە خۆی؟!  “کە وشە دێتە دەر، لە هەوادا دەفڕێت، چرکەساتێک دەژی و دەمرێت. ئەمە هیچ مانایەکی نییە. بەڵێ، نەخێر، سوپاس، پانگ پەلانگ، ببوورە، ببەخشە ...” پێتەر ئەمانه بێ هۆکار لەبەردەم خۆیەوە دەڵێت و دوو وشەی ئینگلیزی (Gud) و (Dog) تێکەڵ دەکات و دەپرسێت ئاخۆ خوێندنەوەی سەگ بە پێچەوانەوە دەبێتە خوا یان وشەی خوا پێچەوانەکەی دەبێتە سەگ. (پێتەر) بە دەنگی بەرز بیر دەکاتەوە، باس لە هەموو شتێک دەکات و بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە. بەڵام وەک ئەوەی نەیەوێت قسەکانی پێ ببڕن و وەک ئەوەی ترسی لە هەندێک وەڵام هەبێت، جار جار لە تەماشاوانەکان نزیک دەبێتەوە و بە دەنگێکی نەوی دەڵێت: “کەس پرسیار نەکات.” هەموو ئەمانە ئەوە پیشان دەدەن کە پێتەر حاڵی باش نییە، هیلاکە، دەترسێت و باوەڕی بە خۆی بەهێز نییە. نەبوونی ناسنامەیەکی ڕاستەقینەی خۆیی، وایلێکردووە وەک نەخۆشی دەروونی دەربکەوێت بەڵام ئەوە خاڵێکی ئەرێی گرنگە کە هێشتا هەر سوورە لەسەر ئەوەی بە زمانی خۆی چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە.

شانۆگەرییەکە بە گشتیی

لە گەڕان بەدوای ناسنامە و ڕەسەنایەتیدا، شانۆگەری (پیاوێک لە شووشە)ە ناکۆکیی نێوان پیاوێک و دەوروبەرەکەی دەخاتە ڕوو. دەتوانرێت (پێتەر ستیلمان) وەک سیمبولێکی شێوەژیانی مۆدێرنە و سەرمایەداریی ئەمڕۆ ببینرێت. لەو ڕووەوە کە مرۆڤ قورسە بتوانێت خۆی بێت لە ژینگەیەکدا کە سەرەڕای هەبوونی کێشەگەلی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی، هەمووان لاساییکەرەوە و کۆپی یەکترن. (ستیلمان) ئەوە دەگێڕێتەوە کە دەربارەی خۆی بیستوویەتی و دوو دڵیشە لەوەی کە ئەوەی دەیڵێت ڕاستی بێت. ئەم دوو دڵییەکەی دەکرێت وەک لاوازیی باری دەروونیی ببینرێت، هەروەها دەشکرێت وەک هێزی مرۆیی لێکبدرێتەوە کاتێک کە هەوڵ دەدات بیر و بۆچوونی سەربەخۆی هەبێت. لەوانەشە بتخاتە بەر ئەو پرسیارەی بڵێیت ئاخۆ چی ڕاستەقینە بێت؟

(ستیلمان) پیاوێکە دابڕاو لە کۆمەڵ و دەوروبەر گەورە بووە. ئەو تەنها دڵنیایی و زانیارییەکانی کۆمەڵگە و جیهانی لێ زەوت نەکراوە بەڵکوو لەسەریشی بووە زۆران لەگەڵ ناسننامەکەیدا بگرێت. بە سەرنجدان لە جوڵەی لەشولار و سیمای (ستیلمان) بۆ وێنە کاتێک پچڕ پچڕ دەدوێت، دەلەرزێت و بە دەم ڕێوە لەتر دەدات، ئاسەواری گۆشەگیرییەکەی بەرچاوانە دەردەکەوێت. دابڕانی لە کۆمەڵ، نەرێی کاریگەری زۆری لەسەر داناوە و نەخۆشی خستووە. لە جیهانی ئاساییدا، بەراورد بە کەسانی تر ئەو جیاوازە. سەرەڕای ئەو ناهەمواری و ئەشکەنجەیەش کە لە ژوورە تاریکەکەدا بینیویەتی، جار جار وا دەردەکەوێت بیری ئەوێ بکات!! بەڵێ دەتوانین ئەو لێکدانەوەیەمان هەبێت و ئەو هەستەشی تێدا ببینین چوونکە ئەو باس لەوەش دەکات کە لەو ژوورەدا فێری خەیاڵ و بیرکردنەوەی شاعیرانە بووە. هەروەها مانەوەی ئەو لە ژوورەکەدا بۆ ماوەیەکی زۆر، دەکرێت هۆکار بێت بۆ ڕاهاتنی و بێئاگایانە مەیلی لەوێ بوونی تێدا دروست ببێت.

