ڕیکلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

چیرۆک و دیرۆک (بەدواداچوون) ~ باران

به‌شی: چەپک
23 - 06 - 2017

سەرەتا

بوونی چیرۆک، ئەگەر سەرەتایەکی هەبێت، پەیوەست و هاوتایە بە دەستپێکی دروستبوونی بوونەوە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی مێژووی هاتنە کایەی ئەدەب، دەبینین لە چاخی دێرین و سەردەمی ئەنتیکەوە، تا درەنگانی سەدەی ناوەڕاستیش، هێشتا چیرۆک و پەخشان یاخود (نسر) وەکوو ژانرێکی ئەدەبی، باو نەبووە، جگە لە ژاپۆن کە مێژووی هونەری گێڕانەوە تیایدا لەمێژینەترە، لێ لەوەبەدواوە، چیرۆک لە تەواوی جیهاندا، وردە وردە بە شێواز و تایبەتمەندییەتی خۆیەوە بڵاوبووەتەوە، تا بوونی خۆی وەک ژانرێکی بنچینەیی و گرنگ سەلماندووە.

لەم نووسینەدا، هەوڵدەدەم بگەڕێمەوە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی چیرۆک، تا تیشك بخەمە سەر دێرینترین و دیارترین چیرۆکە تۆمارکراوەکانی جیهان و لە چییەتی و چۆنییەتییان بدوێم، پاشان لە درێژەی بەدواداچوونەکەدا، سەرنج دەخەمە سەر چیرۆکنووسانی ڕۆژئاوا و ئاماژە بە هەندێک لە بەرهەمەکانیان دەدەم. ڕێڕەوی دەقەکە وەک بەدواداچوونێکی مێژوویی، بە شێوەیەکی گشتی، پشت بە پۆلێنی ساڵ دەبەستێت. ئامانجی کارەکە چنگکەوتنی بڕێک زانیاری سەرەکییە سەبارەت بە دیرۆکی چیرۆک و کوورتە ناساندنێکی کۆمەڵێک چیرۆکنووسی ڕۆژئاواییە کە دوای سەرپێخستنی ژانرەکە، بە بایەخ و بەرهەمەکانیان، برەویان بە هونەری گێڕانەوە داوە لە فۆڕمی چیرۆکدا.

سەرهەڵدان

پێش سەردەمی دێرین، چیرۆک زیاتر سەرزارەکی بووە، چەند کۆمەڵە حیکایەتێکی میللی لە چەند لایەکی جیهانەوە گێڕدراونەتەوە. لە لایەن میسڕییە کۆنەکانەوە چەند بەرهەمێک بەجێماون، لەوانە: (شازادەی مەحکوم، چیرۆکی جادووگەران، حیکایەتی دوو برا، کەشتیوانی کەشتی شکاو، چیرۆکی سەتنا و هتد) کە زیاتر حیکایەتی ئەفسانەیین و ناوەڕۆکەکانیان تژین لە بابەتگەلی ڕۆحانی، خێڵایەتی، ململانێ و عەشق و دڵداری. ئەفراندنی ئەم چیرۆکانە دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ١٣٠٠ ــ ٣٠٠٠ ساڵ پێش زاین.

لە سەردەمی دێریندا، کۆمەڵێک چیرۆکی میللی لە لایەن هیندییە کۆنەکانەوە بەجێماون کە مێژووی گێڕانەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٣٠٠ ساڵ پێش زاین. کۆچیرۆکی (جاتاکا) بەرهەمی ئەو سەروەختانەیە و لە پێنجسەدوپەنجا حیکایەتی خەیاڵی پێکهاتووە، کە تایبەتن بە لەدایکبوونی بوداوە و لێوڕێژن لە پەند و ئامۆژگاری. هەروەها کۆمەڵە چیرۆکی (پەنچەتەنترە) یاخود (پێنج کتێب) پێدەچێت کۆمەڵێک حیکاتی هەمان سەردەم بێت، تایبەتە بە پەروەردە و ئامۆژگاری شازادەکان. بەرهەمێکی دیکەیان بە ناوی (شوکاساپتاتی) بە واتای (حەفتا چیرۆکی تووتی) لە کۆمەڵێک حیکایەتی پەرییان پێکهاتووە.

هەر یەک لە کتێبە ئاسمانییەکان، هەڵگری چەندین چیرۆکن، باس لە سەردەمانی پێش خۆیان و سەروەختی خۆیان دەکەن. (تەورات) کۆمەڵێک حیکایەت لە خۆ دەگرێت کە مێژووەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانێکی جیاواز، لەوانە: چیرۆکی (کتێبی ڕوت ٣٥٠ ساڵ پێش زاین)، (کتێبی یونس ٢٧٥ ساڵ پ.ز)، (کتێبی دانیال و کتێبی ئیستیر ١٥٠ ساڵ پ.ز)، ئەم چیرۆکانە کە مێژووەکانیان مەزەنەکراون، تا سەردەمانێکی زۆر بە واقیعی ناسێنراون، بەڵام ئەمڕۆ بە زادەی خەیاڵی دەستکرد دادەنرێن.

کتێبی پیرۆزی (ئینجیل) چیرۆکی سەرهەڵدان و پێشکەوتنەکانی مەسیحییەتی لەخۆگەرتووە. ناوەڕۆکی کتێبەکە لە چوار بەرگدا، بریتییە لە ژیاننامەی عیسا، کاری پەیامبەران و کۆمەڵێک نامەی ئاینی، ئاشکراکردنی یوحەننا و چەندین باس و پەیامی دی. هەر یەک لەم بەسەرهاتانە بە کتێبی جیاواز ناودەبرێن و مێژووی نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠ ــ ١٢٥ ساڵ دوای زاین.

وەکتر لە ساڵانی شەشسەدەکاندا، ئەدەبی گێڕانەوە لە فۆڕمی ئەفسانە و حیکایەت و نۆڤلێتدا لە هیندستان پەرەی سەندووە. لە نیوەی یەکەمی شەشسەدەکاندا، نووسەری هیندی سوباندهو حیکایەتێکی سۆزداری بە ناوی (ڤاساڤاداتا) دەنووسێت و بەرهەمەکە دەبێتە یەکێک لە بەناوبانگترین کارە کلاسیکییەکانی سەردەمەکەی. پاشان لە نیوەی دووەمی ساڵانی شەشسەدەکاندا، هەر لە هیندستان کۆمەڵە چیرۆکی (داشاکوماراچاریتا) بە واتای (ماجەرای دە کوڕە شازادەکە) لە لایەن داندینی نووسەرەوە دەنووسرێت. ئەم کۆمەڵە چیرۆکە کە دەبنە ژانرێکی نوێی ئەدەبی، لە ناوەڕۆکدا دە کوڕەشا باس لە ماجەراکانی خۆیان دەکەن. بەرهەمەکە زنجیرەیەک بەسەرهاتی ناوازەیە و پاش چەند سەد ساڵ، نووسەری ئیتاڵی بوکاچیۆ کارێکی هاوشێوەی نووسیووە.

