ڕیكلام
Banner

Banner

Banner

Banner

درێژەی بابەتەکە

سامره‌ند ''باران'' (شیعر) ~ عەبدول شارباژێڕی

به‌شی: ئەوان
16 - 01 - 2015

ئێستا ئێره،
‌ڕه‌نگی له‌ بسکی تۆ ئه‌کا.
به‌س چه‌مه‌که‌ی، 
بۆق قیڕه‌قیڕی تیا ئه‌کا. 


جار جار حه‌په‌ حه‌پی سه‌گ دێ 
دیاره‌ میوان ڕووی تێئه‌کا.

ئێره‌ پڕ باز و هه‌ڵۆیه‌ 
له‌به‌ر گورگ و له‌به‌ر خه‌رته‌ل 
وه‌ک تریفه‌ی مانگی سه‌رکه‌ل 
یه‌که‌ یه‌که‌ 
تیشکی چاوی به‌چوارده‌ورا 
په‌خش ئه‌کا. 
ئه‌ستێره‌کان تریسکه‌یان 
که‌ ئه‌ڕژێته‌ ناو ناخمه‌وه‌ 
له‌ سۆماکانی تۆ ئه‌کا.

ئه‌م شه‌وانه‌ بێتۆییه‌ 
ئازار و ژانه‌، دوورییه‌. 
ئای که‌ ئازار چه‌نده‌ سه‌خته‌ 
گه‌ر هه‌ڵبکا 
ئه‌م دارانه‌ دائه‌ماڵێ. 
گه‌ر دابارێ 
ئه‌م که‌ژانه‌ ڕائه‌ماڵێ

له‌ ته‌لانی جه‌رگمدا 
نه‌مامی تازه‌هه‌ڵچووی 
ئای ڕۆڵه‌که‌م 
له‌ بابه‌ زیاتر 
سه‌رسه‌خت ده‌رچووی. 
به‌رایی زستان بوو 
واده‌ی باوکت بۆ هه‌وار 
وه‌رزی نه‌هات 
تابڵێی سارد و سه‌رما بوو، دژوار. 
به‌و به‌فر و کڕێوه‌یه‌ 
به‌و بۆران و سه‌رمایه‌ 
ئه‌ویش ئه‌هات و ئه‌چوو. 
سه‌ختی له‌و ساڵه‌دا بوو. 
لوتکه‌ و شاخ 
دۆڵ و ده‌شت 
یه‌کپارچه‌ 
به‌رگێکی به‌فرینی پۆشیبوو. 
جاره‌ها له‌و ده‌ره‌ 
تا ئه‌ژنۆ ڕۆئه‌چوو 
ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌ 
چاوی تۆی تیا پشکووت. 
شه‌ننه‌ڵی زێیه‌کان 
له‌ ڕێدا بوونه‌ جووت. 
شه‌پۆل توند، هاژه‌ هاژ 
شاڵاوی بۆ ڕۆخی خۆی ئه‌برد. 
چی چیلکه‌ی گوێ چه‌مه‌ 
به‌ڕێوه‌ باوه‌شی پیائه‌کرد.

خه‌ڵفێ بووی که‌ ئازار 
سه‌ری له‌ ئازاتا ده‌رهێنا 
ئامێزی لاولاوی بۆ باڵات 
چاوانی هه‌ڵهێنا. 
هه‌رده‌مه‌ی به‌جۆرێ
خۆییت لێ ئه‌گۆڕێ 
بڕستی لێ بڕیت، واوه‌چێ.

ئاخ له‌ شه‌وی پێچ و ژانی بێخه‌ویت 
کڵپه‌ کڵپی ئاگراوی و خه‌ماویت. 
له‌ نێو نیگای خه‌متێزاوی بێڕه‌نگیت 
قوڵپه‌ قوڵپی هه‌نسکاوی ناچاریت 
ئای له‌ ناخی پاک و ڕوونی بێگه‌ردیت 
هۆش و گۆشی وتووریا و هۆشه‌نگیت.

وه‌کو دارێ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ڕۆچووبێ 
توند توند چنگی له‌ گیانم گیر کردبێ 
له‌ناو جه‌رگ و دڵی منا قایمیت 
ئه‌و ڕۆژانای ڕووبه‌خه‌نده‌ی، شاییمیت

سامره‌ند 
کچه‌ شیرنه‌که‌م 
بیرتئه‌که‌م 
بیرمئه‌که‌ی باوانم 
خۆشمئه‌وێی 
خۆشتئه‌وێم چاوانم.

کۆرپه‌له‌که‌م 
وه‌کوو ئه‌شک له‌ چاومای 
دڵنیابه‌ 
وه‌ک هه‌ناسه‌ له‌ ناخمای.

بڵێی ئێستا له‌به‌ر کزه‌ی ئازارا هه‌ڵبله‌رزی؟ 
یا خنه‌ خن هاتوچۆ؟ 
ئاخۆ ئێستا له‌گه‌ڵ خه‌نده‌ یا ژانا 
هاوئاهه‌نگ بی 
هاوه‌ڵی کام ڕه‌نگ بۆ؟ 
بریا چاوم لێت ئه‌بوو.

گه‌ر ئه‌مجاره‌ هاتمه‌وانێ 
به‌ڵێن بێ، 
ئه‌تبه‌م یه‌ک یه‌ک 
دووکانه‌کانت ئه‌گێڕم 
به‌ دڵی خۆت چاو بگێڕه‌ 
چیت ئه‌وێ؟ 
بووک و یاری، هه‌رچیت بوێ بۆت ئه‌کڕم. 
با وه‌ک جاران گیرفانیشم خاڵی بێ 
هه‌قت نه‌بێ 
به‌ چاوی خۆم ئه‌یسێنم. 
لێره‌شه‌وه‌ 
چه‌پکه‌ گوڵی کوێستان و 
چه‌پکه‌ سۆزی 
ئه‌م که‌ژانه‌ت بۆ دێنم.