هەڵبەت دەتوانرێت لێکدانەوەی جیاواز بۆ شانۆگەری (پیاوێک لە شووشە) بکرێت. بەپێی لێکدانەوە و تێگەیشتنی من، بابەتی سەرەکی شانۆییەکە ناسنامەی (پێتەر ستیلمان)ە. ئەو سەرلێشێواوییەی (ستیلمان) بە هۆی ناسنامەوە تیای دەژی، لە ڕێی ئەو بێدەسەڵاتییەوە پیشان دەدرێت کە ناتوانێت هیچ هەڵبژاردنێک لەوەدا بکات کە کێیە و چی دەوێت. دەکرێت ئەم بێدەسەڵاتییە لێکدانەوەی تراومای منداڵیی بۆ بکرێت، کە هێشتا بیرکەوتنەوە و دۆخی جارانی، ڕێگرە لەوەی ژیانی ئێستای تەندروست و بێخەوش بێت. بە پێی تیۆری (جۆستاین گریپسورد) دەکرێت لێکدانەوەی ناسنامەی کۆمەڵایەتی لای (ستیلمان) پێناسە نەکراو بێت. ئەو کە لە گۆشەگیرییەکی تەواودا گەورە بووە، بەبێ هیچ کەسێک لە دەوروبەری و بێ ئەوەی سەر بە هیچ لایەک بێت، ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی لاوازی هەیە. ئەو کە لە ژوورە تاریکەکەدا کەسی لەگەڵ نەبووە، ناتوانێت تێگەیشتنێکی وەهای دەربارەی ئەو جۆرە ناسنامەیە هەبێت. وەکتر دەکرێت توانای ناوەکی ئەو، وەک ناسنامەی کەسێتی لێکبدرێتەوە، تروسکەی ئەو ناسنامەیە وا دەکات ئەو ساتانەی ببینین کە دڵخۆش و هیوادارە و خەون دەبینێت. لەگەڵ ئەمەشدا سەرلێشێواوێتی (ستیلمان) زۆر دیارە، بەتایبەت کاتێک کە دەڵێت: “ناوم (پێتەر ستیلمان)ە بەڵام ئەمە ناوە ڕاستەقینەکەم نییە.” باوکی (پێتەر) ویستوویەتی کوڕەکەی دوور بێت لە هەموو کەسێک، بۆ ئەوەی شێوە ژیانی خەڵک کەریگەری لەسەر بەجێنەهێڵێت. هۆکاری ئەم شێوازی پەروەردە دڕندانەیە، ڕەنگە نیگەرانی ستیلمانی باوک بێت بەرامبەر گرفتی جیهان و سەبارەت بەوەی ویست و توانای تاک چەند ون و لاوازە لە ناو کۆمەڵگەدا. دەکرێت ئەم بیرۆکەیە بە بۆچوونی (گریپسورد) بەراورد بکرێت، لە بارەی ئەو بێدەسەڵاتییەوە کە لە بنیادی ناسنامەدا دێتە بوون، لەوێوە کە مرۆڤەکان چۆن دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە و چەنێک هەڵگری پێوەرەکانی کۆمەڵگە دەبن. باوکی (پێتەر) کە بە شێوازی خۆی دەیەوێت یارمەتی جیهان بدات، تاقیکردنەوەیەک لەسەر منداڵەکەی خۆی دەکات. ئەو پێیوایە ئەگەر منداڵەکەی لە ژوورێکی داخراودا بێت، هیچ هەڵبژاردنێکی نابێت، ئەوە نەبێت کە خۆی ناسنامەی خۆی دروست بکات، زمانی تایبەت دابهێنێت، خەیاڵی زۆر بکات و بیرۆکەی ناوازەی بۆ بێت. بەڵام باوکە ستیلمان بیری لەوە نەکردووەتەوە کە دەکرێت کوڕەکەی بە کاریگەری ژوورە تاریکەکەی سەردەمی منداڵییەوە، لە تەمەنی گەورەییدا لە تاریکایی دەروونییدا قەتیس و گیر ببێت.

دوالێدوان

لەم توێژینەوە شیکارییەی شانۆگەری (پیاوێک لە شووشە)دا، کە بە ئامانجی خوێندنەوەی کارەکتەری (پێتەر ستیلمان) بوو، مەبەستم بوو بزانم کاریگەری دەوروبەر و توانای ناوەکی لە نمایشەکەدا چۆن بەرجەستە و بینراو دەکرێت. هەروەها بە پێی تیۆرییەکانی (گریپسورد) لە چەمکی ناسنامە دووام و بۆ لێکدانەوەی دیمەنەکان میتۆدی هێماناسی و وێنەشیکارییم بەکارهێنا. بە سەرنج خستنە سەر ڕەهەندە جیاوازەکان، توێژینەوەکەم بەسەر ئەم بەشانەدا دابەشکرد: جلوبەرگ، دیکۆر، مۆسیقا بینەر، وشە و تۆن و دەربارەی شانۆگەرییەکه بە گشتی.