 

لە هیندستانەوە زۆر لەو چیرۆکانەش سەرچاوەدەگرن کە پاشان بەهۆی فارسەکانەوە گەشتوونەتە وڵاتە عەرەبییەکان و لە گەشەپێدانیاندا کۆمەڵە چیرۆکی (هەزار و یەک شەوە)یان پێکهێناوە. ئەم چیرۆکانە زنجیرەیەک بەسەرهاتن کە شازادە شەهرەزاد شەو بە شەو بۆ ئەو پادشایەی دەگێڕێتەوە کە بڕیارە لە سپێدەدا سزای مەرگی بدات. وەلێ بە گێڕانەوەی چیرۆکەکان و خەولێکەوتنی پادشا، سزای لەسێدارەدانەکەی شەهرەزاد هەموو ڕۆژێک هەڵدەوەشێتەوە و دوادەخرێت، تا دواجار پادشا ئەڤینداری ژیرێتی شەهرەزاد دەبێت و هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات. تەواوی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٤٠٠ دا ئامادە دەبێت، کە لە کۆمەڵێک حیکایەتی هەمەڕەنگ پێکدێت، لە کات و کولتووری جیاوازەوە، وەک کولتووری هیندی و فارسی و عەرەبی. دواتر لە ساڵانی ١٧٠٠ دا ئەم چیرۆکانە وەرگێڕدرانە سەر زمانە ئەورووپییەکان و چەند نۆڤلێتێکیان بوونەتە کلاسیکەر و لە زۆر گۆشەی دونیاوە لاساییکراونەتەوە، نموونەی ئەوانە: سندیبادی دەریاوان، عەلادین و چراکەی، عەلی بابا و چل چەتەکە.

هەر لە دواییەکانی سەدەی ناوەڕاستدا، لە وڵاتی ئایسلاند لە باکوور، کۆمەڵێک چیرۆکی نوێ هاتنە کایەوە. ئەم حیکایەتە ئایسلاندیانە لە ساڵانی ١٢٠٠ کاندا بوون بە گرنگترین هاریکارییەکانی باکوور لە زەنگینکردنی ئەدەبی جیهاندا. ئایسلاندییەکان پەخشانە مێژووییەکانیان بە (حیکایەت) ناوزەند کرد. مەبەستیان لەمە ئەوە بوو بەسەرهاتەکان پاشخانی مێژوویان هەیە، ئەگەرچی دەکرا باسەکان توخمی ناسروشتیشیان تێدا بێت. حیکایەتەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان باسی مێژووی خەڵکانی باکووریان دەکرد لە ڕووی ژیانی کۆمەڵایەتی تاکە کەس و خزمایەتییەوە. یەکێک لە شاکارەکانیان حیکایەتی (هەیمسکرینگل ١٢٣٠)ە بە واتای (بازنەی جیهان)، کاری نووسەر سنۆرێ ستورلاسسۆنە، باس لە ساڵانی ٩٠٠ــ١٢٠٠ دەکات. کارەکە مۆرکێکی بابەتییانەی هەیە، کەسایەتییەکان لە ڕێی وشەکانیانەوە تایبەتمەندییەتی و رەفتاریان بەیان دەکەن. ئەم بەرهەمە کۆمەڵێک کوورتیله باسی تێدایە دەربارەی تاکەکەسە و دەکرا ببنە حیکاتی سەربەخۆ. لە ئەدەبی ئایسلاندیدا ئەم جۆرە حیکایەتانە زۆرە و زۆربەیان هونەری داڕێژانیان ئێجگار نایابە، بەناوبانگترینیان ئەوانەن کە لەژێر ناونیشانی (حیکایەتەکانی ئایسلاند)دا کۆکراونەتەوە و چاپ کراون. کۆی ئەم چیرۆکانە لە ماوەی ١٢٢٠ــ١٣٠٠ دا نووسراون بەڵام بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٩٣٠ــ١٠٥٠.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، زۆر لە حیکایەتەکانی ئایسلاند بایۆگرافی کەسانی ناسراون، نموونەی یەکێک لەوانە حیکایەتی (ئێگیل سکاڵاگریمسسۆن)ە کە لە دەوروبەری ١٢٣٠ دا نووسراوە و بە پێی هەندێک سەرچاوە بەرهەمی ستۆررێ ستورلاسسۆنی نووسەرە. ئێگیل شەڕفرۆشێکی کێوی و شاعیرێکی بەتوانایە. تەمەنی تەنها سێ ساڵ بووە کە یەکەم شیعری نووسیووە و لە حەوت ساڵیدا بەبێ ویست یەکەم کەسی کوشتووە. هێزی جەستە و کێوییەتی ئیگێل لە زۆر کاتدا دەردەکەون بەڵام خاڵە سەرەکییەکانی حیکایەتەکە کۆمەڵێک بەش و ڕووداوی بچووکن کە توانای شاعیرییەتی ئەو دەردەخەن. حیکایەتەکە باس لە ڕێکەوتێکی چاوەڕوان نەکراویش دەکات کە لە کاتی سەردانکردنی ئێگیلدا بۆ نزرگەیەکی پیرۆز، ڕووبەڕووی نەیارە گەورەکەی دەبێتەوە کە ناوی شا ئێریک بلودیکسی نەرویجە، لەم ڕووداوەدا ئێگیل بە خوێندنی چەند شیعرێکی مەزن سەری خۆی ڕزگار دەکات. ئێگیل هەستبزوێنترین شیعری لە بارودۆخێکی تەواو جیاوازدا دەنووسێت، کاتێک خۆشەویستترین کوڕی بە نوقومبوون لە ئاودا دەخنکێت، بێدەنگییەکی کوشندە دایدەگرێت، هەتا بە هەوڵ و هاندانی زۆری کچەکەی دەتوانێت شیعرێک بنووسێت بۆ ئەو کوڕەی و کوڕێکی تری کە پێشتر مردووە. (سۆناتۆرێک) ناوی ئەو شیعرەیە، بە واتای (لەدەستدانی کوڕەکان) دێت، بە نووسینی ئەم شیعرە ئێگیل دەگەڕێتەوە بۆ ژیان. حیکایەتە ئایسلاندییەکان زۆرن و خاڵێکی جیاوازیان پوختی و کوورتگوتەییە لە گێڕانەوەدا. کەسەکان لە ڕێی لێدوان و هەڵسوکەوتەوە کارەکتاسیرای خۆیان دەکەن. کوشتنی بێ مەبەست تیایاندا زۆرە. دیالۆگ زۆرە. دیمەنه بچووکەکان چارەنووسی پاڵەوانەکانیان بەدەستە و دەیگۆڕن.

دیارە تەنها ئایسلاندییەکان نەبوون کە ئارەزووی بەسەرهاتی مێژوویی سەردەمی کۆنی باکووریان کردووە، نووسەری دانیمارکی ساخۆ (... ــ١٢٠٠)، بە نازناوی گرامماتیکوسەوە، لە ساڵی ١١٨٠ دا دەستیکردووە بە نووسینەوەی مێژووی کۆنی دانیمارک، لە سەرەتاوە تا سەردەمی خۆی، ئەمەی وەک بەرهەمێکی نایاب بە زمانی لاتین نووسیووە، بە ناوی (گێستا دانۆروم) واتە (شاکاری دانیمارکییەکان). لەویادا جێی حەشاماتێکی کردووەتەوە کە خوێنەر ناتوانێت تیایاندا جیاوازی لە نێوان حیکایەت و بەسەرهاتدا بکات. لای ساخۆ دەتوانین دەربارەی شازادە هاملێت بخوێنینەوە بە ناوی (ئاملێس) یاخود (ئاملێتوس). ساخۆ حیکایەتە مێژووییەکان وەک گوناهـ و پاکی دەبینێت. لێهاتوویی داڕشتن و زمانە پاراوە لاتینییەکەی ساخۆ، ئەم بەرهەمەی کردووەتە توحفەیەک لە مێژووی هونەری گێڕانەوەدا.

