ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

گوێ لەوە بگرە که نایڵێم (شیعر)

به‌شی: چەپک
16 - 01 - 2015

بەو ڕووخسارە فریو مەخۆ،
کە من پیشانیدەدەم.
من هەزار دەمامکم هەیه و 
هیچیان خۆم نیم.


فریو مەخۆ،
تکات لێ دەکەم، فریو مەخۆ.
خۆم وا دەکەم دڵنیا بیت،
کە "بەخۆباوەڕیی" ناومە و 
خەمساردییە ڕەفتارم.
بەڵام باوەڕ مەکە پێم.

لە قووڵاییدا، منی ڕاستیی، 
سەرلێشێواو و دوو دڵ و تەنیام.
هەر بۆیە، دەمامکێک دەپۆشم، 
تا لە پشتییەوە خۆم حەشار بدەم،
تاکوو خۆم، لەو نیگایانه، بپارێزم، 
کە دەزانن پێم ...
هەرچەند، هەر نیگایەکی وەهاشە، 
کە دەبێتە ڕزگارکەرم.

گەر قبووڵکردنی لەگەڵدا بێت، 
خۆشەویستیشی لەگەڵ دەبێت.
ئەمە تەنیا شتە لەو دیوارانەم ئازاد بکات
کە بەدەوری خۆمدا هەڵمچنیوون.
من دەترسم، 
لەوەی کە هیچ لە قووڵاییدا نەبێت.
دەترسم کە هەر هیچم نەبێت، 
کە تۆ بەمە بزانیت و 
دوورمبخەیتەوە و پشتگوێمبخەیت.

بەم شێوەیە، 
ڕیزبەندیی دەمامکەکان دەستپێدەکات. 
بەردەوام وردە قسەت بۆ دەکەم،
لە هەموو ئەو شتانه دەدوێم کە 
لە ڕاستیدا، هیچ مانایەکیان نییه و
هیچ لەوانه باس ناکەم 
کە هەموو مانایەکیان هەیە.
چی لە ناو مندا هاوار دەکات؟
زیرەکبە، باش گوێ ڕادێرە و 
هەوڵ بدە ئەوانە ببیستی کە نایڵێم.

من دەمەوێت سروشتیی و 
خودی ڕاستەقینەی خۆم بم.
بەڵام دەبێت یارمەتیم بدەیت.
هەر جارێک تۆ میهرەبان و 
دۆستانە و هاندەرم بیت.
هەر کات هەوڵبدەیت تێبگەیت و 
بەڕاستی بایەخم پێبدەیت ...

ئەو کات دڵم باڵی لێ دەڕوێت. 
باڵی ناسک، بەڵام باڵ!
لەگەڵ هەستیاریی و هاوپشتی و 
توانای تێگەیشتنەکانتدا، دەکرێ بفڕم.
تەنها تۆ دەتوانیت ئازادم بکەیت، 
لە تەمی دنیای نادڵنیایی و 
لە ناو زیندانەکەمدا.

ئەمە ئاسان نابێت بۆ تۆ.
تا نزیکتر ببیتەوە، 
دەشێت، من کوێرانەتر،
هەڵبکوتمە دوواوە.
بەڵام بیستوومە خۆشەویستی، 
له دیوارە ئەستوورەکان بەهێزترە.
ئا لەوێدایە هیوای من، 
تاکه هیوای من، لەوێدایە.

تکا دەکەم، هەوڵبدە ئەو دیوارانە،
بە مستی قایم بڕووخێنیت.
بەڵام لەسەرخۆ و بە وریایی، 
لەبەر ئەوەی منداڵ زۆر هەستیارە!
ڕەنگه بپرسیت من کێم؟ 
من کەسێکم، تۆ زۆر بەباشی دەیناسیت،
من هەموو ئەو پیاوانەم کە دەیانبینیت. 
من هەموو ئەو ژنانەم کە پێیاندەگەیت.
وە هەروەها، من خۆتم ...


نووسینی/ نادیارە
و/ باران 







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2488 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