وەک دەزانین شانۆگەری (پیاوێک لە شووشە) دەربارەی بەسەرهاتی ژیانی (پێتەر ستیلمان)ە. ئەو کە دابڕاو لە دەوروبەر گەورە بووە، لە سەردەمی منداڵیدا لە لایەن باوکییەوە خراوەتە ژوورێکی داخراوی تاریکەوە. بابەتی سەرەکی شانۆگەرییەکە خستنە ڕووی کێشەکانی ناسنامەیە و بە پێی توێژینەوەکە، هەر یەک لە توانای ناوەکی و کاریگەریی دەوروبەریش بە نەبوون و بوونییەوە، کەسایەتی (پێتەر ستیلمان)یان فۆرمدار کردووە. ناسنامە شتێکه زۆری لێ هەڵنابژێردرێت، مرۆڤ زیاتر لە دەوروبەرەوە وەریدەگرێت. نەخوێندن و نەبوونی هیچ زانیاریارییەکی ئەوتۆ دەربارەی کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، (ستیلمان)یان کردووەتە پیاوێکی سەرلێشێواو و نادڵنیا.  ئەو سەرلێشێوان و نادڵنیاییە بێدەسەڵاتییەکی لا دروست کردووە کە دەکرێت هۆکارەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ بارودۆخی نالەباری سەردەمی مناڵیی، وەختێک کە دەوروبەرەکەی تەنیا تاریکایی ژوورێک و ستەمی باوکێک بووە کە دەستی بەسەر تەواوی ژیانیدا گرتووە. زۆر هەستی تووڕە و ڕقئامێز لە (ستیلمان)دا هەیە، دەکرێت کاری لەسەر بکرێت. بیرکردنەوەکانی و جیهانی ناوەوەی بەهۆی پەردەی تایبەتی سینەماییەوە پیشان دەدرێن. تووڕەییەکەی لە ڕێی ئامێرێکی ڕاهێنانی وەرزشییەوە دەردەکات، ئامێرێک کە دەکرێت لێکدانەوەی سیمبولی کاتی بۆ بکرێت. لە زۆر دیمەندا بێدەنگی (ستیلمان) لە مۆنۆلۆگەکانی زیاترە، ئەو کاتانە مۆسیقای جاز زیاتر لەو وتانە دەڵێت کە بە وشە گوزارشت ناکرێن. بە لێکدانەوەی چەمکی ناسنامە وەک شتێک لە نێوان بەراورد و پەیوەندی ئەوانیتردا، ناسنامەی کۆمەڵایەتی پێکدێت کە بە کاریگەری دەوروبەر لەسەر تاک فەراهەم دەبێت. (ستیلمان) لەم جۆرە ناسنامەیەی کەمە یاخود زۆر لاوازە تیایدا، بەڵام ئەو بەردەوام توانا ناوەکییەکەی لەگەڵیدا ئامادەیی هەیە، ئەمە بە ڕوونی لەو چرکەساتانەدا دەبینرێت کە دڵخۆش و پڕ ئومێدە و خەون بە باشتر بوونی خۆیەوە دەبینێت. لایەنی هێماناسی لە شیکارییەکەی مندا، لە دەوری ئاڵۆزییە گشتییەکان دەسووڕێتەوە، دیارترینیان ناکۆکی نێوان توانای ناخی تاک و پێوەری کەسایەتییەکانی دەوروبەرە. (پێتەر ستیلمان) وەک گیرۆدەیەکی دەستی نادیاری و نامۆیی لە نمایشەکەدا لە هەوڵی پیشاندان و ناساندنی خۆیدایە. ئەرکی گرنگی ئێمە وەک بینەر ئەوەیە کە گوێ لە (ستیلمان) بگرین، لەبەر ئەوەی لە ڕێی بینین و گوێگرتنەوە کارەکتەرە شووشەییەکەمان چیتر نەبینراو نابێت و دەردەکەوێت.

 

پەڕاوێز

(١)Terje B & Hein E, Bildanalys. Didaktik och metod, Lund, 1994, s.15ff.

(٢)Ibid.

(٣)Umberto E, ”Teaterföreställningens semiotik” I: Ingvar H. Tecken, struktur, tolkning, s.29.

(٤)Kurt A, ”Till teaterhändelsens semiotik”, Teaterarbete, Stockholm, 1977 s. 37-60.

(٥)Jostein G, Mediekultur – Mediesamhälle, Göteborg, 2002, s.20f.

(٦)Ibid, s.108ff.

(٧)Jean-Jacques R. Émile: or Concerning Education, 1762

 

سەرچاوە          

Aspelin, Kurt, ”Till teaterhändelsens semiotik”, Teaterarbete, Stockholm, 1977

Borgersen, Terje & Ellingsen Hein, Bildanalys. Didaktik och metod, Lund, 1994

Eco, Umberto, ”Teaterföreställningens semiotik” I: Ingvar Holm. Tecken, struktur, tolkning.

Gripsrud, Jostein, Mediekultur – Mediesamhälle, Goteborg, 2002

Rousseau, Jean-Jacques, Émile: or Concerning Education, 1762

Foto: Peter Lloyd








ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 205 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
پێویستمان بە دیالۆگی زیاترە، نەوەک مۆنۆلۆگی زیاتر.

/ستێفان گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

خەڵکی کوێی کوردستانیت؟




ڕیکلام
Banner