لە سەرەتای ساڵی ١٢٠٠ دا نووسەری فەڕەنسی گیۆفرەی ڤیللێهاردۆوین (١١٦٠ــ١٢١٢)، بەسەرهاتەکانی جەنگی چوارەمی خاچپەرستەکانی نووسییەوە، کە دەکاتە هیستۆریای ڕزگارکردنی ئوورشەلیم لە دەست موسوڵمانەکان. پاشان جیان جوینڤیللێ (١٢٢٤ــ١٣١٧)، دەربارەی جەنگی حەوتەمی نووسی. ڤیللێهاردۆوین هیستۆریننووسێکی گرنگە و جوینڤیللێ بەسەرهاتگێڕەرەوەیەکی باشە. لێ جوینڤیللێ کەمتر لە ڤیللێهاردۆوین دەیەوێت مێژووی سەردەمێک بگێڕێتەوە، چیرۆکەکەی ئەو لەسەر شای فەڕەنسا، لودڤیکی پیرۆز، نزیکترە لە ئەفسانەی کەسی پیرۆز و دیمەنەکانی هەستگەلی جوانی تابلۆییان تێدایە.

پاشان بەرهەمی (دێکامێرۆنە)ی نووسەری ئیتاڵی گیوڤانی بوکاچیۆ (١٣١٣ــ١٣٧٥)، بووەتە ژانرێکی نوێ لە هونەری گێڕانەوەدا و بە نۆڤێلا ناوبراوە. وشەی (نۆڤێلا) بە ئیتاڵی بە مانای هەواڵی نوێ یاخود بەسەرهاتێک دەربارەی شتێکی نوێ دێت. ئەم ناوە لە ساڵانی ١٣٠٠ کاندا بووەتە واتا و تایبەتمەندێتی جۆرێک لە گێڕانەوەی تایبەتی چیرۆک. دوای ئەمە، کۆمەڵێک نۆڤێلا نووسران کە هاوشێوەی کۆبەسەرهاتی دێکامیرۆنە، چوارچێوەبەسەرهاتێکیان هەبوو، چیرۆکەکانیان بە تاک بڵاونەدەکرانەوە. هەڵبەت شاکاری (دێکامێرۆنە) لە سەد بەسەرهاتی جیاواز پێکهاتووە و پەروازێکی هونەریی ئەدەبی پێکەوەی بەستوونەتەوە.

هەتا ناوەڕاستی ١٦٠٠ لە ئیتاڵیا زیاتر لە ٣٠ کۆمەڵەچیرۆک بڵاوبووەوە، کە زۆربەیان تەنها بۆ خۆشی نووسراون و ڕەنگدانەوەی گێڕانەوەی بێتامی ناو خەڵک بوون. ساکارترین کۆنۆڤێلەکانی ئیتاڵیا هی قەشە ماتیۆ باندێللۆس بووە، سێ بەشی بەرهەمەکان، ساڵی ١٥٥٤ هاتۆتە دەر و بەشی چوارەمی ساڵی ١٥٧٣ پاش مردنی، دەرچووە. چیرۆکەکان لە چوارچێوەبەسەرهاتیان کەمە و پشت بە گێڕانەوەی ڕووداوی ڕاستی دەبەستن. ئەو دەقە ئیتاڵییانە هەر زوو وەرگێڕدراون بۆ زمانەکانی تر، بەڵام ئەو کۆمەڵانەی چوونەتە وڵاتانی دی، مۆرکی تریان وەرگرتووە.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، لە ئیسپانیا، چیرۆکە پەخشانی سوارچاکی و شوانکارەیی لە باوترین جۆرەکانی ڕۆمانس بوون. ناودارترین چیرۆکە شوانکارەییەکانی ئیسپانیا لەو سەردەمەدا، بریتن لە: (دیانا ١٥٥٩)ی خۆرخیە خونتمایر، (دیانای عاشق ١٥٦٤)ی نووسەر پولۆ، هەروەها چیرۆکی (ئارکادیا ١٥٩٨)ی لوپەدوگا. 

شاژنە مارگارێتا (١٤٩٢ــ١٥٤٩)، شاژنی ناڤارا لە ئیسپانیا، کە بە ڕەچەڵەک فەڕەنسییە، خوێندەوارێکی ئاست بەرز بووە و کۆمەڵە چیرۆکێکی بە ناوی (هێپتامێرۆن) نووسیووە، لە پاش مردنەکەی، ساڵی ١٥٥٩ بڵاوبووەتەوە. باوەڕی بنەڕەتی مارگارێتا لەو چیرۆکانەدا پڵاتۆنییە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاشکاو ڕیالیستییش بووە. جیاوازیی نێوان عەشقی ژن و پیاو، لە چیرۆکەکانیدا تێمایەکی سەرەکی بووە. هەروەها بوونی زۆر ناکۆکی مۆڕاڵی لەو بەسەرهاتانەدا، خوێنەر کەمەرکێشی گفتوگۆ دەکات. لە ڕووی ئەوەوە کە پەیوەندی چیرۆکەکانی ڕێنیسانس بە ڕاستییەوە، لەگەڵ فراوانبوونی جیهاندا پێشکەوتووە و زانست لە پەرەسەندندا بووە، چیرۆکەکانی مارگارێتا هاوبەشێتی زۆریان لەگەڵ چیرۆکەکانی سێرڤانتێسدا هەبووە. 

میگوێل سێرڤانتێس (١٥٤٧ــ١٦١٦)، نووسەری ئیسپانی و خاوەنی شاکاری (دۆنکیشۆت)، بە بەرهەمی (نۆڤێلاس ئێجێمپلارێس ١٦١٣) بە واتای (نۆڤێلە نموونەییەکان)، نوێگەری لە فۆڕمی هونەری نۆڤێلدا کردووە. سێرڤانتێس چیرۆکەکانی بە نەخشی نۆڤێل ناودەبات و لەم دەربڕینەیدا دوو مەبەستی هەیە، یەکەمیان ئەوەی کە پێیوایە چیرۆکەکانی بە نیسبەت چیرۆکی ئیسپانییەوە لە ڕووی هونەری داڕێژانەوە وەکوو نەخشن. هەروەها مەبەستی ئەوەشە کە چیرۆکەکان وەک نەخش و شێوەی ژیانی مرۆڤ هەست پێبکرێت و تێگەیشتنێکی قووڵتر بێت دەربارەی هەرای مرۆڤ، زیاتر لەوەی لەسەر ڕەوشتخوازی بێت. هەندێک لەو چیرۆکە تایبەتانە تێمای توانای بینینی ناو ڕۆح دەخەنە ڕوو. لە چیرۆکێکیدا دوو سەگ لە ڕێی ڕووانگەی خۆیانەوە ڕووانینیان بۆ مرۆڤ هەیە، ئەمه دەبێتە وێنەیەکی زبر و تەنزئامێز. لە چیرۆکێکی تریدا، کارەکتەرە سەرەکییەکە پێیوایە لە شووشە دروستبووە و دەکرێت بشکێت، هاوکات شێتییەتی توانای ئەوەی داوەتێ کە لە ناو مرۆڤەکان بڕوانێت. ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە چەندین خاڵدا خۆیان لە نۆڤلی ئیتاڵی جیادەکەنەوە. وەک ئەوەی کە لەم چیرۆکانەدا چوارچێوەبەسەرهات و سنووری گێڕانەوە بوونیان نییە، درێژن، ڕووداوەکانیان ئاڵۆزن و ژینگەکانیان لە گەشەکردن و گۆڕاندان.