یادتان ئه‌که‌م 
وه‌ک ڕێبوارێ 
بۆ سه‌ر کانی و ئاوی زه‌نوێر. 
وه‌کو لاوێ بۆ ده‌ستی دۆ 
وه‌کو کۆچه‌ر بۆ بانه‌مه‌ڕ. 
ئای له‌ ناخم چه‌نده‌ پڕه‌ 
وه‌کو چڕیی چه‌م و بێشه‌ و نزاره‌کان. 
بۆیه‌ به‌رگه‌ی زه‌لان ئه‌گرێ 
ڕیشه‌ی چۆته‌ ناخی ژیان 
دنیای ناخم چنده‌ سه‌خته‌ 
وه‌کو سه‌ختی لوتکه‌ و زه‌رد و به‌نده‌نه‌کان 
بۆیه‌ به‌رگه‌ی زریان ئه‌گرێ 
زاده‌ی ڕۆژه‌ دژواره‌کان.

ناخم به‌هاری چه‌ند خۆشه‌ 
ئای که‌ دڵ بۆی به‌ په‌رۆشه‌ 
ناخم ڕه‌ز و کێوه‌کانی 
هه‌ور به‌ناو قه‌دیا ئه‌ڕوا 
ناخم ڕه‌ز و باخه‌کانی 
باران تیایا سه‌ما ئه‌کا 
تاڤگه‌ ئاوی په‌خش ئه‌کا 
چاوگه‌ به‌فراوی سه‌رئه‌کا 
گیابه‌ند به‌رامه‌ ده‌رئه‌کا 
مه‌لیش سه‌یران و گه‌شت ئه‌کا 
که‌و ئه‌خوێنێ 
شالوور ته‌واو ئه‌چریکێنێ 
به‌فر له‌ دووند دائه‌گه‌ڕێ 
ماچی پێده‌شت و دۆڵ ئه‌کا 
به‌رغه‌ل تۆقه‌ 
شوان به‌ گه‌ڵا 
ئاوازی نوێتر ساز ئه‌کا.

کچۆڵه‌ی کۆک 
کۆچه‌ری خاک 
وه‌ک ئه‌و قژ ڕه‌ش 
وه‌ک ئه‌و چاو گه‌ش 
چاو خه‌رمانه‌ 
وه‌ک ئه‌و لێوئاڵ 
وه‌ک ئه‌و وشه‌ی یاقووتی ئاڵ 
وه‌ک تیشکی له‌و وه‌رگرتبێ 
تابڵێی شۆخ.

له‌و که‌له‌وه‌ 
به‌ هه‌وای کۆڵه‌ چیلکه‌وه‌ 
هۆره‌ ئه‌ڵێ 
له‌ولاشه‌وه،‌ کناچه‌ دێ 
ورده‌ ورده‌ هه‌نگاو ئه‌نێ 
ئه‌ڵێی پۆڕه‌ به‌و ڕه‌وته‌وه‌ 
کاتێ گۆلک له‌ قه‌رسیلا 
به‌و قونه‌ قونه‌ ڕاوئه‌نێ 
ئه‌ڵێی سینه‌ی هێلانه‌یه‌ 
جوتێ کۆتر، وه‌ک کافووری 
له‌گه‌ڵ یه‌کا به‌زمیان هه‌یه‌.

لوتکه‌ به‌فر 
چیا په‌لکه‌زێڕینه‌یه‌ک 
بنار گه‌واڵه‌یه‌ک هه‌ور 
شوان به‌رخۆله‌ 
هه‌ریه‌که‌یان 
توند توند ئه‌ینێ به‌ سنگییه‌وه‌ 
ئۆخژن ده‌رووی ئه‌گرێته‌وه‌.

ئای نه‌شمیله‌، به‌س من ته‌نیا 
بێ تۆ 
بێ ئه‌و 
بێ ڕه‌وه‌ند و 
بێ چیاوه‌ند 
گه‌رچی ئه‌م که‌شه‌ش ڕووی له‌ نه‌هاته‌ 
دوور نییه‌ سازبێ و نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌، 
وه‌لێ ڕۆڵه‌که‌م زۆر ئاساییه‌ 
جاره‌های تریش 
هه‌ر ئه‌م چڵپاوه‌م لێ پرژێته‌وه‌. 
له‌ دووری ئێوه‌ 
گۆرانی تری وا بڵێمه‌وه‌. 

کێ بۆی هه‌ناسه‌ی گه‌رمی من ئه‌کا؟ 
تاکو بزانێ تامی چی ئه‌کا! 
کێیه‌ له‌م ڕێیه‌ قۆڵ به‌ قۆڵماکا 
تاکو بزانێ 
چۆن که‌ هه‌ر خه‌مێ دێ و ڕووی تێئه‌کا 
له‌به‌ ڕۆشنایی ئازاره‌کانیا 
ده‌نگی هه‌ڵئه‌بڕێ> 
گۆرانی ئه‌ڵێ 
ئه‌م ناوشاخانه‌، پڕ (سه‌دا) ئه‌کا


ئه‌یلوولی ١٩٨٥







ئه‌م په‌ڕه‌یه‌ 2413 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
وته‌
یان پڕ یان خاڵیی.

لێ، پڕ و خاڵیی به‌ پێوه‌ری خود.

ڕیكلام
Banner

Banner
ڤیدیۆ