ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

دوور کوژی نزیک خەسار (لێدوان) ~ باران

به‌شی: چەپک
16 - 01 - 2015

دوور کوژی نزیک خەسار، بەو جوانانە دەوترێت کە لە دوورەوە، دڵڕفێنییان، ئەوەندە سەرنجکێشە، بە کوشندە ناوزەند دەکرێن بەڵام لە نزیکەوە، بە دەرکەوتنی خەوش و ناڕێکیی لە وردەکاریی شێوەیاندا، ئەو جوانییە ئەفسووناوییەیان نامێنێت و


بەرامبەر تووشی هیواشکاویی جوانبینینێک دەکەن کە هەستدەکەن ئەو جۆش و خرۆشییەی هەیانبووە بۆی، بە خەسار چووە.

دیارە ئەمە زیاتر دەربارەی جوانیی ڕووخسار و بەژن و باڵا گوتراوە بەڵام من لێرەدا، سەبارەت بە جوانیی کەسایەتیی بیری لێ دەکەمەوە. ئا بەڵێ، زۆرن ئەو کەسایەتییانەی لە دوورەوە، ئەوەندە سەرسامت دەکەن کە پێتوایە، نییە لە ئەوان قەشەنگ تر و پڕ تر و بەخشندە تر و بێخەوش تر و مرۆڤ تر بێت ... کاتێک لە نزیکیشەوە، دەکەویتە ناو وردەکاریی هەڵسوکەوت و چۆنییەتییان، دووچاری وەها هەرەسێکی روحیی دەبیتەوە، که ئاستەمه، بەبێ خەسار، لێی دەربچییت.

ئەم جۆرە کەسایەتییانە، ئەگەر لە کەسانی سادەی ناو کۆمەڵگا بن، هەڵبەت کەسانی دەوروبەریان، لە گەورەترین زیان پێگەیشتووەکانیان دەبن. ئەگەر کەسانی ناسراو و لێپرسراویش بوون، بە جۆرێک، کە کەسایەتیی نموونەیی، خەون و خەیاڵی زۆرینە بن، ئەوا بێشک، ڕوو دەدات و دەکرێت، دەروونی تەواوی جیلێک، کۆڵەوار بکەن.

سەیر ترین سروشتی کۆمیدیی، ئەم جۆرە کەسایەتییانەش ئەوەیە، کاتێک گوێبیستی ستایشی خۆیان دەبن، فرە کەیفخۆش دەبن و زۆر بە مافبەخۆدانەوە، باوەڕ بەو جوانییە دوور کوژەی خۆیان دەهێنن و لەبیریاندەچێتەوە کە ئەوانەی بە قەد و باڵای چۆنێتییاندا هەڵدەدەن، ئەوانەن کە لە هەموو حەقیقەتە ناشرینە نەبینراوەکانیان، بێخەبەرن.

خۆزگە مرۆڤ لە کەسێتییدا، هەر یەک جۆر و یەک ڕوو بووایە، تا جوانیی لە نزیکیشدا، هەمیشە باڵادەست بووایە بەڵام سەبارەت بەو کەسایەتییەی باسمان کرد، نازانم، دەبێت چی بۆ بەئاگاهێنانەوەیان بوترێت، جگە لەوەی بڵێین، توو ئەو جوانییەتان کە وا لە دوورەوە خەریکە دەمانکوژێت، ئاگاداری وردەکاریی قەشەنگیتان بن، تا لە نزیکیشدا جوان بن یان تکایە، نزیک مەبن و مەهێڵن کەس نزیکتان بێت.









ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2826 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