لە دوای شاکاری (دێکامێرۆنە)ی بوکاچیۆوە، نۆڤێل نووسین لە سەرانسەری دونیاوە داهێنان و بەرەوپێشچوونی تایبەتی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵانی ١٦٠٠ و ساڵانی ١٧٠٠ دا، چیرۆکنووسین ڕووی لە کزی کردووە، تا لە ساڵانی ١٨٠٠ دا، چیرۆک جارێکی دی گەشە و ناوبانگی بەخۆیەوە بینیوەتەوە.

 

ڕۆژئاوا

لە ساڵانی هەزار و هەشتسەدەکانەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دیارترین ئەو ناوچانەی جیهان بوون کە چیرۆکنووسی بەتوانایان تێدا هەڵکەوتووە و چیرۆک تیایاندا بەرەوپێش چووە. لێرەدا لە وڵاتانی جیاوازەوە، کۆمەڵێک لە نووسەرانی چیرۆک هەڵدەبژێرین و هەندێک لە بەرهەمە چیرۆکییەکانیان دەخەینە ڕوو. هاوکات ئاماژە بە هەندێک لەو نووسەرانەش دەدەین کە لەگەڵ ئەوەشدا کە بە نووسینی ژانرەکانی تر بەناوبانگن، بایەخیان بۆ چیرۆک هەبووە و کەم تا زۆر بەرهەمیان لەم بوارەشدا هەیە. 

لە ئەڵمانیا، ئێرنست تیودۆر ئامادیوس هۆفمان (١٧٧٦ــ١٨٢٢)، سەر بە سەرەتای سەردەمی ڕۆمانتیکە و لە پێشڕەوانی ڕیالیزمیش بووە. بەرهەمەکانی پێکهاتەی فەنتازیا و واقیع بووە و کاری لەسەر بەسەرهاتی ترسناک کردووە. دیارترین چیرۆکەکانی بریتین لە (گۆزەی زێڕین ١٨١٤)، (پیاوی لمین ١٨١٧) و حیکایەتی (گوێزشکێن ١٨١٦).

جوهان لودویگ تیێک (١٧٧٣ــ١٨٥٣)، نووسەری ئەڵمان، لە نێوان ساڵانی ١٧٩٥ــ١٧٩٨ دا، پانزە چیرۆکی شایستەی نووسیووە، تیایاندا ئەو دیوە خەیاڵی و هەستیارانەی مرۆڤی خستووەتە ڕوو کە لەو سەردەمەدا بەرز نەنرخێنراون. پاشان لە هەزاروهەشتسەدەکاندا کۆمەڵێک چیرۆکی مۆدێرن و بەسەرهاتی مێژوویی نووسیووە، لەوانە: (ژیانی شاعیر ١٨٢٥) بە پاڵەوانێتی شکسپیر، (شۆڕشی سێڤێنێن ١٨٢٦) و (مەرگی شاعیر ١٨٣٣).

ئێدگار ئالان پۆ (١٨٠٩ــ١٨٤٩)، نووسەری ئەمەریکی، کە شاعیرێکی لێهاتوو بووە، ساڵی ١٨٤٠ دەستی بە نووسینی چیرۆکی خەیاڵی و ترسناک کردووە و بە دامەزرێنەری ڕۆمانی پۆلیسیش دادەنرێت. (هەرەسی ماڵی ئاشەر) شاکارێکی ترسناکی ئەوە لە کۆمەڵە چیرۆکی (عەجیب و عەرەبانە ١٨٤٠) دا بڵاوبووەتەوە. پاشان کۆچیرۆکی (دەمامکی مەرگی سوور ١٨٤٢) و زۆر چیرۆکی تری نووسیووە کە تیایاندا بۆ زیادکردنی کاریگەری ترس، کاری لە سایکۆلۆژیا و گرێی دەروونیدا کردووە. هەروەکچۆن لە نووسینی چیرۆکی سەرکێشیشدا دەستی باڵای هەبووە و (کەوتنە ناو گێژاو) نموونەی یەکێک لەو چیرۆکانەیەتی.

لە ئەمەریکا واشینگتۆن ئیرڤینگ (١٧٨٣ــ١٨٥٩)، زۆر جار بە ناوی خوازراوەوە نووسیویەتی، لە کتێبێکدا بە ناوی (کتێبی سکێچەکان ١٨٢٠) کۆمەڵێک چیرۆک و وتاری بڵاوکردووەتەوە، (ڕیپ ڤان وینکڵ) و (ئەفسانەی دۆڵی کپ) لە نموونەی ئەو چیرۆکانە بوون. ئیرڤینگ کۆچیرۆکی (حیکایەتەکانی ڕێبوارێک ١٨٢٤) و زۆر کاری تریشی نووسیووە.

ئەلفرێد ڤیکتۆر کۆمتە دێ ڤیگنی (١٧٩٧ــ١٨٦٣)، نووسەری فەڕەنسی، لە کۆچیرۆکێکیدا بە ناوی (ستیلۆ ١٨٣٢)، باسی بوێری و ژیانی خەمناک و واقیعی سێ شاعیر دەکات کە لە بەهاری تەمەنیاندا مردوون. پاشان لە کۆمەڵە چیرۆکی (کۆیلایەتی و مەزنێتی سوپایی ١٨٣٥) دا دەربارەی ژیانی سەربازان و فیداکاری و پاکییان دەنووسێت، بە شێوەیەک کە دەبنە مایەی ستایش و بزواندنی زۆری خوێنەر.

هەر لە فەڕەنسا، ئەلفرێد لویس چارلیس دی موسێت (١٨١٠ــ١٨٥٧)، چەند چیرۆکێکی بە زمانی پەخشان نووسیووە، بەناوبانگترینیان (ددانپێدانانەکانی منداڵێکی سەدە ١٨٣٦)یە، دی مۆسێت لەم چیرۆکەدا باس لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ جۆرج ساندا دەکات.

زۆر لە چیرۆکەکانی نووسەری فەڕەنسی تیوفیل گاوتیە (١٨١١ــ١٨٧٢)، باس لە بابەتگەلی نامۆ و ترس و مردن دەکەن، بەناوبانگترینیان بریتین لە (پێی مۆمیاکراو، شەوی کلیۆپاترا و جەنازەی عاشق) کە لە ساڵانی ١٨٤٥ ـ ١٨٥٧ دا نووسراون. 

کۆنستانس فێنیمۆر وۆڵسۆن (١٨٤٠ــ١٨٩٤)، بە یەکەمین ژنە نووسەرەکانی ڕیالیست دادەنرێت لە ئەمەریکا، کوورتە چیرۆکی (قەڵای نادیار ١٨٥٧) و (ڕودمانی نیگابان ١٨٨٠) لە کارەکانی خاتوو وۆڵسۆنن. 

زۆر لە بەرهەمەکانی ئاڵفۆنس داودە (١٨٤٠ــ١٨٩٧)، چیرۆکنووسی فەڕەنسی، هەڵگری تێمای نەدارین و باس لەو هەژارانە دەکات کە ئەڵفۆنس لە ژیاندا ناسیونی. چیرۆکی (شێتێکی بچووک ١٨٦٨) دەربارەی بیرەوەرییەکی خەمناکی سەردەمی منداڵی ئەڵفۆنس خۆیەتی. هەروەها کۆمەڵە چیرۆکی (نامەکان ١٨٦٦)، چەند کارێکی شایستەی داودەن سەبارەت بە گوندەکانی پڕوڤانس. (چیرۆکەکانی دووشەممە ١٨٧٣) بەرهەمێکی ترییەتی دەربارەی ڕوووداوەکانی جەنگی فەڕەنسا و ئەڵمان. 

نیکۆلای ڤاسیلێڤێچ گوگول (١٨٠٩ــ١٨٥٢)، لە دیارترین نووسەرە بەتواناکانی ڕووسە، کۆچیرۆکی (ئێوارانی کەناری گوندی دیکانکا ١٨٣١ ـ١٨٣٢)ی لە دوو بەرگدا نووسیووە، ناوەڕۆکی ئەو کۆکارەی زیاتر دەربارەی ژیانی خەڵکانی ئۆکرانی بووە. پاشان لە ساڵی ١٨٣٥ دا کۆمەڵە چیرۆکێکی تری نووسیووە، یەک لە چیرۆکەکانی ناوی (تاراس بولبا)یە و بە باشترین بەرهەمی گوگول دادەنرێت. هونەری داڕێژان و زمانی نووسینی گوگول کارامەیی زۆری پێوە دیارە، ئەو لە قووڵایی ئازارەکانەو، گاڵتەئامێزانە دەدوێت و لەگەڵ ئەوەشدا کە بە ڕێبەری نووسینی ڕیالیزمی دادەنرێت و کارەکانی باس لە واقیع دەکەن، ئەندێشەی ئێجگار فراوانی هەیە و زۆر لە ڕیالیزم دەردەچێت.

نووسەری ڕووسی فیودۆر میخایلۆڤیچ دۆستۆڤسکی (١٨٢١ــ١٨٨١)، خاوەنی چەندین شاکارە لە ڕۆمان و کوورتە چیرۆک و نۆڤلێت. نووسینی دۆستۆڤسکی بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە و سەرەتاکانی کاریگەری گوگولیان پێوە دیار بووە. نموونەی چیرۆکەکانی بریتین لە (چیرۆکی هاوزاد ١٨٤٦) کە بەسەرهاتی خەمناکی فەرمانبەرێکە، دوای ئەوەی ناسنامە و کەسێتی لەلایەن فەرمانبەرێکی ترەوە دەبرێت، تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت. پاشان (مستەر پروخارچین ١٨٤٦) و (شەوە سپییەکان ١٨٤٨) و (تیمساح ١٨٦٥) و چەندین چیرۆکی دیکەی نووسیووە.

هێنری ڕێنێ ئالبێرت گی دێ موپاسان (١٨٥٠ــ١٨٩٣)، نووسەری فەڕەنسی، یەکەم چیرۆکی سەرنجڕاکێشی خۆی بە ناوی (قەڵەو ١٨٨٠) نووسیووە و لەوێوە خۆی بۆ ئەدەب تەرخان کردووە. موپاسان نزیکەی سێسەد کوورتە چیرۆکی نووسیووە کە ناوەڕۆکەکانیان دەربارەی ژیانی گوند و جەنگی فەڕەنسا و ژیانی بۆرژوازی پاریس و کۆمەڵگەی چینی باڵا و نەخۆشی دەروونی و میتافیزیکیایە. چیرۆکی (ڕۆکی بچکۆلانە ١٨٨٥) و (حیکایەتەکانی ڕۆژ و شەو ١٨٨٥) لە بەرهەمەکانی هێنری دێ موپاسانن.

بە هەمان شێوە، لیۆ تۆڵستۆی (١٨٢٨ــ١٩١٠)، یاخود لیێڤ نیکۆلایێڤیچ تۆڵستۆی کە هەم لە دیارترین نووسەرەکانی ڕووسیایە و زیاتر وەک ڕۆماننووس ناسراوە، چەندین نۆڤێل و چیرۆکی نووسیووە. لە کۆچیرۆکی (سیڤاستوپول ١٨٥٥) دا باس لە مەینەتی و گیانفیداکارییەکانی بەرەی جەنگ دەکات و جەسووری و پاکی سەربازان چ لە بەرەی ڕووس و چ لە بەرەی دوژمن ستایش دەکات. هەروەها لە چیرۆکی (قۆزاقان ١٨٦٢) دا کە چیرۆکێکی فەلسەفییە، پاڵەوانەکە لاوێکی مۆسکۆییە، لە ژیانی گەندەڵی شار بێزارە و دەڕوات لە ژیانی ساکاری قۆزاقاندا بە دوای چەمک و مانای ژیاندا دەگەڕێت، بەڵام لە قۆزاقان تووشی عەشقێکی ناکام دەبێت و دواجار بە بێئومێدی دەگەڕێتەوە بۆ مۆسکۆ.

ئەنتۆن پاڤلۆڤیچ چیخۆف (١٨٦٠ــ١٩٠٤)، پڕچیرۆکترین نووسەری ڕووسییە، هەم شانۆنامەنووسێکی مەزن و هەم ڕۆماننووسیش بووە، لە قۆناغی یەکەمی نووسینەکانیدا، هاوشێوەی گوگول مەینەتی و ئازارەکانی تێکەڵ بە گاڵتەبازی و دەربڕینی کۆمیدی کردووە، بەڵام نووسینەکانی دواتری تەواو خەمگین و بەسوێ بوون. (نامەیەک بۆ هاوڕێیەکی زانا ١٨٠٠) یەکەمین کوورتە چیرۆکی چیخۆف بووە، پاشان کۆمەڵە چیرۆکی (ڕەنگاوڕەنگ ١٨٨٦)، (چیرۆکان ١٨٨٨)، (لە بەرەبەیاندا)، (قسەی بێ زیان) و (کاشتانکا)ی ساڵی ١٨٨٧ و نۆڤلێتی (ژووری ژمارە شەش ١٨٩٢) چەند بەرهەمێکی تری چیخۆفن.

لە بەریتانیا، ڕودیارد کیپلین (١٨٦٥ــ١٩٣٦)، لە بواری چیرۆکنووسیدا جێپەنجەی دیارە، (چیرۆکە ساکارەکان لەسەر گردەکانەوە ١٨٨٨) کۆمەڵێک چیرۆک و پەخشانییەتی و پاشان شەش کۆچیرۆکی بڵاوکردووەتەوە، لە چل و یەک نۆڤلێتی جەماوەردار پێکهاتووە.

لە سوید، نووسەری ناودار و پڕ بەرهەم، ئاوگوست ستریندبێرگ (١٨٤٩ــ١٩١٢)، کە بە داهێنەر لە زمانی سویدیدا دادەنرێت و ڕۆمان و لیریک و دراماشی نووسیووە. خاوەنی چەندین کۆچیرۆکە، لەوانە: (ماجەرا و چارەنووسی سویدی ١٨٨٢ــ١٨٩١) و کۆچیرۆکی (یەکتر هێنان/هاوسەرگیریکردن ١٨٨٤) کە بە نزیکەی هەفتەیەک پاش بڵاوبوونەوەی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەی، ستریندبێرگ بە تۆمەتی کفرکردن لە پەڕەگرافێکدا، ڕاپێچی دادگا کراوە و پاشان ئازادبووە.

نووسەری ئەمەریکی جۆرج واشینگتۆن کەیبل (١٨٤٤ــ١٩٢٥)، لە بەرهەمی (کۆچەریانی سپی پێستی لوئیزیانا ١٨٨٤) دا، کۆمەڵێک سکێچی مێژوویی دەخاتە ڕوو. لە (باشووری ئارام ١٨٨٥) دا باس لە ژیانی ڕەشپێستەکان دەکات. هەروەها (دڵە بەهێزەکان ١٨٩٩)، (چیرۆکە سەیرەکانی لوئیزیان ١٨٨٩) و (عاشقانی لوئیزیانا ١٩١٨) سێ کۆچیرۆکی تری کەیبلن.

سارا ئۆرن جێویت (١٨٤٩ــ١٩٠٩)، بە یەکێک لە باشترین نووسەرانی لایەنگری بزاڤی مۆرکی ناوچەیی ئینگلستانی نوێ دەژمێردرێت. (لەنگەرگای قووڵ ١٨٧٧) لە باشترین کۆمەڵە چیرۆکەکانییەتی. هەروەها کۆمەڵە چیرۆکی (سەرزەمینی سنۆبەرانی نوک تیژ ١٨٩٦) و (دۆستانی کۆن و نوێ ١٨٧٩) و (بێگانە و ڕێبواران ١٨٩٠) چەند بەرهەمێکی دیکەی ساران.

نووسەری ئەمەریکی مارک توین یاخود سمیوئیل لنگهۆرن کلێمنێس (١٨٣٥ــ١٩١٠)، بە چیرۆکی (قورباقەی بزۆزی ناسراوی ویلایەتی کالاڤرارس ١٨٦٥) ناوبانگی دەرکردووە. توین نووسەرێکی فرەڕەهەندە و چەندین کتێب و نووسینی هەمەجۆری هەیە، لێ چیرۆکەکانی بە چیرۆکی موبالەغەئامێز دەژمێردرێن و وەک بەرهەمی میللی نووسراون.

لە ڕووسیا ماکسیم گۆرکی یاخود ئالێکسی ماکسیمۆڤیچ پیشکۆف (١٨٦٨ــ١٩٣٦)، یەکێک لە پێشەنگانی ڕەوتی سۆسیالڕیالیزم بووە، کە بە بەرهەمەکانیان ڕەخنەیان لە نەهامەتی و ناڕێکییەکانی کۆمەڵگە گگرتووە. (گۆرکی) نازناوە و بە مانای تاڵییەکی زۆر دێت. جگە لەوەی کە نووسەر خاوەنی ڕۆمانی (دایک ١٩٠٧)ە کە بە شاکارێکی جیهانی دەژمێردرێت، چەندین کوورتە چیرۆکی نووسیووە، لەوانە: کۆمەڵە چیرۆکی (سکێچ و چیرۆکەکان ١٨٩٨)، ( (ئورلوف و ژنەکەی ١٨٩٧)، (بیستوشەش پیاو و کچێک ١٨٩٩) و (لەدایکبوونی مرۆڤێک ١٩١٢).

فڕانز کافکا (١٨٨٣ــ١٩٢٤)، نووسەری چیکی، یەهودی، زمان ئەڵمان، نووسینەکانی زۆرترین ڕەشبینی و عەبەسییەت هەڵدەگرن. چیرۆکی (مەسخ/شێوە گۆڕاو ١٩١٥) لە بەناوبانگترین کارەکانی کافکایە، کە تیایدا پاڵەوانی چیرۆکەکە ڕۆژێک پاش لە خەو هەستانی، دەبینێت بووە بە قالۆنچەیەکی گەورە و تا کۆتایی لە ئازاری نامۆبوونی خۆی بە دەوروبەر و نامۆبوونی دەوروبەر بە خۆیدا دەتلێتەوە. چیرۆکی (دکتۆرێک لە گوندێکدا ١٩١٩) و (هونەرمەندێکی برسی ١٩٢٠) هەم لە بەرهەمەکانی کافکان و جگە لە چیرۆک، فڕانز کافکا ڕۆمانیشی نووسیووە.

ئێدید نیوبۆڵد جۆنز وارتۆن (١٨٦٢ــ١٩٣٧)، خانمە نووسەرێکی ئەمریکییە، زۆر لە نووسینەکانی دەربارەی شاری نیۆرکە. هەندێک لە کۆچیرۆکەکانی بریتین لە: (قەیراناوییەکان ١٩٠١)، (زاهید و ژنی هۆڤی ١٩٠٨)، (حیکایەتەکانی مرۆڤ و تاپۆیان ١٩١٠) و کتێبێکی سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی هەیە، بە ناوی (چیرۆکنووسی ١٩٢٥). 

نووسەری ئەمەریکی ئۆ هێنری (١٨٦٢ــ١٩١٠)، ناوی ویلیام سیدنی پۆرتەرە، زیاتر لە شەش سەد کوورتەچیرۆکی نووسیووە و لە سیانزە بەرگدا بڵاوبوونەتەوە. (کەلەرم و پاشایان ١٩٠٤) یەکەم بەرگی چیرۆکەکانییەتی و (چوار ملیۆن ١٩٠٦) دووەم کۆچیرۆکییەتی کە بیستوپێنج کوورتەچیرۆکی لەخۆ گرتووە. چیرۆکەکانی ئۆ هێنری کە زیاتر مەیدانی ڕووداوەکانی شاری نیۆرکە، لە ڕووی کوورتی و کۆتایی ژیرانە و چاوەڕواننەکراو و ناوەڕۆک و تەکنیکەوە بە شاکاری جیهانی چیرۆکنووسی دەژمێردرێن. نموونەی دڵگیرترین چیرۆکەکانی بریتین لە (دڵی ڕۆژئاوا ١٩٠٧)، (دەنگی شار ١٩٠٨)، (ڕێگەکانی چارەنووس ١٩٠٩)، (چەرخ و فەلەک ١٩١٠) و (بەرەڵا و ئاواران ١٩١٧).

لە سۆڤیەت، ئیساک ئیمانولۆڤیچ بابل (١٨٩٤ــ١٩٤٠)، کە بە نووسەرێکی ڕۆمانتیکی دەژمێردرێت، جگە لە چیرۆکنووسی، شانۆنووس و ڕۆژنامەنووسیش بووە. کۆچیرۆکی (لەشکری سووری سوارە ١٩٢٦) بەرهەمێکی ناودارییەتی، باس لە سەروەختی جەنگی پۆڵەندا و سۆڤییەت دەکات، بابل ڕووداوەکانی ئەم بەسەرهاتانەی لە دەفتەری یاداشتەکانی خۆیەوە وەرگرتووە، کاتێک وەک ڕۆژنامەنووسی سوپا کاریکردووە. (چیرۆکەکانی ئۆدیسا ١٩٢٦) بەرهەمێکی ترییەتی، دەربارەی جولەکەکانی ئۆدیسایە.

هەر لە ئەمەریکا، فڕانس سکۆت فیتز جیراڵد (١٨٩٦ــ١٩٤٠)، یەکێک لە لێهاتووترین نووسەرانی هەزارونۆسەدەکان و داهێنەری دەستەواژەی “سەدە/سەردەمی جاز” بووە. وەک مامۆستای چیرۆک، زیاتر لە سەد و شەست کوورتە چیرۆکی هەبووە و تیایاندا لە کۆمەڵگا و ژیانی سەدەی بیستەم دواوە. هەندێک لە کۆچیرۆکەکانی بریتین لە: (کیژانی ڕوودار و فەیلەسوفان ١٩٢٠)، (چیرۆکەکانی سەردەمی جاز ١٩٢٢) و (هەموو پیاوە گەنجە خەمینەکان ١٩٢٦).

ئێرنست هەمینگوای (١٨٩٩ــ١٩٦١) نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی، یەکەم کتێبی بە ناونیشانی (سێ کوورتە چیرۆک و دە شیعر ١٩٢٣) بڵاوکردووەتەوە. دووەمین کۆمەڵە چیرۆکی (لە زەمانی ئێمەدا ١٩٣٤) لە پانزە کوورتە چیرۆک پێکهاتووە و تیایدا بە سادەیی و کوورتی دیمەنی ترسناک و تێپەڕ وەسف دەکات. زۆربەی ئەم چیرۆکانەی دەربارەی منداڵیی نیک ئادامزە کە هەندێک لێکچوونی لەگەڵ خودی هەمینگوایدا هەیە و هەر ئەم کارەکتەرە دەبێت بە نموونەی سەرمەشقی پاڵەوانانی دواتری نووسەر. هەمینگوای ڕۆمانیشی نووسیووە و لە نووسینی کوورتەچیرۆکدا ڕێگەی نوێی کردووەتەوە، ئەو لە بیری ئەوەدا نییە ڕووداو لە ژیانی پاڵەوانەکانیدا بخوڵقێنێت، پاڵەوانەکانی مرۆڤی زیندوون و دەژین. (براوە بێبەشە ١٩٣٣) و (بەفری کلیمانجارۆ ١٩٣٨) دوو کۆمەڵە چیرۆکی دیکەی هەمینگواین.

نووسەری ناوداری ئایرلاندی، جەیمس ئاگوستین جۆیس (١٨٨٢ــ١٩٤١)، زۆربەی چیرۆکەکانی دەربارەی ژیانی شاری دوبلین بووە کە پایتەختی ئایرلاندە. لە ساڵی ١٩٠٥ دا کۆمەڵە چیرۆکی (دوبلینی) ئامادە بووە، بەڵام ساڵی ١٩١٤ چاپ کراوە. جۆیس ڕۆمانێکی بەناوبانگی بەناوی (ئۆدیسا) هەیە، کە چەند چیرۆکێکی جیاواز لە خۆدەگرێت، ناودارترینیان چیرۆکی (مردووەکان)ە.

ئارتور کۆنان دۆیل (١٨٥٩ــ١٩٣٠)، نووسەری سکۆتلاندی پڕ بەرهەم، بە زنجیرە نۆڤلێتی (شارلۆک هۆڵمس) جێدەستی خۆی لە بواری مێژووی چیرۆک و هونەری گێڕانەوەدا دیاری کردووە. شارلۆک هۆڵمس وەک کارەکتەر پاڵەوانی کۆمەڵێک بەسەرهاتی پڕتاوانی خەیاڵییە. ئەم بەرهەمە بە خاڵی وەرچەرخانی گێڕانەوەی پۆلیسی دەژمێردرێت. 

لە سوید، سەلما ئۆتیلیا لۆڤیسا لاگەرلۆف (١٨٥٨ــ١٩٤٠)، یەکەم خانم بووە لە ئەکادیمیای سویدی بووەتە ئەندام و یەکەم ژنە نووسەریش بووە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرتووە. یەکەم کتێبی چاپکراوی سەلما ڕۆمان بووە، پاشان کۆمەڵە چیرۆکی (بەستەرە نادیارەکان ١٨٩٤) و کۆچیرۆکی (ئەفسانەکانی مەسیح ١٩٠٤) و چەندین بەرهەمی تری بڵاوکردووەتەوە. ئەفسانەکانی مەسیح یانزە چیرۆک لەخۆ دەگرێت، بە تێمای دڵفراوانی و خۆشەویستی و هاوهەستییەوە، کە لاگەرلۆف تیایاندا، بە شێوەیەکی شاعیرانە، لێکدانەوە بۆ داستانەکانی مەسیح دەکات.

یەلمار ئێمیل فرێدریک سوێدەربێرگ (١٨٦٩ــ١٩٤١)، بە یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی سویدی دادەنرێت لە ساڵانی هەزار و نۆسەدەکاندا. یەڵمار، جگە لە چیرۆک، شیعر و ڕۆمان و دراما و بەسەرهاتی ئاینی و وتاریشی نووسیووە. (بێگانەکان ١٩٠٣)، (ڕێگاکە تاریک دەبێت ١٩٠٧)، (ئەژدیها بەهرەدارەکە ١٩١٣) و (گەشتێک بۆ ڕۆما ١٩٢٩) لە پڕخوێنەرترین کۆمەڵە چیرۆکەکانی سوێدەربێرگن.

لە بەریتانیا، ڤێرجینیا وۆڵف (١٨٨٢ــ١٩٤١)، نووسەری مۆدێرنیستی ڕەچەشکێن و فێمێنیست، جگە لە چیرۆک، وتار و ڕۆمانی نووسیووە و وەک ڕەخنەگر کاریکردووە. چیرۆکەکانی زیاتر تەعبیری بوون و کاریگەرییان لەسەر هەست و ویژدان هەبووە. (چیرۆکێکی نەنووسراو ١٩٢٠)، (ئاوازێکی ساکار ١٩٢٥)، (بەختیاری ١٩٢٥)، (ژنێک لە ئاوێنەدا ١٩٢٩)، (میرات ١٩٤٠) و (ئەو پیاوەی ڕوومەتی خۆی خۆشویست ١٩٤٤) لە بەرهەمە چیرۆکییەکانی ڤێرجینیان.

خانمە نووسەری دانیمارکی، کارین بلیکسین (١٨٨٥ــ١٩٦٢)، لە وڵاتە ئینگلیزەکاندا بە ناوی ئیساک دینێسین ناسراوە و لە ئەڵمانیا بە ناوی تانیا بلیکسینەوە نووسیویەتی. کۆچیرۆکی (حیکایەتەکانی زستان ١٩٤٢) یانزە چیرۆکی ڕەمزی بلیکسینە بە ڕەنگدانەوەی ژیانی کەسێتی خۆی و بارودۆخی دانیمارک لە سەروەختی داگیرکردنیدا. پاشان کۆمەڵە چیرۆکی (حەوت چیرۆکی ڕۆمانسی ١٩٥٦) و چەندین بەرهەمی دیکەی بڵاوکردووەتەوە.

جۆرج لویس بۆرخیس (١٨٩٩ــ١٩٨٦)، نووسەری دیاری ئەرجەنتینی، بە ئەفسووناویانی ڕیالیزم دەژمێردرێت. کۆمەڵە چیرۆکی (ئەلیف ١٩٤٩) و کۆچیرۆکی (خەیاڵات/ئەندێشەیی ١٩٤٤) لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی بۆرخێسن. کۆچیرۆکی ئەلیف باس لە شوێنێک دەکات لە گەردووندا، کە هاوکات هەموو شوێنەکانی تری لە خۆگرتووە. هەروەها لە ناو کۆچیرۆکی خەیاڵاتدا، (کتێبخانەکەی بابل ١٩٤١) یەکێکە لە چیرۆکەکان کە تیایدا جیهان بە کتێبخانەیەکی ئێجگار گەورە وێنا دەکات، بەجۆرێک کتێبەکانی هاوشێوەی یەکترن و هەر یەکێکیان زۆرترین تێکەڵەی پیت و هێما و بۆشایی لەخۆدەگرن.

لە فەڕەنسا، جان پاول سارتەر (١٩٠٥ــ١٩٨٠)، کە بە بنیاتنەرانی چەمکی بوونگەرایەتی دادەنرێت، نووسەرێکی فرەڕەهەندە و زیاتر بە ڕۆمان و دراما و گوتاری فەلسەفی و دەقە سیاسییەکانییەوە دەناسرێتەوە، لێ سارتەر چیرۆکیشی نووسیووە، بەرهەمی (شووراکە ١٩٣٩) کۆمەڵە چیرۆکێکێتی پێکهاتووە لە پێنج کوورتە چیرۆک بە ناوەکانی: (شووراکە، ژوورەکە، هێرۆستراتۆس، نزیکی و منداڵێتی ڕابەرێک).

خانمە نووسەری ئەمەریکی، ئێدۆرا وێلتی (١٩٠٩ــ٢٠٠١)، نووسینەکانی زیاتر دەربارەی ئەمەریکای باشوور بووە. بەرهەمەکانی لە چەندین کۆمەڵە چیرۆک و ڕۆمان پێکهاتووە و وەک فۆتۆگرافیش کاری کردووە. وێڵتی یەکەم چیرۆکی بە ناوی (مەرگی فرۆشیاری گەڕۆک ١٩٣٦) نووسیووە. پاشان بە کۆمەڵە چیرۆکی (پەردەیەکی سەوز ١٩٤١) جێپەنجەی خۆی لە مێژووی ئەدەبی ئەمەریکیدا دیاریکردووە.

لە فەڕەنسا، ئەلبێرت کامۆ (١٩١٣ــ١٩٦٠)، فەیلەسوف و نووسەری ئابسورد و پوچگەرایی، خاوەنی چەندین شاکارە لە ڕۆمان و چیرۆک و گوتار و شانۆنامە. (تاراوگە و دەوڵەتی پادشایەتی ١٩٥٧)، (ئەو بەردەی گەشە دەکات)، (کۆچبەری و وڵات) و (جۆناس یاخود هونەرمەندەکەی کار) لە نموونەی کۆمەڵە چیرۆکەکانی کامۆن.

ستیگ هالڤارد داگەرمان (١٩٢٣ــ١٩٥٤)، نووسەری بەتوانای سویدی و کاریگەر بە کافکا و ئەلبێرت کامۆ، لە تەمەنێکی کوورتدا بەرهەمێکی زۆر و ئاست بەرزی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە. (یارییەکانی شەو ١٩٤٧) یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکییەتی. هەروەها هەر یەک لە چیرۆکی (کوشتنی منداڵێک)، (بیرەوەرییەکانی منداڵێک) و (سوپرایزەکان) کە لە ساڵی ١٩٤٨ دا نووسراون، نموونەی چەند کارێکی تری داگەرمانن.

ڕایمۆند کارڤەر (١٩٣٨ــ١٩٨٨)، نووسەری ئەمەریکی، چیرۆکەکانی دەربارەی هەژاران و چینە نزمەکانی کۆمەڵگەیە. ڕایمۆند لە پۆستمۆدێرنیزمەکانە، ئەو بێ خۆئامادەکردن دەنووسێت و کۆتایی چیرۆکەکانی بە پەند و لێوەفێربوون داناڕێژێت. کۆچیرۆکی (تکایە، دەتوانیت هێمنبیتەوە؟ ١٩٧٦) و کۆمەڵە چیرۆکی(قەدبڕیی) لە دیارترین کارەکانی کارڤەرن.

کارلۆس فوێنتێس (١٩٢٨ــ٢٠١٢)ی مەکسیکی، لە باشترین نووسەرانی لاتین ئەمەریکایە، هاوتەریب بە نووسینی ڕۆمان و وتار و شانۆنامە، چەندین کۆمەڵە چیرۆکی نووسیووە، لەوانە: (گۆرانیی نابینا ١٩٦٤)، (سووتانی ئاو ١٩٨٣) و (هەموو خێزانە بەختەوەرەکان ٢٠٠٦).

گابریێل گارسیا مارکیز (١٩٢٧ــ٢٠١٤)، نووسەری گەورەی کۆڵۆمبی و ناودار بە ڕۆمانی (سەد ساڵ تەنیایی ١٩٦٧)، کۆمەڵێک کوورتە چیرۆکی نووسیووە، لەوانە: (چاوەکانی سەگە شینەکە ١٩٤٧)، (ڕۆژێک لەو ڕۆژانە ١٩٦٢)، (مەراسیمی ناشتنی دایکی گەورە ١٩٦٢) و (بای باکوور ١٩٨٢). مەڕاسیمی ناشتنی دایکی گەورە، چیرۆکێکی درێژە، دەربارەی ژیان و کولتووری لاتین ئەمەریکا. وەک مەیلداری نووسەر بۆ پەیوەستکردنەوەی بەرهەمەکانی بەیەکترەوە، خودی کارئەکتەری دایکی گەورە، لە ڕۆمانی سەد ساڵ تەنهاییشدا ناوی هاتووە.

ئەلیس ئان مونرۆ (١٩٣١ــ ...)، خاتوونی نووسەری کەنەدی، لە ساڵی ١٩٦٨ دا یەکەم چیرۆکی نووسیووە و یەکەم چیرۆکنووسە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێبەخشراوە لە ساڵی ٢٠١٣ دا. (ژیانی کیژان و ژنان ١٩٧١)، (مانگەکانی هەسارەی موشتەری ١٩٨٢)، (نهێنییە ئاشکراکان ١٩٩٤) و (ژیانی ئازیز ٢٠١٢) لە نموونەی کۆمەڵە چیرۆکەکانی مونڕۆن، کە هەریەکێکیان لە چەندین چیرۆکی سەرنجڕاکێش و پڕ ئەزموون پێکدێن. 

 

پوختە

بەڵێ ئەم نووسراوە کۆمەڵێک باس و زانیاری لەسەر چیرۆک و دیرۆک لەخۆدەگرێت، هەڵبەت تا زیاتر بگەڕێین، بە کار و کەسایەتی دیکە ئاشنا دەبین و دەربارەی هەر بەرهەم و نووسەرێکیش کە لێرەدا ناوبراون، دەکرێت زۆر زیاتر بڵێین، بەڵام ئامانجی دەقەکە وەک بەدواداچوونێک، زیاتر ئاماژەپێدانێکی گشتییە و توێژینەوە نییە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی و لەسەر ئاستی ڕۆژئاواش، وەک ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو، جگە لە ئەلیس مونڕۆ کە دوا ناوی پێڕستەکەیە و لە ژیاندا ماوە، بایەخم بە ناوهێنانی ئەو کەسایەتی و چیرۆکنووسانە داوە کە لەگەڵ ئەوەشدا کە خۆیان لە ژیاندا نەماون، بەرهەمەکانیان زیندوو ماونەتەوە و ناویان لە لاپەڕەکانی مێژوودا درەوشاوەیە ...

 

جوڵای ٢٠١٦

 

سەرچاوە:

Olsson, B & Algulin I, Litteraturens historia i världen, Upplaga 6, 2015

بوکنەرب ـ تراویک، مێژووی ئەدەبیاتی جیهان، و. کوردی: حەمە کەریم عارف، ٢٠٠٧

 

* بەشێک لەم نووسینە لە ژمارە یەکی کولتور مەگەزیندا بڵاوبووەتەوە.








ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 271 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
ژیان پێیوتم؛ تۆ بەختەوەر دەبیت، بەڵام سەرەتا دەبێت بەهێزتکەم.

/ تۆماس گوننارسسۆن

ڤیدیۆ

پێت خۆشە هەیت؟




ڕیکلام
Banner